ئه‌و ده‌ هۆكاره‌ چین، رێ له‌كۆرۆنا ده‌گرن   له‌ كوردستان كاره‌سات بخوڵقێنێت؟   

ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ ئاوا به‌رده‌وام بێت كۆرۆنا به‌ ئاسانى تێكده‌شكێت

ئه‌و ده‌ هۆكاره‌ چین، رێ له‌كۆرۆنا ده‌گرن  له‌ كوردستان كاره‌سات بخوڵقێنێت؟  

5438 خوێندراوەتەوە

هه‌رچه‌نده‌، باس له‌روودانى كاره‌سات و به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى قوربانیان ده‌كرێت له‌هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى كۆرۆناوه‌، به‌ڵام چه‌ند هۆكارێكی دڵخۆشكه‌ریش هه‌ن كه‌وا ده‌كه‌ن رووداوێكى له‌و جۆره‌ ئه‌گه‌رێكى ته‌واو لاواز بێت.

 

سه‌ره‌راى تۆماركردنى رۆژانه‌ى هه‌ڵگرانى ڤایرۆسى كۆرۆنا، به‌ڵام به‌پێى به‌دواداچوونێكى مه‌یدانى و وه‌رگرتنى زانیارى و به‌ڵگه‌كانى پێشتر، پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ژماره‌ى توشبوانیش زۆرتر بێت به‌ڵام كاره‌سات ناخوڵقێت.

 

،،

 ئه‌گه‌ر به‌وردى هۆكاره‌كان سه‌یر بكه‌ین، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت به‌جدى هه‌رێمى كوردستان تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌ له‌رووى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا وه‌ك په‌تایه‌كى كوشنده‌.

 

ئه‌و ده‌ هۆكارانه‌ چین؟

یه‌كه‌م: چڕى ژماره‌ى دانیشتوان

به‌پێى زانیارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان ئه‌وه‌ بووه‌ته‌ به‌ڵگه‌یه‌كى حاشا هه‌ڵنه‌گر كه‌ كۆرۆنا دۆستى قه‌ره‌باڵغى و چڕى ژماره‌ى دانیشتوانه كه‌‌ به‌خێرایی تیایدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ كوردستان به‌به‌راورد به‌و شوێنانه‌ى وه‌ك ووهان له‌ چین و قوم و تاران له‌ ئێران و هه‌روه‌ها ئیتاڵیا، ژماره‌‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى ئێجگار كه‌مه‌ و هێنده‌ى یه‌كێك له‌شاره‌كانیشیان نابێت.

ووهان كه‌ سه‌ره‌تاى به‌ڵاو نه‌هامه‌تییه‌كه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستى پێكرد، ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى 60 ملیۆن كه‌سه‌ و ته‌واوى چینیش ده‌گاته‌ یه‌ك ملیارو نیو، به‌ڵام كوردستان به‌هه‌موویه‌وه‌ نزیكه‌ى ته‌نها شه‌ش ملیۆن كه‌س ده‌بێت و هه‌ر پارێزگایه‌كیش ئه‌وپه‌رى ملیۆنێك تا ملیۆن و نیوێك ده‌بـێت (له‌كاتێكدا هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید نیو ملیۆنیش نابێ).

،،

 كه‌واته‌ كه‌مى ژماره‌ى دانیشتوان له‌ پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان، گه‌وره‌ترین شه‌فاعه‌ت ده‌بێ بۆ رزگار بوون له‌ په‌تایه‌كى كوشنده‌.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ش شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كانى زۆر كه‌من و رێگاكانى گواستنه‌وه‌ى زۆر نه‌چوون به‌ناویه‌كدا و له‌ته‌واوى كوردستانیش یه‌ك میترۆى لێ نییه‌ كه‌ لانكه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌بوو له‌ وڵاتێكى وه‌ك ئێران، به‌هۆى قه‌رباڵغى و به‌رزى رێژه‌ى ((شێ)) تیایدا.

وێنه‌یه‌كى شێدارى ووهان

دووه‌م: خێرایی و گرتنه‌به‌رى رێوشوێن

چین له‌دواى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا زۆر به‌خێرایی حكومه‌ت و كه‌رتى ته‌ندروستى وڵاته‌كه‌ى‌ هاتنه‌ ده‌ست بۆى و توانیان به‌نزیكه‌ى دوو مانگ دۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كۆنترۆڵ بكه‌ن ئه‌مرۆ ژیان له‌و وڵاته‌ ئاسایی ببێته‌وه‌.

به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێش روودانى هیچ كاره‌ساتێكى نه‌خوازراو ئه‌و كارانه‌ى كرد كه‌ چین له‌كاتى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى ڤایرۆسه‌كه‌دا كردنى وه‌ك: (كه‌ره‌نتین و داخستنى شوێنه‌ گشتییه‌كانى وه‌ك مزگه‌وت و كه‌نیسه‌و و راگرتنى خوێندن و ده‌وام و هتد.)

كه‌ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوى بڵاو بونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌ى راگرت، ته‌نانه‌ت كوردستان زیاتر له‌چین ئه‌مه‌ى كردوو، چونكه‌ ئه‌وانه‌شى كه‌ره‌نتین ده‌كرد كه‌ گوماناوى بوونایه‌، نه‌ك هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌كه‌.

 

سێیه‌م: دروستكردنى لیژنه‌كانى رووبه‌رووبونه‌وه‌ى كۆرۆنا

له‌ هه‌رپارێزگاو قه‌زایه‌ك لیژنه‌ى رووبه‌روو بوونه‌وه‌ى كۆرۆنا به‌خێرایی پێكهێنران كه‌ ده‌ستیان كرد به‌ رشتاندنى كحول و ده‌رمانى دژه‌ ڤایرۆس له‌ كوچه‌و كۆڵان و بازار و ناو شاره‌كان.

هه‌روه‌ها بڵاوكردنه‌وه‌ى رێنمایی خێرا و هوشیاركردنه‌وه‌ى هاوڵاتیان و پابه‌ندكردنیان به‌رێنماییه‌ ته‌ندرووستییه‌كان له‌نێو ماڵه‌كانیاندا.

 

 

،،

ره‌نگه‌ وته‌ى هه‌ندێ له‌ پسپۆران ته‌واو دروست بێت كه‌ به‌جدى ئه‌و فۆرمى كۆرۆنایه‌ى هه‌رێمى كوردستان جیاوازه‌ له‌وه‌ى ئێران و ووهان یان وڵاتێكى دیكه‌، چونكه‌ رێژه‌ى كوشنده‌ییه‌كه‌ى ته‌واو جیاوازه‌.

 

 

چواره‌م: ده‌رنه‌كه‌وتنى ڤایرۆسه‌ ترسناكه‌كه‌

ده‌وترێت ئه‌م ڤایرۆسه‌ دوو جۆر بێت یه‌كێكیان زۆر كوشنده‌ بێ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ئێران بڵاو بوویه‌وه‌و به‌رپرسه‌كانى به‌خێرایی هاتنه‌ سه‌رخه‌ت و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ى ئه‌وان جۆرێكى تر بێت، یاخود ده‌وترێت كۆرۆنا به‌پێى وڵاتان و كه‌ش و هه‌وا خۆى ده‌گۆڕێت.

بۆیه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كرێت ئه‌و ڤایرۆسه‌ى ‌گه‌شتۆته‌ هه‌رێم لاواز بێت و نه‌توانێ نیشانه‌كانى خۆى به‌ ئاسانى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى توشبوان و هه‌ڵگرانى ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌ربخات.

ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌وا تووش بوون له‌هه‌رێمى كوردستان به‌پێى لێدوانى به‌رپرسانى ته‌ندروستى له‌ هه‌رێم، زۆربه‌یان ته‌نها هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌كه‌ن‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ته‌ندروستیاندا نییه‌،  ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌وه‌ى تا ئێستا ئه‌وانه‌ى توشبوون، زۆربه‌یان گه‌نجن، به‌ڵام ته‌ندروستى و له‌شساخى توشبوانیش "رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى توشى سه‌رسورمان كردووه‌".

هه‌روه‌ها له‌و سه‌د كه‌سه‌ى كه‌وا هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌كه‌ن تاكو ئێستا، له‌كوردستان ته‌نها دوو كه‌سیان به‌و ڤایرۆسه‌ مردوون، كه‌ ئه‌مه‌ش دیسان سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى نه‌خۆشى دێرژخایه‌ن و كوشنده‌ى پێشتریان هه‌بووه‌ به‌ڵام گومانیش ده‌كرێت كه‌ به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ش نه‌مردبن.

 

پێنجـ‍ه‌م: دره‌نگ كه‌وتنى ڤایرۆسه‌كه

له‌ پارێزگایه‌كى وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید، كه‌ هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌ی مانگێكى ته‌واو ده‌چێت ڤایرۆسه‌كه‌ له‌كوردستان حاڵه‌تى لێ تۆمار كراوه‌، به‌ڵام تاكو ئێستا ڤایرۆسه‌كه‌ له‌وێ هیچ حاڵه‌تێكى تۆمار نه‌كراوه‌ (یه‌ك هاوڵاتى نه‌بێت كه‌ ئه‌ویش له‌ كه‌ره‌نتینه‌كانى سلێمانى بووه‌) ته‌نانه‌ت رۆژ به‌رۆژ كه‌ره‌نتینه‌كانى پارێزگاكه‌ش چۆڵ ده‌بن و ‌ زیاد له‌ 200 كه‌سى كه‌ره‌نیتنه‌كراویش ته‌نها نزیكه‌ى سى كه‌س ماونه‌ته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان پێده‌چێت ڤایرۆسه‌كه‌ دوا كه‌وتبێت له‌هه‌رێمى كوردستان، كاتێك گه‌شتبێت كه‌ هه‌موو رێگاكانى بڵاوكردنه‌وه‌ى لێگیرابن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ هه‌رێم ڤایرۆسه‌كه‌ى تێپه‌راندبێت( سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى هێشتا كه‌سانێك هه‌ن توشبون و به‌ڵام نه‌دۆزرانه‌ته‌وه‌).

 

،،

به‌رزى رێژه‌ى ته‌مه‌ن و پیرو په‌كه‌وته‌و به‌ساڵاچوان له‌ وڵاتێكى وه‌ك ئیتاڵیا هۆكارى سه‌ره‌كى كاره‌ساته‌كه‌ بووه‌.

 

شه‌شه‌م: ته‌مه‌ن

به‌هۆكارى ئه‌وه‌ى كوردستان له‌چاو وڵاتێكى وه‌ك ئیتاڵیاو چین كه‌مترین رێژه‌ى پیرو به‌ساڵاچوانى هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش هۆكارێكى تره‌ ئه‌گه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ش بڵاو ببێته‌وه‌ ناتوانێ كاریگه‌رى زۆر دانێت.

به‌پێى داتاو لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى  كه‌وا له‌چین به‌هۆى ڤایرۆسه‌كه‌وه‌‌ مردوون، نزیكه‌ى ٪80 ئه‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌روى 80 ساڵه‌وه‌ بووه‌ و نه‌خۆشى پێشتریان له‌گه‌ڵدا بووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ ئیتاڵیاش كاره‌ساته‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌مى حكومه‌ت له‌سه‌ره‌تاوه‌، وڵاته‌كه‌ش به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ وڵاتى پیران و به‌ساڵاچوانه‌، ته‌نانه‌ت كار گه‌شته‌ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت ته‌نها فۆكه‌س بخاته‌ سه‌ر گه‌نجه‌كان و ده‌ست له‌ پیره‌كان به‌ر بدات.

 

حه‌وته‌م: رێژه‌ى ئالووده‌ بوون به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و نه‌خۆشییه‌ ترسناكه‌كان

شتێكى نالۆژیكییه‌ كوردستان به‌راورد بكه‌ین به‌ وڵاتێكى وه‌ك ئێران له‌رووى به‌كارهێنانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و رێژه‌ى ئالووده‌بون و توشبوان، هه‌روه‌ها له‌وه‌ش نالۆژیكیتر ئه‌وه‌یه‌ كوردستان به‌راورد بكه‌ین به‌ وڵاتێكى ئه‌وروپى له‌رووى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئایدزو نه‌خۆشیه‌ ترسناك و كوشنده‌كان.

كه‌ بێگومان ئه‌م دوو هۆكاره‌ش حاشا هه‌ڵنه‌گرن كه‌ پزیشه‌كه‌كان هاوران له‌سه‌رى كه‌ هه‌ركه‌سێك یه‌كێك له‌و نیشانه‌ى پێشترى تێدا بێت ئه‌وا ڤایرۆسى كۆرۆنا زۆر به‌ ئاسانى پێى ده‌وترێت و جه‌سته‌ى ماندوى ئه‌و كه‌سه‌ وێران ده‌كات.

 

هه‌شته‌م: تواناى به‌رگرى جه‌سته‌ى تاكى كورد

هاورێیه‌كم بۆى باس كردم، كه‌ له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ئێران، پێش گه‌رانه‌وه‌ى زۆر ترساوه‌و‌ رۆشتووه‌ پشكنین بۆ خۆى بكات (چونكه‌ ئه‌و شاره‌ى ئه‌وى لێ بووه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ كاره‌ساتى خوڵقاندووه‌)، دواى پشكنین كه‌ هیچ كێشه‌ى نه‌بووه‌، پزیشكه‌كه‌ پرسیارى لێكردوه‌ كه‌ خه‌ڵكى كوێیه؟‌، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا گوتویه‌تى: باشورى كوردستان.

پزیشكه‌كه‌ گوتویه‌تى: ئێوه‌ له‌كوردستان زۆرتر به‌روبوومى سروشتى و سه‌وزه‌و میوه‌ى ده‌شته‌كان و گیا ده‌رمانى شاخه‌كان ده‌خۆن، خۆتان دوور ده‌گرن له‌ بابه‌تى له‌قووتوونراو كیمیاوییه‌كان، به‌راستى بمزانیایه‌ خه‌ڵكى ئه‌وێیت پكشنینم بۆ نه‌ده‌كردى چونكه‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ به‌ ئاسانى به‌ سیسته‌مى به‌رگرى ئێوه‌ ناوێرێت.

 

،،

كه‌واته‌ ده‌كرێت سیسه‌مى به‌رگرى جه‌سته‌ى تاكى كورد یه‌كێكى دیكه‌ له‌ هۆكاره‌ گرنگه‌كانى رووبه‌رووبوونه‌وى ڤایرۆسه‌كه‌ بێت.

 

نۆیه‌م: نه‌مانى ریسك و ترسناكى سه‌ره‌تاى ڤایرۆسه‌كه‌

شتێكى ئاساییه‌ كه‌ هه‌موو روداو پێشهاتێك له‌سه‌ره‌تا ریسك و كاریگه‌رو مه‌ترسى زۆره‌، به‌ڵام دواتر مرۆڤه‌كان خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن و دژه‌‌كه‌ى ده‌دۆزنه‌وه‌ و هێدى هێدى ده‌یناسن وده‌زانن چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

بۆیه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارێكى زۆر گرنگه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كوردستان رۆژانه‌ش ژماره‌ى توشبوانیش بۆ دوو هێنده‌ به‌رز ببێته‌وه‌، ئه‌وا مه‌ترسى و كاریگه‌رییه‌كه‌ى وه‌ك سه‌ره‌تا نابێت.

ده‌یه‌م: مژدانه‌ى ناوخۆیى و جیهانى

مژدانه‌ى رۆژانه‌ى چاكبونه‌وه‌ى توشبوان له‌ناوخۆى هه‌رێم و هه‌روه‌ها مژدانه‌ى رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى له‌باره‌ى به‌ره‌و پێشچوونى ئاماده‌كارییه‌كان و "ئه‌رێنى بوونى رێگرى كردن له‌ كۆرۆنا ڤایرۆس" وا ده‌كه‌ن پێشبینى روودانى كاره‌سات قورس بێت.

 

،،

 ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ته‌نها ناتوانێ هیچ شتێك له‌ جه‌سته‌ى مرۆڤێكى ساخ و سه‌لامه‌ت بكات.

 

 

ئه‌مانه‌ هه‌موو هۆكارو ئه‌گه‌رێكى به‌هێزن، كاتێك كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستا به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر توندوتۆڵكردنى رێوشوێنه‌ ئه‌منى و ته‌ندرووستییه‌كان، هه‌روه‌ها هاوڵاتیانیش پابه‌ند بن به‌ رێمانییه‌كان، (تاكو له‌یه‌ك دوو هه‌فته‌ى دابێ)، به‌رچاوى هه‌موولایه‌ك رۆشنتربێت.

 

بۆیه‌ پێشبینى ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ژماره‌ى توشبوان و هه‌ڵگرانى ڤایرۆسه‌كه‌ له‌رووى ژماره‌وه‌ زیاتریش بێت (كه‌ پێ ناچێت ئه‌وپه‌رى بگاته‌ هه‌زار  كه‌س)، ئه‌وا به‌م دۆخه‌ى ئێستاوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاره‌سات روو نادات له‌ كوردستان.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان