ئەوە ڤایرۆس بوو ئەم كارەى كرد!

دەربارەى ئابووریی سیاسیی كۆرۆنا ڤایرۆس

ئەوە ڤایرۆس بوو ئەم كارەى كرد!

2276 خوێندراوەتەوە

میشایل ڕۆبەرتز

و. لەئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

 

تەواو لەوە دڵنیام هەركە ئەم كارەساتە تەواو بوو، ئابوورییناسانی بەرەى باڵادەست و دەسەڵاتداران بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەم كارەساتە قەیرانێكی دەرەكیی بووە و هیچ پەیوەندیی بە درز و كەلەبەرە ناوەكییەكانی مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی و پێكهاتەى كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگاوە نییە. ئەوە ڤایرۆس بوو ئەم كارەى كرد. ئەمە ئەرگومێنت و گوتەى ڕەوتی باڵادەست بووە دوای قەیرانی گەورەى ئابووریی 2009-2009 و هەروەها لە 2020یشدا دووبارە دەكرێتەوە.

ئێستا كە ئەم دێڕانە دەنووسم، پەتای كۆرۆناڤایرۆس (وەك ئەوەى ئێستا بەفەرمیی ناسێنراوە) هێشتا نەگەیشتووە لوتكە و دواسنووری خۆی. بەڕواڵەت لە چین دەستیپێكردووە (ئەگەرچی چەند بەڵگەیەكی ڕوون و ئاشكراش هەن لە هەمانكاتدا لە شوێنی دیكەش دەستی پێكردووە و سەریهەڵداوە)، كەچی ئێستا بە سەرتاپای جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. ژمارەى تووشبوان لە دەرەوە، لە ئێستادا بەرزترە لە ژمارەى تووشبوانی ناوەوەى چین. حاڵەتەكانی ناو وڵاتی چین بە ئاستێكی وەستان گەیشتوون؛ بەڵام لە شوێنەكانی دیكەدا ڤایرۆسەكە لە بڵاوبوونەوەیەكی نائاسایی و ڕوولەهەڵكشان دایە.

ئەم قەیرانە بایۆلۆژییە ترس و دڵەڕاوكێی لەنێو بازاڕە داراییەكاندا دروستكردووە. بازاڕەكانی پشك و قەباڵە لە ماوەى چەند حەفتەیەكدا تووشی ئیفلاس و شكستی زیاتر لە 30% هاتوون. جیهانی فەنتازیی و خەیاڵیی هەر خاوەندارێتییەكی دارایی ڕوولەگەشە كە بە تێچوونە كەمەكان بەدەستدەهات، ئیتر كۆتایی پێهاتووە.

وادەردەكەوێت كۆڤید-19 ببێتە "نەزانراوێكی نەناسراو"(یان هەلومەرجە نەخوازراو و ناچاوەڕوانكراوەكان)، هاوشێوەى "تیۆری سوانی ڕەش"ی داڕمانی دارایی جیهانیی كە دە ساڵ پێش ئێستا قەیرانی گەورەى ئابووریی بەدوی خۆیدا هێنا. بەڵام كۆڤید-19، ڕێك هاوشێوەى ئەو قەیران و داڕمانە داراییە، لەڕاستیدا ڕووداوێكی لەناكاو و ناچاوەڕوانكراو نییە – ئەوەى پێیدەگوترێت "شۆك"ێك بۆ گەشەیەكی دیكەى هارمۆنیانەى ئابووریی سەرمایەداریی. تەنانەت پێش ئەوەى پەتاكە دەستپێبكات، لەنێو سەرەكیترین و گەورەترین ئابوورییە سەرمایەدارییەكاندا، چ لە نێو ئەوەى پێیدەگوترێت جیهانی گەشەسەندوودا یاخود لەنێو ئابوورییە "ڕوولەگەشەكان"ی "باشووری جیهان"، چالاكیی ئابووریی بەهێواشیی لە وەستان نزیك دەبووەوە، بە هەندێك لەو ئابوورییانەى دەچوونە نێو وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەتەوەیی و لەهەندێك لە ئابوورییەكانی دیكەدا لەسەر كەنارەكە وەستابوون.

كۆڤید-19 نوكە تیژەكە بوو. لێكچوونێك بكرێت بیری لێبكەینەوە بەرزكردنەوەی باڵەخانەیەكی لمییە تا لوتكە؛ خۆڵ و دانەكانی لمەكە دەست بە داڕمان و خزین دەكەن؛ و دواتر خاڵێكی دیاریكراو بە كۆمەڵە بەشێكی زیاتری لمەكەوە دێتە خوارەوە و سەرجەمی تەپۆلكە لمییەكە دادەڕمێنێت. ئەگەر تۆ كەسێكی پاش-كینزیی بیت دەكرێت تۆ بەباشتری بزانیت بەمە بڵێیت "ساتێكی مینسكی"، دوای هایمەن مینسكی، كە دەیگوت سەرمایەداریی وادەردەكەوێت سەقامگیربێت تا كاتی ناسەقامگیربوون، چونكە سەقامگیریی، تۆوی ناسەقامگیریی دەچێنێت. ماركسیستێك دەڵێت، بەڵێ ناسەقامگیریی هەیە، بەڵام ئەو ناسەقامگیرییە بەشێوەیەكی وەرزیی دەكەوێت و دەڕمێت، ئەویش بەهۆى ناكۆكییە بنچینەییەكانی ناو مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی لەپێناوی قازانجدا.

هەروەها، بەشێوەیەكی دیكە، كۆڤید-19، "نەزانراوێكی نەناسراو" (ڕووداوێكی لەناكاو) نەبوو. لە سەرەتای 2018دا، گروپێكی پسۆڕان (لێكۆڵینەوە و گەشەسەندن و بلوپرینت) لە میانەی چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەیەكدا لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییدا لە جەنەوا، زاراوەى "نەخۆشیی ئێكس"یان داهێنا: پێشبینیی ئەوەیانكرد كە پەتای داهاتوو بەهۆی نەخۆشیی دروستكەرێكی تازە و نەناسراوەوە دەبێت كە هێشتا نەچووەتە نێو دانیشتوانی مرۆییەوە. "نەخۆشیی ئێكس" بەئەگەرێكەوە دەرەنجامی ڤایرۆسێك دەبێت كە لە ئاژەڵاندا دروست دەبێت و لە هەندێك شوێنی جیهاندا دەردەكەوێت كە گەشەى ئابووریی دەبێتە هۆى وەدەرنانی خەڵك و ئاژەڵی كێوی بەیەكەوە.

نەخۆشیی ئێكس لەوانەیە تێكەڵی نەخۆشییەكانی دیكە لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییە تازەیەدا بكرێت و بەخێرایی و بەبێ دەنگییەوە بڵاو دەبێتەوە؛ تۆڕەكانی گەشتی مرۆیی و بازرگانیی بەكاردەهێنێت، دەگاتە وڵاتانی جۆراوجۆر و سیاسەتی وەستاندن و سنوورداركردن نەزۆك و بێكاریگەر دەكات. نەخۆشیی ئێكس ڕێژەیەكی زۆر بەرزی مردن، زۆر بەرزتر لە ئەنفلۆنزای وەرزیی لێدەكەوێتەوە، بەڵام بەهەمان ئاسانیی ئەنفلۆنزا بڵاو دەبێتەوە. ئەم نەخۆشییە تەنانەت پێش ئەوەى بگاتە دۆخی پەتایی، بازاڕە داراییەكان دەهەژێنێت. بەكورتیی، كۆڤید-19، هەمان نەخۆشیی ئێكسە.

وەك ڕۆب واڵاس، بایۆلۆژیستی سۆسیالیست، گوتوویەتی، تاعونەكان بەتەنها بەشێك نین لە كولتووری ئێمە؛ بەڵكو ئەو تاعونانە بەهۆى هەمان كولتوورەوە سەریانهەڵداوە. مەرگی ڕەش، لە ناوەڕاستی سەدەى 14 بەنێو ئەوروپادا لەگەڵ گەشەی بازرگانیی بەدرێژایی ڕێگای ئاوریشمییدا بڵاوبووەوە. شێوازە تازەكانی ئەنفلۆنزا لە بەرهەمهێنانی خۆراكی كشتوكاڵییەوە سەریانهەڵداوە. ئیبۆلا، سارس، مێرس و ئێستاش كۆڤید-19 پەیوەندییان بە ئاژەڵی كێوییەوە هەیە. پەتاكان بەگشتیی وەك ڤایرۆسەكان لە ئاژەڵانەوە دێن و كاتێك پەیوەندییان لەگەڵدا دروستدەكەین، ئەوا لەوانەوە بۆ خەڵك دەگوازرێنەوە. ئەم زۆربوونانە بەڕواڵەت خەریكی فراوانبوونن، چونكە شوێنپێ ئیكۆلۆژییەكانمان ئێمە لە ناوچە دوورەكاندا لە ئاژەڵە كێوییەكان نزیكتر دەكاتەوە و بازرگانییش ئەم ئاژەڵە كێوییانە دەهێنێتە سەنتەری شارەكانەوە. ڕێگاوبانسازیی بێ پێشینە، لەناوبردنی دارستانەكان، پاككردنەوەى زەوییەكان و گەشەدان بە پیشەسازیی كشتوكاڵیی، هەروەها بەجیهانییكردنی گەشت و بازرگانیی، بەشێوەیەكی بەرفراوان ئێمە بەرانبەر بە دروستبوونی نەخۆشییەكانی وەك ڤایرۆسەكانی كۆرۆنا بەدگومان دەكات.

ئەرگومێنت و مشتومڕێكی گەمژانە و نەخۆش لەنێو ئابوورییناسە باڵادەستەكاندا هەیە دەربارەى ئەوەى ئایا كاریگەریی ئابووریی كۆڤید-19 "شۆكی خستنەڕوو"(supply shock)ـە یاخود "شۆكی خواست"(demand shock). قوتابخانەى نیۆكلاسیكیی دەڵێت ئەمە شۆك و هەژانێكی خستنەڕووە، چونكە بەرهەمهێنان دەوەستێنێت؛ كینزییەكان دەیانەوێت بڵێن لەڕاستیدا ئەمە شۆك و هەژانێكی خواستە چونكە خەڵك و سەرمایەگوزاریی پارەكانیان بۆ گەشت و خزمەتگوزارییەكان و هتد تەرخان ناكەن.

بەڵام یەكەم، هەروەك لەسەرەوە باسكرا، ئەمە لەڕاستیدا هەر "شۆك" نییە، بەڵكو بە حەتمیی دەرەنجامی پاڵنەری سەرمایەیە بۆ بەرهەمهێنانی قازانج لە كشتوكاڵ و سروشت و هەروەها پاڵنەری سەرمایەیە بۆ بەرهەمهێنانی قازانج لە دۆخی لاوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی لە 2020دا.

و دووەم، ئەم شۆكە لەگەڵ خستنەڕوودا دەستپێدەكات، نەك لەگەڵ خواست، وەك كینزییەكان بانگەشەى بۆ دەكەن. بەو جۆرەى ماركس باسی دەكات: "هەر منداڵێك نەتەوەیەك دەناسێت كە واز لە كاركردن دەهێنێت، من باسی ساڵێك ناكەم، بەڵكو تەنانەت لە چەند حەفتەیەكدا، بەتەواویی لەناو دەچێت" (كاڕڵ ماركس بۆ كوگلمان، لەندەن، 11ی تەممووز، 1868). ئەوە بەرهەمهێنان، بازرگانیی و وەبەرهێنانە كە سەرەتا دەوەستێت، كاتێك بازاڕەكان، قوتابخانەكان، سەرمایەگوزارییەكان دادەخرێن تا ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەى پەتاكە بكەن. بێگومان، ئەگەر خەڵك نەتوانن كار و سەرمایەگوزاریی بكەن، ئەوا ناتوانن بكڕن، كەواتە داهاتەكان دەكەون و نزم دەبنەوە و بەرەو ئیفلاس و مایەپووچبوون دەڕۆن و ئەمەش "شۆكی خواست" دروست دەكات. لەڕاستیدا، ئەمە شێواز و ڕێگای هەموو قەیرانەكانی سەرمایەدارییە: سەرەتا بە شكستی خستنەڕوو دەستپێدەكەن و پاشان بە كەوتنە نێو بەكاربردنەوە، كۆتاییان دێت – نەك بەپێچەوانەوە.

 

ئەمە خشتەی ڕوانینێكی باڵادەست (و ڕۆشنی) شیكاریی قەیرانەكانە

 

 

 

هەندێك لە گەشبینەكانی ناو جیهانی دارایی دەڵێن كە شۆكی كۆڤید-19 بۆ بازاڕەكانی پشك و قەباڵە هاوشێوەى 19ی ئۆكتۆبەری 1987 كۆتایی دێت. لەو دووشەممە ڕەشەدا بازاڕی پشك و قەباڵە زۆر بەخێرایی داڕما، تەنانەت زۆر زیاتر لە ئێستا، بەڵام لەماوەى چەند مانگدا گەڕایەوە و بەردەوام بوو و درێژەى بەژیانی خۆی دا. ستێڤن منوكین، وەزیری خەزنەداری ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكان، لەوە دڵنیایە كە ترس و دڵەڕاوكێی دارایی، هاوشێوەى 1987 كۆتایی دێت: "ئێوە دەزانن، سەیری ئەو خەڵكانە دەكەم كە دوای قەیرانی 1987 پشكیان دەكڕی، خەڵكانێك پشكیان لەدوای قەیرانی دارایی دەكڕی"، ئەو بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "لای وەبەرهێنەرە دوورمەوداكان، ئەمە دەبێتە دەرفەتێكی ئێجگار گەورەى سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنان". وەزیر لە درێژەى قسەكانیدا گوتی: "ئەمە كێشەیەكی ماوەدرێژە. ڕەنگە دوو مانگ بخایەنێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت دەربازمان بێت لێی، و ئابووریی لە هەمیشە بەهێزتر دەبێتەوە".

ئاماژەكانی منوكین دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەى بۆچوونەكانی لاری كودلۆ، ڕاوێژكاری ئابووریی كۆشكی سپی بوو، كە جەختی لەوە كردووە وەبەرهێنەران دەست بە سەرمایەگوزاریی بكەن لە بازاڕی پشك و قەباڵەى ڕوو لە كەوتن، كە بەهۆى ترس لە كۆرۆناڤایرۆسەوە دروستبووە. "وەبەرهێنەرانی دوورمەودا دەبێت بەجدیی بیر لە كڕینی ئەم بۆشاییانە بكەنەوە"، و ئابووریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی وەك "دەنگ" وەسفكرد. كودلۆ لەڕاستییدا ئەوەى دووبارە كردەوە كە دوو حەفتە پێش قەیرانی دارایی جیهانیی سێپتێمبەری 2008 گوتبووی: "بۆ ئەوانەمان كە لە جامی سەیارەوە سەیری داهاتوو دەكەن، ڕوانگەى دوورمەودا بۆ پشكەكان باشتر و هەمیشە باشتر دەبێت".

قەیرانی ساڵی 1987 بەهۆی گەرمبوونی شەڕەكان و ململانێكانی كەنداوەوە سەرزەنشت دەكرا كە بووە هۆی بەرزكردنەوەى نرخی نەوت، ترس لە ڕێژە بەرزەكانی سوود، پێنج ساڵ ڕەوتی بازاڕ (bull market) بەبێ ڕاستكردنەوەیەكی گرنگ، و هێنانەئارای بازرگانیی بەكۆمپیوتەریكراو. لەبەر ئەوەى ئابووریی بەشێوەیەكی بنچینەیی "تەندروست" بوو، بۆیە بەردەوام نەبوو. لەڕاستیدا قازانجویستیی سەرمایە (profitability of capital) لە ئابوورییە گەورەكاندا بەردەوام بەرزدەبووەوە و تا 1990ـەكان نەگەیشتە لوتكە (ئەگەرچی داكشانەوەیەك لە 1991دا ڕوویدا). لەبەرئەوە 1987 ئەو شتە بوو كە ماركس پێیدەگوت "قەیرانی دارایی" بەهۆى ناسەقامگیریی زاتیی نێو بازاڕە قۆرخكارییەكانی سەرمایە.

بەڵام ئەمە هاوشێوەى حاڵەتی 2020 نییە. ئەمجارە داڕمانەكە لە بازاڕی پشك و قەباڵەدا قەیرانێكی ئابووریی هاوشێوەى 2008ی بەدوادا دێت. ئەمەش لەبەرئەوەى، بەوجۆرەى چەندین جاری دیكە باسمكردووە، ئێستا قازانجویستیی سەرمایە نزمە و قازانجە جیهانییەكان لە باشترین حاڵەتدا وەستاون، تەنانەت پێش كۆڤید-19یش ئەمە دەستیپێكردبوو. بازرگانیی و سەرمایەگوزاریی جیهانیی بەردەوام لە كەوتن دایە نەك بەرزبوونەوە. نرخەكانی نەوت دابەزیون، نەك بەرزبووبێتنەوە. و كاریگەریی ئابووریی كۆڤید-19 سەرەتا خۆی لە زنجیری خستنەڕوودا دەبینێتەوە، نەك لە بازاڕە ناجێگیرە داراییەكاندا.

گەورەیی ئەو داكشانەوەیەى لێرە بەدوا دێت، چەندە و چۆن دەبێت؟ لێكۆڵینەوەیەكی سەرنجڕاكێش هەیە لەلایەن پییر-ئۆلیڤە گۆرینچاسەوە نووسراوە كە نەخشەى ئەمجۆرە كاریگەرییە دەكێشێت. گۆرینچاس باس لەوە دەكات كە دیاگرامی گشتیی تەندروستیی پەتایی حاڵەتە بازنەییەكان دروست دەكات. بەبێ هەر جوڵە و كردەیەك، پەتای جیهانیی شێوە و شكڵی هێڵێكی چەماوەى سوور وەردەگرێت، دەبێتە هۆى ژمارەیەكی گەورەی حاڵەتەكانی تووشبوون و مردن. لەگەڵ جوڵە و كردەى داخستنی شوێنەكان و گۆشەگیركردن و تەریككردنی كۆمەڵایەتییدا، لوتكەى هێڵی چەماوەى (شین) دەكرێت دەربكەوێت و نەرم و میانەڕەویش بێت، تەنانەت ئەگەر پەتاكە بۆ ماوەیەكی دوورتریش بەردەوام بێت. ئەمەش بەئەگەرێكەوە شێوەى خێرای تووشبوون و ژمارەى مردن كەمدەكاتەوە.

دەبێت سیاسەتی گشتیی تەندروستیی لەپێناوی "تەختكردن و سافكردنی هێڵە چەماوەكەدا" بێت و ئەم كارەش لەڕێگای پیادەكردنی هەنگاوەكانی مەودای كۆمەڵایەتیی جددیی و بەرزكردنەوە و زیادكردنی هەنگاو و پراكتیكەكانی تەندروستیی ئەنجام بدات بۆ كەمكردنەوەى ڕێژەى گواستنەوەى ڤایرۆسەكە. ئێستا ئیتاڵیا ڕێگای چینیی بۆ داخستنی سەرتاپاگیر دەگرێتە بەر، تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆى داخستنی دەروازە سەقامگیرەكان، دوای ڤایرۆسەكە بڵاوبووەتەوە. بریتانیا هەوڵی گرتنەبەری ئاراستە و ڕێگایەكی زۆر مەترسیداری خۆ-تەریككردن بۆ كەسانی زیانلێكەوتوو دەدات و ڕێگا بۆ لاوان و خەڵكانی تەندروست خۆشدەكات تووشی ڤایرۆسەكە ببن بۆ ئەوەى ئەوەى پێیدەگوترێت "بەرگریی گشتیی لەش" لەناو خۆیاندا [بەشێوەى ئۆتۆماتیك] دروست بكەن و خۆیان لە سیستەمی تەندروستیی بەدوور بگرن. مانای ئەم ئاراستە كەمكردنەوە و نەهێشتنی خەڵكی پیر و خاوەن پێداویستیی تایبەت و نەخۆشیی درێژخایەنە، چونكە هەرچۆنێك بێت ئەوان دەمرن، ئەگەر تووشببن و خۆیان لە داخستن و تەعتیلكردنێكی سەرتاپاگیریش بەدووربگرن، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی وێرانكردنی ئابووریی (و قازانجەكان). ئاراستە و ڕێچكەى ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بنەڕەتدا هیچ شتێك ناكات و بەگشتیی هیچ هەنگاوێك نانێت: پشكنینی گشتیی بوونی نییە، خۆ-تەریككردن بوونی نییە، داخستنی كۆبوونەوە گشتییەكان بوونی نییە؛ تەنها چاوەڕێی ئەوە دەكات خەڵك نەخۆش ببن و پاشان مامەڵە لەگەڵ حاڵەتە خراپ و مەترسیدارەكاندا بكات.

دەتوانین بەم ئاراستە و ڕێگاچارەى دواتریان بڵێین، وەڵامی ماڵتووسیی. تۆماس ماڵتووس یەكێك بوو لە كۆنەپارێزترین ئابوورییناسانی كلاسیكی سەدەى 19، كە دەیگوت لە جیهاندا خەڵكانێكی ئێجگار زۆری هەژاری "نابەرهەمهێنەر" بووونیان هەیە، لەبەرئەوە تاعون و نەخۆشییە بەردەوامەكان زەروور و حەتمین تا ئابوورییەكان زۆر زیاتر بكەنە ئابوورییگەلی بەرهەمهێنەر.

جێرمی وارنەر، ڕۆژنامەنووسی كۆنزەرڤاتیڤی بریتانیی سەبارەت بەپەتای كۆڤید-19 دەڵێت كە "بەگشتیی خەڵكی پیر دەكوژێت. كۆڤید-19 ئەگەر تەنانەت لەڕوانگەى ئابوورییەوە بێمەبەست نەبێت، ئەوا لە درێژماوەدا لەوانەیە بە سوودوەرگرتن لە لەنەگونجاوبوونی خەڵكانی بەتەمەن، زۆر بەكەڵك و سوودمەند بێت". لە وەڵامی ڕەخنەكاندا دەڵێت: "ڕوون و ئاشكرایە، بۆ ئەوانەى تووشبوون، ئەمە تراژیدییەكی مرۆییە، لە هەر تەمەنێكدا، بەڵام ئەمە مەسەلەیەكە دەربارەى ئابووریی، نەك دەربارەى بڕ و ڕێژەى بەدبەختیی و هەژاریی مرۆیی". لەڕاستیدا، ئەمە ئەو شتە بوو كە ماركس ناوی لە ئابوورییناسانی سەدەى 19 نابوو: فەلسەفەى هەژاریی.

 

ئەو هۆكارەى كە حكومەتەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بریتانیا (هێشتا) هەنگاوی جددیی ناگرنە بەر، وەك هەر زوو لە چین و ئێستا (بەشێوەیەكی درەنگوەخت) لە ئیتاڵیا و شوێنەكانی دیكە گیراونەتەبەر، بەهۆی ئەوەوەیە ئەمە بە حەتمیی دەبێتە هۆی زیادبوونی هێڵی چەماوەى قەیرانی نێو ئابوورییە گەورەكان. با سەیری چین یاخود ئیتاڵیا بكەین: زیادبوونی مەودا كۆمەڵایەتییەكان پێویستی بە داخستنی قوتابخانەكان، زانكۆكان، سەرمایەگوزارییە زۆر ناجەوهەریی و ناگرنگەكان بووە و داوا لە زۆربەى دانیشتوانی تەمەنی كرێكار كراوە لە ماڵەوە بمێننەوە. لەكاتێكدا هەندێك خەڵك دەتوانن لە ماڵەوە كار بكەن، بەڵام هێشتا ئەمە وەك كەرتێكی بچووكی هێزی كاری گشتیی دەمێنێتەوە. تەنانەت ئەگەر كاركردن لەماڵەوە بژاردەیەك بێت، وەستانی ماوەكورتی كاركردن و ڕۆتینە سەختەكان گەورەن و بە ئەگەرێكی زۆرەوە كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنان دادەنێن. بەكورتیی، باشترین سیاسەتی تەندروستیی گشتیی ئابووریی دەباتە نێو وەستانێكی لەناكاوەوە. شۆكی خستنەڕوو.

زیانە ئابوورییەكان شایانی بیرلێكردنەوەن. گۆرینچاس هەوڵی خستنەڕووی كاریگەرییەكە دەدات. ئەو وێنای ئەوە دەكات كە سەبارەت بە هێڵێكی سەرەكیی، هەنگاوەكانی سنوورداركردن چالاكیی ئابووریی لە مانگێكدا بۆ 50% و لە مانگی دواتردا بۆ 25% دادەبەزێنن، دوای ئەوە ئابووریی دەگەڕێتەوە هێڵی سەرەكیی. "ئەم سیناریۆیە ڕووبەڕووی داكشانەوەى گەشەی بەرهەمهێنانی ساڵای گەیاندنی 6.5%ی ساڵانە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دەبێتەوە، دیسان لێكدانێكی گەورەتر لە ڕێژە و بڕی تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەبێت. كوژاندنەوە و وەستاندنی 25% بۆ تەنها مانگێكی دیكە و كەوتن و كورتهێنان لە گەشەى ساڵانەى بەرهەمهێنان (بەراورد بە ساڵی پێشوو) بەڕادەیەك دەگاتە 10%!". وەك خاڵ و پرسێكی بەراوردكاریی، داكشانەوە و كورتهێنان لە گەشەى بەرهەمهێنان لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا لە میانەى 2008-2009 "قەیرانی گەورەى ئابووریی" لە دەوروبەری 4.5% بوو. گۆرینچاس دەڵێت "ئێمە لەسەروبەندی بینینی داكشانەوەیەكی ئابووریی داین كە دەتوانێت قەیرانی گەورە نیوە بكاتەوە".

لە لوتكەى قەیرانی گەورەى ئابوورییدا، ئابووریی ئەمریكا كارەكانی بۆ بڕی 800 هەزار كرێكار لە مانگدا دادەبەزاند، بەڵام زۆرینەى گەورەى خەڵك هێشتا كارپێدراو بوون و كاریان دەكرد. بڕ و ڕێژەى بێكاریی گەیشتبووە "تەنها" 10%. بەپێچەوانەوە، كۆرۆناڤایرۆس هەلومەرجێك دروست دەكات – بە ماوەیەكی زۆر كورت – 50% یاخود زۆر زیاتری خەڵك، چیتر ناتوانن كار بكەن. كاریگەرییەكەى لەسەر چالاكیی ئابووریی بەشێوەیەكی بەراوردكاریی، زۆر بەرزترە.

خاڵەكە ئەوەیە كە ئابووریی، هاوشێوەى سیستەمی تەندروستیی، ڕووبەڕووی كێشەیەكی "تەختكردن هێڵی چەماوە" دەبێت. هێڵە چەماوە سوورەكە ئاماژە بە لەدەستچوون و نەمانی بەرهەمهێنان دەكات لە میانەى وەستان و داكشانەوەیەكی بەهێز و فراوانی ئابووریی، كە بەهۆى بڕیارە ئابوورییەكانی ملیۆنان بكەر و عامیلانی ئابوورییەوە بەهێزكرابوو كە هەوڵیان دەدا لەڕێگای بڕینی تێچوونەكان، ڕێكخستنی وەبەرهێنان، بڕینی كرێدیت و بەگشتیی وەستاندنی سەرتاپاییەوە، بەرگریی لەخۆیان بكەن.

دەبێت چی بكرێت بۆ تەختكردنی هێڵە چەماوەكە؟ باشە، بانكە ناوەندییەكان دەتوانن و نەختینەیەكی پارەیی نائاسایی و لەناكاو و زەرووریی بۆ كەرتی دارایی فەراهەم دەكەن. حكومەتەكان دەتوانن بۆ پشتیوانیكردن لە چالاكییە ئابوورییەكان هەنگاوە داراییە ئامانجدار ئیختیاریی یان بەرنامە بۆداڕێژراوە فراوانەكان بەكاربهێنن. ئەم هەنگاوانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ "تەختكردن و سافكردنی هێڵی چەماوەى ئابووریی"، واتا، سنوورداركردنی كورتهێنان و نەمانی ئابووریی، هاوشێوەى نێو هێڵە چەماوە شینەكە، ئەویش لەڕێگای بەردەوامبوون لە پارەدان بە كرێكاران و كارمەندان، ئینجا ئەوان دەتوانن كارەكانیان ئەنجام بدەن یاخود كارە دواخراو یاخود كورتكراوەكانیان بۆ ماوەیەك درێژە پێبدەن. كەسابەتە بچووكەكان دەكرێت پشتیوانیی دارایی بكرێن تا لە تۆفانەكە دەربازیان بێت و بانكەكان ڕزگار بكرێن، وەك ئەوەى لە قەیرانی گەورەى ئابوورییدا ڕوویدا.

بەڵام قەیرانێكی دارایی، هێشتا ڕیسك و مەترسییەكی گەورەیە. لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا، قەرزی كۆمپانیا بەرزبووەتەوە و بەستراوەتەوە بەو بۆند و گرێبەستانەوە كە لەلایەن كۆمپانیا لاوازترەكانەوە ڕووبەڕووی كێشە بوونەتەوە.

و كەرتی وزە ڕووبەڕووی لێدانێك بە پاشەكشێیەكی دووبەرابەر هاوشێوەى داكشانەوەكانی نرخی نەوت بووەتەوە. ڕیسكی گرێبەستی پاداشت (تێچوونی قەرزپێدان) هێرشی كردووەتە نێو كەرتەكانی وزە و گواستنەوە.

ئاسانكاریی پارەیی بێگومان بەس نابێت بۆ تەختكردن و سافكردنی هێڵی چەماوە. تێكڕای سوودەكانی بانكی ناوەندیی نزیكن لە ئاستی سفر یاخود ژێر سفر. و بردن و تەرخانكردنێكی گەورەى كرێدیت و پارە بۆ نێو سیستەمی بانكیی هاوشێوەى "بەپەیژەیەكدا سەركەوتن" [لە ئابوورییدا مەبەست لەوەیە بانكە ناوەندییەكان بۆ بەیاساییكردنی سیاسەتی پارەیی/دارایی كاتێك ئابووریی ڕووبەڕووی كورتهێنان دەبێتەوە، هەوڵدەدەن ئەم كاریگەرییە دەرەنجامی كەمی زیانی ئابووریی هەبێت بۆیە پارە دەڕژێنە نێو كەرتەكانەوە-وەرگێڕ] دەبێت لە كاریگەرییەكەیدا لەسەر بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان. پشتیوانیكردنی دارایی هەرزان زنجیرەى خستنەڕوو خێراتر ناكات یاخود وا لە خەڵك ناكات جارێكی دیكە گەشت بكەن. هەروەها یارمەتیی كۆمپانیاش نادات ئەگەر كڕیاران پارە بۆ كڕین تەرخان نەكەن.

كەمكردنەوەى سەرەكیی ئابووریی لە سیاسەتی داراییەوە دێت. ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانی وەك سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانكی جیهانیی پێشنیاری 50 ملیار دۆلاریان كردووە. حكومەتە نەتەوەییەكان ئێستا كۆمەڵە بەرنامەى پاڵنەری دارایی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبەن. حكومەتی بریتانیا لە دوایین بودجەى خۆیدا تەرخانكردنێكی گەورەى ڕاگەیاند و كۆنگرێسی ئەمریكیی تەرخانكردنێكی نائاسایی و لەناكاوی قبوڵكرد.

بەڵام ئایا ئەگەر دوو مانگی داخستن و وەستاندن بەهۆى هەڵكشان و داكشانێكی 10% زۆربەى ئابوورییەكان بگرێتەوە، بەس دەبێت بۆ تەختكردن و سافكردنی هێڵە چەماوەكە؟ هیچ یەكێك لە پاكێجە داراییە هەنوكەییەكان لە هیچ شوێنێكدا لە 10%ی تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی نزیك نابنەوە. لەڕاستیدا، لە ساتی قەیرانی گەورەى ئابوورییدا، تەنها چین گەیشت بە بڕێكی وەها. پڕۆپۆزەڵ و پلانەكانی حكومەتی بریتانیا دەگاتە تەنها 1.5%ی گشتیی تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، لەكاتێكدا ئیتاڵیا دەگات بە 1.4% و ویلایەتە یەكگرتووەكان كەمتر لە 1%.

شانسێك هەیە لە كۆتایی مانگی نیساندا كۆی ژمارەى توشبووان لە ئاستی جیهانییدا دەبینین و دەست بە كەمبوونەوە و داكشانەوە دەكات. ئەمە ئەو شتەیە حكومەتەكان هیوای بۆ دەخوازن و پلانی بۆ دادەنێن. ئەگەر ئەم سیناریۆ گەشبین و هیوابەخشە ڕووبدات، كۆرۆناڤایرۆس لەناو ناچێت. بەڵكو دەبێتە نەخۆشییەكی دیكەى هاوشێوەى ئەنفلۆنزا (كە ئێستا شتێكی كەمی لەسەر دەزانین) و هەر ساڵێك وەك پێشینەكانی دیكەى، ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و بەرۆكمان دەگرێتەوە. بەڵام تەنانەت دوو مانگی داخستن و وەستان دەبێتە هۆی داڕمانی گەورەى ئابووریی. و پاكێجە پاڵنەرەكانی پارەیی و دارایی پلان بۆ دانراو نایانەوێت خۆیان لە داكشانەوەى قوڵ بەدوور بگرن، تەنانەت ئەگەر ەئوان "هێڵی چەماوە" بۆ چەند ئاستێكیش كەم بكەنەوە. خراپتر وا بەڕێوەیە.

میشایل ڕۆبەرتز: ئابووریناسی بریتانیی، وەك پرۆفیسۆری ئابووریی لە زانكۆی شاری لەندەن ماوەى سی ساڵ دەبێت وانە دەڵێتەوە.ئەو نووسەری كتێبی "قەیرانی گەورەى ئابووریی: ڕوانگەیەكی ماركسیستیی" و "قەیرانی ماوەدرێژ" و "تیۆری مۆدێرنی پارەیی"ە.

 

author photo

نووسەرو وەرگێڕ