ئێران لە عێراق دەیباتەوە یان شکست دێنێت؟

ئێران لە عێراق دەیباتەوە یان شکست دێنێت؟

525 خوێندراوەتەوە

ئێستا چیتر ئاڕاستەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا جۆرێکیترەو گەیشتووەتە حاڵەتی ئەوەی ڕۆژانە و شەوانە ڕەشەقات لە ھەردوولا ئەبینین و ھەرلایەک بەپێی توانای خۆی لە کات و شوێنی خۆیدا بەرژەوەندییەکانی ئەویتر بە ئامانج دەگرێ ـ

کە لەم خاڵەدا ئەمریکا کارەکانی وردتر و ڕێکخراوترە تا لایەنی بەرامبەر. ئەوەندەی من بتوانم خوێندنەوەی بۆ بکەم ئێستا ئێران و ئەو گرووپ و لایەنانەی دڵسۆزییان بۆ ئێران ھەیە لەگەڵ ئەمێریکادا لە شەڕێکی وجودییدان، ئەوەی کە خۆمان پێی دەڵێین(شەڕی مان و نەمان)و تا کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتاکانی ساڵی داھاتوو چارەنووسیان وەدەردەکەوێت.

،،

ئێستا ئەو لایەنانە لە زیاتر لە لایەکەوە لەژێر ڕەسەدی ئەمریکییەکاندان ھەر لە حسابە بانکییەکانیانەوە تا گیانی خۆیان لە مەترسییدایەو خۆشیان لە ھەموو کەس زیاتر و باشتر ئەم ڕاستییە ئەزانن.

ئەسڵی باسەکە ئەوەیە: ستراتیجی ئەمریکیی لە ناوچەکەدا بەگشتیی و لە عێراقدا بەتایبەتیی لەسەر سێ بنەما وەستاوە کە ھەرسێ بنەماکە پێچەوانەی خواستی ئێران و ئەو لایەنانەیە کە دڵسۆزییان بۆ ئێران ھەیە:

١- ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی سیستمیی بەرگریی عێراقیی(میلیشیات) . ـ ئاشکرایە کە ئێران و شەخسی قاسم سلێمانیی گەلێک بەمانەوە ماندوو بوون و بەھەردوو باری ماددیی و مەعنەویی زۆر لە سەر ئێران کەوتوون ، ئێران لە ڕێی ئەوانەوە توانیویەتی ئەجێنداکانی لە عێراق و ھەندێک لە وڵاتانی تری ناوچەکە جێبەجێبکات کەواتە بۆ ئێران قورسە دەستبەرداریان ببێت بە ئاسانیی، بەڵام پێمخۆشە کە بزانن لە دەستدانی ئەمانە بۆ ئێران ـ

اهون الشرين ـ ە واتە : دوو خاڵی دوای ئەمە کارەساتبارترن بۆ ئێران. 

٢- گرێبەستی سەدە: جێکەوتکردن و سەپاندنی ئەم خاڵە لە ھەرە سەرەکیتریین کارەکانی ئەمریکایە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، و دژایەتییکردنیشی لەلای ئەمریکا ھێڵی سوورە. ـ وەک ئاشکرایە ؛ ئێران بەھەموو جۆرێک پاڵپشتی میحوەری موقاوەمەیە کە لە عێراقەوە بەرەو سوریا و لوبنان و یەمەن درێژ دەبێتەوە، ئامانجی نەگۆڕ و لە مێژینەی میحوەری موقاوەمەش ـ بەپێی بانگەشەی خۆیان ـ ئازادکردنی قودسە کەواتە ئەمەش پێچەوانەی خواستی ئێرانە، نەک تەنھا پێچەوانە بەڵکو ئەگەر تەنازول لەسەر ئەو خاڵە بکرێت، تەواوی مەشروعی فراوانخوازیی ئێرانیی دەبێت بە ھەڵم . 

٣- بوونی ئەمریکییەکان لە عێراقدا: ئەمەش لای ئەمریکییەکان یەکێکیترە لە ھەستیارتریین باسەکان کەوا وەکو پێشمەرجێک دەخرێتە بەردەست ھەرکەسێک کە لە عێراقدا دەبێتە سەرۆک وەزیران ـ بە عەدنان زورفیی تازە ڕاسپێردراویشەوە. * دەستبەرداربوونی ئێران لە میلیشیاکان ئاسانتریین و ئەھوەنتریین کەیسە کە ئێرانییەکان دەستی بۆ ببەن و تا بڕیار بدەن کە دەستبەرداریان بن، چونکە دوو کەیسەکەی تر تەواو ھێڵی سوورن کە یەکێکیان گرێبەستی سەدەیە و لە مێژە کار و زەمینەسازیی بۆ دەکرێت، ھاوکات لەگەڵ گرنگییدا وایانکردووە کە لای ئەمریکییەکان جێی گفتووگۆ نەبێت.

،،

ھەرچیی کەیسی بوونی ئەمێریکییەکانیشە لە عێراقدا، پێمخۆشە بەکورتیی بڵێم: ئەمریکا سیستمی بەرگریی بردە ھەر وڵاتێک بە ئاسانیی و بە زوویی لێی ناچێتە دەرەوە.

ماوەتەوە بڵێم: بژاردەکانى بەردەستى ئەو لایەنانە دوو دانەن: ئەوی یەکەمیان ڕازییبونیانە بە باردۆخەکە، ئەوی دووەمیان بژاردەی ڕازیینەبوون و دواتر ڕووبەڕووبوونەوەیانە لەگەڵ ئەمریکا، کە لەم حاڵەتەدا ھیچ کەس بەتەواویی چارەنووسیان نازانێ، وەک دەڵێن: الا الله و الراسخون في الشأن الأمريكي.

 

author photo

 خوێندکارى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان - زانکۆی سلێمانی