لایه‌نه‌كان پشت له‌ مسته‌فا كازمیش ده‌كه‌ن

لایه‌نه‌كان پشت له‌ مسته‌فا كازمیش ده‌كه‌ن

350 خوێندراوەتەوە

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، عیراقی ئارام نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی دیكه‌ی كرده‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی ده‌یانه‌وێت پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرن سه‌ركه‌وتوو نابن له‌ پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌یان، دواین كه‌سایه‌تی كه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت دیاری كرا مسته‌فا كازمی بوو، كه‌ به‌به‌راورد به‌ دوو كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی دیكه‌ چانسێكی زۆرتری هه‌بوو، حكومه‌ته‌كه‌ی تێپه‌ڕێنرێت،به‌ڵام ئه‌ویش ئێستا ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان بۆته‌وه‌ و كاری به‌رده‌می قورس كراوه‌، له‌وه‌یه‌ به‌ ده‌ردی ئه‌وانی پێش خۆی بچێت و عیراقیش ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێك ببێته‌وه‌ كه‌ داهاتووه‌كه‌ی نادیار ده‌بێت. له‌م ڕاپۆرته‌دا تیشك ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر كوالێسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و دانوستانه‌كان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی پشتیان تێكردووه‌.

ڕه‌وتی حیكمه‌: هیواكان له‌بار بران

دوای ئه‌وه‌ی مسته‌فا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ناوی به‌شێك له‌ وه‌زیره‌كانی بڵاو كرده‌وه‌،بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوی وه‌زیره‌كان لای هه‌ندێك هێز كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ ، به‌مه‌ش به‌ره‌ی ناڕازی بێده‌نگیان له‌ به‌رامبه‌ر كازمی شكاند و كاركردنی حكومه‌تیان به‌ له‌بار بردنی هیواكان ناوزه‌ند كرد.

سه‌ڵاح عه‌رباوی له‌ ڕه‌وتی حیكمه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر له‌ باره‌ی كابینه‌كه‌ی كازمیه‌وه‌ نوسیویه‌تی: " به‌داخه‌وه‌كابینه‌ی پێشنیاز كراو هیواكانی له‌ناوبرد له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ هه‌ندێك ناوی وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌".

كازمی دانوستان له‌گه‌ڵ دژه‌كانی ده‌كات:

سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئه‌مڕۆ ڕایگه‌یاند، كازمی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیدا نه‌یتوانیوه‌ پاڵپشتی ته‌واوه‌تی هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، بۆیه‌ دووباره‌ ده‌ستی كردۆته‌وه‌ به‌ دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ شێوازی پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی ناڕازین.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌شڵێت:" به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كان دڵخۆشكه‌ر نین، چونكه‌ كاره‌كانی به‌رده‌م كازمی قورسه‌ و هه‌ندێك هێز و هاوپه‌یمانێتی دوای ئاشكرا كردنی ناوی كابینه‌كه‌ی ناڕازی بوونی خۆیان ده‌ربڕێوه‌ و به‌م شێوه‌زا ڕازی نین حكومه‌ت پێكبهێنرێت".

كڕین و فرۆشتن به‌ پۆسته‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت:

مسته‌فا كازمی پێشتر سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری بووه‌، كه‌ به‌سروشتی ده‌زگاكه‌ كاره‌كان پێویسته‌ به‌ نهێنی ئه‌نجام بدرێن،به‌ڵام ئه‌م پۆسته‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كازمی به‌جێهێشتووه‌ و له‌ پێكهێنانی حكومه‌تیشدا هه‌ر به‌ نهێنی و شاراوه‌ دانوستانه‌كانی ئه‌نجام ده‌دات. سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس به‌ ماڵپه‌ڕی (الحره‌) ی ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌ سه‌رمایه‌داران پێشنیاریان بۆ دوو پارتی شیعه‌ كردووه‌، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر پێدانی پاره‌یه‌كی زۆر دوو كه‌سایه‌تیان وه‌ك وه‌زیر له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمیدا بۆ دیاری بكه‌ن، یه‌كێك له‌ پۆسته‌كانیش ده‌بێت ئه‌منی بێت، ئه‌مه‌ش واته‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاره‌كه‌ زۆر هه‌ستیار بووه‌.

،،

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ حسَین عه‌ره‌ب له‌ فراكسیۆنی (اراده‌) ڕایگه‌یاند هه‌ندێك لایه‌ن فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر كازمی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بكاته‌ وه‌زیر كه‌ خۆیان مه‌به‌ستیانه‌.

عه‌ره‌ب ده‌ڵێت:" فشاره‌كان ڕوون و ئاشكران، كازمی داوای له‌و لایه‌نانه‌ كردووه‌، كه‌ میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی كه‌سایه‌تیه‌كان بۆ خۆی جێبهێڵن، به‌ڵام هه‌ندێك هێز ناوی كه‌سایه‌تیه‌كانیان بۆ كازمی ناردووه‌ كه‌ بیانكاته‌ وه‌زیر، ئه‌وانیش له‌ به‌رامبه‌ردا پشتگیری له‌ تێپه‌ڕ بوونی حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌كه‌ن".

وتیشی:" ئه‌م فشارانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كازمی ناچار بكه‌ن، به‌ ویستی ئه‌وان ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ دابنێت كه‌ خزمه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ من داوا له‌ كازمی ده‌كه‌م به‌هێز بێت و هیچ ناوێك قبوڵ نه‌كات، چونكه‌ بنه‌مای سه‌ركه‌وتن یان شكستی حكومه‌ته‌كه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ وه‌زیره‌كانیشه‌وه‌".

كورد كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كازمی نیه‌ و ده‌وڵه‌تی یاساش داوای زوو پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كات:

تاكو ئێستا هیچ لایه‌نێكی كوردی دژی پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی ناڕه‌زاییان ده‌رنه‌بڕیوه‌، به‌ڵ:و له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان پشتگیری و پشتیوانی بۆ كازمی دووپات كراوه‌ته‌وه‌، تاكو ئێستاش هه‌رسێ وه‌زاره‌ته‌كانی (داد، دارایی، ئاوه‌دان كردنه‌وه‌) بۆ كورد یه‌كلایی بۆته‌وه‌، كه‌ پێده‌چێت داد بۆ یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان بێت و دوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ی دیكه‌ش بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت.

ئه‌وه‌ی كێشه‌یه‌ له‌به‌رده‌م كازمیدا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن سه‌رباری ئه‌وه‌ی فشاری ده‌خه‌نه‌ سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ویستی ئه‌وان وه‌زیره‌كان دیاری بكات، له‌ هه‌مانكاتدا داوا ده‌كه‌ن، به‌ زوویی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌ ماوه‌ی ده‌ستوریدا پێكبهێنیت. هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی مسته‌فا یكازمی كردو داوای زوو پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی لێكرد، هه‌روه‌ها مه‌نسور بعێجی له‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ وتی:" داوا له‌ كازمی ده‌كه‌ین به‌ زوو كابینه‌كه‌ی پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكات، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی پێبدرێت، هه‌روه‌ها له‌وه‌ زیاتر دوای نه‌خات بۆ ته‌واو بوونی مۆڵه‌ته‌ ده‌ستورییه‌كه‌ی، چونكه‌ وڵات به‌ دۆخێكی ناهه‌مواردا تێده‌په‌ڕێت".

،،

دواین لایه‌نیش كه‌ كۆمێنتی خۆیان له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی بده‌ن، هاوپه‌یمانێتی سائرونه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در.

به‌در زیادی له‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ ڕایگه‌یاند:" هه‌فته‌ی داهاتوو مۆڵه‌ته‌ ده‌ستورییه‌كه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كۆتایی دێت، تاكو ئێستا لای ئێمه‌ ڕوون نیه‌، كه‌ له‌ سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك وه‌زیره‌كان دیاری ده‌كرێن، كه‌س نازانێت میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌كان چۆنه‌، ئایا ته‌كنۆكراتن یان كه‌سایه‌تی حیزبی و سیاسین".

له‌ كۆتاییدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان له‌ پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی ڕۆژ به‌ ڕۆژ فراوانتر ده‌بن، هه‌ر لایه‌نه‌ و بیانویه‌كی بۆ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام وا دیاره‌ لایه‌نه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌وڵده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت كه‌سانی نزیكی خۆیان پۆست وه‌ربرن، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ كۆنترۆڵی داهات و لایه‌نی ئه‌منی وڵات بكه‌ن، بۆیه‌ كاری كازمیان قورس كرده‌وه‌ و گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه‌ به‌رده‌وام بن، ئه‌وا نزیكه‌ به‌ ده‌ردی دوو كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی دیكه‌ی به‌رن و عێراقیش به‌ره‌و داهاتوویه‌كی نادیار و قه‌یرانێكی قوڵتر به‌رن.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی