چاره‌نوسى كابینه‌ى نۆیه‌م له‌ چنگى  كۆرۆنا و ململانێى حزبیدا   

كابینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى، چ شتێكى جیاوازى پێشكه‌ش كردین؟

چاره‌نوسى كابینه‌ى نۆیه‌م له‌ چنگى كۆرۆنا و ململانێى حزبیدا  

714 خوێندراوەتەوە

پێشبینى ده‌كرا كابینه‌ى نۆیه‌م له‌چاو كابینه‌كانى پێشتر به‌هێزترو كاریگه‌رتر بێت، به‌ڵام به‌هۆى ململانێ حزبییه‌كان و به‌ڵاى كۆرۆناوه‌، پێده‌چێت پێشبینییه‌كان پێچه‌وانه‌ ببنه‌وه‌ و حاڵى له‌ كابینه‌كه‌ى پێشتر زۆر خراپتر بێت.

 

له‌سه‌ره‌تاى پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌م له‌لایه‌ن پارتى دیموكرات و حزبه‌ براوه‌كانى دیكه‌، پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ سه‌رۆكى كابینه‌كه‌ كه‌سایه‌تیه‌كى به‌هێز بێت و كابینه‌كه‌ش حكومه‌تێكى "ئه‌منى خۆشگوزه‌ران" دروست بكات، به‌ڵام له‌یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌دا، كابینه‌كه‌ ته‌واوى رووه‌كانى ده‌ركه‌وتن.

 

،،

چەند هۆكارێك وایانكردبوو، كه‌ خه‌ڵكى به‌گشتى كۆمه‌ڵێك ئاوات و خۆزگه‌ بۆ كابینه‌ى نۆیه‌م بخوازن.

 

پێشبنییه‌كان پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌:

1ـ ده‌وترا، مه‌سعود بارزانى پشتى بارزانى كوڕ ده‌گرێت و له‌ وڵاتان قه‌رزو سواڵى بۆ ده‌كات تاكو كابینه‌كه‌ى به‌هێز بێت.

2ـ كه‌سایه‌تى مه‌سرور بارزانى له‌ناو پارتیدا به‌هێزه‌و هه‌موو پارتى به‌كۆى ده‌نگ پشتگیرى ده‌كه‌ن و له‌كابینه‌كه‌دا هاوكارى ده‌بن.

3ـ بارزانى كوڕ، كه‌سایه‌تییه‌كى ئه‌منییه‌ و پێده‌چێت ئه‌مه‌ش هۆكار بێت بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌تێكى ئه‌منى و خۆشگوزه‌ران بونیات بنێت.

4ـ گۆرانكارى له‌ سه‌رۆكى كابینه‌كه‌و وه‌زیره‌كان، ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ خه‌ڵكى پێشبینى گۆڕانكارى و شتى نوێى لێ بكه‌ن، چونكه‌ وه‌ره‌س بوو بوون له‌نێچیرڤان بارزانى و هاوڵاتیان ناویان ده‌برد به ‌"ئه‌ندازیارى كاولكارى".

5ـ بیانووى ئۆپۆزسیۆنێكى كاراو به‌هێز له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات نه‌ما، كه‌ هه‌میشه‌ یه‌كێتى و پارتى به‌ رێگر له‌ چاكسازى حكومى و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ ناویان ده‌بردن.

6ـ به‌غداد ناچارى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت و رێكه‌وتنى چه‌ند ساڵه‌ له‌نێوان بارزانى و ناوه‌ندا (عادل عه‌بدولمه‌هدى) هه‌یه‌ تاكو كابینه‌كه‌ى كوڕه‌كه‌ى فه‌شه‌ل نه‌هێنێ.

 

هه‌موو ئه‌مانه‌ شه‌فاعه‌تیان نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى، كابینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى كابینه‌یه‌كى به‌هێز بێت و بتوانێ له‌ ئاست داواكارى و تموحى هاوڵاتیاندا بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێكى سه‌ره‌كى ده‌گه‌رێته‌وه‌.

 

كۆرۆنا ئه‌و به‌ڵایه‌ى به‌رۆكى حكومه‌تى گرت

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش وه‌ك ته‌واوى ئه‌و حكومه‌تانه‌ى كه‌وا كۆرۆنا به‌رۆكى گرتن، رووبه‌رووى قه‌یرانێكى جدى ته‌ندروستى و ئابورى بوویه‌وه‌، (به‌ڵام جگه‌ له‌ كۆنترۆڵكردنى لایه‌نى ئه‌منى)، كابینه‌ى نۆیه‌م زۆر ده‌سته‌پاچه‌و بێ ده‌سه‌ڵات ده‌رده‌كه‌وێت به‌تایبه‌ت له‌رووه‌ ئابورى و ته‌ندرووستییه‌كه‌وه‌.

 

،،

به‌هۆكارى ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌رۆكى كابینه‌كه‌ مه‌سرور بارزانى پیاوێكى زۆتر ئه‌منییه‌ تاكو ئیدارى، ره‌نگه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌ى كۆرۆنادا ته‌نها له‌رووى ئه‌منییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت و له‌رووى ئابورییه‌وه‌ كێشه‌ى جدى بۆ دروست بێت.

 

كۆرۆنا وه‌ك یه‌كه‌مین تاقیكردنه‌وه‌ش، ده‌ركه‌وت حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌هێزه‌ نیه‌ كه‌ هاوڵاتیان پێشبنیان بۆ ده‌كرد، چونكه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ش وه‌ك كابینه‌كانى پێشوو له‌ قه‌یرانه‌كاندا چاوى له‌ده‌ستى به‌غدایه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرا، برا گه‌وره‌ له‌م جۆره‌ قه‌یرانانه‌دا زۆر به‌وره‌یه‌كى به‌رزه‌وه‌ بێته‌ سه‌رخه‌ت و له‌ شه‌وو رۆژێكدا چه‌ند پرۆژه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌كى به‌په‌له‌ (ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بێ پاره‌ش بێ) له‌سه‌ر حسابى خۆى رابگه‌یه‌نێت.

ته‌نانه‌ت خودى سه‌رۆكى حكومه‌تیش مه‌سرور بارزانى له‌یه‌كه‌م وتارى ده‌رباره‌ى كۆرۆنا، به‌ به‌هێزى ده‌رنه‌كه‌وت و بووه‌ جێگه‌ى پرسیارو گلله‌یی ره‌خنه‌گران و هاوڵاتیان، تانانه‌ت به‌راورد به‌ هه‌ندێ سه‌رۆك وه‌زیرانى وڵاتان، زۆر به‌ لاوازى ده‌ركه‌وت و له‌برى به‌رزكردنه‌وه‌ى وره‌ى هاوڵاتیان، به‌ڵام وتاره‌كه‌ى دواى پێنج جار قرتاندن و مۆنتاژكردن ته‌نها ئه‌وه‌ى تێدا بوو كه‌ "دوو هه‌فته‌ى داهاتوو دۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت و ده‌بێ هاوڵاتیان زوو زوو ده‌س بشۆن".

پشتگیرى حكومه‌تى ناوه‌ندى

له‌سه‌ره‌تاى پێكهێنانى حكومه‌ت و ده‌ست به‌كار بوونى عادل عابدولمه‌هدى له‌به‌غداو مه‌سرور بارزانى له‌هه‌رێم، زانیارییه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ بوون كه‌ رێكه‌وتنێكى گرنگ و ستراتیژى له‌نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم به‌ ئاراسته‌ى خزمه‌تى كابینه‌كه‌ى بارزانى كوڕ واژۆ كراوه‌.

 

به‌ڵام ئه‌مرۆ حكومه‌تى ناوه‌ندى به‌خودى عادل عه‌بدولمه‌هدیشه‌وه‌ ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست قه‌یران و كێشه‌و خۆپیشاندانه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانییانه‌وه‌‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دابه‌زینى نرخى به‌رمیلێك نه‌وت بۆ كه‌متر له‌ سى دۆلار.

 

ئه‌مه‌ش وا ده‌كات، هه‌ردولا هه‌رێم و ناوه‌ند ناچارى یه‌ك بن، ناوه‌ند به‌هۆكارى له‌تبونى ماڵى شیعه‌، هه‌رێمیش به‌هۆكارى ئه‌وه‌ى هه‌میشه‌ بۆ پاره‌ چاوى له‌به‌غدایه‌، به‌ڵام هێشتا به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ كابینه‌ى نۆیه‌م لاوازتر ده‌رده‌كه‌وێ له‌به‌رده‌م به‌غدا له‌چاو كابینه‌كانى دیكه‌.

 

،،

 هاوڵاتیان چاوه‌روانیان ده‌كرد بارزانى كوڕ، جیاواز له‌ نێچیرڤان بارزانى هه‌نگاوى جدیترو جیاوازتر بنێت بۆ بابه‌تى ئابورى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌و قه‌یرانه‌كان له‌ هه‌رێم.

 

مه‌سرور بارزانى هیچ هه‌نگاوێكى جدى و جیاوازى نه‌ناوه‌ بۆ لایه‌نى مادى كابینه‌كه‌ى، هه‌روه‌كو نێچیرڤان بارزانى پێیه‌كى له‌ به‌غدایه‌ و داواى ئه‌وه‌ ده‌كات ناوه‌ند رێك بكه‌وێت له‌گه‌ڵیان.

 

ململانێى حزبى و ناوخۆیی

پێده‌چێت دواى كۆنگره‌ى یه‌كێتى و په‌یره‌وكردنى سیسته‌مى هاوسه‌رۆكى و هه‌ڵبژاردنى هه‌ردوو ((بافڵ تاڵه‌بانى  و لاهور جه‌نگى) به‌ هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى، گۆڕانكارى جدى له‌ سیاسه‌تى گشتى ئه‌و حزبه‌ به‌رامبه‌ر حزبه‌كانى دیكه‌ به‌تایبه‌ت پارتى و كابینه‌‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تیش‌ بێته‌ ئاراوه‌.

 

 

یه‌كێتى به‌هۆكارى ئه‌وه‌ى دۆستى ئێرانه‌، هه‌میشه‌ له‌زۆرێك له‌ رووداوو پێشهاته‌كان پشتگیرى ئێران گرنگ بووه‌ بۆى، به‌ڵام ئه‌مرۆ ئێران له‌دواى كوژرانى قاسم سوله‌یمانى و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى كۆرۆنا له‌ وڵاته‌كه‌ى پێ ناچێت هه‌ژمون و كاریگه‌رى به‌و شێوه‌یه‌ مابێت له‌ناوچه‌كه‌ به‌گشتى وعێراق به‌تایبه‌تى.

 

ئه‌مه‌ش وا ده‌كات، له‌لایه‌ك یه‌كێتى دڵنیا نابێت له‌ ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌رییه‌كانى له‌ كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌ت،و له‌رووى هه‌رێمیشه‌وه‌ كه‌س پشتگیرى ناكات، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ هاوسه‌رۆكان بێ ده‌سه‌ڵاتیان پێ قبوڵ ناكرێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌ ئاسانى كابینه‌ى نۆیه‌م قبوڵ نه‌كه‌ن.

 

جه‌نگى ساردو راگه‌یاندنى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ى نێوان مه‌سرور بارزانى و لاهور جه‌نگى، گه‌واهیده‌رى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێده‌چێت دواى ئاسایی بوونه‌وه‌ى بارودۆخى كۆرۆنا، هه‌ردولا ته‌سفییه‌ى حساباتى جدى له‌گه‌ڵ یه‌كدى بكه‌ن.

 

،،

 پێناچێت، مه‌سرور بارزانى ته‌واوى حزبه‌كه‌ى (پارتى) به‌یه‌ك ده‌نگ پشتگیرى بكه‌ن له‌ كابینه‌ى نۆیه‌مدا، ره‌نگه‌ نه‌فه‌سێك (به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن نزیكانى نێچیرڤان بارزانى) نه‌یانه‌وێ زۆر پشتگیرى بكه‌ن، و ئه‌ركى مه‌سرور بارزانى جیاواز له‌ نێچیرڤان بارزانى قورستره‌ له‌و روه‌وه‌ كه‌ ده‌بێ ئاگادارى حزبه‌كه‌شى بێت.

 

قه‌یرانى جیهانى له‌سایه‌ى كۆرۆناوه‌

 له‌ سایه‌ى بڵاو بوونه‌وه‌ى كۆرۆنا له‌ ئه‌مریكاو ئه‌وروپا، قه‌یرانێكى جدى له‌ناو خودى حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگاكان دروست كردووه‌، هه‌روه‌ها نرخى نه‌وتى به‌ته‌واوى هاڕه‌ پێكردووه‌، ئه‌مه‌ش دیسان وا ده‌كات كه‌ كابینه‌ى نۆیه‌م به‌خت یاوه‌رى نه‌بێت و ره‌نگه‌ به‌ئاسانى له‌ چنگى كۆرۆنادا ده‌رنه‌یه‌ت، و ئه‌گه‌ر ده‌ریش بێت، له‌لایه‌ك قه‌یرانى ئابورى و له‌لایه‌كیش ململانێ حزبی چاوه‌روانى ده‌كات.

 

چونكه‌ ئه‌مرۆ وه‌زیرى ناوخۆ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د كه‌ سكرتێرى پێشووى مه‌سرور بارزانى بووه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش، به‌ راشكاوانه‌ ئه‌وه‌ى وت: " كه‌ ده‌بێ چاوه‌روانى قه‌یران له‌دواى قه‌یران بین".

هه‌روه‌ها وتیشى: راستگۆیانه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین و داهاتى ناوخۆ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ سفرو ده‌بێ خۆمان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌ بكه‌ین، و ده‌بێ پێكه‌وه‌ به‌ره‌نگارى بینه‌وه‌.

 

بۆیه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ وا ده‌كه‌ن، پێ ناچێت ته‌مه‌نى كابینه‌ى نۆیه‌م ته‌مه‌نێكى درێژ بـێت، ئه‌گه‌ر درێژیش بێت ئه‌وا ره‌نگه‌ به‌چه‌ندین قه‌یران و نه‌خۆشى ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌وه‌ بناڵێنێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ نه‌توانێ شتێكى جیاوازو كاریگه‌رى بۆ هاوڵاتیان پێبێت.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان