بۆچی دووباره‌ باس له‌ كاندید كردنی كازمی ده‌كرێت؟

بۆچی دووباره‌ باس له‌ كاندید كردنی كازمی ده‌كرێت؟

707 خوێندراوەتەوە

هه‌رچه‌نده‌ عه‌دنان زورفی به‌ فه‌رمی كاندیدكراوه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ تێپه‌ڕ بوونی حكومه‌ته‌كه‌ی به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا باس له‌ كاندیدكردنی موسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كرێت.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی ئاشكرایان كرد، چه‌ند هۆكارێك هه‌یه‌ كه‌ وایكردووه‌ چه‌ند فراكسیۆنێكی په‌رله‌مانی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كاندید كردنی موسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌بری زورفی بكرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ قسه‌ی بۆ كه‌ناڵی (الحره‌) كردووه‌، ده‌ڵێت:" ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ عه‌مار ئه‌لحكیم سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌ و هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح و حه‌سه‌ن ئه‌لسنید نوێنه‌ری هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی كۆبوونه‌ته‌وه‌، ئامانج له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ كازمی له‌ بری زورفی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كاندید بكرێت".

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ هاوپه‌یمانێتی فه‌تح، هۆكاری ناڕازی بوونی فراكسیۆنه‌كانی له‌ كاندید كردنی زورفی ئاشكرا كرد و ڕایگه‌یاند، زورفی له‌سه‌ر لایه‌نێك حسابه‌، كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ به‌شێكه‌ له‌ ناكۆكیه‌كان، وتیشی:" ئه‌مەریكا به‌و په‌ڕی هێزه‌وه‌ پشتگیری زورفی ده‌كات، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ وڵات به‌ره‌و جه‌نگی ناوخۆی په‌لكێش بكات".

،،

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌ ناچاری به‌ كاندید كردنی كازمی ڕازی بوون، چونكه‌ كازمی سور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت چه‌ك ته‌نها به‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت

كه‌ مه‌به‌ستی چه‌ككردنی میلیشیا شیعه‌كانی نزیك له‌ ئێران بوو، ئه‌مه‌ش وایكردبوو كه‌ هه‌ر ئه‌م لایه‌نانه‌ به‌ كاندید بوونی ڕازی نه‌بن. ئێستا ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌ كاند بوونی كازمی ڕازین، چونكه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی فراوان و هاوسه‌نگی له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئێراندا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی باشه‌ كه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئارامی بڕوات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن كورد و سونه‌شه‌وه‌ قبوڵ كراوه‌.

ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌:

باڵی سیاسی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح داوایكردووه‌ كه‌ واژوو له‌سه‌ر كاندید كردنی كازمی بكرێت، به‌ڵام باڵی سه‌ربازییه‌كه‌ی ڕه‌تیان كردۆته‌وه‌ ئه‌وانیش واژوو بكه‌ن و ڕایانگه‌یاندووه‌ واژووی هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ به‌سه‌ بۆ ڕازی بوون له‌سه‌ری.

هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی یاساش ڕازیبووه‌ كه‌ موسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كاندید بكرێت، به‌مه‌رجێك ڕه‌زامه‌ندی لایه‌نه‌كانی دیكه‌شی له‌سه‌ر بێت، هه‌روه‌ها ڕه‌وتی سه‌دریش به‌سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار نه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌مان بۆچوونی ده‌وڵه‌تی یاسای هه‌بووه‌، به‌ڵام ڕه‌وتی حیكمه‌ بێ هیچ مه‌رجێك ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كازمی ده‌ربڕیوه‌.

هه‌رچی په‌یوه‌ست به‌ هاوپه‌یمانێتی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، كه‌ زورفی سه‌ر به‌هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی خۆیانه‌، ڕه‌تی كردۆته‌وه‌ به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بكات، هه‌روه‌ها ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌شی ره‌تكردۆته‌وه‌

،،

چونكه‌ پێیانوایه‌ كاندیده‌كه‌یان توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كابینه‌ی له‌ په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنێت.

له‌ كۆتایشدا سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری ڕایگه‌یاند، كازمی به‌ تێروانینێكی ئه‌خلاقی سه‌یری ئه‌و پرسه‌ ده‌كات، چونكه‌ پێیوایه‌ ناكرێت و شیاو نیه‌، خۆی كاندید بكات، له‌كاتێكدا كه‌سێكی دیكه‌ كاندیده‌ و نه‌كشاوه‌ته‌وه‌.

موسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری له‌ ساڵی 1967 له‌ به‌غداد له‌ دایك بووه‌ و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسه‌ له‌ بواری یاسادا، هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تی سه‌ددام حوسێندا له‌ كاتی ئۆپۆزسیۆن بوونیدا،چه‌ندین وڵاتی ئه‌وروپای كردووه‌، له‌ ساڵی 2006ه‌وه‌ سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقه‌.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی