کۆرۆنا، تەراویحی گەڕاندەوە بۆ سەرەتای ئیسلام

موسڵمانان نیگه‌ران و ده‌سه‌ڵاتیش مكوڕ

کۆرۆنا، تەراویحی گەڕاندەوە بۆ سەرەتای ئیسلام

522 خوێندراوەتەوە

مسوڵمانان به‌ دڵێكى شكاوه‌وه‌ پێشوازیان له‌ مانگى ره‌مه‌زان كرد، وه‌زاره‌تى ناوخۆش ده‌ڵێت: ده‌بێ تاكو 2ى ئایار هیچ حاڵه‌تێكى كۆرۆنا تۆمار نه‌كرێت ئینجا مزگه‌وته‌كان ده‌كرێنه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تادا زانایانى ئایینى، به‌ده‌م داواكارى حكومه‌ته‌وه‌ رۆشتن و ده‌رگاى مزگه‌وته‌كانیان له‌به‌ر خه‌مى گشتى داخست، به‌ڵام ئه‌مرۆ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و پێیان وایه‌ بیانوویه‌كى ئه‌وتۆ نه‌ماوه‌ بۆ نه‌كردنه‌وه‌ى ماڵه‌كانى خودا.

،،

له‌نێوان داخستن و كردنه‌وه‌ى مزگه‌وته‌كان، ده‌سه‌ڵات هیچ چاره‌سه‌رێكى دیكه‌ى نه‌دۆزیه‌وه‌.

بریارێكى ته‌ندروستى یان سیاسی؟
زۆرێك له‌ زانایان پێیان وایه‌ بریاره‌كانى حكومه‌ت بۆ درێژكردنه‌وه‌ى واده‌ى داخستنى مزگه‌وته‌كان زۆرتر له‌ بریارى سیاسی ده‌چێت تاكو ته‌ندروستى، چونكه‌ ده‌ڵێن: زۆربه‌ى شوێنه‌كانى دیكه‌ به‌ره‌سمى كراونه‌ته‌وه‌ ته‌نها مزگه‌وته‌كان داخراون.


بیانووى قسه‌ى موسڵمانانى نارازى ئه‌وه‌یه‌، زۆربه‌ى بازارو شوێنه‌كانى دیكه‌ بۆ چه‌ند كاتژمێرێك كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ مانگێكى گرنگ و پیرۆزى وه‌ك ره‌مه‌زان ته‌نانه‌ت ناهێڵێن بۆ ماوه‌ى یه‌ك كاتژمێریش بێت قوفڵى مزگه‌وته‌كان لێ بكرێته‌وه‌ تاكو له‌ شه‌واندا ته‌راویح ئه‌نجام بده‌ن.

هه‌ربۆیه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد، ئه‌مرۆ له‌ زۆرێك له‌ شوێن و ناوچه‌ جیاجیاكانى كوردستان، خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تى زانایانى ئایینی لێ بكه‌وێته‌وه‌،

،،

ده‌سه‌ڵات هیچ شتێكى پێ نه‌بوو بۆ دڵدانه‌وه‌ى نوێژخوێنان.


ته‌راویح ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاى ئیسلام
هه‌رچه‌نده‌ ده‌رگاى مزگه‌وته‌كان به‌رووى مسوڵماناندا داخراون و ناتوانن وه‌ك ساڵانى رابردوو له‌ شه‌وانى ره‌مه‌زاندا ته‌راویح ئه‌نجام بده‌ن و حه‌لقه‌ى قورئانى ساز بكه‌ن، به‌ڵام به‌تامه‌زۆریه‌وه‌ ته‌راویح ده‌به‌نه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاى ئیسلام و تاك و ته‌را و به‌جیا جیا نوێژه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

چونكه‌ له‌سه‌ره‌تاى هاتنى ئاینى پیرۆزى ئیسلام، له‌سه‌رده‌مى پێغه‌رمبه‌ر (د.خ)، نوێژى ته‌راویح به‌ جه‌ماعه‌ت ئه‌نجام نه‌دراوه‌، تاكو له‌سه‌رده‌مى خه‌لیفه‌ى مسوڵمانان عومه‌رى كورى خه‌تاب نوێژى ته‌راویح له‌ وه‌رچه‌رخانێكى گه‌وره‌و گرنگدا له‌ نوێژێكى فه‌ردانییه‌وه‌ گۆرا بۆ جه‌ماعى.

،،

به‌ڵام ئه‌مجاره‌ موسڵمانان ماڵه‌كانیان ده‌كه‌ن به‌مزگه‌وت و (له‌به‌ر ریزپه‌رو پێویستى رۆژ) تاك تاكو كه‌م كه‌م نوێژه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن

و ده‌یانه‌وێت ئه‌و ئاماژه‌یه‌ بگه‌یه‌نن كه‌ ئه‌وان ده‌توانن هه‌موو بیانه‌یه‌ك بۆ خۆیان بكه‌ن به‌ مزگه‌وت، و نایانه‌وێت مانگێكى رۆحى و مه‌عنه‌وى گرنگى وه‌ك ره‌مه‌زان به‌ ساردو سرى تێپه‌رێنن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌یش ته‌راویح فه‌رزێك نییه‌، كه‌ واجب كرابێت له‌سه‌ر مسوڵمانان (بۆ نمونه‌ وه‌ك نوێژى جومعه‌) كه‌ ده‌بێ له‌مزگه‌وت ئه‌نجام بدرێت، بۆیه مسوڵمانان‌ نایانه‌وێت ببن به‌ سه‌رله‌شكرو شكێنه‌رى رێنماییه‌كان و تا بریارى حكومى و ره‌سمى نوێ، له‌ماڵه‌كانیاندا عیباده‌ته‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.


مزگه‌وته‌كان كه‌ى ده‌كرێنه‌وه‌؟
هه‌رچه‌نده‌ نوێژخوێنان نیگه‌رانو دڵشكاون و داواى كردنه‌وه‌ى مزگه‌وته‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات تا دێت جدیتر ده‌بێت، نایه‌وێ ده‌رگاى مزگه‌وته‌كان بكرێنه‌وه‌ تاكو به‌ته‌واوى ڤایرۆسى كۆرۆنا كۆنترۆڵ نه‌كرێت.


له‌مباره‌شه‌وه‌، وه‌زیرى ناوخۆى رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر هه‌تاو 2ى ئایار هیچ حاڵه‌تێكى كۆرۆنا له‌ هه‌رێمى كوردستان تۆمار نه‌كرێت ئینجا ده‌توانن مزگه‌وته‌كان له‌گه‌ڵ خوێندنگه‌و زانكۆو شوێنه‌كانى دیكه‌ بكرێنه‌وه‌.


به‌هۆكارى ئه‌وه‌ى كه‌ تاكو ئه‌مرۆش حاڵه‌تى نوێ له‌ كوردستان تۆمار كراوه‌، و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ رۆژانى دواتریش ئه‌مه‌ به‌رده‌وام بێت،

،،

بۆیه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى بریاره‌كه‌ى وه‌زیرى ناوخۆ پێ ناچێت به‌م زوانه‌ مزگه‌وته‌كان بكه‌نه‌وه‌.

هاوكات له‌گه‌ڵ داخستنى مزگه‌وته‌كان، كه‌عبه‌ى پیرۆزیش له‌سه‌ره‌تاى هاتنى كۆرۆناوه‌ به‌رووى مسوڵمانانى جیهاندا داخراوه‌ و حكومه‌تى سعودیه‌ به‌بیانووى رووبه‌رووى كۆرۆنا ناهێڵێت وه‌كو ساڵانى رابردوو نوێژى ته‌راویح له‌ ماڵى خودا ئه‌نجام بدرێت.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان