یه‌كێتی ده‌یه‌وێ له‌ سلێمانی، پێش پارتى  ته‌پڵی سه‌ركه‌وتن بەسەر كۆرۆنادا لێبدات

له‌ژێر په‌رده‌ى ترسناكى كۆرۆنادا جه‌نگى ساردى دوو ئیداره‌یی به‌رده‌وامه‌

یه‌كێتی ده‌یه‌وێ له‌ سلێمانی، پێش پارتى ته‌پڵی سه‌ركه‌وتن بەسەر كۆرۆنادا لێبدات

3822 خوێندراوەتەوە

ئاماژه‌كانی كۆرۆنا له‌ سلێمانی و سه‌ردانیكردنی لاهور جه‌نگی بۆ پارێزگاو ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كانی شاره‌كه‌ و لێدوانه‌ مژده‌ به‌خشه‌كانی د.سه‌باح هه‌ورامی لەم دوایەدا، ئه‌و سیگناڵه‌مان پێ ده‌دات، ره‌نگه‌ یه‌كێتی بیه‌وێ دۆخه‌كه‌ له‌ سلێمانی هێور بكاته‌وه‌.

هێشتا جیهان ده‌ناڵێنێ به‌ده‌ست ئازاره‌كانى كۆرۆناوه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان یه‌كێتى و پارتى له‌بیرى ئه‌وه‌دان كامیان له‌ژێر په‌رده‌ى كۆرۆنادا هه‌ژمونى خۆى زاڵ بكات به‌سه‌ر ئه‌وى دیكه‌یاندا.

،،

 یه‌كێتى ده‌یه‌وێ وه‌ك حزبى حوكمران له‌ شاره‌كه‌، خۆى مژدانه‌ى سه‌ركه‌وتن به‌ هاوڵاتیان بدات، تاكو پارتى ئه‌مه‌ى پێ نه‌فرۆشێته‌وه‌.

"سلێمانی خه‌ته‌ره‌"

له‌سه‌ره‌تای هاتنی ڤایرۆسه‌كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، فۆكه‌س خرایه‌ سه‌ر سلێمانی و وه‌كو شارێكی خه‌ته‌رو مەترسیدار بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا باس ده‌كرا، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر ده‌یانویست هاتوچۆی نێوانیان له‌گه‌ڵ شاره‌كه‌ ببه‌ستن.

كار گه‌شته‌ ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌كۆتا په‌یامیدا به‌و شێوه‌یه‌ وێنای سلێمانی بكات، كه‌ دۆخه‌كه‌ی زۆر ئاڵۆزه‌و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هاوڵاتییه‌كانی هه‌یه‌، ئەمەش  له‌كاتێكدا بوو به‌رێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی رایگه‌یاندبوو: كاره‌ساتی گه‌وره‌ له‌ سلێمانی روو ده‌دات.

بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت، یه‌كێتی به‌گشتی و سەركردەكانی، ئه‌مه‌یان به‌ئاسانی بۆ هه‌زم نه‌كرێت و له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك بیانه‌وێت بەر لە حكومەت خۆیان دۆخه‌كه‌ ئاسایی بكه‌نه‌وه‌، وه‌ خۆیان ئاڕمى سه‌ركه‌وتن به‌ یه‌خه‌ى خۆیاندا بكه‌ن.

لە هەمان كاتدا، چه‌ند رۆژێگه‌ تۆخكردنه‌وه‌ی سنوری ئیداری هه‌ردوولایان به‌رچاو ده‌كه‌وێت و جارێكی دیكه‌ زه‌نگی دوو ئیداره‌یی به‌ گوێی یه‌كدیدا ده‌ده‌ن.

،،

 ئه‌و پیاوه‌ى هه‌میشه‌ خه‌ڵكى ده‌ترساند، له‌ته‌نیشت لاهور جه‌نگى مژدانه‌ى خۆش به‌ هاوڵاتیان ده‌دات..!

لاهور جه‌نگی و د.سه‌باح هه‌ورامی

دوێنێ لاهور جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی سه‌ردانی پارێزگاو ناوه‌نده‌ ته‌ندروستی و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی شاری سلێمانی كردو مژده‌ی ئه‌وه‌ی به‌ هاوڵاتیان ده‌دا كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و پاڵپشتی تیمه‌كان ده‌بن بۆ رووبه‌روونه‌وه‌ی كۆرۆنا.

له‌مه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌بوو، ئه‌و به‌رێوه‌به‌ره‌ ته‌ندروستییه‌ی شاره‌كه‌ كه‌ هه‌میشه‌ خه‌ڵكی ده‌ترساند، له‌ته‌نیشت لاهور جه‌نگیدا به‌دڵخۆشی و وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار په‌یامی كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسه‌كه‌ی له‌شاری سلێمانی به‌ هاوڵاتیانداو گوتیشی: هاوڵاتیان په‌له‌ نه‌كه‌ن مژدانه‌ی خۆشیان پێ ده‌ده‌ن.

 

دیاره‌ یه‌كێتی ده‌یه‌وێت به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو لێدوانه‌كان و به‌تایبه‌ت لێدوانەكانی مه‌سرور بارزانی كه‌ ده‌ڵێن: "سلێمانی خه‌ته‌ره‌و لانكه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌یه‌".ئه‌و په‌یامه‌ به‌ هاوڵاتیان بده‌ن كه‌ نه‌ترسن و سلێمانیش وه‌ك شاره‌كانی دیكه‌یه‌و له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌.

سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش كه‌ لەماوەی رابردودا شه‌وانه‌ چه‌ند حاله‌تێك له‌ سلێمانی راده‌گه‌یه‌ندران به‌ڵام بۆ پێنج شه‌و ده‌روات ته‌نها یه‌ك حاڵه‌ت راگه‌یه‌ندراوه‌، به‌پێی هه‌ندێ له‌ زانیارییه‌كان وا باس ده‌كرێت ((ره‌نگه))‌ حاڵه‌تى دیكه‌ هه‌بـێت به‌ڵام ته‌نها هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ بن و له‌به‌ر سومعه‌ی شارەكە نەیانەوێت رایبگه‌یه‌نن.

 

،،

 پێش كۆنترۆڵكردنى ته‌واوى دۆخه‌كه‌، دوو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ى هه‌رێم بیر له‌ ده‌سته‌كه‌وته‌كانى ده‌كه‌نه‌وه‌..

كێ زووتر ته‌پڵى سه‌ركه‌وتن لێ ده‌دات؟

پارتی له‌م ماوه‌یه‌دا له‌رێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ هه‌ندێ جوڵه‌ی كرد، یه‌كێتی پێی نیگه‌ران بوو ئه‌وانیش: ناردنی دوو ملیار دینار بۆ رووداوه‌كه‌ی دهۆك، هه‌روه‌ها كڕینی 25 ئۆتۆمبێل بۆ پۆلیسی هه‌ولێر، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا یه‌كێتی ده‌یه‌وێ لە سلێمانی هەندێ‌ جوڵەی تایبەت بكات كە ئاماژەی سەركەوتنی حیزبی حوكمڕان و ئیدارەی شارەكە بێت.

هه‌ر دوێنێ له‌رێگه‌ی "ده‌زگای خێرخوازی مام" یه‌كێتی ئه‌وه‌ی راگه‌یاند: كه‌ به‌هاوكاری رێكخراوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ زانكۆی سلێمانی بۆ یه‌كه‌مین جار ده‌رمانێك دروستكراوه‌ كه‌ بۆ پشكنینی نه‌خۆشه‌كان گرنگ و پێویست بووه‌، د.سه‌باح هه‌ورامیش ئه‌مه‌ی زۆر به‌گرنگه‌وه‌ باس كرد.

 

هه‌روه‌ها هه‌ر دوێنێ داواكراوه‌ له‌ كۆمپانیای پایۆنێر كه‌ ده‌ست بكات به‌كاره‌كانی، چونكه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌ڵێنی دابوو كه‌ له‌ سلێمانی ئه‌و ده‌رمانانه‌ به‌رهه‌م بهێنێ كه‌ بۆ چارەسەری توشبوانی كۆرۆنا به‌كاردێن.

لە هەموو ئەم بابەتانەدا میدیاكانی یه‌كێتی گرنگی زۆری پێ ده‌ده‌ن و له‌به‌رامبه‌ردا میدیاكانی پارتی و نزیك له‌پارتی خۆیانی لێ دەبوێرن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ناكه‌ن.

 

،،

 ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، یه‌كێتى هێدى هێدى له‌به‌رگى موزایه‌ده‌ى سیاسیدا كۆنترۆڵكردنى ته‌واوى زۆنه‌كه‌ى به‌سه‌ر كۆرۆنادا راده‌گه‌یه‌نێت.

سیناریۆكانی داهاتوو لە سلێمانی چین؟

یه‌كه‌م: یه‌كێتی ده‌یه‌وێت هه‌رچۆنێك بووه‌ تاكو یه‌كی نیسان ئه‌گه‌ر بكرێت و ئه‌م دۆخه‌ ئاوا به‌رده‌وام بێت و ژماره‌ی توشبوان كه‌م بێت، ئه‌وا رۆژانه‌ مژدانه‌ی خۆشتر ده‌ده‌ن به‌ هاوڵاتیان و وا وێنای ده‌كه‌ن كه‌پێش هه‌ولێر كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌یان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ده‌بێت زۆر به‌وردی و حه‌كیمانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن گه‌رنا ژیانی هاوڵاتیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

ئه‌مه‌ش سیناریۆیه‌كى به‌هێزه‌ چونكه‌ رۆژانه‌ ئاماژه‌كانى ده‌رده‌كه‌ون، له‌ ئێستادا هه‌ولێر له‌ژماره‌ى توشبوان و به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌كه‌، رۆژانه‌ پێش سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌كه‌وێت.به‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كى پرسیار له‌سه‌ر دۆخه‌كه‌ داده‌نێت؟

 

دووه‌م: ره‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تی كۆرۆنا به‌رده‌وام له‌ناوچه‌كه‌دا بونی هه‌بێت و رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هه‌میشه‌ له‌سه‌ر خه‌ت بێت، له‌بری ئه‌وه‌ی فۆكه‌س بخرێته‌ سه‌ر سلێمانی و ناوه‌ندی شاره‌كه‌، یه‌كێتی هه‌وڵ ده‌دات سه‌حنه‌كه‌ بگۆڕێت بۆ قه‌زا یاخود پارێزگایه‌كی دیكه‌. كه‌ ئه‌مه‌ش دیار نییه‌، چۆن و به‌ چ رێگه‌یه‌ك ده‌كرێت.!؟ 

سێیه‌م: ره‌نگه‌ یه‌كێتی نه‌یه‌وێت بۆ هه‌موو شتێكی ئه‌منی له‌م كاته‌دا بگه‌رێته‌وه‌ بۆ وه‌زیره‌كه‌ی پارتی كه‌ وه‌زیری ناوخۆییه‌، به‌تایبه‌ت له‌ بابه‌تی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، بۆیه‌ دوای هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ له‌ سلێمانی، ره‌نگه‌ له‌ 1 نیسانه‌وه‌ ژیان له‌ سلێمانی تا راده‌یه‌ك ئاسایی بكه‌نه‌وه‌.

مانگێك له‌مه‌و‌پێش یه‌كه‌م حاڵه‌تى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ كوردستان تۆماركرا، تاكو ئه‌مرۆش به‌پێى كۆتا به‌یاننامه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ژماره‌ (30)، کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (١٢١) تووشبوو،  لەنێویاندا (٢) مردن هەیە و (٥١) نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان