پارتە نوێکەی باباجان و دۆزی کۆنی کورد لە تورکیا

پارتە نوێکەی باباجان و دۆزی کۆنی کورد لە تورکیا

1880 خوێندراوەتەوە

دوای چەند مانگ لە چاوەڕوانی، عەلی باباجان دامەزراندنی پارتە نوێیەکەی، "پارتی دیموکرسی و پێشکەوتن"(DEVA) (Demokrasi ve Atılım Partisi)ی لە ١١ ئەم مانگەدا (ئازاری ٢٠٢٠) ڕاگەیاند. بۆ ڕاگەیاندنی دامەزراندنی پارتەکەشی هەمان ئوتێلی "بیلکەنتی" ئەنقەرەی هەڵبژارد کە کاتی خۆی "پارتی داد و گەشەپێدان"ی تێدا لە ٢٠٠١ ڕگەیاندرا. پارتەکەی ئەحمەد داودئۆغڵوش "پارتی داهاتوو یا پاشەڕۆژ" (Gelecek Partisi )هەر لە هەمان ئوتێل لە ١٣ دیسەمبەری ٢٠١٩ ڕاگەیاندرا.

ئەمە ئیماژێکە بۆ ئەوەی هەم باباجان و هەم داودئۆغڵو خۆیان بە دامەزرێنەر و خاوەنی ڕاستەقینەی پارتی "داد و گەشەپێدان" دەزانن، دەیانەوێ بڵێن ئەردۆگان پارتەکەی بەلاڕیدا بردووە و لە بنەما سەرەکی و ئامانجە ڕاستەقینەکانی دوور کەوتووەتەوە.

بەخت یاوەری باباجان نەبوو لە هەڵبژاردنی کاتی ڕاگەیاندنی پارتەکەیدا، چونکە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دونیای بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، بۆیە ڕووماڵێکی ئەوتۆی نەبینی. لە دەرەوەی تورکیا گرنگیی پێ نەدرا، لە نێوخۆی ئەو وڵاتەش دەسەڵاتی ڕەهای ئەردۆگان بەسەر دەزگاکانی میدیادا هیچ دەرفەتێکی بۆ نەهێشتەوە بە باشی بە خەڵکی بناسێنێ.

،،

هەموو پارتەکان لە ئاهانگی ڕاگەیاندنیاندا دروشمی جوان بەرز دەکەنەوە و ڕەخنەی توند لە سیاسەتی حکومەتی ئەو وڵاتە دەگرن کە تێیدا دادەمەزرێن.

پارتەکەی باباجانیش وەک ئەوەی دادوئۆغڵو ڕەخنەی زۆری لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئەردۆگان گرت، کە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بێدەنگ کردنی ڕۆژنامەوانانی ئازاد، سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسی و کۆنترۆڵ کردنی دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا ئەڵقە سەرەکییەکانین.

بەرپرسانی پارتەکانی باباجان و داودئۆغڵو پارتانە پێیان وایە ئەم سیاسەتانەی ئەردۆگان زەبری کوشندەی گەیاندووە بە سیستەمی سیاسی تورکیا کە لە بنەمادا دیموکراسییەکی لاوازە و جێنەگیری هەیە و لە ئەنجامدا وڵاتەی بۆ دواوە گەڕاندووەتەوە. گرنگی "پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن" و "پارتی پاشەڕۆژ" لەوەدایە کە هەردووکیان لە هەناوی پارتی داد و گەشەپێدانەوە سەریان هەڵداوە و سەرکردەکانیان کەسانی دیاری ئەو پارتە بوون و ڕۆڵی بەرچاویان گێراوە لە گەشەکردنی ئابووری و سیاسی تورکیادا لە ساڵانی ڕابردوودا.

بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی "پارتی داد و گەشەپێدان"یان لە گەڵ خۆیاندا بردووە و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا کاریگەری زۆریان لە سەر جەماوەری ئەو پارتە دەبێ. ئەوەی بۆ ئەم کورتە باسەی ئێمە گرنگە هەڵوێستی ئەم پارتانەیە بەرامبەر مافەکانی کوردانی باکووری کوردستان. لە کەش و هەوای سیاسی تورکیادا کە بارگاوییە بە بیر و بۆچوونی ڕەگەزپەرستی، چاوەروانی وەرچەرخانی ڕادیکالی لە سیاسەتی ئەم پارتانەدا ناکرێ بەرامبەر بە دۆزی کورد.

بەڵام ناکرێ ئەو ئیماژ و ئاماژانە نەبینین کە هەوڵی خاوکردنەوەی هەستی نەسیۆنالیستی توندڕەوی تورک و باری گرژی تورکیا دەدەن و باس لە مافی یەکسانی و هاووڵاتێتی لەو ولاتە دەکەن. لە دوای ڕاگەیاندنی "پارتی پاشەڕۆژ"ی داودئۆغڵو پێشبینی ئەوەم کردبوو، کە چاوەڕوان دەکرێت سەبارەت بە هەڵوێست لە مافەکانی کورد، پارتەکەی عەلی باباجان هەنگاوێک زیاتر بچێتە پێشەوە. هەردوو حیزب لە ڕەتکردنەوەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا هاوبیرن و بە هۆکارێکی گرنگی دەسەڵاتی نادیموکراتی ئەردۆگانی دادەنێن.

ئەمان پێیان وایە کە دەبێ سیستەمی سیاسی پاڕلەمانی بێ و نابێ سەرۆکی کۆمار لە هەمان کاتدا سەرۆکی پارتێکی سیاسی بێ، چ جای پارتی دەسەڵاتدار. لە بوارەکانی میدیای ئازاد و ئازادی بیروڕا دەربڕین، سەربەخۆیی سیستەمی دادوەری، داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، کۆتایی هێنان بە سیاسەتی ڕاونان، تۆقاندن و سزادانی بەکۆمەڵ و خاوکردنەوەی کەش و هەوای ژەهراوی ڕق و کینە لە نێوان دانیشتواندا و دابەشبوونی کۆمەڵگا...تاد ئەم دوو حیزبە بیر و بۆچوونەکانیان زۆر لە یەکەوە دوور نین.

ڕەنگبێ جیاوازی سەرەکی لە نێوان هەردوو سەرکردەدا لەوەدا بێ، کە داودئۆغڵو کەسێکی ئایدیۆلۆژییە و ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە داڕشتنی بنەما فیکری و سیاسییەکانی دەسەڵاتی "پارتی داد و گەشەپێدان"دا، لە کاتێکدا باباجان کەسێکی پراگماتییە و گرنگی زۆر بە پێشخستنی ئابووری دەدا و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە گەشەکردنی ئابووری تورکیا لە دە ساڵی یەکەمی دەسەڵاتی ئەو پارتەدا. هەرچەندە دید و بۆچوونەکانی داودئۆغڵوش گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە خۆی لە ئایدیۆلۆژییای ئیسلامی سیاسی ڕزگار بکات.

ئەو تا ئێستاش خۆی بە خاوەنی ڕاستەقینەی "پارتی داد و گەشەپێدان" دەزانێ و ئەردۆگان و لایەنگرانی بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەوان لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو حیزبە دوور کەوتوونەتەوە و گوایە ئەم هەوڵەدەدات لە ڕێگەی "پارتی دواڕۆژەوە" ئەم بنەمایانە زندوو بکاتەوە. هەرچی باباجانە وا پێدەچێ هەندێ خۆی بەدوور دەگرێ لەو بنەمایانە. لە وتاری ڕاگەیاندنی پارتەکەیدا وتێ"هیچ پیرۆزییەکی ئایینیمان ناکەینە ئامێرێکی سیاسی" ئەو شێوازەی ئەردۆگان سەد دەر سەد پەیڕەوی دەکات.

ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرنگە دیدی ئەم پارتەیە بۆ دۆزی کورد لە تورکیا. ئاشکرایە بەشێک لە کوردانی باکووری کوردستان، بەتایبەتی بەشە پارێزگارەکەی، تا ئێستاش دەنگ بە پارتی داد و گەشەپێدان دەدەن، بەڵام ئەوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە سیاسەتەکانی ئەردۆگان بێ هیوا دەبەن. هاوپەیمانیی ئەردۆگان لە گەڵ دەولەت باخچەلیدا و پەنابردن بۆ گوتاری ناسیۆنالیستی توندڕەو، وای کردووە ئەو کوردانە باوەڕیان بە سیاسەتەکانی نەمێنێ و بەدوای ئەڵتەڕناتیفدا بگەڕێن.

پێیان وابوو پارتەکەی داودئۆغڵو دەبێ بەو هێزەی کە چاوەڕوانی دەکەن، بەڵام هەر زوو بۆیان دەرکەوت کە ئەو پارتە ناتوانێ وەڵامی داخوازییەکانیان بداتەوە، بۆیە لە چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی پارتەکەی باباجاندا بوون. لە ٩١ دامەزرێنەری پارتەکە ٢٥یان لە باکووری کوردستان هاتوونەتە دونیاوە و پێگەی گرنگیان لە نێو پارتەکەدا هەیە. هێشتا ئەوە نازانرێ ئایە هەموو کوردن یا هەر کوردستان شوێنی لە دایکبوونیانە.

پێدەچی باباجان و هاوڕێکانی گوێێان بۆ داخوازییە سیاسی و کۆمەڵاتییەکانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی شل کردبێ، ئەو داخوازییانەی ساڵەهای ساڵە هاواریان بۆ دەکەن. زۆر لە کوردان پێیان وایە کە ئەم پارتەی باباجان لە "پارتی دایکی نیشتمان"ی تورگوت ئوێزال دەچێ، کە لە ساڵی ١٩٨٢ دایمەزراند و لە کۆتایی هەشتاکاندا کۆمەڵێ تابووی لە بارەی کوردەوە لە تورکیا شکاند.

،،

"پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن" عەلی باباجان هۆکاری سەرەکی دۆزی کورد لەوەدا دەبینێ "کە سیستەمی سیاسی تورکیا شکستی هێناوە لەوەی ببێتە سیستەمێکی دیموکراسی لە سەر بنەماکانی مافی مرۆڤ".

ئەمە بنەمایەکی دروستی لێکدانەوەی باری ناهەمواری سیاسییە لە تورکیا. بۆ خۆم ئەوەش بە گرنگ دەزانم، کە ئەم حیزبە نەهاتووە و دۆزی کورد لە هەندێ پرسی لاوەکی کورت بکاتەوە، بەڵکو دان بەوەدا دەنێ کە ئەم دۆزە "پاشخانێکی مێژوویی دوور و درێژی هەیە". ئەو ڕاستییەش دەبینێ، کە هەرچەندە دۆزی کورد ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ئابووی و کولتووری زۆری هەیە، لێ"کێشەکە لە ڕاستیدا بەندە بە وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی هاووڵاتیانی کورد لە بوارەکانی ئازادی، مافی دیموکراسی و یەکسانی".

لە خاڵێکی تری پرۆگرامی ئەم پارتەدا ئیماژێک دەبینین بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئاشتی لە نێوان کوردان و دەوڵەتدا، کە هەندێ لە دامەزرێنەرانی "پارتی دیموکراسی و پێشکەتن" لە کاتی خۆیدا ڕۆڵی گرنگیان تێدا بینی کاتێ لە ڕیزەکانی "پارتی داد و گەشەپیدان"دا بوون، بە تایبەتی کەسایەتییەکی کوردی وەک عەبدولڕەحیم ئاقسۆی کە چەندین جار داوای وتووێژی لە نێوان بزاڤی کورد و دەوڵەتدا کردووە.

لێرەدا بە ڕوونی ئاماژە بەوە کراوە کە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد پێوسیتە "کەناڵی سیاسی بە کراوەیی بهێڵرێتەوە لە بەردەم هاووڵاتیانماندا لە سەر بنەمای متمانەی هاوبەش و سازکردنی زەمینەی دیموکراسی، کە ڕێگا دەکاتەوە بۆ دان و سان لە سەر داخوازییەکان بە ئاسانی، ئەوەش لە ڕێگەی فراوانکردنی پانتایی ئازادی و جێگیرکردنی بنەمای قانوونی".

خاڵێکی هیوابەخش لە پرۆگرامی پارتەکەی باباجان ئەوەیە کە بۆچوونێکی "پارتی گەلانی دیموکراسی" دووپات دەکاتەوە، کاتێ دەڵێ"کاتێ تورکیا کێشەی کورد چارەسەر دەکات، ئەوا لە دیموکراسیدا پێشدەکەوێ و ئابوورییەکەی بەهێز دەبێ و سەرچاوەکانی بۆ پێداویستییەکانی وڵات بەکار دێنێ و بەفیڕۆیان نادات لە کردەوەی سەربازیدا. هەروەها ئاستی پێوەرە قانوونییەکانی بەرز دەبێتەوە".

ئەمە لێکدانەوەیەکی دروستە و ئەگەر تورکیا جێبەجێی بکردبایە، ئێستا لە بارێکی زۆر جیاوازدا دەبوو. دەمێکی زۆرە کورد و ناوەندە دیموکراتییەکانی تورکیا و دونیا داوا دەکەن پێناسەیەکی نوێ بۆ چەمکی هاووڵاتی لە تورکیا بێتە کایەوە بۆ ئەوەی جێگەی ئەو پێناسە کۆنە بگرێتەوە، کە لەسەر بنەمای یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئاڵا ...تاد و ئینکارکردنی کورد و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان بنیات نراوە.

لێرەدا پارتەکەی عەلی باباجان درکی بەم ڕاستییە کردووە و دوا دەکات پێناسەیەکی نوێ "بۆ چەمکی هاووڵاتێتی بکرێت بە شێوەیەک گشتگیر بێت و هەموو گروپە ئەتنیکی، ئایینی، مەزهەبی و کولتوورییەکان بگرێتە خۆ". بە بێ پێناسەیەکی نوێ بۆ دانیشتوانی تورکیا ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەو وڵاتە زۆر ئەستەمە.

"پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن" لەو ڕاستییەش تێگەیشتووە، کە دۆزی کورد پرسێکی نێوخۆیی تورکیا نیە، بەڵکو بووە بە پرسێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و دەبێ کاربەدەستانی تورکیا بە شێوازێکی نوێ هەڵس و کەوتی لە گەڵدا بکەن. ئەم پارتە پێی وایە کە "چارەسەری هەمیشەیی لە سوریا تەنها لە ڕێگای دابەشکردنی دەسەڵاتەوە دەبێ لە نێوان گروپە ئەتنیکی و ئایینییەکاندا و بەکارهێنانی داهات و سامانە سرووشتییەکان بەشیوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا. هەموو ئەمەش دەبێ لە ڕێگای سیاسی و دیپلۆماسییەوە لە گەڵ هەموو لایەنەکاندا بکرێت. هەر ئەمەش دەتوانێ بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دابین بکات".

لە باسی سوریادا دامەزرێنەرانی ئەم پارتەش کەوتوونەتە هەڵەیەکی گەورەوە کاتێ "پارتی یەکێتی دیموکراتی" و بزووتنەوەی فەتحوڵا گیولەن لە سەر یەک ئاست دادەنێن. ئەم تێزە ئەوە دەردەخات کە ئەم حیزبەش لە هەندێ پرس و لێکدانەوەدا نەیتوانیوە خۆی لە عەقڵییەتی دەوڵەتی شاراوە ڕزگار بکات.

دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ئەم حیزبە لە ڕۆژان و ساڵانی داهاتوودا چەندێ بەم پرینسپانەوە پابەند دەبێ، کە لە گوتاری ڕاگەیاندن و پرۆگرامی سیاسیدا بانەگەشەی بۆیان کرد.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد