بۆ هێشتنه‌وه‌ی زاكیره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌

بۆ هێشتنه‌وه‌ی زاكیره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌

186 خوێندراوەتەوە

هێشتنه‌وه‌ی هیچ زاكیره‌یه‌ك به‌ بێ یاسا نابێت. چه‌ند بوونی یاسایه‌ك گرنگه‌ بۆ یادكردنی زاكیره‌ی رووداوێكی مێژوویی یان گروپێك له‌ پێناو هێشتنه‌وه‌یان له‌ یاده‌وه‌ریماندا و شكۆداركردنیان، ئه‌وه‌نده‌ش یاسایه‌كی دی پێویسته‌ بۆ سزادانی ئه‌وانه‌ی سوكایه‌تی به‌ زاكیره‌كه‌ ده‌كه‌ن. سوكایه‌تیكردن به‌ زاكیره‌ جۆری زۆره‌، له‌ هه‌موویان ترسناكتر ئه‌وانه‌ن‌ كه‌ له‌ ژێر پاساوی زانست و ڕه‌خنه‌ و وتنی ڕاستیه‌وه‌ بیانوو بۆ دوژمن و بكه‌ری تاوانه‌كان‌ داده‌تاشن.

زۆرینه‌مان تێبینی دیارده‌یه‌كمان كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵه‌بجه‌. زۆرێك به‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانشه‌وه‌ له‌ په‌نای ململانێی حزبی و لێدان له‌ سومعه‌ی یه‌كتر تاوانای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی یه‌كتر. ئه‌م تاوان به‌شینه‌وه‌یه‌ ورده‌ ورده‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێت به‌ ڕۆتین و ساڵانه‌ له‌م یاده‌دا زۆركه‌س ده‌كه‌ونه‌ ته‌ڵه‌یه‌وه‌.

،،

ئارگیومێتنی ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌ گوایه‌ گه‌ر پێشمه‌رگه‌ پاسداری نه‌هێنایه‌ته‌‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌، به‌عس كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی نه‌ده‌كرد.

له‌ ڕاستیدا، هێنانی پاسدار و هێرشی پێشمه‌رگه‌ هه‌رگیز نه‌ پاساوه‌ نه‌ بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌عس ٥٠٠٠ مرۆڤی سڤیل به‌ چه‌كی كیمیایی قه‌ڵاچۆ بكات. هیچ شتێك پاكانه‌ی ئه‌م تاوانه‌ ناكات.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و په‌ڕی ساویلكه‌یی و خۆشباوه‌ڕییه‌ گه‌ر پێمانوابێت به‌عس بۆییه‌ كورده‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كوشت چونكه‌ هاوسۆزی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌بوون كه‌ چاوساغی پاسداریان كردووه‌. دوو سه‌د ناوچه‌ی كوردستان به‌ چه‌كی كیمیایی هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر، خۆ له‌ هه‌موو ئه‌م ناوچانه‌ پاسدار ئاماده‌ نه‌بوون.

ئه‌وانه‌ی بۆ تاوانباركردنی یه‌كتر پاساو بۆ كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌هێننه‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌نفالی بارزانیه‌كان و ئه‌نفاله‌كانی چی ده‌ڵێین؟ یان به‌رانبه‌ر هه‌زاره‌ها تاوانی دی به‌عس؟ به‌ڵێ من له‌گه‌ڵ یاسایه‌كدام سزای ئه‌و تاوانبارانه‌ بدات كه‌ نه‌زانانه‌ ئه‌ستۆپاكی بۆ به‌عس ده‌كه‌ن له‌ رووداوی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا.

 

author photo

دكتۆرا له‌ زانسته‌ سیاسیه‌كان

مامۆستای زانكۆی پاریس- دۆفین