نه‌وشیروان موسته‌فا له‌سه‌ر كاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌ چى وت؟

نه‌وشیروان موسته‌فا له‌سه‌ر كاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌ چى وت؟

2234 خوێندراوەتەوە

د. ناسیح مه‌لا كه‌ریم

به‌ده‌م خه‌یاڵی 32 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا كه‌ له‌ جوانڕۆ بووم، له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ هاورێكانم له‌ دوای راپه‌ڕینی 13 - 5 - 1987 زانكۆمان به‌جێهێشت‌و ڕوومان له‌ ئاواره‌یی كرد، له‌ قه‌ره‌نتینه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌مان وه‌ك هه‌ر هاونیشتیمانییه‌كیتر هاتوچۆم ده‌كرد، جار جاریش سه‌یری شاشه‌ی تیڤییه‌كان و كه‌ناڵی ( مه‌هاباد) م ده‌كرد، له‌ ناكاو بێویستی خۆم روخساری ناشیرینی ئه‌و بێژه‌ره‌ ئێرانیه‌ هاته‌ پێشچاوم كه‌ 32 ساڵ به‌ر له‌ ئێستاو له‌ 15 - 3 - 1988، ڕۆژێك پێش كیمیایبارنی هه‌ڵه‌بجه‌ - له‌ كاتی نیشاندانی دیمه‌نه‌كانی داگیركردنی هه‌ڵه‌بجه‌، ‌له‌ كه‌ناڵی ( شبكه‌ اول ) له‌ كه‌‌له‌ی سه‌ر هاواری ده‌كرد:" امروز روزی انتقام خورمشهر است".

دیمه‌نه‌كه‌ هێنده‌ ناخهه‌ژێن‌و توقێنه‌ر بوو، قه‌ت بیرم ناچێته‌وه‌، له‌ قه‌ره‌نتینه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌ به‌رده‌وام هاتووچۆم ده‌كرد، ڕۆشتمه‌ به‌رده‌م كتێخانه‌كه‌م و سه‌یرێكی كتێبه‌كانم كرد تا وه‌ك نه‌ریتێكی رۆژانه‌ كتێبێك ده‌ربكه‌م و بیخوێنمه‌وه‌، كتێبی " له‌ هاوخه‌باتییه‌وه‌ بۆ ته‌خوین"ی نه‌وشیروان مسته‌فام به‌رچاو كه‌وت، گه‌رچی جارێكیتریش له‌ ساڵی 2010 خوێندبوومه‌وه‌، به‌ڵام چونكه‌ وه‌ك بابه‌تێكی مێژوویی له‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كدا، راستگۆیانه‌ باس له‌ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات، پێمخۆشبوو ئه‌و به‌شه‌ی باس له‌ كاره‌ساته‌كه‌و پێشه‌كییه‌كانی ده‌كات بیخوێنمه‌وه‌.

ئه‌گه‌رچی نوسینه‌كه‌ی كاك نه‌وشیروان له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ " دانپێنانێكی دره‌نگوه‌خته‌"بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ بایه‌خه‌ مێژووییه‌كه‌ی كه‌م ناكاته‌وه‌ .. لێره‌دا وه‌ك خۆی قسه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا داده‌نێم، ‌كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانی 63 تا 65 نوسیوویه‌تی. ئه‌و ده‌ڵێت:" پێش هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ چه‌ندین مه‌یدانی جه‌نگیدا له‌ پارێزگاكانی سلێمانی، كه‌ركوك، هه‌ولێر، دیاله‌، كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئێران كرابوو، ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ به‌ وێرانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و قڕكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی ته‌واو بوو، به‌شێكبوو له‌ نه‌خشه‌یه‌كی جه‌نگیی فراوان بۆ ئازادكردنی ناوچه‌كانی، هه‌ڵه‌بجه،‌ قه‌ڵادزه‌، رانیه‌، دوكان و چوارتا، كاتێ كه‌ ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو به‌ كاره‌سات، واز له‌ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی نه‌خشه‌كه‌ هێنرا".

،،

" پێش هه‌ڵه‌بجه‌، حكومه‌تی به‌عس كه‌م جێگه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پیشمه‌رگه‌ هه‌بوو كیمیایبارانی نه‌كردبێ، چه‌ندین ناوچه‌ی له‌ خۆشناوه‌تی، بیتوێن، پشده‌ر، به‌ری مه‌رگه‌، دۆڵی جافایه‌تی، به‌ری قه‌ره‌داغ، بادینان، به‌ری كۆیه‌، ده‌شتی كه‌ركوك، كیمیاباران كردبوو".

"حكومه‌تی به‌عس ته‌نیا به‌ ته‌سلیمبوون و كۆتاییهێنان به‌ شۆڕش ده‌ستی له‌ كیمیایبارن هه‌ڵئه‌گرت، به‌ تایبه‌تی له‌ سایه‌ی بێ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا و زلهێزه‌كانی دنیادا".

" پێویست ناكات له‌سه‌ر كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ درێژه‌ی پێبده‌م، چونكه‌ خوالێخۆشبوو شه‌وكه‌تی حاجی موشیر، كتێبێكی له‌ ژێر سه‌رناوی " كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ - به‌هاری 1988 " له‌سه‌ر نوسیوه‌و ساڵی 1998 له‌سه‌ر ئه‌ركی تاڵه‌بانی له‌ سلێمانی چاپ كراوه‌".

"عه‌مه‌لیاتی وا گه‌وره‌ كه‌ سه‌دان فه‌رمانده‌و به‌رپرس‌و چه‌ندین لایه‌نی سیاسی كوردستانی و عێراقی ( پارتی، سۆشیالیست، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، فه‌یله‌قی به‌در،)ی تێدا به‌شدار بێت، باره‌گای چه‌ندین لایه‌نی سیاسی ئێرانی له‌وانه‌ " كۆمه‌ڵه‌ و دیموكرات" بكه‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسی، نه‌ئه‌كرا بێ ئاگاداری‌و ره‌زامه‌ندی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و به‌تایبه‌تی شه‌خسی تاڵه‌‌بانی ئه‌نجام بدرێت".

" له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ ئێمه‌ به‌ دڵی شكاو و ده‌روونی برینداره‌وه‌ باسی ئه‌وه‌مان ئه‌كرد چۆن هه‌وڵی " ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ " بوو به‌ " كاره‌ساتێكی ئینسانی" ئاغای تاڵه‌‌بانی بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك ئه‌یوت:" كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه مه‌سه‌له‌ی كوردی برده‌ ناو مه‌یدانی ناوده‌وڵه‌تیه‌وه‌... ئاخ بۆ دووسێ هه‌ڵه‌بجه‌ی تر".