مینە چێندراوەکانی ناو سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدان

"ئەو سیسته‌مه‌ى له‌ عێراق كارى پێ ده‌كرێت بۆ ده‌نگدان نیچمه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌"

مینە چێندراوەکانی ناو سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدان

2597 خوێندراوەتەوە

وابریاره‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی 12ى ئایاری پەرلەمانی عێراق، كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان كار به‌ سیسته‌مێكى نوێى ئه‌لیكترۆنى بكات بۆ ده‌نگدانى گشتى ، به‌ڵام ئه‌م سیسته‌مه‌ بیروراى جیاوازى لێ لێکەوتووەتەوە و هه‌رچه‌نده‌ كۆمسیۆنى عێراق سیسته‌مه‌كه‌ زۆر به‌سه‌ركه‌وتوو و باش ده‌زانێت، به‌ڵام بڕیاردەری ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى له‌ هه‌رێمی کوردستان، زۆر به‌خراپى باسی ئەو سیستمەی ئەلیکترۆنییە دەکات و جەختیش دەکاتەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکو بەکارنەهێندرێت لە هەڵبژاردنی ئایندەدا.

سەعید كاكه‌یی، ئه‌ندامى ئەنجومەنی کۆمسیارانی كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، سه‌باره‌ت لەسەر سیستمە ئەلیکترۆنیەکەی دەنگدان، بە  دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی ڕاگەیاند "  ئه‌و سیسته‌مه‌ى له‌عێراق كارى پێ ده‌كرێت بۆ ده‌نگدان سیستەمی ئه‌لیكترۆنى ته‌واو  نییه‌  تاوەکو کێشە دروست بکات بەڵکو  نیچمه‌ ئه‌لكترۆنییه‌، بەشێکی دەستییە، واتە دەنگدەر وەک ئەمریکا نایەت تەنها بە کۆمپیوتەر و بەبێ قەڵەم و کاغەز دەنگ بدات، بۆیە هیچ بوارێکی بۆ ساختەکاریی تێدا نییە".

SD
ئامێری ئەلیکترۆنی دەنگدان (دروستکراوی کۆریای باشورە)

،،

سەعید كاكه‌یی، ئه‌ندامى ئەنجومەنی کۆمسیارانی كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق: ئه‌و سیسته‌مه‌ى له‌عێراق كارى پێ ده‌كرێت بۆ ده‌نگدان سیستەمی ئه‌لیكترۆنى ته‌واو  نییه‌  و  نیچمه‌ ئه‌لكترۆنییه‌ و بەشێکی دەستییە، واتە دەنگدەر وەک ئەمریکا نایەت تەنها بە کۆمپیوتەر و بەبێ قەڵەم و کاغەز دەنگ بدات، بۆیە هیچ بوارێکی بۆ ساختەکاریی تێدا نییە.

 

سەبارەت بە بۆچوونەکانی کۆمسیۆنی هەرێم کە باس لە خراپی سیستەمەکە دەکەن، سه‌عيد كاكه‌یی دەڵێت:" ئه‌وان له‌ هه‌ولێرن بۆیه‌ ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن و زانیارییان سه‌باره‌ت به‌سیسته‌مه‌کە نییه‌ و ناشزانن چییه‌، چونكه‌ رێژه‌ى ساختەکاریی  له‌م سیسته‌مه‌ تازه‌دا كه‌ بریاره‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق كارى پێ بكرێت له‌ ملیۆنا سفره‌".

له‌به‌رامبه‌ردا، ئیسماعیل خورماڵی بڕیاردەری ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى له‌ هه‌رێمی کوردستان بە دیپلۆماتیک مەگەزینی ڕاگەیاند" به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و سیسته‌مه‌ى كه‌ عێراق كارى پێ ده‌كات پێیان باش نییه‌ و دژیشی ده‌وه‌ستنه‌وه‌ چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى ساختەکاریی  بكرێت لە هەڵبژاردندا".

SCVR
بانگەشەی قەوارەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ـ نیسانی ٢٠١٤

،،

ئیسماعیل خورماڵی بڕیاردەری ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى: له‌به‌ر ئه‌وەی ده‌نگدان ئه‌لیكترۆنییه له‌ ئه‌مریكا، روسیاش توانیویه‌تى بچێتە ناو سیسته‌مه‌كه‌وە، ئەنجامی دەنگدان بگۆڕێت، بۆیە ئەگەر لە ئه‌مریكا توانرابێت به‌و هه‌موو لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌ به‌هێزه‌وه‌ سیسته‌مه‌كه‌ بشكێنرێت، ده‌بێت له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستانی چى بكرێت و چ كاره‌ساتێك بخوڵقێنرێت".

ئیسماعیل خورماڵی بۆ سەلماندنی قسەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە نمونە دەهێنێتەوە و دەڵێت:" زانیارییه‌كان دەڵێن روسیا ده‌ستى هه‌بێت له‌ ده‌رچوونى تره‌مپدا بۆ سه‌رۆكى ئه‌مریكا ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وەی ده‌نگدانه‌کە ئه‌لیكترۆنییه له‌ ئه‌مریكا، روسیاش توانیویه‌تى بچێتە ناو سیسته‌مه‌كه‌وە، ئەنجامی دەنگدان بگۆڕێت، بۆیە ئەگەر لە ئه‌مریكا توانرابێت به‌و هه‌موو لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌ به‌هێزه‌وه‌ سیسته‌مه‌كه‌ بشكێنرێت و ساختەکاریی بکرێت، ده‌بێت له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستانی چى بكرێت و چ كاره‌ساتێك بخوڵقێنرێت".

له‌ ئێستادا، لە نێو ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستاندا، بیروڕای جیاواز لەسەر ئەوە هەیە کە هاوشێوەی عێراقیش بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کار بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکەی عێراق بکرێت، بەڵام هێشتا بڕیاری یەکلاکەرەوە لە سەر ئەو بابەتە نییە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان