جەنگی نەوت بە دەم ڤایرۆسی کۆرۆناوە

مۆسکۆ و ڕیاز کامیان چۆک دا دەدەن؟

جەنگی نەوت بە دەم ڤایرۆسی کۆرۆناوە

558 خوێندراوەتەوە

لە خراپترین کاتدا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی خواست لەسەر نەوت، جەنگی نرخی نەوت لەنێوان سعودیە لەلایەک و ڕووسیا لەلایەکی دیکەوە هەڵگیرساوە، گەورەترین قوربانی ئەم جەنگەش کۆمپانیا ئەمریکییەکانن، کەوایە چۆن هاوپەیمانی نەوتی نێوان سعودیە لەسەر ڕێڕەوی ئەو جەنگە ڕەنگ دەداتەوە؟ وە چۆن کاریگەری لەسەر داهاتووی ڕێکخراوی ئۆپیك دادەنێت؟

چی ڕوویدا؟

ئێوارەی دوو شەممەی رۆژی ٢٣ی ئازار، دان بڕۆیلیت، وەزیری وزەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە واشنتۆن پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی تایبەت بە نەوت لەگەڵ سعوودیە تاوتوێ دەکات وەك یەکێك لە بژاردە پێشنیاز کراوەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو ڕووەوە نەداوە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییشدا بلومبێرگ رایگەیاند «هیچ زانیاریم لەبارەی پێشکەش کردنی ئەو پێشنیازە بەشێوەیەکی فەرمی نییە»،

،،

دووپاتیشی کردەوە کە هیچ بڕیارێك نەدراوە لەبارەی «هەر شتێك لەو بارەیەوە».

لێدوانەکانی برۆیلیت وەڵامێك بوو بۆ راپۆرتێکی رۆژی هەینی ٢٠ی مانگی ئازاری گۆڤاری "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" کە ڕایگەیاندبوو بەرپرسانی وەزارەتی وزەی ئەمریکا لە هەوڵی ڕازی کردنی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد تڕەمپدان تا سعودیە لە ئەندامیەتی ڕێکخراوی ئۆپیك بکشێنێتەوە و کار لەگەڵ ئەمریکا بکات لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیریی لە بازاڕی نەوتدا.

وە بەپێی راپۆرتەکە، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راشیگەیاندووە کە شاندێکی تایبەت دەنێرێ بۆ سعودیە بۆ دەست پێکردنی دانوستان لەنێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە بازاڕی نەوت، ئەوەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ یەکەمجار لەماوەی ساڵانی رابردوودا بۆ کەمتر لە ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.

چۆن جەنگەکە هەڵگیرسا؟

سعودیە جەنگی نرخی نەوتی هەڵگیرساند دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان ڕێکخراوی ئۆپیك و ڕووسیا بۆ دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنان لە ئەنجامی کەمبوونەوەی خواست بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناسراو بە رێککەوتنی "ئۆپیك+ڕووسیا"، کە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەسەر ئاستی جیھاندا نرخی نەوتی بە نزیکەی ٦٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك جێگیر کردبوو.

سعودیە نیازی دابەزاندنێکی نوێی ئاستی بەرهەمهێنانی بەڕێژەی ٢٠-٣٠% هەبوو لەکۆتایی ئەم مانگەدا، بەڵام ڕووسیا سوور بوو لەسەر چاوەرێکردنی زیاتر ڕوون بوونەوەی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەر ئەوەش بووە هۆی شکستهێنانی دانوستانەکانی ڕۆژی هەینی ٦ی ئازار لە شاری جنێڤ، لە ئەنجامی ئەوەشدا سعودیە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراوی دا بە دابەزاندنی نرخی نەوتەکەی بەرێژەی نزیکەی %٢٠ و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی لە سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوو راگەیاند.

شازادەی جێنشین و پوتین

أئەو بڕیارانە بوونە ھۆی دابەزین لە نرخەکانی نەوت بۆ ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و پێشبینی دابەزینی زیاتریش دەکرێت، ئەوەش بووەتە ھۆی ترس لە بازاڕە داراییە جیهانیەکان کە خۆیان بەدەست کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەناڵێنن، کۆمپانیاکانی "الزيت الصخري (نەوتی بەردین)"ی ئەمریکییش یەکەم قوربانی ئەو جەنگە بوون، ئەوەش هەوڵەکانی ترەمپی بۆ بردنەوەی دووەم خوولی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی داهاتوو رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی نوێ کردووەتەوە.

شکستی سعودیە لە بەرژەوەندی ترەمپ نەبوو

لەئێستادا ڕوون بووەتەوە کە جەنگی نرخی نەوت لە قۆناغی سەرەتایدایە و ئەگەری هەیە بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژە بکێشێت- لەوانەیە بە رادەیەك کە شازادەی جێنشینی سعودیە بیری لێ نەکردبێتەوە. بەبڕوای چاودێران، بەهۆی ئەوەی بەبەراورد لەگەڵ سعوودیە، ڕووسیا لە دۆخێکی باشترە لەڕووی بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی ئێستا و دۆخی داراییشی باشترە، جگە لەوەش لە دۆخیکی سیاسی باشتردایە،

،،

بۆیە ڕووسیا نزیکترە لەوەی لە کۆتاییدا لە جەنگی نرخی نەوت سەرکەوتن بەدەست بھێنێت.

لەگەڵ ئەوەی کە لێکەوتە نەرێنییەکان بەشێوەیەکی کرداری کاریان کردۆتە سەر رووسیا و سعودیە، بەڵام گەورەترین زەرەرمەند کۆمپانیا ئەمریکیەکان و پیشەسازی وزەی کەنەدا و بەریتانیان. وە لە چاوەڕوانی ئەوەی کە لەنێوان مۆسکۆ و ڕیاز کامیان زووتر چۆك دادەدەن، ترەمپ ناتوانێ چاوەڕێی ئەنجامەکە بکات کە وا پێدەچێت لە بەرژەوەندی رووسیا یەکلایی بووبێتەوە دوای ئەوەی دەرکەوت کە شازادەی جێنشینی هاوپەیمانی لە هەڵسەنگاندنی توانای خۆی زیادەڕەوی و لە هەڵسەنگاندنی کاریگەری کۆرۆنا لەسەر دابەزینی خواست لەسەر نەوتیش بەهەڵەدا چووە.

لەژێر ڕۆشنایی ئەو داتایانەدا، دامەزراندنی هاوپەیمانی نەوتیی بۆ هەردوو ئەمریکا و سعودیە بە پێشنیازێکی نموونەیی دێتە بەرچاو، چونکە ئەمریکا دەتوانێت هەژموونە سیاسی و ئابووریەکەی بۆ بەهێز کردنی سعودیە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕووسیا بەکار بهێنێت تا ڕیاز لە یەکلایی کردنەوەی جەنگەکە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و وەدەرنانی ڕووسیا لە هاوکێشەی نەوت توانادار بکات، کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا ئەنجامێکی نموونەییە، بەڵام ئەگەرەکانی سەرکەوتنی گومانیی زۆری تێدایە لە سایەی ئەو دۆخە ئابووریەی کە بە تا رادەیەك توشی وەستاویی بووە.

ئۆپیك، قوربانی چاوەڕوان کراو

بەڵام لە ڕێکخراوی ئۆپیك دەبێتە دیارترین قوربانی بۆ هاوپەیمانیی ئەمریکی-سعودی، ئەگەر ئەو هاوپەیمانییە بەشێوەیەکی ڕەسمی ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، چونکە ئەو ڕێکخراوە، کە لەمساڵدا یادی شەست ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە، بەیاریکراوی لە ناوەندەکانی ئەمریکادا ناوبانگی نییە، هەروەها شازادەی جێنشینی سعودیەش گرنگیەکی ئەوتۆی پێ نادات، بە بەڵگەی بڕیاری چوونە نێو جەنگی نرخی نەوت لە ئێستادا، کە ئەو جەنگە زیانی زیاتر بەو وڵاتە ئەندامەکانی دەگەیەنێت بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر.

گۆڤاری "فۆرچون"ی ئەمریکییش راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە لەژێر ناونیشانی "بۆچی جەنگی نرخی نەوتی نێوان سعودیە و ڕووسیا لەناوچوونی ڕێکخراوی ئۆپیك مۆر دەکات؟"، کە تێیدا تیشك خراوەتە سەر وردەکارییەکانی لێکەوتەی ئەو هەنگاوە "تاك لایەنەیەی" ڕووسیا کە تەواوی ئەندامانی ڕێکخراوەکەی پشتگوێ خستووە.

راپۆرتەکە هەنگاوەکەی سعودیەی وەسف کردوە بەوەی "رەنگدانەوەی هزری خۆپەرستانەی کورتبین"ی شازادەی جێنشینە، چونکە بڕیارەکەی سعودیە بۆ دەستبەردار بوون لە رێکارەکانی پەرەپێدانی ئاستی بەرهەمهێنان و پڕکردنی بازاڕ لە نەوتی خاوی کەم نرخ ئاماژەی کۆتایی ھاتنی ڕێکخراوەکەیە، کە بە سەرکەوتووترین یەکگرتنی بازرگانی لە ئێستادا لە جیهاندا هەژمار دەکرێت. بەپێی راپۆرتەکە، هەنگاوەکەی سعودیە هەنگاوێکی ناچاری نەبوو، چونکە بەر لە پەیڕەوکردنی ئەو شێوازە خۆپەرستیە و دەستپێکردنی جەنگێکی گشتگیری نرخەکانی نەوت، دەکرا بژاردەی تری ژیرانەی پەیرەو کردبووایە، وێڕای هەموو شتێکیش، ڕووسیا پێشنیازی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی کارای دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی کرد تا کۆتایی ئەم مانگە، پێشنیازەکەش ڕێگری نەدەکرد لەوەی سێزدە ئەندامەکەی دیکەی ئۆپیك تەنیا لەنێوان خۆیاندا ڕێکبکەون لەسەر زیاتر دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنان.

سەرچاوە: پێگەی عەرەبی پۆست وەرگێڕانی: محەمەد ڕەحمان