دەسەڵاتداران دەیانەوێت چارەسەری سەرمایەداریی ڤایرۆس بكەن

كاردانەوەكانی ترەمپ و جۆنسن مەترسیدار بوون

دەسەڵاتداران دەیانەوێت چارەسەری سەرمایەداریی ڤایرۆس بكەن

945 خوێندراوەتەوە

ئەلێكس كالینیكۆس

و. لەئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

 

ئێستا ئێمە دوو شتی گرنگ لە قەیرانی كۆرۆناڤایرۆسەوە فێربووین. یەكەم ئەوەیە كە داهاتوو لێرەیە. چەندین دەیە دەبێت خەڵك پێشبینیی ئەوەیان كردووە كە پرۆسەى كوێری كەڵەكەكردنی سەرمایە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كۆمەڵە كارەساتێكی زۆر مەترسیدار و تۆقێنەر. ئێستا ئاگركەوتنەوە گەورەكانی ئوستراڵیا و پەتای جیهانیی كۆرۆناڤایرۆس ئەوە دەردەخەن كە كارەساتەكان دەستیان پێكردووە.

لە چەند حەفتەى ڕابردووەوە هاوشانی دەیان هەزار كرێكارانی دیكەى زانكۆكان لە مانگرتندام. ئێستا خەریكین بگەڕێنەوە بۆ سەر كارەكانمان ئەویش بەهۆى ئەو پشێوی و ئاژاوەیەى لە كۆرۆناڤایرۆسەوە سەرچاوەى گرتووە.

یەكێتیی زانكۆ و كۆلیژەكان لە خواستەكانیدا دەربارەی كرێ و خانەنشینیی و كاری ناگرێبەست، بانگەوازی بۆ داخستنی خێرای زانكۆ و كۆلیژەكان كردووە. ئەمە ئەوەیە كە چۆن لە ئێستادا شتەكان ڕوودەدەن – خەبات لەناوەڕاستی كارەساتدا.

دووەم، كارەساتەكە لەلایەن ڕاستڕەوی توندڕەوەوە گەشەى زیاتری پێدەدرێت كە لە زۆر وڵاتدا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە. نموونە سەرەكییەكانیش دۆناڵد ترەمپ و بۆریس جۆنسنن.

كۆڤید-19 (كۆرۆناڤایرۆس) لەوانەیە دەرەنجامێكی بێ مەبەست و ڕێكەوتكردنی كشتوكاڵی كارگەریی (پیشەسازیی كشتوكاڵیی-وەرگێڕ) بەرفراوان و خێرا بێت.

،،

سەرمایەداریی لەڕووی ئەخلاقییەوە بەرپرسە لە بەكارهێنانی ئەو ڕێگا و میتۆدە بێ باكانەى سروشت وێران دەكەن.

بەڵام ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەى لە چەند حەفتەى ڕابردوودا لەسەر بازاڕە داراییەكان هەن ڕەنگدانەوەى ترسی بیانووهەڵگری ئەو بەڕێوەبەر و خاوەنكارانە بوو كە دەڵێت پەتاكە ئابووریی جیهانیی تووشی هەرەس و مایەپووچبوون دەكات.

سیاسەتمەدارە پارەپەرست و ڕیشوەخۆرە ڕاستڕەوەكان لە توانایاندایە شتەكان زۆر خراپتر بكەن. وەڵام و كاردانەوەكانی ترەمپ و جۆنسن هەردووكیان مەترسیدار بوون، بەڵام بەشێوەیەكی بەرچاویش لەیەك جیاوازبوون. ترەمپ پێویستی بە بووژانەوەى خێرای بازاڕەكانی پشك و قەباڵە هەیە بۆ دروستكردنی هەستكردن بە كەشێكی گونجاو و باش دەربارەى ئابووریی، كە لە نۆڤەمبەردا یارمەتیی ئەوەى دەدات دووبارە هەڵببژێردرێتەوە. لەبەرئەوە، گرنگی بە كۆڤید-19 نەدا، وەك "فێڵ" و "تەڵەكە"یەك لەقەڵەمی دا كە دیموكراتەكان دروستیانكردووە.

حكومەتی فیدڕاڵ خاوەخاوی لە یەكەم بەرهەمهێنانی دەرمان بۆ پشكنینی كۆرۆناڤایرۆسی نوێ كرد. لەهەموو ئەگەرەكاندا كۆرۆناڤایرۆس بەشێوەیەكی فراوان لەنێو دانیشتوانی ئەمریكییدا بڵاودەبێتەوە. لەژێر فشاردا ترەمپ 180 دەرەجە بایداوەتەوە. بەڵام بڕیارەكەى بۆ قەدەغەكردنی گەشت هەوڵێكی شەرمەزاركەر و پووچە بۆ ڕێگەكردن لە ڕەوتەكانی سەرمایەداریی جیهانیی بۆ ئەو شوێنانەى ڤایرۆسەكەى تێدا بڵاودەبێتەوە.

كاردانەوەكەى جۆنسن، بەهۆی ئەو فشارانەى لەسەریەتی، زۆر عەقڵانییترە. ئەم هەوڵەى جۆنسنیش لەلایەن مانشێتی ڕۆژنامەى نیویۆرك تایمزەوە بەمجۆرە پوختەكراوەتەوە: "بریتانیا ئابوورییەكەى لە ڤایرۆس دەپارێزێت، بەڵام نەك خەڵكەكەى". لەڕاستیدا، هەوڵەكەى جۆنسن زۆر لەمەش خراپترە.

 

پشكنین

ڕیشی سوناكی ڕاوێژكار پارە دەڕژێنێتە ناو ئابوورییەوە تا یارمەتیی بزنس و سەرمایەگوزارییەكان بدات لە كۆرۆناڤایرۆس دەربازیان بێت. بەڵام حكومەت واز لە پشكنینی بەرفراوان دەهێنێت و چاوەڕوانیی 60%ی دانیشتوان دەكات تووشی ڤایرۆسەكە ببن.

ئایدیاكە دەڵێت ئەگەر بەشێكی زۆری خەڵك نەخۆش ببن، ئەوسا پەرە بە "بەرگریی گشتیی" دەدەین، ئەوا كارە ڕێگر دەبێت لەوەى خەڵك لە شەپۆلێكی دواتردا دووبارە تووش ببنەوە. ئەم ستراتیژە لەلایەن بەرگریكارانی دەست لەسەر سینەى حكومەتەوە پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە و دەڵێن بنەمایەكی "ڕوون و ئاشكرای زانستیی" هەیە. بەڵام هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراو بۆ ئەمە بوونی نییە. كۆڤید-19 جۆر و ڕەگەزێكی نوێی كۆرۆناڤایرۆسە. و ڕۆب واڵاس لە كتێبەكەیدا "كێڵگە گەورەكان ئەنفلۆزا گەورەتر دەكەن" باس لەوە دەكات كە ئەنفلۆنزا توانایەكی سەرسوڕهێنەری هەیە بۆ گۆڕین و گەشەدان بەخۆی هاوشانی ڕەهەندە بایۆلۆژییە جیاوازەكان.

ئەمە تەنها گریمانەیەكە كە ئەو خەڵكانەى تووشی ڤایرۆسەكە دەبن، گەشە بە بەرگرییەكی بەهێز بەرانبەر بە ڤایرۆسەكە دەدەن. یەكشەممەى ڕابردوو، ئادەم كوچارسكی، كەسێكی ئەكادیمیی، ڕێگاچارە و مۆدێلەكەى وەك پشتیوانییەك بۆ ستراتیژەكەى حكومەت بەكارهێنراوە، لە تویتێكدا دەڵێـت: "من بە قوڵیی نائارامم بەرانبەر بەو پەیامەى كە بریتانیا بەشێوەیەكی چااك ‘بەرگریی گشتیی‘ وەك ستراتیژی سەرەكیی دژی كۆڤید-19 بەكاردەهێنێت".

لەوەش خراپتر، جۆنسن و دۆمینیك كەمینگز [ڕاوێژكاری یاریدەدەری بۆریس جۆنسن-وەرگێڕ] قومار بە ژیانی خەڵكەوە دەكەن – و بەتایبەت قومار بە ژیانی خەڵكانی بەساڵاچوو دەكەن، ئەوانەی لە خەڵكانی دیكە زووتر تووشی زیان دەبن. بەڕەڵاكردنی ڤایرسەكە بەشێوەیەكی دڕندانە ڕیسككردن بە ژیانی كەسانی سەرو 60 ساڵیی و گرەوكردن لەسەر ئەوەى سیستەمی تەندروستیی نیشتمانیی هێندە ڕۆیشتووە و بەو خاڵە گەیشتووە كە دەتوانێت بیانپارێزێت.

،،

بۆیە شایانی سەرسوڕمان نییە كاتێك جۆنسن هۆشداریی دەداتە خەڵك كە "ئازیزەكانتان" دەمرن.

 لەبەرئەوە ناتوانین پشت بەم حكومەتە بێهەست و بێ باكەى كۆنزەرڤاتیڤەكان ببەستین بمانپارێزن. كردەى پێكەوەیی و دەستەجەمعیی زەروورە تا فشار بۆ گۆڕینی ڕەوتی ڕووداوەكان بهێنین و ئەو سەرچاوانە ئازاد بكەین كە پشتیوانیی لە سیستەمی تەندروستیی نیشتمانیی، خۆ-دابڕین (خۆكەرەنتینەكردن)ی ماڵەوە و كەسانی زیانلێكەوتوو دەكەن.

لەبرئەوەى زۆرێك لە شوێنەكانی كاركردن دەبێت دابخرێن، ئەوا ئەم كردەیە دەبێت بچێنە نێو كۆمەڵەكانی چینی كرێكارەوە. گروپە یارمەتیدەرە هاوبەشەكان بەهەموو وڵاتدا بڵاودەبنەوە. ڕێكخستنی خوارەوەى كۆمەڵگا ئێستا لە هەمیشە گرنگتر و زەروورییترە.

 

ئەلێكس كالینیكۆس:

زانایەكی سیاسیی و چالاكوانێكی بریتانییە. پرۆفیسۆری خوێندنی ئەوروپییە لە زانكۆی كینگ كۆڵجی لەندەن. سەرنووسەری جۆرناڵی "سۆسیالیزمی ئەنتەرناسیۆناڵ"ـە. لێكۆڵەری بواری ئابووریی جیهانییە. تا ئێستا زیاتر 60 كتێب و سەدان توێژینەوەى نووسیوە. كتێبەكانی بۆ زیاتر لە 30 زمان وەرگێڕدراون.

 

سەرچاوە:  وێب سایتی Socialist Workers Party

سێ شەممە، 17ی ئازاری  2020

كاریكاتێر: ماریان كامێنسكی

 

author photo

نووسەرو وەرگێڕ