نازم گزار له‌ کۆلێژی پزیشکیه‌وه‌ بۆ گه‌وره‌ترین تاوانباری عێراق

نازم گزار له‌ کۆلێژی پزیشکیه‌وه‌ بۆ گه‌وره‌ترین تاوانباری عێراق

727 خوێندراوەتەوە

کارۆ کاوه‌

له‌م نوسینه‌دا تیشک ده‌خه‌مه‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێکی شاراوه‌ی یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین تاوانبارانی مێژووی نوێی عێراق. نازم گزار، کوڕێکی زیره‌ک و عاشقی جیهانی کتێب و خوێندنه‌وه‌بوو، نازم یه‌کێک ده‌بێت له‌ قوتابیه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کان و به‌ پله‌یه‌کی به‌رز له‌ کۆلێژی پزیشکی به‌غداد وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه‌ی چاوی کز بووایه‌ له‌ کۆلێژی پزیشکی وه‌رنه‌ده‌گیرا، که‌واته‌ چۆن نازم وه‌رگیرا؟ پێش تاقیکردنه‌وه‌ی ئاستی بینین، نازم ده‌چێته‌ یه‌کێک له‌ کلینیکه‌کانی به‌غدا بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ئاستی بینینی، مه‌به‌ستی نازم لێره‌دا له‌به‌رکردنی هێماکان بوو، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ چووه‌ تاقیکردنه‌وه‌ی وه‌رگرتنی کۆلێژ هه‌موویانی له‌به‌ربێت.

،،

ڕۆژی تاقیکردنه‌وه‌ی وه‌رگرتن نازم به‌بێ چاویلکه‌که‌ی ده‌چێته‌ تاقیکردنه‌وه‌ و به‌ڕاستی وه‌ڵامی هه‌موو هێماکان ده‌داته‌وه‌، به‌مه‌ش بێئه‌وه‌ی لیژنه‌که‌ هه‌ستی پێبکه‌ن که‌ چاوی کزه‌، قبوڵی ده‌که‌ن له‌ کۆلێژ.

ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ نیشانه‌کانی دیکه‌ی زیره‌کی نازم، به‌ڵام ئایا چی وایکرد نازم له‌ کوڕێکی زیره‌ک و عاشقی کتێبه‌وه‌ ببێته‌ که‌سێکی خوێنڕێژ؟ نازم له‌ ته‌مه‌نێکی زووه‌ ده‌چێته‌ نێو چالاکی سیاسی و خه‌باتی خوێندکاریه‌وه‌، له‌ یه‌کێک له‌ چالاکییه‌کان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ ده‌ستگیرده‌کرێت و له‌کاتی لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌ستدرێژی سێکسی ده‌که‌نه‌ سه‌ر، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌کێک له‌ گرێ گه‌وره‌کانی ژیانی و وای لێده‌کات دوورکه‌وێته‌وه‌ له‌ خوێندن و فه‌سڵکردنی له‌ زانکۆ، پاش ئازادبوونی ده‌چێته‌ په‌یمانگای ئه‌ندازیاری، به‌ڵام له‌لایه‌ن شیوعیه‌کانه‌وه‌ ته‌قه‌ی لێده‌کرێت و ماوه‌ی دوومانگ له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌که‌وێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ گرێیه‌کی دیکه‌ی ژیانی.

پاش ماوه‌یه‌ک دووباره‌ له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ بۆ چه‌ند ساڵێک ده‌گیرێته‌وه‌ تاپێش کوده‌تای دووهه‌می به‌عسییه‌کان له‌ زیندان ده‌مێنێته‌وه‌. پاش ئازادبوونی به‌ ماوه‌یه‌ک ده‌کرێته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی عام، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێکی باش ده‌داته‌ نازم بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌ گرێ ده‌روونییه‌کانی.

یه‌که‌م کاری وه‌ستانه‌وه‌ ده‌بێت له‌ دژی شه‌قاوه‌کانی عێراق (شه‌قاوه‌ دیارده‌یه‌کی باوی نێو کۆمه‌ڵگای عێراقی بوو له‌ سه‌رده‌می عوسمانییه‌کانه‌وه‌ بوونی هه‌بوو) زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر ناو و ناونیشانی شه‌قاوه‌کان په‌یداده‌کات و ڕۆژێک له‌ بینای مه‌کته‌بی ئه‌منی عامه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو شه‌قاوه‌کان و ده‌مانچه‌که‌ی ده‌رده‌هێنێت و ڕاسته‌وخۆ سێ دانه‌ی پێشه‌وه‌یان ده‌کوژێت و ده‌مانچه‌که‌ی ئاراسته‌ی ئه‌وانه‌ی دیکه‌ ده‌کات و یه‌ک یه‌که‌یان به‌ ناوی خۆی بانگ ده‌کات و پێیان ده‌ڵێت واز له‌ شه‌قاوه‌یه‌تی نه‌هێنێن وه‌کو ئه‌م سیانه‌تان لێده‌که‌م.

،،

نازم گزار ڕقێکی زۆری به‌رامبه‌ر شیوعییه‌کان هه‌بوو، ده‌ستی له‌ ئازاردان و کوشتنی چه‌ندین شیوعی هه‌بوو، ده‌گێڕنه‌وه‌ زۆرجار له‌کاتی نانخواردنی نیوه‌ڕۆ فه‌رمانی ده‌دا چه‌ند زیندانییه‌ک بهێنن و لێیان بده‌ن له‌ پێش چاوی.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ تاوانانه‌ی که‌ به‌رامبه‌ر کورد و تورکمان و بێتاوانه‌کانی دیکه‌ی نێو کوردستان و عێراق کردوێتی. سه‌ره‌نجام له‌ هه‌وڵدانی بۆ کوده‌تا له‌ دژی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌کر و سه‌دام حوسێن له‌ساڵی ١٩٧٣، شکست ده‌هێنێت و ده‌کوژرێت. سه‌رچاوه‌: کتێبی نازم گزار له‌ نوسینی شامل عه‌بدولقادر