بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکانیان

بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکانیان

571 خوێندراوەتەوە

عوسمانی حاجی مارف

بەڕێزان، مەترسی پانتایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بۆ هەموو لایەکمان ڕۆشنە و ڕووبەڕووبوونەوەی زۆر جددی دەخوازێت. جێگای داخە، کە شەپۆلی ئەم مەترسیە ناوچەکە و کوردستانیشی داگرتووە.

خۆشبەختانە تا ئێستا ژمارەی قوربانیەکان لە کوردستان بەو ڕادەیە نییە، کە وەک کارەساتێکی کۆمەڵایەتی تەماشای بکەین. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، کە مەترسی کارەساتی تەندروستی و کۆمەڵایەتی لەسەر ژیانی خەڵکی پارێزراوە و تێپەڕیوە! ئەوەی جێگای نیگەرانیە، سیستەمی تەندروستی کوردستان لەچەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی سیاسەتی سكهەڵگوشین و تایبەتیکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەرەدان بە خەستەخانە و کلینیکە ئەهلی و تایبەتەکان لەلایەن حکومەتەوە، لە هەلومەرجێکی نەگونجاو و نەخوازراودایە.

،،

توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەی نییە و ناتوانێت دڵنیایی بدات بە هاووڵاتیانی کوردستان، کە پارێزراو دەبن لە بەرانبەر ئەگەری ڕوودانی هەر کارەساتێکدا.

لەلایەکی دیکەوە خێرایی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و نەبوونی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسەکەش، چەند هێندە ئەم مەترسیە زیاتر دەکات. ئەوەی تا ئێستا حکومەتی هەرێم پێی هەستاوە، سیاسەتی کەرەنتینە و قەدەغەکردنی هاتۆچۆیە لە ناو شار و شارۆچکەکاندا، بەڵام ئەم سیاسەتە یەکلایەنەیە و ناتوانێت پێش بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ڕوودانی کارەساتی تەندروستی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی بگرێت.

بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر ڕووبەڕووی ئەم ڤایرۆسە و ئاکامە زیانبارەکانی لەسەر ژیانی خەڵک ببینەوە، پێویستە سەرەڕای جێبەجێکردنی سیاسەتی کەرەنتینەکردن و دورەپەرێزی کۆمەڵایەتی، هاوکات پێداویستیە پزیشکی و خۆپارێزیەکان و ژیان و گوزەران و پێداویستی هاوڵاتیان لەم بارۆدۆخەدا دابین بکرێت، کە بەهۆی سیاسەتی کەرەنتینەکردنەوە سەرچاوەی بژێویان لە دەستداوە، یاخود بێکارن و هیچ سەرچاوەیەکی گوزەرانیان نییە. جێگای سەرنج و ناڕەزایەتی جددیە، کە حکومەتی هەرێم کەمترین بایەخی بەم لایەنە داوە و تەنها پشتی بە هەندێ کۆمەکی دەوڵەمەندان و دەزگا خێرخوازیەکان بەستووە.

،،

ئەمەش دیسانەوە بووەتە موزایەدەکردنی سیاسی و قازانجپەرستانە لەسەر حسابی میحنەت و ئازارەکانی خەڵك.

دەمەوێت لەڕێگای ئەم یاداشتەوە سەرنجتان بۆ ترسناکی بارودۆخەکە ڕابکێشم.

ئەگەر حکومەت بە بەرپرسیارێتی خۆی هەڵنەستێت بەرانبەر بە پێداویستیەکانی هاووڵاتیانی کەمدەرامەت، ئەوا گومان لەوەدا نییە، کە خەڵك ناتوانێت بە سکی برسی خۆی لە هەڕەشەی ئەم ڤایرۆسە بپارێزێت و سیاسەتی کەرەنتینە هەڵدەوەشێنێتەوە. چونکە برسێتی خۆی و خێزان و منداڵەکانی بەرەو مەرگ پاڵ پێوەدەنێت!

بەڕەچاوکردنی ئەو دۆخەی ئاماژەمان پێکرد، ئەرکی حکومەتە کە دەستبەجێ هەنگاوبنێ بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوە:

١. تا ئێستا هەندێ کارگە کار بە کرێکارەکان دەکەن، ئەوەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانی تایبەت بە ڕێگری لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەیە. بۆیە دەبێت کارکردن لە هەموو ناوەندێکی کارکردندا ڕابگیرێت، بێجگە لەو شوێنانەی کە بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان پێویستە، ئەویش بەڕەچاوکردنی لایەنی زۆری تەندروستی و لە ژێر چاودێری لیژنەی تەندروستی تایبەتدا بێت.

٢ .نابێت حکومەتی هەرێم بە بیانوی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مووچەی کرێکاران و کارمەندان و سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەت دوابخات. دەبێت دەستبەجێ مووچەی هەموو مووچەخۆران بدرێت! هەروەها پێویستە حکومەت دەرماڵەی مەترسی گونجا و بۆ سەرجەم ئەو پزیشک، پەرستیار، کارمەند و کرێکارانە خەرج بکات، کە لەبواری ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا خزمەت دەکەن.

٣. نابێت ئەو کرێکار و فەرمانبەرانەی لە کەرتی تایبەتی و حکومیدا کاردەکەن و کارەکانیان ڕادوەستێت، مووچەکانیان ببڕدرێت یان کەم بکرێتەوە. دەبێت حکومەت بەپێی بەرنامەیەك لەگەڵ خاوەن کارەکان، بژێوی ژیانی ئەو کەسانە دابین بکەن، تا کاتی کۆتایی هاتنی بارودۆخەکە. نابێت هیچ کەسێك بەب یانوی ڕاگرتنی کارەوە لەسەر کارەکەی دەربکرێت و پێویستە دوای تەوابوونی ماوەی کەرەنتینەکردن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

٤. پێویستە حکومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکات بۆ دابینکردنی کەرەستە و ئامێری پزیشکی و دابەشکردنی هۆکارەکانی خۆپاراستن بە بێ بەرانبەر بەسەر هاووڵاتیاندا.

٥. پێویستە حکومەتی هەرێم باج و کرێی خزمەتگوزاریە حکومیەکان لەسەر هاووڵاتیانی کەمدەرامەت وەلابنێت بە مەبەستی ئاسانکردنی باری شانی هاووڵاتیان بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە نالەبار و سەختە.

٦. دەبێت حکومەتی هەرێم مەوادی خۆراکی بەپێی بەرنامەیەك و بە ڕەچاوکردنی ڕێکارە تەندروستیەکان لەڕێگای تیمە تایبەتەکانەوە بگەێنێتە ماڵان، بۆ ئەوەی خەڵک ناچار نەبن بۆ کڕینی شتومەک بێنە دەرەوە. هاوکات پێش بە گرانفرۆشی و تاڵانکردنی گیرفانی بەتاڵی هاووڵاتیان بگیرێت!

عوسمان حاجی مارف ــ سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان