پۆمپیۆ بۆچی لە کابوڵە؟

ڕیسەکەی ترەمپ دەبێتەوە بە خوری؟

پۆمپیۆ بۆچی لە کابوڵە؟

531 خوێندراوەتەوە

چیرۆكەكە بۆ ٨ مانگ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، كاتێك زاڵمای خەلیك زاد و پۆمپیۆ، ترەمپ ڕازی دەكەن بەوەی گفتوگۆی ڕاستەخۆ لە گەڵ تاڵیباندا دەست پێبكات بۆ كۆتایهێنانی بەشەڕی ئەفغانستان و ترەمپ ئەو دۆسیەیە ڕادەستی خەلیل زاد دەكات.

زاڵمای خەلیل زاد دوای ٧ مانگ لە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیباندا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، گەشتنە ڕێكەوتنامەی كۆتایی و ڕۆژ ٢٠٢٠/٢/٢٩ ڕێكەوتنە بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگری و دەرەوەی ئەمەریكا ئیمزا كراو ترەمپ پەیوەندی بە جێگری سەرۆكی تاڵیبانەوە كرد و ڕێكەوتنەكەی بەسەر كەوتنێكی مێژووی ناوبرد.

لە گرنگترین خاڵی ڕێكەوتنەكە بریتییە لە:

١- كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و كۆمپانیا ئەمنییەكانی لە ئەفغانستان لە ماوەی ١٤ مانگدا.

٢- كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان بۆ ٨٥٠٠ سەرباز لە ماوەی ١٣٥ ڕۆژدا.

٣- تاڵیبان دەبێت هێرشەكانی بۆسەر هێزەكانی ئەمەریكا ڕابگرێت و بەشداری حكومەت و كایەی سیاسی بكات.

٤- پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتووی نیشتمانی و تاڵیبان هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی پێبدرێت.

٥- پێوویستە تەواوی بەندكراوەكانی تاڵیبان كە ژمارەیان ٥٠٠٠ بەندكراوە ئازاد بكرێن.

پۆمپیۆ بۆچی لەكابوڵە ؟

شەوی ڕابردوو مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بەسەردانێكی چاوەڕواننەكراو گەشتە كابوڵ بۆ ڕازیكردنی ئەشرەف غەنی سەرۆك كۆمار و عەبدوڵا عەبدوڵای سەرۆك وەزیران بە ڕێكەوتنەكەو پێكهێنانی حكومەتی نیشتمانی بەبەشداری تاڵیبان.

،،

بەڵام بەپێی بەیانامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئەشرەف غەنی و عەبدوڵا عەبدوڵا ڕێكەوتنەكەیان ڕەتكردوەتەوە و لەنێوان خۆیاندا ڕێكنەكەوتوون،

ئەمەش وایكرد ترەمپ بڕیاڕی بڕینی یەك ملیار دۆلار هاوكاری دارای ئەمەریكا بۆ حكومەتی ئەشرەف غەنی دەربكات و تۆمەتباریان بكات بەوەی سوكایەتیان بە ئەمەریكا كردوە.

بۆچی ڕیسەكەی ترەمپ دەبێتەوە بە خوری؟

ترەمپ دەیوویست لە ڕێگەی ڕێكەوتن لەگەڵ تاڵیباندا كۆتایی بە درێژترین شەڕ لە مێژووی ئەمەریكا بهێنێت و سەربازەكانی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەمەریكا و ئەمەش وەك دەستكەوت و چەكی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربهێنێت. لەلایەكی ترەوە دەیویست لە ڕێگەی تاڵیبانەوە سنورێك بۆ هێزی قاعیدە لە ئەفغانستان دابنێت كە بەهاوكاری ئێران و سەركردە میسریەكانی قاعیدە دەیەوێت جارێكیتر لە ئەفغانستان خۆی ڕێكبخاتەوە.

بەڵام ئەمڕۆ لە دوای ڕەتكردنەوەی ڕێكەوتنەكە لەلایەن حكومەتی ئەفغانستانەوە چارەنووسی ڕێكەوتنەكە كەوتوەتە مەترسیەوەو خەریكە ڕیسەكەی ترەمپ دەبێتەوە بەخوری و سبەینێش پۆمپیۆ لە كابوڵەوە دەچێتە دەوحە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ تاڵیبان.

،،

لە كۆتایدا ئەمەریكا دەیەوێت لەژێر فشاردا ئەشرەف غەنی و عەبدوڵا عەبدوڵا ڕازی بكات بە ڕێكەوتنەكە

چونكە ئێستا ئەمەریكا لە ئەفغانستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە تاڵیبانە بۆ ڕێگری لە نفوزی ئێران و قاعیدە و ڕووسیا لە ئەفغانستان.

تێبینی: عەبدوڵا عەبدوڵا كە لە دوای كوژرانی ئەحمەد شاه مەسعودی سەركردەی مێژوویی تاجیكەكانی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ دا بوو بە سەرۆكی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دژی تاڵیبان لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠٢ ئەمەریكا لە تاجیكستانەوە هێنایەوە كردی بەسەرۆكی حكومەت. ــ ئەشرەف غەنیش بەهەمان شێوە لە ساڵی ٢٠٠٢ لە نیۆركەوە هێنرایەوە كرا بە وەزیری دارای ئەفغانستان، بەڵام ئێستا ئەم دوو كەسایەتیە بە هاندانی ڕووسیا دەیانەوێت ڕێگە لەبەردەم ستراتیژی ترەمپدا دروست بكەن، بۆیە ئەگەر بەردەوامبن لەسەر ڕێگری ئەوا بە ئاگری توڕەی ترەمپ دەسوتێن، پەیامەكەی ئەمڕۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا توند و هەڕەشە ئامێز بوو.

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی