شەمخانی داوا لە شیعەکانی عێراق دەکات کار بۆ مانەوەی عادل عەبدلمەهدی بکەن

شەمخانی داوا لە شیعەکانی عێراق دەکات کار بۆ مانەوەی عادل عەبدلمەهدی بکەن

503 خوێندراوەتەوە

وەرگێڕانی ــ محەمەد ڕەحمان

دوای ڕۆیشتنی عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لایەنە شیعەکان لیژنەیەکی حەوت کەسییان پێکهێنا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ لەژێر ڕۆشنایی خواستی ئێران بە مانەوەی عادل عبدالمهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوە وەک سەرۆک وەزیران.

بەبڕوای چاودێرانیش، ئەو لیژنەیە بەشدار دەبێت لە هەوڵی زیندوو کردنەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی، کە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ساڵی ٢٠١٨ بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی عێراق لەسەر بنەمای بنبڕکردنی تایفەگەری، بۆ چوار بەرە دابەش بوو.

لەو بارەیەوە، سەرچاوە سیاسیەکانی بەرەی فەتح ڕایانگەیاند کە « لەماوەی سەردانە چاوەڕواننەکراوەکەیدا، شەمخانی چەندان کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی کوتلە سیاسییە دیارەکانی شیعە ئەنجام داوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران».

سەرچاوەکان وتیشیان « شەمخانی داوای لە کوتلە شیعەکان کردووە، دووبارە متمانە بە عادل عبدالمهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوە بدەنەوە، کە وێڕای ئەوەی بە خواستی خۆی وازی لە پۆستەکەی هێنا، بەڵام تا ئێستاش وەک سەرۆک وەزیران کارەکانی ڕاییدەکات».

ئەو لێدوانانەی ماڵپەڕی “الحل نت” چاودێری کردوون ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە « پێنج هێزە شیعەکە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی حەوت کەسییان لە حیزبە شیعەکان داوە بۆ ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ.

لیژنەکە پێکدێت لە ( نەبيل تەڕەفی لە هاوپەیمانی سائرون، عەدنان فەيحان لە هاوپەیمانی فەتح، ئەحمەد فەتلاوی، نوێنەری ڕەوتی حیکمە، باسم عەوادی لە هاوپەیمانی سەرکەوتن “النصر”، وێڕای حەسەن سونەید لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و، حيدر فوئادی لە حیزبی “عطاء”، هەروەها ‏عبدالحسين موسەوی لە حیزبی "الفضيلة")». لەو بارەیەوە سالم توفەیلی، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمە رایگەیاند « دووبارە ڕاسپاردنەوەی عبدالمهدی قەیرانی هەنووکەیی ناهەموارتر دەکات چونکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەتکراوەتەوە».

لەلایەکی دیکەوە، عیماد باجەلان، سەرکردە لە پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە « ئەو لیژنە حەوت کەسییەی کە لە دیارترین حیزبە شیعەکان پێکهاتووە سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمار ئەنجام دەدات و عادل عبدالمهدیش یەکەم و دوایین بژاردە دەبێت لەو کۆبوونەوەیەدا».

،،

بەبڕوای باجەلانیش «لەئێستادا عادل عبدالمهدی چانسی زیاترە لە سەرجەم بەربژێرە پێشنیاز کراوەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران

وە تەواوی کوتلەکان پشتیوانی مانەوەی عادل عبدالمهدی دەکەن جگە لە هاوپەیمانی “النصر”، کە هەر لە سەرەتاوە دژی حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی بوو».

ئێوارەی رۆژی چوار شەممەی ڕابردووش، بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمار پێویستیی بەڕژد مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی سەرۆک وەزیرانی نوێ و لەنزیکەوە چاودێری کردنی ڕەوشی هەنووکەیی عێراق دووپات کردەوە و کوتلەکانیش بەڵێنی کاری جددیان پێدا، بەڵام تا ئێستا بەڵێنەکەیان نەهاتووەتە جێ کاتێک حیزبە سیاسیەکان رۆژی دوو شەممەیان بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی ڕاسپاردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دیاریکرد.

سەرچاوە: ماڵپەڕی “ الحل نت"