ئەمریکا پلانی لەناوبردنی میلیشیاکان دادەڕێژێ

ئایا دەبێتە ھۆی کۆتایی ھاتنی ئێران لە عێراق؟

ئەمریکا پلانی لەناوبردنی میلیشیاکان دادەڕێژێ

634 خوێندراوەتەوە

وا پێدەچێت ئەمەریکا بە ڕژدی بیر لە ڕووبەروو بوونەوەی میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و کۆتاییهێنان به دەستەڵاتیان و لەناو بردنیان بکاتەوە، کشانەوەی ھێزەکانیشی لە بنکە سەربازیەکانی لە عێراق تەنیا هەنگاوێکی بەرچاو ڕوونیە بۆ ئەو پلانەی داهاتووی.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە واشنتۆن ڕابەرایەتی دەکات، کشانەوەی ھێزەکانی لە بنکەی سەربازی "K1” لە شاری کەرکووکی باکووری عێراق و ڕادەستکردنی کەلوپەلەکانی نێو بنکەکەی بە هێزە عێراقییەکان کە بەهاکەیان یەک ملیۆن دۆلارە راگەیاند. بنکەی "K1”، بەهۆی هەڵکەوتەی نزیکی لە پارێزگای نەینەوا، بنکەی سەرەکی سەرۆکایەتی ڕووبەروو بوونەوە و جەنگی دژی داعش بوو لەکاتی ئازاد کردنی شاری موسڵ، یەکەم بنکەش بوو کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن میلیشیاکانەوە بەئامانج گیران.

کەتیبەکانی میلیشیای ''حزب اللە''ی سەر بە ئێران لە کۆتاییەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بنکەکەیان بە ئامانج گرت و بووە ھۆی کوژرانی خانەنشینێکی ئەمریکی کە لە بنکەکە کاری دەکرد، واشنتۆنیش لە وەڵامدا هەڵسا بە هێرشێکی ئاسمانی لە سەرەتاکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا. هێرشەکەی ئەمریکا لە ڕۆژی ٣ی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی.

لەدوای ئەو هێرشەوە بە ئامانج گرتنی ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە لە عێراق هەر لە بنکە سەربازیەکان لە پارێزگا جیاوازەکانەوە تا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوز چڕ بوونەوە، بەبێ ئەوەی حکومەتی عێراق هیچ ڕێکارێک بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشانە بگرێتە بەر. سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، چەند شیکردنەوەیەک لەو بارەوە دەکرێت، لەنێویاندا بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و لەبەرچاوگرتنی هێرشی پێشبینیکراوی میلیشیاکانی ئێران بۆ سەر ئەم هێزە ئەمریکیانە.

،،

لەم دواییانەدا سیناریۆی سێیەمیش دەرکەوت کە ئەمریکا هێزەکانی کشاندەوە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، کە میلیشیاکانن

 ئەوەش بە ئامانجی لەناو بردنیان، کشانەوەکەش بۆ پاراستنی ئەو هێزانەیە لە مەترسی لە ئەگەری بە ئامانج گرتنی میلیشیاکان. ڕۆژنامەی " ئۆرشەلیم پۆست" جەختی لەو سیناریۆیە کردەوە کاتێک رایگەیاند کە «ئەمریکا لەلایەک و ئێران و میلیشیاکانی لەلایەکی دیکەوە، ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێی ناکۆکی دەکەن لە عێراق، ئەوەش دوای ساڵێک لە گرژی بەردەوام و هێرشی مووشەکی لەلایەن هەردوو لایەنەوە».

رۆژنامە ئیسرائیلیەکە دۆخی هەنووکەیی عێراقی لە ناکۆکییەکان بە « دوو زۆرانباز لەناو گۆڕەپان، کە هەردوولا لە چاوەڕوانی ڕووداوەکانی گەڕی داهاتوون» چواند و دەڵێت کە « واشنتۆن پلانی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر کەتیبەی میلیشیاکان داڕشتووە». ڕۆژنامەکە ڕایدەگەیەنێت کە « ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە پلانەکەیان داڕشتووە»، ڕاشیدەگەیەنێت کە « ئەمریکا هێزەکانی لە شوێنە مەترسی لێکراوەکان لە بنکەی ''القائم'' کشاندەوە، ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی مەترسیەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی هێرشی پێشبینیکراوەکان لەلایەن میلیشیاکانەوە لە ئەگەری ڕوودانی بارگرژی».

"ئۆرشەلیم پۆست" ئاماژە بەوە دەکات کە « هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە ژمارەیان دەگاتە ٥ هەزار سەرباز، بەس نین بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان دژی ئەو میلیشیایانەی کە ژمارەی سەربازەکانی دەگاتە نزیکەی ١٠٠ هەزار سەرباز، بۆیە شوێنی هێزەکانی گۆڕی تا بتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە». شیکردنەوەکانی رۆژنامە ئیسرائیلیەکە دوو رۆژ دوای راپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی دێت کە ڕاگەیاندبوو پنتاگۆن (پێگەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا) پلان دادەڕێژێ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، کە لەو وڵاتەدا بەبێ ھیچ ڕێگریەک هێزەکانی ئەمریکا بە ئامانج دەگرن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کرد کە مارک ئیسپێر، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕێگەی داوە بە داڕشتنی پلانێک بۆ ''هەڵمەتێکی نوێ لە ناوەوەی عێراق'' کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەستکراوە دەکات ئەگەر میلیشیاکان هێرشیان ئەنجام دا.

"نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتەکەیدا ئاشکراشی کرد کە « پنتاگۆن پلانە نهێنیەکەی خۆی خستەڕوو ئەنجامدانی جەنگ دژی ئەو میلیشیایانەی عێراق کە ئێران پشتیوانیان دەکات، هەندێ لە سەرکردەکانیش دژی پلانەکە بوون و داوای رووبەروو بوونەوەی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران کرد».

"نیویۆرک تایمز" راشیدەگەیەنێت کە « بە فەرمانێکی ئیداری کە هەفتەی رابردوو دەری کردووە، پنتاگۆن فەرمانی بە فەرماندەکانی سوپا داوە بە داڕشتنی پلانی ڕووبەروو بوونەوەیەکی لەرێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیەوە لە عێراقدا کە فەرمانی ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەکات بۆ لەناوبردنی میلیشیاکان بەشێوەیەکی یەکجارەکی».

لەکۆتایی راپۆرتەکەیدا، ڕۆژنامەکە لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکیەوە ڕادەیگەیەنێت کە لەو کۆبوونەوەیەی کە لە کۆشکی سپی بەڕێوە چوو، ترەمپ بڕیاری لەسەر هیچ هێرشێک نەدا

،،

بەڵام فەرمانی دا بە بەردەوامی دان بە داڕشتنی پلان بۆ رووبەروو بوونەوەی میلیشیاکان.

بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەکە، ئەمریکا بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی شوێنەکانیان هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە و باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و کونسوڵخانەکەشی لە هەولێر چۆڵکرد، داواشی لە کارمەندانی کرد زووترین بلیتی گەشتی بازرگانی دەست بخەن و بگەڕێنەوە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

سەرچاوە: پێگەی الحل وەرگێڕانی: محەمەد ڕەحمان