شێركۆ جه‌وده‌ت: دۆخه‌كه‌ له‌ ئاڵۆزیدا گه‌شتۆته‌ لوتكه‌

شـ‍ێركۆ جه‌وده‌ت: حوكمدارى به‌ پینه‌و په‌رۆ ناكرێت

شێركۆ جه‌وده‌ت: دۆخه‌كه‌ له‌ ئاڵۆزیدا گه‌شتۆته‌ لوتكه‌

491 خوێندراوەتەوە

جارێكى دیكه‌ حكومه‌تى ناوه‌ندى به‌بریارێك بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانى راگرته‌وه‌، ئه‌ندام په‌رله‌مانێكیش ده‌ڵێت: دۆخه‌كه‌ هێنده‌ ئاڵۆزه‌ وریا نه‌بین له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت.

 

 

شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتوو بۆ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌دوێت و پێى وایه‌ هه‌ردولا (ناوه‌ند و هه‌رێم) تاوانبارن له‌ برینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران.

 

سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ى كه‌ ئایا بۆچى جارێكى دیكه‌ حكومه‌تى ناوه‌ندى پاره‌ى هه‌رێم ده‌برێت و بودجه‌ى كوردستان نانێرێت و ئایا هۆكارى سیاسی له‌ پشت ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ نییه‌؟

جه‌وده‌ت گوتى: بێگومان به‌شێكى سه‌ره‌كى بابه‌ته‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هۆكارى سیاسی و رێك نه‌كه‌وتنى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند و سزادانى هاوڵاتیانى هه‌رێم له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌.

كه‌ ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ پشتگیرى كردنى كورد بۆ موسته‌فا كازمى و پشتكردن له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى ئێستاى حكومه‌تى ناوه‌ندى.

 

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ى یه‌كگرتوو ده‌ڵێت: به‌غداد تاوانباره‌ له‌وه‌ى كه‌ بابه‌تى موچه‌و قوتى خه‌ڵكى هى ئه‌وه‌ نییه‌ بكرێته‌ بابه‌تێكى سیاسی و وه‌كو فشار دژى حكومه‌تى هه‌رێم به‌كارى بهێنن.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێـت: هه‌رێم تاوانباره‌ له‌وه‌ى كه‌ پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌و یاساو رێكه‌وتنه‌ى كه‌ له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند ساڵى 2019 واژۆ كراوه‌ و نه‌وت راده‌ستى به‌غداد ناكات.

 

 

هه‌رێم چۆن ده‌توانێ دۆخه‌كه‌ تێ په‌رێنێت؟

شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌باره‌ت به‌و دۆخه‌ى ئه‌مرۆ هاتۆته‌ ئاراوه‌ ، ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌وا زۆر ئاڵۆزه‌و گه‌شتۆته‌ لوتكه‌، پێویستى به‌ كۆده‌نگى و یه‌كریزى و هه‌وڵى جدى به‌رپرسان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت.

 

هه‌روه‌ها ناوبراو ئه‌وه‌شى بۆ دیپلۆماتیك وت كه‌: حوكمدارى به‌م شێوازه‌و به‌پینه‌وپه‌رۆ ناكرێت، هه‌موو مانگێك موچه‌خۆران رووبه‌رووى ئه‌م هه‌موو سه‌رێشه‌یه‌ بكرێنه‌وه‌ تاكو موچه‌كانیان به‌ده‌ست ده‌گات.

 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى چۆن دۆخه‌كه‌ تێ ده‌په‌رێـت، جه‌وده‌ت ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێ به‌و بره‌ پاره‌یه‌ى كه‌ مانگانه‌ له‌برى كرێ و پێشه‌كى به‌ كۆمپانیاكان و روزنه‌فت و توركیاى ده‌یدات، موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران تاراده‌یه‌ك دابین بكات.

 

هه‌روه‌ها گوتیشى ئه‌و 750 ملیۆن دۆلاره‌ى كه‌وا له‌لاى ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌ حكومه‌ت ناتوانێ وه‌رى بگرێته‌وه‌ لێیان گه‌رنا ده‌توانێ به‌وه‌ش پاره‌ى موچه‌ خۆران دابین بكات تاكو له‌گه‌ڵ به‌غداد به‌خێرایی رێك ده‌كه‌ون.