پارەتان نییە یا ویژدان؟

پارەتان نییە یا ویژدان؟

612 خوێندراوەتەوە

موچە، سەرەتاییترین مافی خەڵکی کوردستانە دەبێ پارێزراو بێ، لەبری ئەوەی دیسان دەست ببەن بۆ قوتی خەڵک کاتی ئەوەیە دەستبکەن بەگیرفانی خۆتاندا.

٢٩ ساڵە کۆیدەکەنەوە، بەشی ۳ مانگ بێننەوە:

لە ماوەی بیست و نۆ ساڵی حوکمڕانی ئێوەدا، بە تایبەتیش دوای رووخانی صەدام خێر و بێر و داهاتی هەرێم بەشە هەرە زۆرەکەی بۆ ئێوە و کەمەکەیتان بۆ خەڵک و هەرێم سەرفکردوە، هەمو شەڕ و ئەزمە و گرفتێکتان بۆ بەرژەوەندی خۆتان قۆستۆتەوە، لە ناو مەترسیدارترین دۆخدا ئێوە خەریکی پەیداکردنی پارە بون بۆنمونە بازرگانیتان لەگەڵ داعش.

،،

چەندین ساڵە داهاتی ژێر زەوی و سەرزەوی هەرێم هی ئێوەیە،هیچ کاسبی و بازرگانیەک نیە ئێوە قۆرغتان نەکردبێت یا شەریک نەبن تیایدا!

ئەوە بۆچی کە خێر و بێری هەرێم لە ڕژانە و زۆرە دەبێ بۆ ئێوە بێ و کە ئەزمەیەک دێ دەبێ لەسەر شانی فەرمانبەر و خەڵکی کاسب و بێکار بێ؟!

مەعقولە دوای سیستمی پاشەکەوت کە ملیۆنان دیناری مافی خەڵک بوو زەوتتان کرد، هێشتا ڕوتان هەبێ و لاتان شەرم نەبێ بیر لە دەسکاری موچەی خەڵک بکەنەوە؟!

ئێوە دەڵێن؛حکومەت لەم دۆخەی کۆرۆنادا داهاتی کەمیکردوە و نرخی نەوت دابەزیوە بۆیە دەبێ هەمو هاوکارمان بن لە تێپەراندنی؟! سەیرە دەتوانن وا بڵێن ئێوە لەو کاتەی داهات و بودجەی هەرێم ملیاران دۆلار بو نرخی نەوت بەرزبو تەنها خۆتان لەبیر بو،کە نامێنێ یا کەمدەکا دەبێ خەڵک باجەکەی بدا؟! ئەوە چ لۆژیکێکی حوکمڕانیە؟!

لەم کۆرۆنایەدا، حکومەتەکان،کۆمپانیاکان،تەنانەت یانە وەرزشیەکان باری گرانی ئەو ئەزمەیەیان خستۆتە سەر شانی خۆیان نەک هاوڵاتی و بەشدار و کارمەندەکانیان کەچی لە هەرێمدا پێچەوانەیە.

ئەوە بۆچی بۆ ڤێللا لە ئەمریکا و فرۆکەی تایبەت و دەزگای زەبەلاحی میدیایی پارە هەیە بۆ موچەی خەڵک نیە؟!

بۆ ئەو ئەزمەیە دەتوانن پارە لەو شوێنانە بۆ موچە دەستبخەن:

ئێوە خۆتان لەکەناڵەکانتانەوە بە شانازیەوە دەڵێن؛ بە هۆی سیاسەتی حەکیمانەی حکومەتە(بەهێزەکەمانەوە!)،هەرێمی کوردستان سەدان ملێۆنێری دۆلاری تێدایە!؟دەی با جارێک ئەزمەکە لەسەرشانی ئەوانە بێت کە بازرگانیان بەگشتی لە نەوت و پەیوەندیەکانەوە،تا دوگ و هێلکە قۆرغکردوە،ئەوانەی ئێوە سەرزەوی و ژێرزەوی هەرێمتان خستۆتە خزمەتیان.

با ئەم چەند مانگە یەکی چەند ملێۆنێ دۆلار لەو سەدان ملیۆنە بێننەوە کە لەسەر حسابی ژیانی خەلکی هەرێم دەستیانخستوە.ئەو ملێۆنێرە هەڵتۆقیوانەی حزب با یەکی چەند ملێۆنێ دۆلار بێننەوە بۆ موچە.

ئەوانەی ئێوە خێری ئەم هەرێمەتان بەسەردا رشتون، هەر لە خۆتانن، خێزان و بنەماڵە و کەسوکار و نزیکەکانتانن،خۆ کوفر نابێت،جارێک لەبری فەرمانبەر ئەو نزیکانەتان باجەکەی بدەن.

یا ڤێلاکانی ئەمریکا و ئەوروپا و تەلارەکانی خلیجتان بفرۆشن،یا بەشێک لەو ملێۆنانەی بانکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئیمارات بێننەوە،یا پارەی ئەو خانو و ڤێلا و باخ و زەویانەی کە موڵکی میریی بون و دوای راپەرین لەسەر خۆتان تاپۆکرد بدەنەوە.

یا هەرنا وەک مەکتەب سیاسیەکانتان دانیان پێدادەنا، پارەی ژێرزەمینەکانی ئێرەتان بێننەوە سەرزەمین و لەو ئەزمەیەدا بیدەن بە موچە و ئامێر و دەرمان بۆ تەندروستی خەڵک.

،،

پارەکانتان،تەلار و ڤێلاکانتان،مارکێت و ژمارە حسابیەکانتان،ملێۆنان و ملیاردەکانتان هی ئارەقەی ناوچاوانتان نیە هی خەڵکی کوردستانە،ئێستا کاتیەتی لەبری دەسکاری موچە بەشێک لەو پارانە بێننەوە.

دەزانن بۆ زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێم گوێ بەوە نادەن کە دەڵێن ئەزمەیە و داهات نیە،چونکە وەک ناوی خۆیان لەوە دڵنیان لای ئێوە قەیرانی ویژدان هەیە نەک پارە!

ئەگەر قەیرانی ویژدانتان نەبوایە لانیکەم بەشێکی کەمی ئەو پارەیەی سەرحسابی خەڵکی کوردستان بردوتانە دەتانهێنایەوە و تاکە یەکجار دەتانسەلماند شایستەی حوکمڕانین.

هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران