ڕەنگە پێش کۆرۆنا، ئەمەریکا میلیشیا شیعەکانی عێراق یەکلایی بکاتەوە

ڕەنگە پێش کۆرۆنا، ئەمەریکا میلیشیا شیعەکانی عێراق یەکلایی بکاتەوە

536 خوێندراوەتەوە

هەردی ئەنوەر ــ ئەمەریکا

لەدوای ئەوەی بە فەرمانی پەنتاگۆن هێزەکانی ئەمەریکا ئەو بارەگاو بنکانەیان لە عێراق چۆڵکرد کە نەیاندەتوانی خۆیانی بە باشی تێدا بپارێزن، ئێستا لە هەندێک بنکەو بارەگایتر جێگیر بوون، کە وەکو خۆیان دەڵێن جێگە نوێیەکانیان باشترو سەلامەتترە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان.

،،

پرۆسەی جێگۆڕکێ و هێنانی سیستەمی دژە مووشەک و دانانی لە بنکەی عەین ئەسەدو هەولێر، ترس و قەلەقی زیاتری بۆ گرووپ و میلیشیا شیعییەکان دروستکردووەو لەوە دڵنیابوونەتەوە کە چیتر ناتوانن شەڕی دور مەوداو لاوەکی لەگەڵ ئەمەریکادا بکەن.

هاوکات ئێرانیش کە سەرچاوەی ماددی و رۆحی و ئیداری و سیاسی ئەم گرووپانەیە لە کۆن و ئێستادا کە زیاتر لە ١٦ میلیار دۆلاری لە دروستکردن و ڕێکخستنیاندا تا ئێستا خەرجکردووە، زیاتر نیگەرانە بەم گۆڕانکارییە نوێیانەی ئەمریکاو بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقی ناو دەبات. لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا " ئیسماعیل قائانی" جێگرەوەی قاسم سولەیمانی، زیاد لە سێجار سەردانی عێراقی کردووەو گلەیی و ناڕەزایی خۆیان و وڵاتەکەیانی داوە بە گوێی دەستەڵاتدارانی شیعە لە حکومەت و هاوکات سەرزەنشتی گروپە شیعییە چەکدارەکانی کردوەو بەوە تاوانباریکردوون کە یەکگرتوونین و نەیان توانیوە سوپای ئەمریکا ناچار بە کشانەوە بکەن، هاوکات بە ڕوونی هەڵووێستی وڵاتەکەیانی بۆ باسکردوون بەرامبەر بە عدنان زورفی و بە بەکرێگیراوی ئەمەریکاو سیخوڕی " سی ئای ئەی"ی ئەمەریکی ناوی بردووە.

ئێستا لە هەمووکات زیاتر ئەمەریکا دەستی باڵاترە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو گرووپە شیعییانەی کە دژایەتی مانەوەی ئەمەریکا دەکەن لە عێراق و لیرەو لەوێ مەترسی سەربازی و موشەک هاویشتنیان هەبووە لە کۆندا، چونکە بە پێی تازەترین سەرچاوەکان ئەو گرووپانە دابەشبوون و جیاوازی لە بۆچوونیاندا دروستبووە بەرانبەر بە دەستێوەردانی ئیران لە وڵاتەکەیانداو هاوکات بە پێی ڕاپرسییەک کە پەیمانگایەکی سەربەخۆی عێراقی بۆ کاروباری ئیداری و کۆمەڵگای مەدەنی ئەنجامیداوە، ئەوە دەردەخات کە جیاواز لە ساڵی ٢٠٠٤ لە ئێستادا تەنها لەسەدا ١٥ی شیعەکانی عێراق پێیانوایە ئێران دلسۆزی وڵاتەکەیانەو بە هاوپەیمانێکی ڕاستگۆی دەزانن.

لەگەڵ ئەوەی ئێران بە تەواوەتی دژایەتی خۆی بۆ " عەدنان زورفی" کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەربڕیوەو بە نوێنەری زۆرینەی عێراقی نازانن، بەڵكو وەک بەکرێگیراوێکی ئەمەریکی دەیناسێنن، هاوکات بە بڕوای بەشێک لە شارەزایانی سیاسی سەرۆک وەزیران توانیوویەتی بەباشی هاوسەنگی ڕاگرێت لەهەڵوێستی خۆی بۆ دژایەتیکردنی دەستێوەردانی ئێران لە ناوخۆی عێراق و هاوکات وەک دراوسێ و بەدەمەوە هاتن پشتیوانی خۆی دەربڕیوە بۆ هاوکاری پزیشکی بۆ وڵاتی ئێران و لە تازەترین پەیامی خۆیدا داوای کردووە وڵاتان هاوکاری ئێران بکەن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا!

لەسەرەتای مانگی چوارداو بە نوێنەرایەتی هەشت گروپ لە گروپە شیعییەکانی عێراق، بەیاننامەیەک بڵاو کرایەوە کە دژایەتی خۆیان بۆ هەڵوێست وەرنەگرتنی سەرۆک وەزیرانی نوێ بۆ ڕێگە نەگرتن لە ئەمریکا لە ‌هێنانی سیستەمی دژە موشەکی بە بێ رەزامەندی عێراق و مانەوەی هێزەکانیان لەوڵاتەکەیان، هەر لەو بەیاننامەیەدا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمەریکا تەنها زمانی جەنگ دەناسێت و ئێمەش ئامادەین بۆ ئەوجەنگە تا ناچار بە جێهشتنی دەکەین لە وڵاتەکەمان و وڵاتانای عەرەبی بە گشتی، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەریەک لە هاوپەیمانی سائیروون بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی نەصر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی تا ڕادەیەک پشتیوانی خۆیان بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێ پیشانداوەو زۆر ناکۆکنین لەگەڵی!

،،

تەواوی ئەم گۆڕانکاری و هەڕەشانە لە کاتێکدایە کە لەچەند هەفتەی ڕابردوودا کۆشکی سپی پەنتاگۆنی دەستکراوەتر کرد بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەو مەترسییەک لەلایەن هەر گروپ و لایەنێکەوەبێت لە عێراق

هاوکات جەختیان لە مانەوەی هێزەکانیان کردەوە لەو وڵاتەو حکومەتی تارانیان لەوە ئاگادار کردەوە کە گورزی جەرگبڕیان دەبێت بۆ هەر جوڵەیەک کە ئەوان لە پشتیەوەبن!

هەندێک لەشارەزایان باس لەوە دەکەن پیشاندانی پشتیوانی ئەمەریکییەکان بۆ دەستپێکی کارو هەڵوێستەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و تۆکمەکردنەوەی هێز و بنکە سەربازییەکانی خۆیان لەو وڵاتەداو، کەمی پشتیوانی ڕایگشتی عێراقییەکان بۆ دەستێوەردانی تاران لە نێوخۆی بەغداد و خراپی باری ئابوری ئێران و کوشتنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس و ڕشدبوونی ئەمەریکا لەسەر مانەوە لە عێراقداو تەقاندنەوەی چەندین بنکەو جبەخانەی ئەو گروپانە لە ماوەکانی پێشوودا، گرووپە شیعییەکانی سەر بە ئێران ناچار بە خۆ تەسفییەکردن دەکات بە زوویی. مانەوەی ئەم گروپانە بۆ هەناوی عێراق وەک ڕیخۆڵە کوێرەیان لێهاتووە لە ئەگەری هەر ئازار و مەترسییەکدا ئەمەریکا ئامادەی ئەنجامدانی عەمەلیات و دەر‌هێنانیانە لە چوارچێوەی سوپای فەرمی عێراقدا.