هەڵەبجە، وا هەڵمی بێ‌ كەسی دەیخنكێنێ‌!!

هەڵەبجە، وا هەڵمی بێ‌ كەسی دەیخنكێنێ‌!!

369 خوێندراوەتەوە

مودریك عەلی عارف - هەڵەبجە
سەرنووسەری گۆڤاری پەیامی ڕاستی

ڕۆژی چوار شەممە (16/3/1988ز) یەكێك لە ڕەشتترین و تاریكترین ڕۆژەكانی مێژووی مرۆڤایەتی، ئەو ڕۆژەی كە یەكێك لە گەورەترین و دڕندانەترین تاوانی مرۆیی دەرهەق بە گەلێكی ستەملێكراو و هەزاران هاوڵاتی سیڤیلی شارێكی (ئاشتیخواز، ئیسلامخواز، مرۆڤدۆست) ئەنجامدرا، (16/3/1988ز) ئەو ڕۆژەی دەسەڵات و سەركردە و مرۆڤە دیكتاتۆر و دڕندەكان ناسنامەی مرۆڤبوونی خۆیان دۆڕاند و ڕووی دڕندەكانی دارستانیان سپی كرد، ئەو ڕۆژە بۆ ئێمەی (هاوڵاتیانی شاری هەڵەبجە) ڕۆژی لەدەستدانی هەزاران كەسی ئازیز و جەرگ سوتانی هەزاران و ئاوارەبوونی دەیان هەزار و برینداربوون و بەركەوتنی هەزارانی دیكەبوو بە گازی ژەهراوی كیمیاوی و سیانید و خەردەل، ئەو ڕۆژە ئێمە و هەڵەبجەكەمان هەناسەمان لێ‌ سەنرایەوە و بێ‌ ڕەحمانە خنكێنراین، ژیانمان لێ‌ زەوت كرا، شیرینی ژیانمان لێ‌ تاڵ كر ا، ئازادیمان لێ‌ سەنرایەوە و ئاوارە و دەربەدەر و ماڵوێران كراین.


ئێمە خەڵكی (هەڵەبجە)ین، ئەو شارەی كە بەناوبانگە بە شارێكی ئیسلامخواز و ئینساندۆست و مێواننەواز، ئەو شارەی كە بەناوبانگە بە شاری پێكەوەژیان، موسڵمان و كاكەیی و جولەكە تێیدا بە ئاشتی پێكەوە ژیاون، هەڵەبجەی ئێمە لە جوانترین سیماكانی بریتین لە گومبەز و منارەی مزگەوت و حوجرە و تەكیە و خانەقا و قوتابخانەی ئایینی، هەڵەبجە ئەو شارەیە كە بە لانكەی بانگەواز و دەعوەی ئیسلامی و پەیمانگای پێگەیاندنی سەدان و هەزاران قیادە و كادیری ئیسلامی بەناوبانگە

،،

بەڵێ‌ ئێمەی كوردی هەڵەبجەیی گەلێكی ئاشتیخواز و ئارام و مرۆڤدۆستین، گەلێكین كە حورمەتی هەمووان دەگرین و دەشمانەوێ‌ حورمەتمان بگیرێ‌،

ئێمە گەلێكین زۆرینە موسڵمان كە ڕێز لە ناموسڵمانەكان و خاوەن ئایینەكانی دیكە دەگرین و بە واجبی دەزانین، ئێمە گەلێكین، كوردین و بە كوردی و لە كوردستان لەدایك بووین، بەڵام دۆستی هەموو گەل و نەتەوەكانی دیكەین و هەمووانمان خۆش دەوێن و ڕێز لە ماف و كەرامەت و ئازادی هەمووان دەگرین، بەختەوەری و ئازادی و سەربەخۆیی خۆمان و ئەوانی دیكەشمان دەوێ‌، بۆ دەستكەوتنی مافەكانمان نامەنەوێ‌ مافی كەسیتر زەوت بكەین...

ئێمە ئاوا ژیاوین و هەر بەو شێوەیەش دەژین و بیر دەكەینەوە، لەپێناو ئەم جۆرە ژیان و بیركردنەوەیەشماندا چەندین جار قوربانیمان داوە.. ستەم و زوڵممان بەرامبەر كراوە.


ڕۆژی چوار شەممە (16/3/1988ز) ڕژێمی بەعس و (سەددام حوسێن)ی دیكتاتۆری سەرۆك كۆماری ئەو كاتی عێراق، دڕندانەترین ستەمی بەرامبەر ئێمەی هاوڵاتیانی سڤیلی (شاری هەڵەبجە) - كە ئێستە بە پایتەخی ئاشتی ناسێنراوە - ئەنجامدا، ئەو لەو ڕۆژەدا بە كۆپتەر و فڕۆكەكانی تۆپبارانی ئەو شارەیان كرد، چەندین جۆری گازی كیمیاوی یاساغكراوی نێودەوڵەتی ڕژاند بەسەر كوچە و كۆڵان و شەقام و دەرو دەشتی ئەو شارەدا، لە ماوەی شەو و ڕۆژێكدا (5000) پێنج هەزار هاوڵاتی شەهید كرد، هەزارانی دیكەی بریندار كرد، دەیان هەزار كەسی ئاوارە و دەربەدەر كرد...

ئاسمانی ئەو شارەی ڕەش داگەڕاند، هەزاران باوك و دایكی جەرگ سوتاو كرد، هەزاران مناڵی جگەرگۆشەی هەتیوو خست، هەزارانی دیكەی لەیەك دابڕاند و لە یەكتر بزر بوون، هەزاران مەل و باڵندە و ئاژەڵ و گیانداری ماڵی و كێوی لەناوبرد، ژینگەی ئەو شارەی بەو گازە ژەهراویە خنكاند.


مەخابن كەسیش لەو كاتەدا هاوارێكی لێ‌ بەرز نەبوویەوە و ناڕەزایەتی دەرنەبڕی، بەتایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، كەسێك نەیوت گازی كیمیاوی یاساغە و پێویستە سەددام و ڕژێمەكەی سزا بدرێن، هەمووان خۆیان كەڕ و لاڵ كرد، تەنیا دەروازەیەك بۆ دەربازبوونی ئەو خەڵكە سنوورەكانی وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، كە خەڵكێكی باش و دڵسۆز و مرۆڤدۆستی ئەو وڵاتە هاتن بە هانامانەوە و خێوەتگەمان بۆ ئامادەكراو چەندین ساڵێش لەوێ‌ و لەناو سەرما و گەرمای خێوەتەكاندا ماینەوە.


ئەوكاتە هەرچۆنێك بوو ڕۆشت و ئازار و ناڕەحەتی زۆرمان چەشت، بەڵام ئێستەش هەڵەبجە هەر بۆنی ڕۆژی (16/3/1988ز) و بۆنی كیمیاوی لێدێت

،،

هەناسەی تەنگ و سییەكانی هاتوونەتەوە یەك، هێشتا هەست بە تارمایی و تەمو دوكەڵی ئەو ڕۆژە دەكەین، هێشتا كۆكە و هەناسە توندی لەو شارە نەبڕاوە، هێشتا ئازاری سوتانەوەی پێست و خۆرانی چاوەكانی لێ‌ نەبڕاوە، هەڵەبجە هێشتا دەنگی ناپاڵم و بۆمبی كیمیاوی لێ‌ نەبڕاوە

هەڵەبجە هێشتا هەر بێ‌ ناز و تەعزیەبار و خەفەتبارە، هێشتا خەڵكی ئەو شارە شۆك و ترس و خەمی شانزەی سێ‌ بەری نەداون، هەڵەبجە هێشتا خوێنی لێ‌ دەچۆڕی و برینەكانی چاك نەبوونەتەوە، هێشتا كەلاوە لە هەڵەبجەدا هەیە، شەقام و كۆڵانەكانی بێنازی و نەبوونی خزمەتگوزارییان پێوە دیارە.


بۆیە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان پێویستیان بە ئاوڕدانەوەیە، پێویستیان بە خزمەت و هاوكارییە، پێویستیان بە دەستی خێری خێرخوازانە، پێویستیان بە ئاوەدانی و سیماكانی شار و شارسازی و شارستانییەتە، پێویستیان بەوەیە ئاشت بكرێنەوە لەگەڵ ژیان و چیتر ستەمیان لی نەكرێ‌ و پشتگوێ‌ نەخرێن.


كێ‌ و چ كەس و لایەن و ڕێكخراو و دەوڵەتێك خۆی بە مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز دەزانێ‌، با بێتە هەڵەبجە و خزمەتێك بكات، با بێت و پرۆژەیەكی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بونیات بنێت، با بێتە هەڵەبجە و سیمایەكی شار و جوانی لەو شارەدا دروست بكات، با بێت و جێدەستی خێر و مرۆڤدۆستی لەو شارەدا بەجێ‌ بهێڵی، با بێت و ئاوڕێك لە نەخۆش و هەژار و نەدار و بێنازانی ئەو شارە بداتەوە، كێ‌ خۆی بە دڵسۆز و مرۆڤدست دەزانێ‌ با بێتە هەڵەبجە و خەمێك لە بریندار و بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی و بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و ونبووانی هەڵەبجە بخوات. ئەوكات ئێمەی هەڵەبجەییش دەستی ماچ دەكەین و سوپاسی دەكەین و وەفادار دەبین بەرامبەر هەر مرۆڤدۆستێكی خزمەتگوزار.


هەڵەبجە جێدەستی هەندێ‌ حكومەت و ڕێكخراوی تێدایە كە خزمەتیان كردووە، ئێمە سوپاسیان دەكەین، بەڵام ئەوەی جێی داخ و لەسەر وەستانە نزیكترین دراوسێكانمان (توركیا، ئێران) هیچ پرۆژەیەكی ئاوەدانی و بونیاتنانیان لەم شارەدا نییە!! وڵاتانی وەك یابان و كۆریا و ئەڵمانیا و هتد، پرۆژەیان لەم شارەدا هەیە، بەڵام بەڕاستی جێی پرسیارە لای خەڵكی هەڵەبجە كە بۆچی هەردوو وڵاتی دراوسێ‌ (توركیا و ئێران) هیچ پرۆژەیەكیان لەم شارەدا نییە؟! ئومێدەوارین ئەم دوو وڵاتە و ڕێكخراوە مرۆڤدۆست و خێرخوازەكانیان بێن و بە كردەیی و بە پرۆژەی جوان وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، چونكە بەڕاستی هەڵەبجە و هاوڵاتییەكانی هێشتاش بێ‌ ناز و ستەم لێكراون و بێ‌ كەسی و بێ‌ دۆستی پێوە دیارە، ئێستەش نەفەسی تەنگە و وا بەردەوام بەهۆی ئەم بێ‌ كەسی و بێ‌ دڵسۆزییەوە خەریكە دەخنكێ‌!!.


Mudrek Ali Aref *