چ كاره‌ساتێكه‌، میدیایی پیشه‌یی، له‌ رووداوه‌كاندا بونى نه‌بێت.!

رۆڵى ده‌سه‌ڵاتى چواره‌م له‌ كاره‌ساته‌كه‌ى موسته‌فاى سه‌لیمى

چ كاره‌ساتێكه‌، میدیایی پیشه‌یی، له‌ رووداوه‌كاندا بونى نه‌بێت.!

462 خوێندراوەتەوە

 

ـ شیوه‌نى ده‌وێت، كاتێك ده‌سه‌ڵاتى چواره‌م (میدیا) ده‌بێت به‌ به‌شێك له‌ ململانێ و گه‌رمكردنى ئاگرى دووبه‌ره‌كى و فووتێكردنى بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌كان،له‌وه‌ش ترسناكتر هه‌ندێ رۆژنامه‌نوس به‌پاره‌ یاخود هه‌ر هۆكارێكى دیكه، ده‌بنه‌‌ كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كى ئه‌م یارییه‌ سیاسییه‌ ناشرینانه‌.

 

ـ بێ ئیتیكییه‌، میدیاو میدیاكار به‌خۆیان بزانن یاخود نا، به‌كار بهێنرێن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى جه‌نگێكى سارد له‌نێوان دوو زۆنى پڕ له‌كێشمه‌كێش، كه‌ دژایه‌تى كردنیان بۆ یه‌كدى مێژینه‌ى دوورى هه‌یه‌، لێزانانه‌ش‌ به‌ نهێنى رێك ده‌كه‌ون و به‌ ئاشكراش جه‌نگ.

 

،،

 میدیاكار، له‌ هه‌ركه‌ناڵ و ده‌زگاو شوێنێك بێت، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانێت ئه‌و هه‌میشه‌ ره‌خنه‌ ده‌گرێت له‌ سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى دیكه‌، چۆن ده‌كرێت ئێسته‌ خۆى له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كاندا به‌كار بهێنرێت؟

 

ـ میدیا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتى چواره‌م هه‌میشه‌ ره‌خنه‌ده‌گرێت له‌ سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى دیكه‌ كه‌ توشى گه‌نده‌ڵى بوون و ده‌بێ چاكسازیان تێدا بكرێت، به‌ڵام پێده‌چێت به‌هۆى ده‌گمه‌نى میدیای پیشه‌یی له‌ رووداوه گرنگه‌كاندا، باشتره‌ پێش ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیكه‌ چاكسازى له‌خۆیدا بكات كه‌ تێوه‌گلاوه‌ له‌ پرسه‌ حزبى و مادى و سیاسییه‌كاندا.

 

ـ له‌ بابه‌تێكى وه‌ك له‌سێداره‌دانى موسته‌فاى سه‌لیمى، به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ میدیاو میدیاكار نه‌ك ئاگره‌كه‌یان خۆش كرد، به‌ڵكو ئه‌وه‌ رۆژنامه‌نووس بوو كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاگره‌كه‌ى هه‌ڵگیرساندو به‌دوایدا چه‌ندانى دیكه‌مان هاتینه‌ سه‌ر خه‌ت.

 

ـ موسته‌فا سه‌لیمى، پێش ئه‌وه‌ى یه‌كلایى بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ مافیا بووه‌ یاخود شۆرشگێر، تاوانبار بووه‌ یان غه‌درلێكراوه‌، یه‌كێتى ته‌سلیمى كردووه‌ته‌وه‌ یاخود نا، ده‌بێ میدیاكار پیشه‌ى بوونى خۆى یه‌كلایی بكاته‌وه‌ له‌ پێناو كاك فڵان و فیسار حزب قسه‌ نه‌كات، به‌ به‌ڵگه‌وه‌ راپۆرته‌كانى بخاته‌ روو، نه‌ك به‌ پۆست و چه‌ند قسه‌یه‌كى فه‌یس بووك.

 

،،

 ئێستا‌ بابه‌تى، خوالێخۆشبوو موسته‌فاى سه‌لیمى هێنده‌ ئاڵۆز كراوه‌ به‌هه‌رجۆرێك قسه‌ى له‌باره‌وه‌ بكه‌یت، ره‌نگه‌ تۆمه‌تبار بكرێـیت.

 

ـ سه‌یره‌، هێنده‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌ ترسناكى دابه‌ش بووه‌، ئه‌گه‌ر بڵێیت: موسته‌فا سه‌لیمى دزو جه‌رده‌ بووه‌ و كه‌س ته‌سلیمى نه‌كردووه‌، ئه‌وا ئۆتۆماتیكى تۆ له‌به‌ره‌ى ماڵى تاڵه‌بانى و یه‌كێتى ئه‌ژمار ده‌كرێیت، ئه‌گه‌ر بشلێیت: شۆرشگێر بووه‌ و غه‌درى لێكراوه‌ ئه‌وا ده‌كه‌ویته‌ به‌ره‌كه‌ى تر.

 

ـ كورد ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر بته‌وێ شتێك بۆن نه‌كات و نه‌گه‌نێ، خوێى تێ ده‌كه‌ى، ئه‌ى ئه‌گه‌ر خوێ خۆى بگه‌نێت؟ به‌راستى كاره‌ساته‌، میدیاى پیشه‌یی ببێته‌ قوربانى ده‌ستى كاك فڵان و فیسار حزب و له‌بابه‌ته‌ هه‌ستیارو گرنگه‌كاندا نه‌توانێ پرۆفیشناڵانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، تاكو دواجار راستیه‌كان كه‌س نه‌بێت به‌دوداچونى ته‌واویان بۆ بكات.

 

ـ ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ تاكو ئێستا و زۆرترین قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، موسته‌فا سه‌لیمى كوردێكى به‌شه‌ره‌فى رۆژهه‌ڵاته‌ و دواى هه‌ڵهاتنیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ هاوڕێكانى له‌ زیندانى سه‌قز، دێته‌ باشورى كوردستان و دواتر راده‌ستى ئێران ده‌كرێته‌وه‌ ئێرانیش به‌داخه‌وه‌ له‌ سێداره‌ى ده‌دات.

 

،،

 پرسیاره‌كان زۆرن له‌باره‌ى له‌ سێداره‌كانى ناوبراوه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ڵامه‌ لۆژیكى و به‌ڵگه‌دارو میدیاییه‌كان، له‌باره‌یه‌وه‌ هێنده‌ى پرسیاره‌كان نین‌.

 

ـ به‌ڵام، چۆن ته‌سلیم كراوه‌؟ بۆ ته‌سلیم كراوه‌؟ كه‌ى ته‌سلیم كراوه‌؟ به‌پرسى كێ ته‌سلیم كراوه‌؟ ئه‌و پرسیاره‌ گرنگانه‌ن كه‌ ده‌بێ میدیاكارى جدى (نه‌ك سێبه‌ر) و میدیاى پیشه‌یی به‌دوایاندا بروات، و دوور له‌ بابه‌تى ململانێى حزبى و عاتفى و ئایدۆلۆژى، به‌به‌ڵگه‌وه‌‌ نه‌ك ته‌نها قسه‌، وه‌ڵامه‌كانیان وه‌ربگرێت.

 

 

ـ گرنگه‌ میدیاكار بزانێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتى چواره‌مه‌، ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ده‌بێته‌ چاودێر به‌سه‌ر هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى دیكه‌وه‌و قورسایی خۆى ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئمتیسالى بۆ كاریزماى سیاسی و سه‌رۆكى حزب هه‌بێ، و به‌ پاره‌ بكردرێت ئه‌وكاته‌ لاواز ده‌بێت و كه‌سیش نییه‌ رووداوه‌كان وه‌ك خۆى بۆ راى گشتى بگوازێته‌وه‌.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان