ڕەشاد مستەفا سوڵتانی: کاک فواد لەناو بازاڕی مەریواندا پارەی بۆ یەکێتی کۆ دەکردەوە

ڕەشاد مستەفا سوڵتانی: کاک فواد لەناو بازاڕی مەریواندا پارەی بۆ یەکێتی کۆ دەکردەوە

714 خوێندراوەتەوە

دیداری: بڕوا کەمال ــ بەشی یەکەم

لەم دیدارەدا لەگەڵ " دیبلۆماتیک مەگەزین"، ڕەشاد مستەفا سوڵتانی، برای فواد سوڵتانی، کە یەکێک لە ڕبەرانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، باس لە خەبات و تێکۆشانی مستەفا سوڵتانی برای دەکات.

دیبلۆماتیک مەگەزین: کاک فوئاد لەو سەردەمەدا بووە هۆی چەند سەرکەوتنێک لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستاندا، ئەو سەرکەوتنانە چیبوون؟

ڕەشاد مستەفا سوڵتانی: کاک فوئاد هاوکات خەباتی نەتەوایەتی و خەباتی چینایەتی پێکەوە گرێ دابوو و ڕێبەری دەکردو مێعمار و شارەزای بە توانای تاکتیکە گونجاوەکان بوو، هەڵویستەکانی وەک ئەنترناسیونالیستێکی سادیق و دڵسۆز بوو. ڕووەداوەکان و ڕەوتی بزووتنەوەی کوردستانی شارەزایانە هەڵدەسەنگاند. پاش ئازاد بوون لە زیندان خێرا هاوڕێکانی، کە پرژ و بڵاو بوون و چالاکی سیاسیان بەرەو کزی چووبوو، بۆ کونگەری یەکەمی کۆمەڵە لە شارەکانی سنە و نەغەدە لە ئاخری پاییزی ١٣٥٧ کۆ کردەوە، کە دەسکەوتێکی مێژوویی بوو. خەبات و بەرخودانی بەر بڵاوی مەدەنی و سەرشەقامی، بە شێوەیەکی بیرمەندانە ڕیبەری کرد و بەو ئاستەی گەیاند کە بەرپرسانی حکومەتی بۆ یەکەمجار بەرەو سنە و مەریوان سەفەریان کرد تا لە گەڵ نوێنەرانی گەلی کوردگفتوگۆ کەن .

لە زیندانی شاری سنە بەهاوکاری زیندانیەسیاسیەکان " مانگرتن"ی ٢٤ ڕۆژەی ڕێبەری کرد. کە بەهەموو داخوازیەکانیان گەیشتن و ساواک و پولیس، شکستیان خوارد. ئەو مانگرتن و سەرکەوتنە لە سەر جەماوەر کاردانەوەی بەشێوەیەک بووکە بۆ یەکەمین جار شارۆمەندانی سنە ڕژانە سەر شەقامەکان و ترس و سام لە حکومەتی شا، هەرەسی هێنا وشکا. .یەکەمین هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی دامەزراند کە خۆی یەکێک لە پێشمەرگەکانی ئەو مەفرەزیە بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا سەنگەری مفاوزات و گفتۆگۆ کە سەنگەرێکی "بێ چەکە" بەرز نرخاند. شێوە کار و میتودی کۆن و کلاسیکی وەلا نا .

دەیگوت نابێ ئەم سەنگەرە خاڵی و چۆڵ کەین. توانی سەنگەری مفاوزات و دانیشتن لە گەڵ دوژمن وەک کولتورێکی گرنگ بەدەستەوە بگرێت وجێی خست. لە ڕوانگەی کاک فوئادەوە هاوکات لەگەڵ شەڕی چەکداری ، شەڕی بێ چەک لە سەنگەری مفاوزاتیش زۆر پێویست بوو. کاک فوئاد هەرگیز شەڕی ناوخۆیی لە گەڵ حیزبی دیموکراتی ڕێبەری نەکرد و، هەمیشە ئامادەی هاوکاری لە سەر خاڵە هاوبەشەکان بوو .

-هەندی لە بنەما هزری و باوڕە پتەوەکانی کاک فوئاد:

ڕێزگرتن لە بیرجیاوازەکان ، شەفافیەتی سیاسی و ڕاستگۆیی، نەشاردنەوەی مفاوزات و گفتوگۆکان لە جەماوەر، دامەزراندنی شورا و ئۆڕگانە دیموکراتیکەکان لە دێهات و شارەکان و لێکدانەوەی لۆژیک و مەنتیقی لە بارودۆخی دیاریکراوی کوردستان بوو. ئەم هەڵویستانەی لە ئاستێکی بەرزی شۆڕشگیڕانە و ئۆمانیستیدا بە کردەوە نیشان دا . بزووتنەوەی چەپ و عەدالەتخوازانەی بەشێوەیەکی زانستیانە و بیرمەندانە بەرەو خێراییەکی بەر چاو پاڵ پێوەنا کە لە ڕاستیدا ڕەوت و سیمایەکی ئەنترناسیونالیستی بە بزووتنەوەکە، داو بەخشی.

دیبلۆماتیک مەگەزین: ئێستا زۆر کەس کۆمەڵەی" کاتی " کاک فوئاد لە کۆمەڵەی ئێستا بەجودا دەزانن، ئەو جیاوازیانە چییە؟

ڕەشادی مستەفاسوڵتانی: کاک فوئاد بە ئاشکرا لە سوخنڕانی و کۆبونەوەی مەهاباد دەڵێت : ئێمە وەک ڕێکخراوەیەکی مارکسیستی و چەپ ، بە پێی سوننەت و کولتوری ڕێکخراوە چەپەکان، بەرەو پێکهێنانی حیزبی کۆمونیستی ئێران دەچین و پێشوازی لێدەکەین. بەڵام ئەگەر ڕەوتی مێژوویی و بارو دۆخی کۆمەڵگای ئێران بە شێوەیەک بوو کە نەیتوانی چاوەڕوانیەکانی کۆمەڵە دابین بکات و، فاز و بارودۆخی سیاسی و بەرخودان و ئاستی خەباتی جەماوەری ڕەنجدەرانی کوردستان لە بار و گونجاو بوو ، ئێمە ڕاناوەستین و" حیزبی کومونیستی کوردستان" وەک ئالترناتیڤ پێک دێنین. بەڵام پاش کاک فوئاد حیزبی کومونیستی ئێران وەک پڕۆژەیەکی شکست خواردوو بە سەر کۆمەلەدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین وەزنی مێژوویی و سیاسی و عەسکەری و گرینگی هە بوو داسەپی و کۆمەڵەی وێران و کامباخ کرد. و قازانجی تەنیا بۆ تاقمی ڕووناکبیری ئێرانی کە هەرگیز ناوی خۆیان ئاشکرا نەکرد و بە ناوی نهێنی لە ئوردووگاکانی کۆمەلە دەژیان هەبوو. و لە سەر سفرە کۆمەڵەی پاڵیان لێ دابوەوە و هەر قسە زل و پوچ و ئەوپەڕی ئیهانە و بێ حورمەتیان بە زمان و جل و بەرگ و هەڵپەرکێ و موسیقای کوردی دەکرد. - کاک فوئاد بیرمەندانە، دڵسۆزانە و پێشڕەوانە خەبات و بەرخودانی ڕەنجدەرانی ڕێبەری کرد. وەک ڕێبەری ئورکستر هەموو دەنگ و باوڕە جیاوازەکانی لە هارمونییەکی دڵگیرو بلاوێن و لە پێناو ئامانجێکی بەرزدا ڕێک خست. و دەرفەت و مەجالی بە شارۆمەندان و هەموو توێژ و چینی کۆمەڵگا دا کە خوازیارانە لە پڕۆسەی شۆڕشی عەدالەتخوازنەی کوردستان ونەمانی دیکتاتوری بەشداری کەن .

-  مرۆڤێکی داهێنەر، سەرکردەیەکی هەڵقوڵاوی ناو ئیش و ئازارەکانی ڕەنجدەران و خولقێنەری دەسکەوتە نەگونجاوەکانی بزووتنەوەی گەلی کورد بوو .هەرگیز بەرپرسانی حکومەتی حازر نەدەبوون بۆ گفتوگۆ بەرەو کوردستان بین، بەڵام لەو دەورانە کە کاک فوئاد مابوو، بەرپرسانی ئێرانی چەند جارسەفەری مەریوان ، سنە و مەهابادیان کرد.   

- یەکگرتن و وەحدەت : کاک فوئاد هەرگیز حازر نەبوو لە گەڵ ڕووناکبیرانی نە ناسراو ،قسەزل، بێ ستاتوس و بێ پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی یەک بگرێت و هاوکاریان بکات. سیزدە ڕێکخراوی چەپی ئێرانی لە تاران داوای وەحدەتیان کرد و کاک فوئاد قەد حازر نەبوو لە گەڵیان هاوکاری بکات . دوای کاک فوئاد کۆمەڵە لە گەڵ گورووپێکی دەم هەراش کە دارێکی زڕی بێ ڕیشە و بێ ڕەگ بوون بە ناوی " گورووهی سەهەند" کە نوێنەری ناسیونال شوینیزمی ئێرانی بوون ، ڕێک کەوت. کەتاڵاو بە قەلەم و مێشکیان دەهاتە خوارەوە . و ئەوەی بەسەر کۆمەڵەیان هێنا تەنیا لە دوژمنانی گەلی کورد دەوەشایەوە . 

- کاک فوئاد باوەڕی بە دیموکراسی و بەها بە نرخەکان و دەوری جەماوەری ڕەنجدەرو زەحمەتکیش بوو. و هەرگیز باوەڕی بە دیاردە و پەتای سکتاریزم و سانسور ودیواری بەرتەسکی حیزبی و دەماگۆژی و دیالۆگ و گفتوگۆ لە پشت دەرگا داخراوەکان نەبوو . هێچ شتێکی سیاسی ،کۆمەڵایەتی و ئابوری لە جەماوەر نەدەشاردەوە و لە دووڕوویی سیاسی بیزار و نەفرەتی ئاشکرای هەبوو. - متمانەی فراوانی بە هێزی لە بن نەهاتووی جەماوەر و کۆبونەوەی گشتی و سایکۆلۆژی تاکەکان هەبوو. 

- بناغەکانی هاوکاری و یەکگرتن لە گەڵ هێزەکانی بزووتنەوەی کوردستان لە ڕوانگەی کاک فوئادەوە فرە پڕ بایەخ وهزرێکی زاڵ بوو .زانایانە و ئازایانە بۆ تیمار کردنی دەردی هاوبەشی جەماوەر ، ڕێگای لۆژیک و چارەسازی هەڵدەبژارد . بۆ چارەسەر کردنی ستەمی نەتەوایەتی و بۆ ئازادی ڕەنجدەران نرخی شیاوی دادەنا . کاک فوئاد دوای زیندان تەنیا "یازدە مانگ" ژیا و گیانی بەخت کرد . لە کۆنگرەی دووی کۆمەڵە ڕێباز نادیار و دوا ڕۆژ ون بوو . بناغەکانی هاوکاری لە گەڵ حیزبی دیموکرات فرە بەرتەسک بوەوە .تەسکبینی بە سەر ڕەوتی کونگەرەی دووهەمدا زاڵ بوو . زانایانە و ئازایانە باسێکی ئاشکرایان سەبارەت بە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەوتی هاوکاری نێوان حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەیان نەکرد .ڕێبەرانی کونگەری دوو سواری شەپۆلی ڕووباری خۆزگە بوون ، بڕیارەکانی کونگەری دووهەم لە سەر مەنتیق و زانست هەڵنەچنرابوون ، بۆ کێشەی گەلی کورد نرخیان دانەنا و بە سنووری دڵڕەشی ، لووت بەرزی و فرە ڕەوی گەیشتبوو . کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە ئیرادەی سیاسی و متمانەی بەخۆی و بزووتنەوەی کوردستان نەمابوو و، بە ئاستی خوارەوی خوار گەیشتبوو. چ دیموکرات و چ کۆمەڵە ڕێگای ئاشتی ناوخۆییان هەموار نەکرد و تروسکەی هێوایەک لە بەستێنی هاوکاری لە گەڵ یەکتر نەدەبینرا. ناوەندی کۆمەڵە قەڵای کۆمەڵەیان هەنگاو بە هەنگاو و لە پڕۆسەیەکی دیار بەنوێنەرانی شوینیزمی ئێرانی سپارد.

دیبلۆماتیک مەگەزین: ساڵی چەند کاک فوئاد دەست بەسەر کراو چەند ساڵ لە زیندان مایەوە؟

ڕەشادی مستەفاسوڵتانی: ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی یانی ١٩٧٤ ی زاینی، ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەر ساواک لە ئەنیستیتۆی سەنعەتی شاری سنە کە وەک مامۆستای پایە بەرز ئیشی دەکرد دەسگیر کراو بۆ زیندانەکانی تاران گوێزرایەوە و بە چوار ساڵ زیندان حوکم درا. ساڵی ئاخری زیندانی لە شاری سنە تێپەڕ کرد . ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر لە ساڵی ١٩٧٨ دەورانی چوار ساڵە زیندانی تەواو بوو و لە زیندانی سنە ئازاد کرا و خێرا بە مەبەستی پێشوازی لە میوانەکانی بەرەو گوندی ئاڵمانە لە هەورامان گەڕایەوە .

دیبلۆماتیک مەگەزین: لە بەندیخانە هیچ گروپێکی هەبوو ؟

ڕەشادی مستەفاسوڵتانی: کاک فوئاد لە زانکۆی سەنعەتی شەریفی تاران لە بەشی موهەندیسی کارەبا دەیخوێند. ساڵی ١٩٦٩ شانبەشانی هاوڕێکانی وەک چالاکی سیاسی، بە نهێنی خەباتی دەکرد . لە سەر ڕێبازێکی نوێ خەبات ، بناغەی ڕێکخراوی کۆمەلەیان لە پاییزی ئەو ساڵە دانا . کاتێک ساڵی ١٩٧٤ دەسگیر کرا ، ماوەی چوار مانگ لە سجنی تاکە کەسی ئەشکەنجە وتەعزیب کرا . زۆر ڕازدار و نهێنی پارێز بوو . پاشان بۆ زیندانە کانی ئەڤین و قەسر گوێزرایەوە . لە زیندان ورەی بەرز و خاوەنی هەڵویستی شۆڕسگیڕانە و ڕادیکاڵ بوو . پەیوەندیەکانی لە گەڵ هاوڕێکانی دەرەوەی زیندان بە شێوەیەکی شۆڕشگیڕانە پاراست و ئیتر هیچ کەسێک پاش ئەو نەگیرا و زیندانی نەکرا . هەندی لە هاوڕیکانی گیرابوون و هەندیکێش لە دەرەوە بوون و نە گیرابوون . لە گەڵ ئەوانەی ناو زیندان هەمیشە پولمیک و مناقشەی دەکرد . و دوژمن دوو جاریش ڕاستەوخۆ کاک فوئادی بە مەبەستی شکاندنی ئوتوریتە و پێگەی سیاسیەکەی، بۆ ناو زیندانیە غەیرە سیاسیەکان کە تاوانی کۆمەڵایەتیان هەبوو ، گواستەوە . کە ژیان لە نێو زندانیە تاوانبارەکان هەرگیز ئاسان نەبوو. کاک فوئاد بە خاتری سەرپێچی و نافرمانی لە لایەن زیندان وانەکانیەوە ئیهانە و سوکایەتی و تەحقیر کراوە . باسەکانیان ڕخنە لە ڕوانگە و ڕێبازی "جێهانی سێی" مائوتسەتونگ و ڕێبازی چریکی چەگڤارا و کوبا و ڕێبازی سوسیال ئەمپریالیستی ڕووسیا بوە . لە سەر ڕێبازی هەڵسوڕان و ئیش کردن لە ناو جەماوەری ڕەنجدەر و کرێکار بەشێوەیەکی زۆر نهێنی ساغ دەبنەوە . و دەوری کاک فوئاد لە پێکەوە کارکردن و هەڵسوڕانی نهێنی دیار و حاشا هەڵنەگرە . لە زیندانی سنە هەل و مەرج و بارودۆخەکە وەک تاران نەبووە . پولیسی سنە کەم ئەزمون و تەنیا سەرکوتی زیندانی سیاسیان بەڕێوە بردووە.

لە سنە " گورووپی زیندانیە سیاسیەکانی" پێک هێنا . کاک فوئاد لەگەڵ هەموو زیندانیە سیاسیەکان ڕێک دەکەوێت کە بۆ نزیکی لە تاوانباران کە قوربانی سیستەمی پاشایەتی بوون نزیک بنەوە . و تەنیا ڕیگا ئیش کردن لە کارگاکانی نێو زیندان بووە کە زیندانی غەیرە سیاسیش بەشداریان کردووە . ئەوەندە بە هێمنی و حەوسەلە کاریان کردبوو ، کە پاشان زۆربەی گەنجانی زیندان بەرەو ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەو پێشمەرگایەتی هاتن . لەو دەورانەدا لانی کەم چوار کەس لە هاوڕێکانی لە ئاستی ڕێبەری کۆمەڵە پەروەردە بوون . و ڕێبازی کار وئیشی ناو جەماوەر و شارۆمەندانی کوردستان قوتب نمای و ڕێنوینیکەری داهاتوویان بوو.

دیبلۆماتیک مەگەزین: هەوڵەکانی کاک فوئاد چی بوون بۆ هاندان بۆ ڕێکەوتنی هێزە کوردیەکان لە کوردستان ؟


ڕەشاد مستەفاسوڵتانی: پێکهێنانی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد ، بەو مەبەستە کە هێج کەسایەتی و حیزب و تاقمێکی سیاسی بە تەنیا و بە دزیەوە لە گەڵ دوژمن گفتوگۆ نەکات و ڕێک نەکەوێت .
- هات و چوو و دیداری پەیتا پەتای ڕێبەرانی یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵەی ڕەنجدەران ، بەمەبەستی رێکەوتنێکی ستراتیژی ، کەپێکەوە پلاتفورمێک مۆر و ئێمزا کەن . و وەک دیکۆمێنت لە ئارشیوی گەلی کورد بمێنێتەوە. بە داخەوە گیانی بەخت کردو ئەو ئامانجە بەدی نەهات .
- کاک فوئاد لە سەر خاڵە هاوبەشەکان و دەردی هاوبەشی گەلی کورد و ستەمی نەتەوایەتی ڕەنجدەران هەستیار بوو . لەو قۆناغەدا کە ڕەوڕەوەی مێژوو لە کوردستان بەخەمباری دەوری خۆی دەپێوا ،پەیوەندی و هاوکاری لە بەستێنی خاڵە هاوبەشەکانی لە گەڵ حیزبی دیموکرات یەکێک لە بژاردە کانی کاک فوئاد بوو کە لە گەڵ حیزبی دیموکرات ڕێک کەوێت . لە هەمان کاتدا رەخنەی زۆری لە سەر سیاسەتەکانی ڕێبەری حیزبی دیموکرات هەبوو . کاتێک حیزبی دیموکرات لە مەهاباد کۆمەڵەی بۆ میتینگ و کۆبونەوەی دانێشتوانی مەهاباد و خەڵکی دیهات دەعوەت کردبوو و نوێنەرانی کۆمەڵە لە بۆکان و مەهاباد نەچووبوون ، زۆر دڵگیر بوو . و وقەناعەتی بە بەرپرسانی کۆمەڵە ی بۆکان و مەهاباد هێنا کە هەڵویستەکەیان دژی قازانجی گەلی کورد بووە و دەبوا چالاکانە لەو تریبونە بێ سانسورە کە حیزبی دیموککرات بە کۆمەڵەی دابوو ، سیاسەت و بەرنامەی خۆیان تەبلیغ کردبایە. لە مەریوان خۆی سەردانی مەقەری حیزبی دیموکراتی کرد و ئەوان پێشوازیان لێکرد .
- لە ئۆڕگانگەلی دیموکراتیک کە هەموو هێزە کانی چەپ و باوەرمەندانی دینی و مرۆڤی ئازادیخواز کۆ بووبوونەوە و پێکەوە کار و چالاکیان هەبوو پشتیوانی دەکرد . ئوڕگانێک لەو چەشنە لە مەریوان دروست بوو و چەپ ئاژۆەکانی ناو کۆمەڵە تێکیان دا ، و کاتێک کاک فوئاد لە دیداری یەکێتی گەڕایەوە نیگەران و ناراحەت بوو و فرە ڕخنەی بونیاد نەری لە تێکدەران گرت .
- لە پێناو نزیک بونەوەی هێزە کوردیەکان لە بەهاری ١٩٧٩ ی زاینی لە یەکێتی و کۆمەڵەی ڕەنجدەران داوای کرد کە بە هانای دانیشتوانی دەڤەری مەیوان بین و فریا کەون . پشتیوانی هێزەکانی یەکێتی و کۆمەڵەی ڕەنجدەران کە هاتبونەوە دەڤەری مەریوان پردی پەیوەندی هاو چارەنووسی هیزە کوردیەکان بوو کە ڕێگای بۆ ڕێکەوتنی هێزە کوردیەکان هەموار و تەخت دەکرد . تەنانەت لەو بوارەدا خۆی لە بازاڕی مەریوان پارەی بۆ یەکێتی کۆ کردەوە. هەروا ئوڕگانی کۆمەڵە یش یارمەتی چاکیان بۆ بزووتنەوەی باشور کۆ کردەوە . یارمەتی پێشمەرگە بریندارەکانی باشور و کرێنی کەل و پەل و ئامێری چاپ و بڵاو کردنەوە تا ئەو جێگایە ئیمکانی هەبوو دەکرا.


دیبلۆماتیک مەگەزین : کاک فوئاد ڕۆلی هەبوو لە هێنانە ناوەی ژنان بۆ ناو بزووتنەوەکۆمەڵایەتیەکان ؟ ئەمە چۆن بوو؟
ڕەشادی مستەفاسوڵتانی: کاک فوئاد هەرگیز فیزی نەدکرد و هەمیشە تێدەکۆشا ئورگانگەلی دیموکراتیک هەڵسوڕاو بن . پێک هێنانی ئیتحادیەی ژنانی مەریوان ئەگەرچی کەم تەمەن بوو ، بەڵام هەنگاوێکی بە نرخی مێژوویی لە بزووتنەوەی خەباتی ژنانی کوردستان بوو . ئیتحادیەی ژنانی مەریوان زۆر تر لە سی و پێنج ئەندامی هەبوو کە چالاکانە هەڵدەسوڕان . و ئوتوریتەیان بەو ئاستە گەیشتببو کە نامەکانیان لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی شا کە بەرەو هەڵدێر هەنگاوی دەنا و دەڕووخا وەر دەگیرا . کاک فوئاد خۆی سەبارەت بە ڕۆژی ژنان " هەشتی مارس " وتارێکی نووسی و تەحویلی یەکێک لە ئەندامانی ئیتحادیەی ژنانی دا ، کە خوێندیەوە و پێم وایە لە گۆڤاری ڕزگاری مەریوان چاپ و بڵاو بوەوە. ئەو وتارە لە مەریوان ڕچەیەکی بەرزی سیاسی شکاند ومتمانەی بە ژنانی ئازادیخواز بەخشی ودرەوازەی بۆ خەباتی نەپساوەی ژنان هەموار وتەخت کرد.
- لە ڕێپێوان و مارشی نێوان سنە و مەریوان ، کە بیرۆکەی ئەسڵی ئەو ئێعترازە جەماوەریە هی کاک فوئاد بوو ، بە سەدان کچ و ژنی شۆڕشگیڕی شارەکانی کوردستان بەشداریان کرد و وینەکانیان کە ماندوو و هێلاک بەرەو شاری ئازادگان ( مەریوان ) هەنگاو دنێن و کێو و دەشت و مەزرا و دێهات و شارۆچەکان تێپەر دەکەن لە ئاستی جیهاندا بڵاو بوەتەوە.
- کاتێک مەفەرەزەی پێشمەرگەی دامەزراند ، ژنان و کچان وەک ئەندامی نهێنی لە شارەکان بۆ ئەو مەفرەزە گریلا و پارتیزانە ئیشیان دەکرد و هاوکاری ئەوان نە بوایە ئیشەکان دژوار و زەحمەت دەبوو . پەیوەندی بزووتنەوەی کورد و شارەکانی تری ئێران لە لایەن کچان و ژنانی کۆمەڵەوە دابین دەکرا . خەباتی ژنان لەو بوارەدا زۆر هەستیار و گرانبەها و گرنگ بوو .
- زۆر ئاسایی و ئیعتیادی بوو کە کادرێکی ژن و یا کچ ، لە مزگەوتەکان بۆ دانیشتوان قسە و بەرنامە وپلاتفوری کۆمەڵە بانگەواز بکات.


دیبلۆماتیک مەگەزین: پەیوەندی نێوان حیزبەکانی کوردستان چۆن بوو لەو کاتەدا ؟

ڕەشادی مستەفاسوڵتانی: هەموو ڕێکخراوەکان، حیزبەکان و کەسایەتی سیاسی بێ پلاتفورمی دیاری کراو ، دژی سیستەمی پاشایەتی خەباتیان دەکرد و هیشتا ناکۆکیەکان سەری هەڵنەدابوو. و بەرەی دیاریکراو دەبینرا کە دژی دیکتاتوری خەبات دەکەن .
- دوو هێزی سەرەکی کۆمەڵە وحیزبی دیموکرات بوون ، کە حوزووریان لە هەموو بوارەکاندا بوو . چریکەکانیش پێگەی کۆمەڵایەتیان لە کوردستان لاواز نە بوو وهیزی سیاسی و عەسکەریان لە شارەکان و هەندی دێهات هەبوو . کە زۆری پێ نەچوو زۆربەی ڕێبەریان بەرەو لای مەلاکان چوون و تاقمێکی کەمتریان هەر لە کوردستان مانەوە و خەباتیان کرد .بەڵام بەگشتی چریکەکان تووشی جیابونەوە هاتن و کز بوون.
-کاک فوئاد هەرگیز دژی حیزبی دیموکرات شەڕی ناوخۆیی ڕانەگەیاند و ڕێبەری نەکرد . چونکوو ئیمکانی تەبایی و یەک گرتن لە سەر خاڵە هاوبەشەکان و نزیک بونەوە دژی دوژمنی داگیرکەر هەبوو. یەکگرتنی لە مێشکیدا گەڵاڵە کردبوو . زۆر لە سەر پێشمەرگەی دیموکرات حیسابی دکرد و دەیگوت ، هێزی حیزبی دیموکرات لە قوڵایی دێهاتەوە هاتون و زەحمەتکێشن و بێگومان هیز و پشتیوانی داهاتووی کۆمەڵەن . لە ڕێبەری دیموکرات رخنەی بونیاد نەری هەبوو .لە دەڤەری مەریوان کە خۆی ڕێبەری دەکرد نێوان کۆمەڵە و حیزب خۆش و دۆستانە و لە دەورانی ئەودا قەد لە یەکتر ئالۆزنەبوون و دژی یەکتر شەڕیان نەکرد .
- لە هیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد ، ڕێبەری ئاینی جەناب مامۆستا شێخ عیزەدین حسینی ، حیزبی دیموکرات ، چریکەکان و کۆمەڵە پێکەوە بەشداریان دەکرد .و ئەو ئوڕگانە یەکێک لە دەسکەوتە نازدارەکانی گەلی کورد بوو .
-کۆمەڵە و چریکەکان لە بەستێنی ئیدئۆلۆژی چەپدا ، یەکتریان دەگرتەوە و نێوانیان تاڕادەیەک کۆک و بەرەو خراپی و شەڕی چەکداری نەچوو ، بەڵام خەباتی فیکری و ئیدئۆلۆژیان بە سەختی بەردەوام بوو . هەر ڕوژە لە گۆڤارەکانیان پەردەیان لە سەر تاکتیک و بۆچون و هەڵویستەکانی یەکتر لا دەبرد و خۆی لە بواری شەڕێکی هزری و فیکری بەڵام هێمنانە دەدا .


دیبلۆماتیک مەگەزین: ئایا لەو کاتەدا هیچ ئامادەکاریەک کرابوو بۆ هێرشەکانی سۆپا بۆ سەر کوردستان؟

ڕەشادی مستەفاسوڵتانی : خەباتی سەرشەقام و مەدەنی جەماوەر، گەورەترین ئامادکاری بوو ، کە دەیانتوانی بەر بە جموجوڵی سپای داگیر کەر، کە بۆ ناو شارەکان دەهات بگرن . لە کامیاران ، سنە و سەردەشت گەورەترین پشتیوانیان لە کەرامەتی شارۆمەندان کرد و ئەرتەش و سپای پاسداران نەیانتوانی بۆ چەند ڕۆژ ێک خۆیان بخزێنە ناو مەع عەسکەرەکان .
-هێزی بەرگری چ لە لایەن حیزبی دیموکرات و چ لە لایەن کۆمەڵەوە دیاری کرابوو. تا لە کاتی تەنگانە و هێرشی دوژمن یارمەتی پێشمەرگە بدەن .
- هەندی لە کادیرەکانی کۆمەڵە کە دوژمن نەیدەناسین ، لە شارەکان مابونەوە و کاری سیاسی و ڕێکخراوەیان دەکرد . کاتێک پێشمەرگە بۆ سەر مەع عەسکەر و پایگاکانی دوژمن لە شارەکان هێرشی دەبرد ، ئەو کادیرانە یارمەتی هێزی پێشمەرگەیان دەدا .
- پێشمەرگە وەک تاکتیکی گونجاو دوور لە شارەکان هەڵدەسوڕان و مەقەڕیان لە دێهات کردبوەوە . کە هێزێکی ئامادە وعازر بوو تا لە دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی کورد دیفاع بکات.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس