سه‌رۆكی تیمی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌هه‌ڵه‌بجه‌: تا ئێستا له‌ پارێزگاكه‌ هیچ حاڵه‌تێكی توشبوو تۆمار نه‌كراوه‌

"پشت به‌خوا و به‌هه‌وڵی هه‌موولایه‌ك دۆخه‌كه‌مان كۆنترۆڵكردووه‌"

سه‌رۆكی تیمی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌هه‌ڵه‌بجه‌: تا ئێستا له‌ پارێزگاكه‌ هیچ حاڵه‌تێكی توشبوو تۆمار نه‌كراوه‌

340 خوێندراوەتەوە

سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران، (كه‌ ئه‌مرۆ ده‌ناڵێنێ به‌ده‌ست بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا)، به‌ڵام تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی تووشبو به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ پارێزگاكه‌ تۆمار نه‌كراوه‌.

بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر له‌مباره‌وه‌، دیپلۆماتیك پێی باش بوو وتوێژ بكات له‌گه‌ڵ، د.جیهاد ئیبراهیم حه‌مه‌، سه‌رۆكی تیمی رووبه‌روونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، كه‌ ئه‌ویش كۆمه‌ڵێك زانیارى گرنگ و نه‌وتراوو دڵخۆشكه‌رى خسته‌روو.

،،

له‌ساڵرۆژى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا، لایه‌نى ته‌ندروستى پارێزگاكه‌ مژدانه‌ى خۆش به‌ هاوڵاتیان ده‌ده‌ن.

"نه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، خزمه‌تی شاره‌كه‌ ده‌كات"
ئه‌و ته‌نها 34 ساڵه‌، واته‌ 16ی3ی 1988 ته‌مه‌نی دوو ساڵ بووه‌، به‌ڵام ئه‌مرۆ بووه‌ به‌ پزیشكێكی دیارو خه‌مخۆری شاره‌كه‌ی و ده‌یه‌وێت خزمه‌ت بكات، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ ببێته‌ جێگه‌ی متمانه‌ی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌و هاوڵاتییه‌كانی.

به‌وته‌ی خۆی، خاوه‌نی بۆرده‌ له‌ پسپۆری هه‌ناوی و له‌ ئێستادا له‌ هه‌ردوو نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی خزمه‌ت ده‌كات.

د.جیهاد ئیبراهیم له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتی ڤایرۆسه‌كه‌، له‌لایه‌ن پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ ئه‌ركی به‌رپرسی تیمی رووبه‌روونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ی پێ ده‌سپێردرێت، وه‌كو ناوبراو ئاماژه‌ی پێكرد "له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌ركه‌كه‌یان قورس بوو نه‌یانده‌زانی چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن به‌ڵام ئێستا پشت به‌خوا و به‌هه‌وڵی هه‌موولایه‌ك دۆخه‌كه‌یان كۆنترۆڵكردووه‌".
ڤایرۆسه‌كه‌ تازه‌و كوشنده‌یه‌

د.جیهاد ئیبراهیم حه‌مه‌

"ده‌كرێت یه‌ك له‌سه‌ر سێی هه‌موو په‌تا وه‌رزییه‌كان سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌ كۆرۆناوه‌ هاتبێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ جیناتی په‌تای كۆرۆنا گۆڕاوه‌ و له‌ نه‌خۆشییه‌كی ئاسایی و نۆرماڵه‌وه‌ بووه‌ به‌ په‌تاو نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌" د.جیهاد وایگوت

،،

له‌به‌ر سه‌رقاڵى و مه‌شغه‌ڵه‌تى به‌رده‌وامم به‌ ئیشه‌كه‌مه‌وه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا ته‌نها توانیومه‌ نوێژه‌كانم جه‌مع بكه‌م.

ئه‌و دكتۆره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات ئه‌وان شه‌وو رۆژیان خستۆته‌ سه‌ر یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ كۆنترۆڵ ده‌رنه‌چێت، به‌ وته‌ی خۆی له‌یه‌كه‌م رۆژه‌وه‌ تاكو ئه‌مرۆ نوێژه‌كانی جه‌مع ده‌كات، تاكو فریای كاره‌كانی بكه‌وێت.

سه‌رۆكی تیمه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌، كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ زۆرتر دژی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌وا به‌رگریان لاوازه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت زۆر به‌ وریای مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و نه‌هێڵین ڤایرۆسه‌كه‌ په‌لاماری پیرو به‌ساڵاچوان و نه‌خۆشه‌كانمان بدات.

"یه‌كێك له‌ كه‌ره‌نتینه‌كانمان داخست"
د.جیهاد له‌ وه‌ڵامی پرسیاری دیپلۆماتیك بۆ دۆخی كه‌ره‌نتینه‌كان و رێژه‌ی توشبوان له‌ پارێزگاكه‌ زانیاری دڵخۆشكه‌رو سه‌یری خسته‌روو.

" سوپاس بۆ خوا تاكو ئێستا هیچ كه‌سێك نه‌ له‌ناو كه‌ره‌نتینه‌كان و نه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌ره‌نتینه‌كانیش له‌ ته‌واوی پارێزگاكه‌ توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی دڵخۆشی هه‌موولایه‌كه‌". ناوبراو وایوت.


وتیشی: " ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تادا دوو شوێنی كه‌ره‌نتینكردن‌ و مانه‌وه‌ی گومانلێكراوانمان هه‌بوو ئه‌وانیش: (هه‌ڵه‌بجه‌ پاڵاس و كه‌ره‌نتینه‌ی بیاره‌)، به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه‌ پاڵاسمان داخست دوای ئه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و به‌رێزانه‌ی له‌وێ بوون به‌هۆی ده‌رچونی پشكنینه‌كانیان به‌ نێگه‌تیڤ نێردرانه‌ ماڵه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستا ته‌نها كه‌ره‌نتینه‌ی بیاره‌ ماوه‌ كه‌ نزیكه‌ی ته‌نها سی كه‌سێكی تێدایه‌".


به‌ڵام ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ كه‌سانێكی دیكه‌ هه‌بن گومانلێكراو بن و له‌ماوه‌ی داهاتوودا داوا بكرێت ره‌وانه‌ی كه‌ره‌نتینه‌ بكرێنه‌وه‌ تاكو جارێكی دیكه‌ پشكنینیان بۆ بكرێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌وان به‌هاوكاری هێزه‌كانی ئاسایش و ته‌ندروستكاران و خۆبه‌خشان و فه‌رمانبه‌رانی پارێزگاكه‌، توانیویانه‌ دۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن و له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت.
هه‌ربۆیه‌ ناوبرو چه‌ند جارێك ئه‌وه‌ی دوپاتكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان وه‌كو ئێستا هاوكاریان بن ئه‌وا به‌دڵنیایه‌وه‌ وه‌ك چۆن دۆخه‌كه‌یان كۆنترۆڵكردووه‌ ئه‌وا زاڵیش ده‌بن به‌سه‌ر كۆرۆناكه‌دا و رزگاریان ده‌بێت لێی.

،،

د.جیهاد ئیبراهیم:

ته‌نها كه‌ره‌نتینه‌ى بیاره‌ ماوه‌، ئه‌ویش نزیكه‌ى سى كه‌سێكى تێدا ماوه‌ و تا ئه‌مرۆش هیچ حاڵه‌تێكى توشبوو به‌ كۆرۆنا تۆمار نه‌كراوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ زانیارییه‌ك بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ پیاوێكی ته‌مه‌ن 46 ساڵ كه‌ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌/هه‌ورامان/ته‌وێڵه‌یه‌، و هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌، به‌ڵام دوای وردبونه‌وه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و پیاوه‌ش له‌ كه‌ره‌نتینه‌كانی سلێمانی بووه‌.

له‌مباره‌وه‌ سه‌رۆكی تیمه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ هیچی نه‌وت جگه‌ له‌وه‌ی گوتی: له‌دڵه‌وه‌ سوپاسی د.سه‌باح هه‌ورامی ده‌كه‌م وه‌ك به‌رێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا هاوكارێكی جدیمان بووه‌ و 150 پشكنینی بۆ ئه‌نجامداوین.

د.جیهاد له‌ كه‌ره‌نتینه‌ى بیاره‌

سه‌باره‌ت‌ به‌ ئامێری پشكنین د.جیهاد گوتی: له‌و بره‌ پاره‌ی كه‌ حكومه‌ت دایناوه‌ بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ (250) ملیۆن دیناره‌، توانیویانه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك رێكه‌وتنێك واژۆ بكه‌ن به‌ برێ (100) ملیۆن دینار، بۆ كرینی چه‌ند ئامێرێك، كه‌ ئه‌مه‌ش زۆرێك له‌ كێشه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كات.

د.جیهاد ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌و جێگره‌كه‌ی، هه‌ردووكیان به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵن و خه‌می جدی دۆخه‌كه‌ ده‌خۆن، بۆیه‌ سوپاسی ئه‌وانیشی كرد.

هه‌روه‌ها سوپاسى د.ئازاد موسته‌فا، به‌رێوه‌به‌رى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ى كرد كه‌ متمانه‌ى به‌خشیوه‌ به‌ ناوبراو تاكو ئه‌و ئه‌ركه‌ وه‌ر بگرێت و له‌رێگه‌یه‌وه‌ خزمه‌تى شاره‌كه‌ى پێ بكات.

 

نزیكه‌ی مانگێك ده‌بێت ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ك زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهان له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ ژماره‌ی توشبوانی له‌هه‌رێم له‌ ئێستادا نزیكه‌ی سی كه‌س ده‌بن، ته‌نها یه‌ك كه‌س به‌م هۆكاره‌ مردووه‌ و چه‌ند كه‌سی دیكه‌ش چاكبوونه‌ته‌وه‌.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان