ئارام قادر: چەواشەکاری و پیلانگێڕی نامان وەستێنێت

ئارام قادر: چەواشەکاری و پیلانگێڕی نامان وەستێنێت

645 خوێندراوەتەوە

ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی ڕایدەگەیەنێت کە دەستلەکارکێشانەوەی یاریدەدەری سەرۆکی هاوپەیمانی و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتیمانی و چەند بەرپرسێکی ئەو حیزبە پێکەوە، پیلانێک بووە دژی هاوپەیمانی.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، یاریدەدەری سەرۆکی هاوپەیمانی و سێ ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی و چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی ئەو حیزبە دەستیان لەکارکێشایەوەو ڕایانگەیاند کە هاوپەیمانی سیاسی لە ئامانجەکانی لایداوەو بووە بە دوکانی سیاسی و " ئارام قادر"ی سەرۆکی حیزبەکەشیان بە قۆرخکارو تاکڕەو ناو برد.

ئەوان لە پەیام و یاداشتی دەستلەکارکێشانەوەکانیاندا ڕاشیانگەیاند کە بەپێی پەیڕەو سەرۆک و تەنانەت حیزبەکەش شەرعییەتیان نەماوەو هاوپەیمانی نیشتیمانی بە هەڵوەشاوە دا دەنرێت و وتەبێژی پێشووی حزبەکەش داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە مۆڵەت لە حیزبی " هاوپەیمانی نیشتیمانی" وەربگرێتەوە.

ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی، ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناو حیزبەکەی و دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای هاوپەیمانی بە پیلانگڕان دژ بە هاوپەیمانی ناو بردو ڕایگەیاند:

" ئێمە دەستلەکارکێشانەوە بە مافی ئازادی هەموو کەسێک دەزانین و کاری سیاسی، کارێکی ئازادانەیە، بەڵام ئەوەی ڕوویداوە دەستلەکارکێشانەوە نەبوو، ئەو کەسانە دەستیان لەکارکێشاوەتەوەو دەستیان کردووە بە دوژمنکاری و ئازاردانی هاوپەیمانی، وە هەندێک لەوان پابەند نەبوون بە پرەنسیپ و بنەماکانی کاری سیاسی هاوپەیمانییەوە، لەبەر ئەوە دەرکراون".

ئەوانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، ئارام قادر بە تاکڕەو و قۆرخکار ناو دەبەن و ئارام قادریش دەڵێت:

" لەناو هاوپەیمانیدا هەستاوین بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، بۆ ئەوەی دەسەڵات لەدەستی کەسێکدا کۆ نەکرێتەوەو هەموو ئەنجومەنەکانیش کاری خۆیان دەکەن".

ئارام قادر، دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵی ئەو بەرپرسانەی هاوپەیمانی بە پیلانگێڕی دژی حیزبەکەی ناو بردو دەڵێت:

" لە ڕابردوودا قۆناغی لەمە دژواترمان تێپەڕاندووەو ئەمە بە کێشەیەکی سروشتی دەزانین، ئێمە پرۆژەین و پیلانگێڕی و چەواشەکاری نامان وەستێنێت".