شیعەکان چۆن لەسەر مستەفا کازمی گەشتنە ڕێکەوتن؟

شیعەکان چۆن لەسەر مستەفا کازمی گەشتنە ڕێکەوتن؟

2275 خوێندراوەتەوە

کەمال حەمزە

دوای شکستپێهێنانی عەدنان زورفی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کشانەوەی ناوبراو، هەمان ڕۆژ (9/4/2020) دکتۆر بەرهەم صاڵح سەرۆك کۆماری عێراق، مستەفا کازمی پاڵێوراوی فڕاکسیۆنە شیعەکانی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ماوەیەك کە لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەکات.

نیمچە کۆدەنگی لایەنە شیعەکان لەسەر ڕاسپاردنی کازمی لە خۆشەویستیان نییە بۆ ئەو پیاوە، بەڵکو لە ڕقی سەرۆك کۆمار و خودی زورفییەو، فشاری ئێران و ئەمری واقیع ناچار بەم نیمچە کۆدەنگییەی کردوون. چونکە پێش کاندیدکردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زورفیش، ناوی مستەفا کازمی لە نێو کاندیدەکان هەر هەبوو و، شیعەکانیش هاوڕا نەبوون لەسەر کاندیدکردنی.

کاندیدکردنی کازمی لە ڕقی بەرهەم صاڵح بوو، سەرکردەکانی شیعە ویستیان بە دکتۆر بەرهەم بڵێن کاری تۆ ڕاسپاردنی کاندیدی لایەنە شیعەکانە، نەك خۆت کاندید دیاری بکەیت و پێشێلی ڕێکارە دەستووریەکان بکەیت (بە بۆچوونی ئەوان) و ئەو نەریتە سیاسیە بشکێنی کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە عێراقیەکان بە پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە پێوەی پابەندن.

کارەکە لە ڕقی عەدنان زورفیش بوو، سەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی شیعە ویستیان بۆ زورفی (ئەوانەش کە پاڵپشتییان کرد) بسەلمێنن و پێی بڵێن: ئەگەر زۆربەی پەرلەمانتارانی شیعەش پشتت بگرن، مادام ئێمە ڕازی نین لەسەر کاندیدبوونت، مافی ئەوەت نییە پۆستی دەوڵەتمەداری عێراق وەربگری.

،،

کەواتە کاردانەوە بووە هۆی ئەوەی بازەکە لەسەر شانی مستەفا کازمی بنیشێتەوە نەك متمانەی لایەنە شیعەکان بە ناوبراو.

بیرمانە هەر ئەو کازمییە بوو لەلایەن کەتیبەکانی حزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی تۆمەتبار کرا بەوەی کە دەستی هەبوە لە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمەریکیەکانەوە.

ڕاستە لە ڕووکاری دەرەوەی کارەکەدا ویستی ئێرانی سەرکەوتووە، بەڵام ئەگەر ڕەزامەندی ئەمەریکیەکانیش لەسەر ناوبراو نەبوایە، بە ئاسانی کۆدەنگی لەسەر دروست نەدەبوو.

دوو ئەزموونی زەق لە ژیانی ئەو پیاوەدا هەن:

۱- کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

۲- کارکردنی لە دەزگای هەواڵگریی عێراقی (وەك وەرگێڕ لەگەل ئەمەریکیەکانیش کاری کردوە، کە دوور نییە ئەو کاتیش تێکەڵی کاری هەواڵگری بووبێت).

،،

کازمی کاندیدی ڕەسمیی شیعەکانە و کورد و زۆرینەی سوننەش پاڵپشتی دەکەن و، هەر زوو دوای ڕاسپاردنیشی بەرپرسانی باڵای کورد پەیوەندییان بە ناوبراوەوە کردو پاڵپشتی خۆیان بۆی دەربڕی

کەواتە ئەگەر بەهۆی تێکگیرانی بەرکەوتەو بەرژەوەندییەکان هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستەکان ڕوونەدات، پێدەچێت زووتر لە ماوەی دیاریکراو کابینەکەی پێکبهێنێت و بە ئاسانی متمانەی پەرلەمانی پێبدرێت. بەڵام سەرکەوتنی لە سەرۆکایەتی حکومەت ئەستەمە، لەبەر ئەم هۆکارانە:

ــ جێبەجێکردنی داواکاریەکانی خۆپیشاندەران: (هەڵبژاردنی پێشوەختە، دادگایی کردنی گەندەڵکاران، سزادانی تەقەکەران لە خۆپیشاندەران ...) لە ماوەی دیاریکراودا، کە بەشێکیان دژن بە خواستی لایەنە دەستڕۆیشتووەکانی بەغدا، کارێکی نەکردەیە.

ــ ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەو یاسا خراپەی ئێستا بەتەواوی لە بەرژەوەندی لایەنە دەستڕۆیشتوو و گەندەڵەکاندایە. ئەگەر هەڵبژاردن بکرێ بەبێ هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە، دەبێ بڵێین: لێیگەڕێ چاکی مەکە با خراپتر نەبێ.

ــ دژایەتی کردنی گەندەڵی و دادگایی کردنی گەندەڵکاران خەیاڵێکی خۆشە و بە چاو نایبینین. چونکە گەندەڵی لە عێراق گەیشتۆتە کلکی ماسییەکە و هەموو سێکتەرەکانی حوکمڕانی تەنیوە.

ــ ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە جێبەجێکاری فەرمان بوون، مستەفا کازمی دەتوانێ سزای ئەوانە بدات کە بڕیاردەر و فەرمان دەر بوون و، بەهۆی پێگەی پێشووی لە دەزگای هەواڵگری عێراقی دەزانێ کێ بوون؟! بێگومان نااا.

ــ ناوبراو ڕایگەیاند دەبێ چەك تەنها بەدەست حکومەت و دەزگا شەرعییەکانیەوە بێت. ئێستا لە عێراقدا زیاتر لە سەد گروپی چەکداری جۆراوجۆر هەن و هەندێکیان هەر فەرمان لە حکومەتی عێراقی وەرناگرن. ئایا کازمی دەتوانێت ئەو قسەیەی جێبەجێ بکات و چەك تەنها لە دەستی دەوڵەت بهێڵێتەوە؟!

ـــ ڕاستە ناوبراو سەرۆکی دەزگایەکی هەستیار بوە و پەیوەندی فراوانی لەگەڵ پێکهاتە و لایەنەکان و وڵاتانیش هەیە. بەڵام ئایا لەم زەلکاوی بەشبەشێنەی عێراقی تێکەوتوەو، هەر لایەك داوای بەش خۆی دەکات و کەس ئامادە نییە دەستبەرداری بێت، سەرکەوتوو دەبێت لە ڕازی کردنی هەمووان تا سەر؟

ــ دۆسیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا یەکێک لە گرێکوێرەکانی هەموو سەرۆك وەزیرەکانی عێراق بوە لەگەڵ هەرێم، ئایا چۆن چارەسەری ئاگربڕی دەکات کە سەرهەڵنەداتەوە؟

ــ کاتێک بەرژەوەندی دوو یاریزانە سەرەکیەکە لە عێراق ( ئەمەریکا و ئێران) تێکدەگیرێ، چۆن دەتوانێ بەرژەوەندی عێراق بپارێزێت و هەردوولاش ڕازی بکات؟!

ــ قسەیەکی کرد بۆ بارودۆخی ئێستای عێراق لە نوکتە دەچێت، گوتی: سەروەریی عێراق هێڵی سوورە. کام هێڵی سوور؟ ئەوەی بە ئۆکەی ئێرانی و ئەمەریکیەکان نەبوایە جەنابیان بازەکەیان لەسەر شان نەدەنیشتەوە؟! کام سەروەری؟ کە هەر حیسابی ڕۆتینی بۆ دەکرێت و لە پشت پەردە شتی دیکەی لەبارەوە دەگوزەرێت.

وای دەبینم ڕاسپاردنی كازمی ئەو قەیرانە ئاڵۆزەی عێراقی بە شێوەیەکی کاتی چارەسەر کرد، بەڵام کۆتایی پێ نەهێناوەو، پاش ماوەیەکی تر سەرهەڵدەداتەوە.

ناوبراو کە هیچ حزب و میلیشیایەکی چەکداری لەپشت نییە و عێراقیش وڵاتی دامەزراوەکان نییە، پێم وا نیە سەرەنجامی لە عادل عەبدولمەهدی باشتر بێت.