هەرێم پارەی چوارمانگی نەوتی لایە، ئایا بۆ مووچە بەکاری دێنێت؟

هەرێم پارەی چوارمانگی نەوتی لایە، ئایا بۆ مووچە بەکاری دێنێت؟

1628 خوێندراوەتەوە

یادگارسدیق گەڵاڵی

کۆمپانیاکانی نەوت کە لەهەرێم وەبەرهێنان دەکەن لە بەرواری ١٧/٤/٢٠٢٠دا رایانگەیاند: هەرێم ئاگاداری کردوون شایستەکانی مانگەکانی( تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ٢٠١٩) و( کانونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٠) دوادەخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوت دەگاتە نزیک ٥٠$.

،،

ئەم هەنگاوەی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی زۆری نرخی نەوت لەسەرەتای مانگی ئازار .

هەروەها هەرێم بڕیاری داوە بۆ لەمەو دوا بەشێوەی مانگانە و لە ١٥ ی هەرمانگێکدا شایستەی کۆمپانیاکان بدات وە بەکردەیی لە ١٧ /٤/ ٢٠٢٠ دا هەریەک لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی( دی ئێن ئۆ ش لەگەڵ گەنێل لە تاوکی هاوپشکە) و شاماران و گۆڵف کیستۆن رایان گەیاند: شایستەی مانگی ئازاریان وەرگرتووە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی سەرۆکی حکومەت و وەزیری نەوتی عێراق، بەرهەمی نەوتی هەرێم بریتییە لە ٤٥٤ هەزار بەرمیل وە نرخی نەوت بەپێى داتاکانی فەرمانگەی وزەو زانیاری ئەمریکا و سایتی ستاتیستا نرخی نەوتی برێنت لە مانگی تشرینی دووەم بە ٦٣.٢١$ بووە وە لەمانگی کانونی دووەم بە ٦٧.٣$ وە لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ دا نرخی برێنت ٦٣.٦٥$ بوو ، لە شوباتدا دابەزی بۆ ٥٥.٧$.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا هەرێم نەوتەکەی بە نرخی ١٠$ کەمتر لەنەوتی برێنت فرۆشتووە . بۆیە منیش لەم شیکردنەوەیەدا هەر بە ١٠ $ کەمتر لە برێنت دامناوە.

وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد هەرێم شایستەی کۆمپانیاکانی نەوتی چوارمانگ دوا خستووە وە کۆمپانیاکنیش ڕازی بوون. ئەم هەنگاوەی هەرێم ئەرێنییە، چونکە پارەکە راستە قەرزە بەڵام هیچ سودێکی ناچێتە سەر وەکو لە ڕاگەیاندنەکەی گەنێڵ ئەنەرجیدا هاتووە وە هەروەها حکومەتی هەرێمیش پارەیەکی لەبەردەست دەبێت بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران کە چەند ساڵە گەورەترین تەحەدای بەردەم حکومەتبووە. کۆمپانیاکانیش دڵنیا دەبنەوە کە مانگانە پارە وەردەگرن و لانیکەم دڵنیا دەبن قەرزەکەیان کەی وەردەگرن. کەواتە داهاتی ئەوچوارمانگە چەندە کە هەرێم نەوتەکەی فرۆشتوە؟

بەسەیرکردنی ئەو خشتەیەی خوارەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لەو چوارمانگەدا بریتی بووە لە ٢ملیار و ٨٨٨ ملیۆن و ٥٧ هەزار و ٤٤٠ دۆلار بووە. ئەی ئەم پارەیە ئێستا لەکوێ یە؟ کە پارەی زیاتر لەسێ مانگی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەکات.


ئەگەر دەڵێن ئەو پارەیەی مانگانە داومانە بە وەزارەتی دارایی لەوپارەیە بووە، کە ئەگەرێکی لاوازە یان دەکرێ مانگی ١١ و ١٢ ی ٢٠١٩ گەڕابێتەوە بەڵام بۆ دوو مانگی سەرەتای ئەم ساڵ ئەگەرەکە دورترە، چونکە بەردەوام هەرێم دوای دوو مانگ شایستەی کۆمپانیاکان داوە واتە ٢ مانگی ویستووە تا پارەکە هاتووەتەوە بۆ هەرێم.

،،

بەڵام گریمان لە پارەی ئەو چوار مانگە ٢٩٥$ ملیۆن دۆلار دراوە بە وەزارەتی دارایی کەواتە تێکرای داهات بۆ وەزارەتی دارایی دەکاتە ١ ملیار و١٨٠ ملیۆن دۆلار .

ئەگەر واشبێت هێشتا بڕی ١ ملیاو ٧٠٨ ملیۆن دۆلار لە شوێنێک لەسەر حسابی هەرێم هەیە کە بەئاسانی موچەی ٢ مانگ دابین دەکات.