ترامپ سیفەتى سەرۆکایەتى تێدا نییە

ئالان تۆرین: په‌نجا ساڵى ڕابردوو، لە ناو جیهانى ئەمه‌ریکادا ژیاوین، بەڵام ئێستا، ڕەنگە لە جیهانى چینیدا بژین

ترامپ سیفەتى سەرۆکایەتى تێدا نییە

2038 خوێندراوەتەوە

لە عەرەبییەوە: ئەیوب حەسەن

بیرمه‌ندو كۆمه‌ڵناسى گه‌وره‌ى فه‌ره‌نسى ده‌ڵێت، باوەڕم وەهایە کە پەنجا ساڵى ڕابردوو، ئێمە لە ناو جیهانى ئەمه‌ریکادا ژیاوین [ئەمریکا باڵادەستبوو]. بەڵام ئێستا، ڕەنگە لە جیهانى چینیدا بژین، بەڵام بەتەواوەتى لەمە دڵنیا نییم، ئه‌و بیرمه‌نه‌ له‌م دیداره‌ ده‌شڵێت:" هەرگیز ئەوە ڕووى نەداوە کەسیکى ڕەفتار نامۆى وەک دۆناڵد ترامپ ببێتە سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ترامپ هەندێک شتى کەم نەبێت، سیفەتى سەرۆکایەتى تێدا نییە، کەسایەتییەکە لەدەرەوەى یاسا و پێوەرەکان، هەروەها لەدەرەوەى ئەو ڕۆڵەیە کە پێویستە سەرۆکى دەوڵەتێک بیگێڕێت.

مارك باسیتس: بە گوێرەى قسەکانی ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا و پیدرۆ سانشیزی سەرۆک وەزیرانى ئیسپانیا، ئێمە لە جەنگداین، ئایا ئەمە ڕاستە؟
ئالان تۆرین: بە شێوەیەکی تەکنۆلۆژی، جەنگ بە ماناى پێکدادانى نێوان سوپاى [A] دێت لەگەڵ ئەو سوپایەدا کە هێرشى کردۆتە سەر خاکى سوپاى [B]. ئەم حاڵەتەى ئێمە ئەو دو ڕەگەزەى کەمە، هەروەها جەنگ لە نێوان مرۆڤدا ڕوو دەدات. ئەوەى کە ئەمڕۆ ئێمە لە ناویدا دەژین پێکدادانى نێوان مرۆڤ و نامرۆڤە. دژى بەکارهێنانى دەستەواژەى جەنگ نییم، بەڵام ئەمە جەنگێکە بەبێ جەنگاوەر. هەروەها ستراتیژییەکیش نییە، ڤایرۆسەکەیش سەرۆک وەزیران نییە. لە ڕەهەندى مرۆییەوە، باوەڕم وەهایە کە ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە ئەو دو کارەکتەرەى تێدا نییە.


مارك باسیتس: مەبەستت چییە لەوەى کە جیهان ئەو دوو کارەکتەرەى تێدا نییە؟
ئالان تۆرین: هەرگیز ئەوە ڕووى نەداوە کەسیکى ڕەفتار نامۆى وەک دۆناڵد ترامپ ببێتە سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ترامپ هەندێک شتى کەم نەبێت، سیفەتى سەرۆکایەتى تێدا نییە. کەسایەتییەکە لەدەرەوەى یاسا و پێوەرەکان، هەروەها لەدەرەوەى ئەو ڕۆڵەیە کە پێویستە سەرۆکى دەوڵەتێک بیگێڕێت. ئەمە بەتەنها سوتفەیەکى تەواو نییە، بەڵکو شتێکە کە مشتومڕ هەڵناگرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ڕۆڵى سەرکردایەتى جیهانى پاشەکشەى کردووە. لە ئەوروپایشدا، ئەگەر بگەڕێیت بۆ بەهێزترین دەوڵەتەکان، ئەوا هیچ دەوڵەتێک نادۆزیتەوە.


مارك باسیتس: لە خوارەوەیش؟
ئالان تۆرین: بزووتنەوەى جەماوەرى بوونى نییە، هەموو ئەمانە داڕمانى ئەو شتانەیە کە لە ناو کۆمەڵگاى پیشەسازییدا مانا درووست دەکات. ئەمڕۆ نە بزووتنەوەى کرێکارى، نە چالاکوانى کۆمەڵایەتى، نە سیاسى، نە ئەنتەرناسیۆنالیست، نە چینایەتى بوونیان نییە. لەبەرئەمە، هەموو ئەوانەى کە ڕوو دەدەن پێچەوانەى جەنگە. لەلایەکەوە میکانیزمى بایلۆژیمان هەیە و، لە لایەکى دیکەشەوە، هەندێک کەس و کۆمەڵەمان هەیە بەڵام بەبێ فیکر، بەبێ سەرکردە، بەبێ مەبەست، بەبێ ستراتیژى و بەبێ زمان، ئەوانە بێدەنگن.


مارك باسیتس: دوای ئەو هەموو تەمەن و ئەزموونە، ئایا هیچ ماوەیەکی ژیانی خۆتت لەبیرە کە هاوشێوەی ئەم ڕۆژگارە بێت کە تێیدا دەژین؟
ئالان تۆرین: ڕەنگە هەمان هەستی ئێستا، لەسەردەمی قەیرانی ئابووری ساڵی ١٩٢٩دا هەبوو بێت. من پێش[ئەو قەیرانە] لە دایکبووم، ئەتوانم بڵێم: هەموو شتێک دیارنەمابوو، هیچ کاراکتەرێک لە مەیدانەکەدا نەبوو، نە چەپ و نە حکوومەتەکان. هیتلەر بەخێرای ئەو بۆشاییەی پڕکردەوە، بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ [تووشی] سەرسوڕمانی کردووم، بەو پێیەی کە سۆسۆلیشت و مێژوونووسم، ماوەیەکى زۆرە، هەر لە ساڵى ١٩٢٩وە هەستم بەو بۆشاییەى ئێستا نەکردووە. لە ڕاستییدا دو کاراکتەر ئامادەگییان نییە، مانا، فیکر هەتاوەکو گرنگیدانیش نائامادەن؛ ئەوەى کە ڕوونە ئەوەیە کە ڤایرۆسى کۆرۆنا، کەسە بەتەمەنەکان دەکاتە ئامانج. هەتاوەکو ئەم کاتژمێرەیش نە چارەسەر هەیە و نە ڤاکسینیش. هیچ چەکێکمان بەدەستەوە نییە، دەستەکانمان بەتاڵە و، ئێمە زیندانین، گۆشەگیرین...وێرانبووین. پێویستە لەسەرمان پەیوەندى بە یەکترەوە نەکەین، لەسەروو ئەمەیشەوە پێویستە لەسەرمان پەیوەست بین بەماڵەوە. ئەمە جەنگ نییە!


مارك باسیتس: ساڵى ١٩٤٠ تۆ تەمەنت چواردە ساڵان بوو، ئەو کاتەیش سەرەتاى جەنگێکى ڕاستەقینە بوو، جەنگى جیهانى دووەم، کاتێ ئێستا ئەو سەردەمەت بیردەخاتەوە؟
ئالان تۆرین: نەخێر، ئەو ماوەیە بە نیسبەت مێردمنداڵێکى فەڕەنس هاوتەمەنى من، هیچ شتێک لە جەنگی فەڕەنسا/ئەڵمانیا خراپتر نەبوو. لەڕاستییدا، چەند جارێک کەوتمە ناو ئەو بارودۆخەوە. دواتریش ماوەى داگیرکارى ئەڵمانیا کاریگەرى لەسەر گەنجێتیم هەبوو. ئەوەى ئەمڕۆ ڕوودەدات، شتێکى دیکەیە و هیچ بوارێکیشى تێدا نییە تاوەکوو بە جەنگى جیهانى دووەم بەراورد بکرێت؛ ئێمە لە بۆشاییداین، بچووک دەبینەوە بۆ ناشت (لاشی‌و). ئێمە قسە ناکەین، نا جوڵێین، زیاتر لەمە تێناگەین چی دەگوزەرێت.

بەهۆى ئەوەى کە [ڤایرۆسەکە] هاتوەتە ناو گفتوگۆى گشتییەوە، لە فەڕەنسا و وڵاتانى دیکەى ئەوروپا وەک ئیسپانیا، ئەمریکاى لاتین بووە بە سەرچاوەى ئەوەى کە لە فەڕەنسادا پێی دەڵێن چەپى دوەم، کە تایبەتمەندییەکى دیموکراتى کۆمەڵایەتى و ئەنتى دیکتاتۆرى هەیە. هەروەک ئەوەى کە یەکێک لە ڕۆشنبیرە بیانییەکان گوزارشتى لێکردووە. ئەو [ڕۆشنبیرە] خەڵاتى شازادە ئاستوریاسى بۆ پەیوەندییەکان و زانستى مرۆڤایەتى لە ساڵى ٢٠١٠دا پێبەخشراوە. ئەو خەڵاتە یەکێکە لە گرنگترین ئەو خەڵاتانەى کە لە ئیسپانیا و ئەوروپا و ئەمریکاى لاتین هەیە.


مارك باسیتس: چۆن گەیشتین بە ئەمڕۆ؟
ئالان تۆرین: ئێمە لە دوو سەدەى مەزندا، لە ناو کۆمەڵگاى پیشەسازییدا ژیاوین، لە جیهانێکدا کە ڕۆژئاوا بۆماوەى ٥٠٠ ساڵ کۆنتڕۆڵى کردبوو. باوەڕم وەهایە کە پەنجا ساڵى ڕابردوو، ئێمە لە ناو جیهانى ئەمریکادا ژیاوین [ئەمریکا باڵادەستبوو]. بەڵام ئێستا، ڕەنگە لە جیهانى چینیدا بژین، بەڵام بەتەواوەتى لەمە دڵنیا نییم. ئەمریکا نوقم دەبێت، چینیش لە بارودۆخێکى لێکدژدایەو ناتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت. چین دەیەوێت مومارەسەى هەمەگیرى (الشمولیه‌) ماوى بکات، ئەویش لە پێناوى بەڕێوەبردنى جیهانى سەرمایەدارییدا. ئێمە لە هیچ شوێنێکدا نین، بەڵکوو لەناو پڕۆسەیەکى گواستنەوەى وەحشیگەرانەداین کە نە ئامادەکارى بۆ کراوە و نە هیچ بیریارێکیشى تێدایە.

مارك باسیتس: ئایا تۆ قسە لەسەر کاتى ئێستا دەکەیت، لەسەر سەروبەندى کەرەنتینە، یاخود بەشێوەیەکى گشتى قسە لەسەر سەردەمەکە دەکەیت؟
ئالان تۆرین: پێکەوە قسە لەسەر هەردوو کاتەکە دەکەم، بەڵام دەمەوێت تێڕوانینى کەسێکى زیندانیکراو نیشان بدەم. بەشێوەیەکى تایبەت من خۆم لە ناشوێندا دەدۆزمەوە، مافى ئەوەیشم نییە بچەمە دەرەوە بۆ شەقامەکان.


مارك باسیتس: ئایا ئەم بارودۆخە بێزارى نەکردوویت؟
ئالان تۆرین: نەخێر، لەبەرئەوەى کارکردن لە ماڵەوە، سیمایەکى تایبەتى ژیانم بووە، هەندێکجار، هەستەکەم لەژێر هەمان بارودۆخدا پارێزراوم کە ڕاهاتبووم ژیانى ئاسایی و ژیانى ڕۆژانەى تێدا بەسەر بەرم.


مارك باسیتس: ئەوروپا لەکوێی ئەم هەموو شتانەدایە؟
ئالان تۆرین: ئایا تۆ لەم ڕۆژانەدا گوێت لە پەیامى ئەوروپا بووە؟ بەشێوەیەکى تایبەت من گوێم لە هیچ شتێک نەبووە. من بەڕەچەڵەک ئەوروپییم. بەڵام پێویستە دان بەوەدا بنێم دەرچوونى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا شتێکى ئاسایی نەبوو. هەمان شتیش بەنیسبەت سەرکەوتنى نالیبڕاڵیەکانەوە (ئەنتى-لیبڕاڵ) وەک مایتۆ سالفینی لە ئیتاڵیا دەڵێم. ئێمە نازانین چۆن و بۆچى ئەم ڤایرۆسە لەم کاتەدا هات؟ هێشتا زووە تا بزانین پێویستە لە ڕووى ئابوورى و سیاسییەوە چى بکرێت. تا ئێستا داواى هیچمان لێ نەکراوە، جگە لە مانەوە لە ماڵەوە. ئێمە لە [دۆخى] ناماناییداین، باوەڕم وەهایە کە زۆرینەى خەڵکى بەهۆى نائامادەى ماناوە شێت ببن.


مارك باسیتس: ئایا ناسیۆنالیس و پۆپۆلیزم دەگەڕێتەوە؟
ئالان تۆرین: لە ڕاستییدا ئەمانە لێرە بوونیان هەیە. بەنیسبەت ئەوروپاوە ئەمڕۆ دوو بڕیار هەیە: یەکەم، ڕزگابوون بەهۆى ژنانەوە، یان داڕمانى عەقڵ لە سەنتەرى تاکەکەسدا، یاخود دووبارە درووستکردنەوەى هەستەکان بە ئاڕاستەى عەقڵ و پەیوەندیەکاندا، بەمانای بنیاتنانى کۆمەڵگاى چاودێر. دوەمیش پێشوازیکردنى لە کۆچبەرەکان، ئەم کەیسە وەک گرفتێکى گەورە گوزارشتى لێ دەکرێت، ئەمڕۆ وڵاتە ئەوروپییەکانمان بە هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە کۆچبەراندا دەناسرێتەوە.


مارك باسیتس: ئایا ڤایرۆسەکە هەموو شتێک ناگۆڕێت؟ دەرئەنجامە ئابوورییەکان، کەلتوورى کۆمەڵایەتى نوێ کە دوورییەکى زۆر لە نێوان تاکەکاندا بێت، یاخود هەر ئەولەویەتێکى دیکە؟
ئالان تۆرین: باوەڕناکەم وابێت. لێرەدا کارەساتى دیکە هەیە. بۆ من شتێکى سەرسوڕهێنەر دەبێت ئەگەر لە ماوەى دە ساڵى داهاتوودا گرفتى ئیکۆلۆژى گەورە ڕوو نەدات، بەتایبەتى دواى لەدەستچوونى ئەو دە ساڵەى کۆتایی. لەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە پەتاکە هەموو شتێک نییە. بە بۆچوونى من ئێمە چووینەتە ناو جۆرێکى نوێی کۆمەڵگاوە، وەک ئەوەى ئابووریناسەکان پێی دەڵێن کۆمەڵگاى خزمەتگوزارى، ئەو کۆمەڵگاى خزمەتگوزارییە لە نێوان مرۆڤەکاندایە. هەروەها ئەم قەیرانە هەڵدەکشێت بۆ ئەو توێژەى کە چاودێرى پێشکەش دەکەن، ئەوان چیتر ناتوانن بە بەدەستهێنانى مووچەیەکى کەم بەردەوام بن. لە هەمانکاتدا، لە ژێر سێبەرى ئەم قەیرانەدا، گریمانەى ئەوە هەیە کە شۆکێکى ئابوورى ببێتە پەرچەکردارێک بۆ ئەوەى کە من لە خانەى ڤاشیزمدا پۆلبەندیم کردووە.


مارك باسیتس: ئایا ئەمڕۆ ڤایرۆس فەرمانڕەواییمان دەکات؟
ئالان تۆرین: ڤایرۆس نییە، بەڵکوو فەشەلمان هێناوە لە بەرەنگاربوونەوەیدا، بەڵام بە دۆزیینەوەى ڤاکسین بۆى کۆتایی دێت.