ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی‌و عێراق‌و هەولێر لەژێر هەژموون و ئاگاداریی ئیسرائیلدایە

17 كۆمپانیای ئیسرائیلی لە ڕێگەی سیستمی كامێراو سیكیورتییەوە كارەكان دەكەن

ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی‌و عێراق‌و هەولێر لەژێر هەژموون و ئاگاداریی ئیسرائیلدایە

3143 خوێندراوەتەوە

بە پێی بەرنامەیەكی تایبەتی " الجزيرة الوثائقية " كە لە مانگی ئازاری 2018 ئامادەكراوەو تا ئێستا چەند جارێك پەخش كراوە، دەوڵەتی ئیسرائیل رۆڵێكی گەورەی هەیە لە كۆنترۆڵكرنی وڵاتانی عەرەبیدا و لەناویشیاندا هەرێمی كوردستانیش ناوی هاتووە، شارەزایانی بواری ئاسایشی نەتەوەیی كە لەچەند وڵاتی عەرەبییەوە قسەیان لەبارەوە كردووە پێیانوایە كە ئاسایشی سەرجەم وڵاتانی عەرەبی لەژێر هەژموون و ئاگاداریی ئیسرائیل دایە، ئەو بەرنامەیە ناوی (شركات اسرائیل الامنیە، خگر یهدد الامن القومی العربی)یە، مەبەستیشی ئەو سیستەمی كامێراو سیكیورتییانەیە كە ئیسرائیل كە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە لایەن كۆمپانیا ئیسرائیلییەكانەوە دادەنرێت و لەڕێگەی سیستەمی ئینتەرنێتییەوە چاودێریی دەكرێن.


بە پێی ئەو ڕاپۆرتە 17 كۆمپانیای ئیسرائیلی كارەكان دەكەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەناو ئیسرائیل خۆیدا دانانی كامێراكان زۆر چڕوپڕن و بەجۆرێك شاری وایان هەیە كەمتر لە 25 مەتر چاوێكی كامێرای تێدایەو چاودێریی وردو درشتی شارەكە دەكرێت

،،

دانانی كامێراكانیش بە جۆرێكە سەرجەم گۆشەو لایەنەكانی نێوشەقام و كۆڵانەكانیش چاودێریی دەكات، لەوڕێگەیەوە هەموو جوڵەیەكی گوماناویی و هەر چالاكییەكی نەخوازراو دەبینرێت.


وەك شارەزایان باسی دەكەن بیرۆكەكە لە ساڵی 1999 ەوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوەو لە یەكێك لەشارەكانی ئیسرائیل دا كۆمپانیای تەكنۆلۆژیای (میر سیكیورتی) پێشنیار دەكات كە لە قودسی كۆن سیستەمێكی كامێرا دابنێت كە پێكهاتووە كە لە هەزار كامێرای چاودێریی بۆ ئەوەی هاوكاری پۆلیس بكات بەمەبەستی دروستكردنی لایەنی ئاسایش، بیرۆكەكە ئەوەندە سەركەوتووبوو كە بەریتانیا چاوی لێبكات و لە وڵاتی خۆی پەیڕەوی لێبكات و لەدوای تەقینەوەكانی 2007 دا سوودی گەورەیان لێببینێت، بەجۆرێك لە ئێستادا هیچ ماركێت و تونێل و بازاڕو شەقام و تەنانەت ماڵێكیش نییە كامێرای چاودێری تێدا نەبێت.


رۆژنامەی (هارتس)ی ئیسرائیلی لەژمارەی رۆژی 14/11/2008 دا نوسیویەتی: ئیسرائیلییەكان توانیویانە چالاكی ئەمنی زۆرگەورە و فراوان ئەنجام بدەن لەنێو وڵاتانی عەرەبی دا، كە بەهاكانیان دەیان ملیۆن دۆلار دەبێت و لەو ڕێگەیەشەوە توانراوە چەندین چالاكی سیستەمی دروستكردنی چەك و كاری سیخوڕیی و چۆنیەتی مەشقی سەربازیی و چۆنیەتی دانانی پلان بۆ ڕفاندنی خەڵك و بارمتەگرتن و كودەتا و كاروباریی وزە بێتە دەست.


لیئۆر اكرمن- ئەفسەری پێشوو لە دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل (شاباك) باس لەوە دەكات پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەعەرەبیەكان لەو بوارەدا شتێكی تازە نییە، لە دانانی پارێزەی كەسەكانەوە بیگرە تا چاودێریی كردنی شوێنە هەستیارەكانی حكومەت، تەنانەت ڕاوێژاریی و ڕێنمایی پێدانیشیان بۆ دەكرێت، بەتایبەتی ئەوانەی كە سەرمایەداریی گەورەن، یان خاوەنی پرۆژەی گەورەن بۆ ئەوەی زیانیان پێنەگات و بەباشی بیان پارێزن.


رونین بیرجمان ، شرۆڤەكاریی كاروباری سەربازیی لە رۆژنامەی (یدعوت احرنوت) باس لەوە دەكات، سەرجەم چالاكییە سەربازیی و ئاسایشی و ئابوورییەكان لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست دا ئاڵوگۆڕدەكرێت.
ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات كە یەكێك لەو بەڵگەنامانەی كە كاتی خۆی (ویكیلیكس) بڵاوی كردبوویەوە بریتی بوو لە بەڵگەیەك كە باس لەوە دەكات كۆمپانیایەكی ئیسرائیلی لە ئیماراتی عەرەبی كاردەكات و زۆرینەی كارەكانی ئەو وڵاتە لەژێر چاودێریی دەزگا ئیسرائیلیەكاندایە بەتایبەتی پرۆژەی ئەتۆمیەكەیان لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمنی ئیسرائیلییەوە پارێزگاریی لێدەكرێت.


بەشێك لە ئیسرائیلیەكان دۆخەكە بە ئاسایی باس دەكەن و پێیان وایە ئەوكارە ئاساییەو لە پێناوی بەرژژەوەندی هاوبەشدا ئەو كارانە كراوە، بەشێك لەوانە ناویان ناوە (هاوپەیمانی بێدەنگ)، جۆزیف ئەدریان ، جێگری پێشووتری سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هاوپەیمانی بێدەنگی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودییە هیچ لایەكیان زیانییان لێنەكردووە، ئەو گوتوشیەتی ئێمە پێمانوایە هەرچەندە لەو بارەیەوە كەمتر قشە بكرێت باشترە بۆ هەموو لایەك.


شارەزایان باس لەوە دەكەن ئەوانەی لە هاوپەیمانی بێدەنگی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستاندا قسەیان كردووە باس لەوە دەكەن بۆ پەردەپۆشكردن و ڕازیكردنی هاوڵاتیانی خۆیان چ لە میدیاو چ لەناوەندە جیهانیەكان و تەنانەت لە نەتەوە یەكگرتوەكانیش سكاڵا لەدەست ئیسرائیل و كارەكانی دەكەن. بەڵام لە پەناو پەسێوو دیوە نادیارەكەدا هاوپەیمانی جدی یەكترن و تەنانەت لەبوارە ئەمنیەكانیشدا بە بێ ئیسرائیل هەنگاو هەڵناگرن.


بە پێی ئەو ڕاپۆرتە بەشێك لەو كۆمپانیانە لە دەرەوەی ئیسرائیلن و بەتایبەتی لە ولاتانی ئەوروپادان، یەكێكیان لە بەریتانیایە بەناوی (priacy international) ەو بە پێی هەندێك لەسەرچاوەكان سەرپەرشتی پرۆسە ئەتۆمیەكەی ئیمارات دەكات، بە پێی وتەی شارەزایان ئەو كۆمپانیایە گەورەترین سیستەمی هاككردنی هەیە، كە پێیان دەگوترێت گرزپی كۆمپانیاكانی (nso)، سیستەمی هاككرنی زۆر باڵایە و نرخەكەشی ئەوەندە گرانە لەتوانای دەوڵەتاندا نەبێت لە كڕیین نایەت، یەكێكی تر لەو كۆمپانیایانە كەلە سویسرایە و سیستەمی چاودێری و سیكیورتی ئەبوزەبی بەڕێوە دەبات بەناوی (گڵۆباڵ تەكنۆلۆژی) كە خاوەنەكەی ماتای كۆخافی ئیسرائیلییەو لە ئەمەریكا نیشتەجێیە، لەنێو كۆمپانیاكەیدا چەندین بەرپرسی سەبازی و ئەمنی ئیسرائیلی دامەزراندووە كە پێشتر لە شاباك و مۆساد كاریان كردووە. هەندێك لەو كۆمپانیایانە لەبواری جل و بەرگ و هەندێكی دیكەیان لەبواریی سیكیورتی و بەشێكیشیان لە سیستەمی كۆمپیوتەریی و چۆنیتەتی هاككردن و ئەنتەرنێت.


گۆڕەپانی چالاكی كۆمپانیا ئیسرائیلیەكان سەرجەم وڵاتانی عەرەبی دەگرێتەوە بە عەرەبستانی سعودیەشەوە، و تەنانەت هەرێمی كوردستانیش، بەمەبەستی ڕاهێنان زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبییەوە چوونەتە ئیسرائیل و لەوێ ڕاهێنراون لەسەر چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆرو گرووپە تیرۆرستیەكان، یەكێك لەو كەسایەتیە عەربیانەی كە بەڕەچەڵەك لوبنانییەو لە نێو كۆمپانیای ئیسرائیلیەكان ئیش دەكات باس لەوە دەكات سیستەمەكەیان بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش فرۆشتووەو بە دیاریكراویش (ناوی هەولێر) دەهێنێت.


ئەلعیزەر تەسفریر سەرۆكی پێشووی تیمی هەواڵگریی موساد لە عێراق و لوبنان باس لەوە دەكات كە ئەو تەنسیقی دروستكردووە بۆیان بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆمپانیا فەرمیەكانی ئیسرائیل گرێبەستەكانیان بكەن، بەشارە مەرهەج وەزیری ناوخۆی لوبنان (پێشووتر) باس لەوە دەكات كە بەشێكی زۆر لەو كۆمپانیایانە لەدەرەوەی كیانی زایۆنی (ئیسرائیل) بوون، ئەو بەرپرسە لوبنانیە نایشارێتەوە كە ئیسرائیلیەكان لەناو نەتەوە یەكگرتوەكان و سەفارەتی زۆرێك لەوڵاتاندا بوونیان هەبووەو ئەویش بەردەوام هەستی پێكردووە.


عزەت شاهبەندەر كە یەكێكە لە كەسایەتیە سیاسیەكانی عێراق ڕوونی كردووەتەوە ڕێگەی وشكانی نێوان عێراق و ئەردەن لە لایەن ئیسرائیلیەكانەوە كۆنترۆڵ كراوەو لەژێر چاودێریی ئەواندایە، شابەندەر پێیوایە ئەگەر لە وڵاتانی عەرەبیدا تەنها دوژمنایەتی ئیسرائیل نەكرێت بۆ ئەوان زۆرە.
كۆمپانیای نەورەس كە ساڵی 2008 دامەزراوە لە لایەن ئەلعێزەر ماروم بەرێوە دەبری‌و كاری پاراستنی دەریاییە لە ناوچەی ماڵتا و قوبرص و یۆنان و ئۆكرانیا. دكتۆر محمد جمیل سەرۆكی ڕێكخراوی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بارەگای سەرەكییان لە لەندەنە، باس لەوە دەكات ئەو كۆمپانیایەی كە لە نۆكەندی سویس پشكنین بۆ سەرجەم ئەو كەشتییانە دەكات كە هاتوچۆ دەكەن و چاودێریی نۆكەندەكەی لەبەردەستدایە كۆمپانیایەكی ئیسرائیلییە. تەنانەت باس لەوەش دەكات ئەو ئامێرانەی كە لە فڕۆكەخانەكانی ئەمەریكادا پشكنینی پاسپۆرتی پێدەكرێت دروستكراوی ئیسرائیلن و لەلایەن ئەوانەوە چاودیێریی دەكرێـت.


یەكێكی دیكە لەو یەكە مەترسیدارانەی كە تائێستاش بە نهێنی بەڕێوەدەچێت (8200)ە و تا ئێستاش زانیاریی ئەوتۆ لەو بارەیەوە بڵاو نەكراوەتەوە. لارا لاراروك بەڕێوەبەری ڕێكخراوی پریڤەیسی ئینتەرناشناڵ باس لەوە دەكات كە ئەوان یەكەیەكی هەواڵگریی ئیسرائیلین و ڕادەهێنرێت بۆ ئەوەی بتوانن كاری سەربەخۆ بەڕێوە ببەن و كۆمپانیای ئەمنی دروست بكەن یان پلەو پایەی باڵا لەناو كۆمپانیا ئەمنیەكاندا وەربگرن.
كۆمپانیای ماكس كە لە ساڵی 1996 دامەزراوەو لە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتیدا كاردەكات و ئامانجی دیاری كردنی مەترسییەكانەو بەڕێوەبەرەكەی نعۆم شیلەرە.


لە وڵاتی ئیسرائیل ساڵانە پێشانگای تایبەتی بۆ كاروباری سەربازیی و ئەمنی دەكرێتەوەو لەسەرانسەری جیهانەوە خەڵك بەشداریی دەكەن و ئەو كاڵایانەی كە پەیوەندییان بە كۆكردنەوەی زانیاریی هەیە تێیدا دەخرێنە ڕوو، یەكێك لەو ئامێرانە بوونی كۆمپیوتەرێكی گەورەیە كە خاوەنی سیستەمێكی بەهێزەو هە ركات بتەویت هەرچی زانیارییەكت بوێت و لە هە ر بارەیەكەوە بێت بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی كۆی دەكاتەوەو ڕێكی دەخاتەوە هەرچەندە سەرچاوەكانیش زۆربن و لە هەرشوێنێكی دنیاوە بن، شارەزایەكی ئەو سیستەمە باسی لەوە كردووە كە دەیفرۆشن بەو وڵاتانەی كە درستایەتییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەتایبەتی ئەو ڵاتانەی كە بە زمانی عەرەبی قسەدەكەن.لەو پێشانگایەدا لە جیهازێكی بچووكەوە بیگرە كە بۆ گوێگرتن بەكار دێت تا دەگاتە سیستەكە گەورەكان دەخرێنەڕوو دەفرۆشرێن بەڵام دەبێـت بزانرێت بەكێی دەفرۆشن و چۆن بەكاری دەهێنن.

،،

توانای هەندێك لەو ئامێرانە ئەوەندە بەهێزە كە دەتوانێت لەیەك كاتدا سەرجەم پەیوەندیەكانی وڵاتێك تۆمار بكات

ئامانجیش كۆكردنەوەی زانیارییە لەبارەی چالاكوانەكان، یان ئەوانەی كە مەترسیی دروست دەكەن، ئەوەش كاریگەریی زۆری دروست كردووە لەسەر وڵاتانی عەرەبی، ەلبری ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە موشەكێك ئاڕاستەی ئیسرائیل بكەن، بیر لەوە دەكەنەوە كەسیستەمەكەیان بەهێزبكەن و پەیوەندی زانیاری گۆڕینەوەو بازرگانی لەگەل ئیسرائیل ئەنجام بدەن . وەك شارەزایانی ئیسرائیلی باسی دەكەن زۆر جار كۆمپانیاكانییان تەنها ڕاوێژكارییان داوەتە كۆمپانیاكان، فادی نەحاس سپۆڕ لە ئیسرائیل ناسیدا باس لەوە دەكات كێشە ئەوەیە وڵاتانی عەرەبی بەچاوی سیخوڕیی و وەرگرتنی زانیارییەوە لەو كۆمپانیایانە ناڕوانن، بەڵكو وەك كۆمپانیایەكی تەكنۆلۆژیی ئاسایی لێی دەڕوانن و لەو ڕیگەیەشەوە سەرجەم كارە ئاشكراو نهێنیەكانیان دەچێتە ژێردەستی ئیسرائیلیەكان كە هەموو كارمەندەكانیان ئەفسەری ڕاهێنراون، هەرچی زانیارییەك داخڵی سیستەمەكانیان بكەن ڕاستەوخۆ لەبەردەستی ئەواندا دەبێت.


بۆ پەرەپێدان و فراوانكردنی ئەو جۆرە كۆمپانیایانەو پێشخستنی تەكنۆلۆژیای زیاتر، ئیسرائیل ساڵانە كۆنفراس و كۆبوونەوەی تایبەت بەڕێ دەخات، بەجۆرێك كۆنفراسێك تەواو نابێت یەكێكی دیكە ئەنجام دەدریت، وەنەبێت ئەم كۆمپانیایانەتەنها كاری كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری ناكەن، بەڵكو سەرچاوەیەكی زۆرباشی ئابووریشە بۆ ئیسرائیل بە جۆرێك ساڵانە پێنج ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل پەیدا دەكات.


لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەشدا دەپرسێت ئەو وڵاتە عەرەبیانە كامانەن كە نهێنیەكانیان لەژێر دەستی كۆمپانیا ئیسرائیلیەكاندایە، ئەوا یەكێك لە شارەزا ئیسرائیلیەكان وەڵام دەداتەوە كە (هەموو) وڵاتە عەرەبیەكان لە لایەن كۆمپانیا ئیسرائیلیەكانەوە كۆنترۆڵ كراون.


سەرچاوە: كەناڵی " الجزيرة الوثائقية "