حكومه‌تی هیندستان مسوڵمانان به‌بڵاو كردنه‌وه‌ی كۆرۆنا تۆمه‌تبار ده‌كات

حكومه‌تی هیندستان مسوڵمانان به‌بڵاو كردنه‌وه‌ی كۆرۆنا تۆمه‌تبار ده‌كات

579 خوێندراوەتەوە

دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هندستان چه‌ندین جار مسوڵمانانی وڵاته‌كه‌ی به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمه‌تبار كرد،هه‌روه‌ها به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ش باسیان له‌ (بۆمبی مرۆیی) و كۆرۆنای جیهاد)كرد، توندوتیژی و هێرش بۆ سه‌ر مسوڵمانانی هندستان ده‌ستی پێكرده‌وه‌.

یه‌كه‌م هێرش به‌ دار و كوته‌ك كرایه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك گه‌نجی مسوڵمان، كه‌ خواردنیان بۆ ماڵه‌ هه‌ژاره‌كان ده‌برد، هه‌روه‌ها چه‌ندین هێرشیش بۆ سه‌ر مزگه‌وته‌كان ئه‌نجامدرا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز)ی ئه‌مریكی ئاشكرای كرد ،كه‌ هه‌ندێك له‌ مسوڵمانانیش له‌ ماڵه‌كانیان كراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ په‌رستگای سیخ له‌ ویلایه‌تی به‌نجاب له‌ ڕێگای بڵندگۆوه‌، داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات، كه‌ ئه‌و شیره‌ نه‌كڕن كه‌ له‌ كێڵگه‌ی مسوڵمانه‌كانه‌وه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و توشبوونیان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌. زیاتر له‌ ساڵێكه‌ مسوڵمانانی هندستان كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی 200 ملیۆن ده‌بێت، كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر هه‌ڵمه‌تێكی فراوان، كه‌ هه‌ر جاره‌ و به‌ بیانوییه‌كه‌وه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ریان

،،

یه‌كه‌مجار هه‌ڵمه‌تێكی داپڵۆسین له‌ هه‌رێمی كشمیر به‌ڕێوه‌چوو، پاشان به‌هۆی یاسای نوێی ڕه‌گه‌زنامه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ریان، ئێستاش به‌ تۆمه‌تی بڵاو بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.

تۆمه‌ته‌كانی حكومه‌ت:

ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی ده‌ڵێت كاره‌ خراپه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسانی حكومه‌ت مسوڵمانه‌كان به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی كۆرۆنا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، به‌رپرسان كۆمه‌ڵه‌ی" بانگخوازان" تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه‌ به‌رپرسن له‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی سێ یه‌كی ڤایرۆسه‌كه‌، كه‌ تاكو ئێستا 8 هه‌زار كه‌س توشی كۆرۆنا بووه‌، چونكه‌ له‌ مانگی ئازاری ڕابردوودا كۆنگره‌یه‌كیان بۆ وتاربێژان ڕێكخست.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڤیكاس سواروب، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ برپرسه‌ باڵاكانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هندستان وتی:" حكومه‌ت ناچاره‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌و گروپه‌ بكات، چونكه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مانگی ئازاری ڕابردوو كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌بوو".

به‌ڵام محمد حه‌یده‌ر، كه‌ مسوڵمانێكی هندستانه‌ و له‌ دووكانێكی بچووكدا كاری فرۆشتنی شیر ده‌كات و به‌هۆی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزییه‌وه‌ دانه‌خراوه‌ ده‌ڵێت:" ترس له‌ هه‌موو شوێنێك ده‌وری داوین، خه‌ڵكی هۆیه‌كی بچووكیان پێویسته‌ تا لێمانبده‌ن یان بمانكوژن".

سه‌ركرده‌ مسوڵمانه‌كان نیگه‌رانی دۆخه‌كه‌ن و ده‌ترسن ڕووداوه‌كانی مانگی شوبات دووباره‌ ببێته‌وه‌، كه‌ هیندۆسه‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر موسڵمانان و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین موسڵمان بوونه‌ قوربانی.

خالید رشید سه‌رۆكی سه‌نته‌ری ئیسلامی هندستان تۆمه‌ته‌كانی حكومه‌ت ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی به‌ مه‌ترسیدار بۆ داهاتوو داده‌نێت و ده‌ڵێت:" نابێت حكومه‌ت ڕۆڵی لۆمه‌كار ببینێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پرسی نه‌خۆشی كۆرۆنا و ته‌ندروستی بخرێته‌ ئه‌ستۆی ئاینێك،ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی دابه‌شبوونێكی گه‌وره‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا".

ده‌شلێت:" له‌وه‌یه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بمرێت و كۆتایی بێت، به‌ڵام زه‌حمه‌ت و قورسه‌ دوای كۆرۆنا به‌سه‌ر جیاوازییه‌ كۆمه‌ڵیه‌كاندا زاڵ ببین". كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌: حكومه‌تی هندستان له‌ 16ی مارسدا ڕایگه‌یاند ڕێگایان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی 50 كه‌سی گرتوه‌، دوای چه‌ند ڕۆژێكیش حكومه‌ت داخستنی ته‌واوی ویلایه‌ته‌كانیانی ڕاگه‌یاند.

،،

به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ی ئاگادار كردنه‌وه‌ (تبلیغ) بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تیان ڕه‌تكرده‌وه‌ و زیاتر له‌ هه‌زار كه‌سیان له‌ سه‌نته‌ری كۆمه‌ڵه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌.

له‌ 31ی مارسدا، ده‌سه‌ڵاتدارانی هندستان به‌ تۆمه‌تی زیانگه‌یاند به‌ ته‌ندروستی گشتی،سكاڵایه‌كیان دژی "مه‌ولانا كاندالفی" سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌رزكرده‌وه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ راج ساكرای، سه‌ركرده‌ی پارتی ڕاستڕه‌وی توندڕه‌وی هندستان بۆ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن وتی:" پێویسته‌ ئه‌ندامانی كرمه‌ڵه‌كه‌ گولله‌ باران بكرێن". هه‌روه‌ها راجیف بنداڵ سه‌ركرده‌ی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار وتی:" كۆمه‌ڵه‌ی ئاگادار كردنه‌وه‌، له‌ڕێگای خه‌ڵكه‌وه‌ وه‌ك بۆمبی مرۆیی، ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌گوازنه‌وه‌".