کورسییەکەی کۆسرەت رەسوڵ

کورسییەکەی کۆسرەت رەسوڵ

1455 خوێندراوەتەوە

هاوسەرۆکیی بەو تایپەی یەکێتیی کە وەلیدی کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە بوو، دوو کەسێتیی لە هەرەمی یەکێتییدا جێگیر کرد، هەرچەندە سەرەتا وەك قۆناغی یەکەم هەندێ مانۆڕکرا تا کارتەکانی دەستی لاهور تاڵەبانیی بشێوێنرێت، بەڵام لەو پێشەکییەدا بە بەهێزیی کۆسپەکانی بەردەمی ڕاماڵی.

تا ئاستێك پارتیی هەست بکات کە زەنگی مەترسییەکی جدیی بێت و پێویستی بە پێشگیریی بێت، بۆ ئەمە پرسی لاسەنگی نێوان دوو هاوسەرۆکەکەی هێنایە گۆڕێ، کە فیعلەن بافڵ تاڵەبانیی ڕۆڵ ونە و لاهورە ئەکتیڤە، بەڵام ئەوەش نەبوو بەکارت و کارەکان لە بەرەوپێشچووندا بوون. شەوی ڕابردوو لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندیی یەکێتیدا کۆبوویەوە

،،

وێنەی زەقی ناو کۆبوونەوەکە جێگا و کورسییەکەی کۆسرەت رەسوڵ بوو، کە لەڕووی خوێندنەوەی زمانی ئاماژەوە، مایەی لەسەر وەستانە.

بەهەموو پێوەرێك ئەو کورسییە جێگای کەسی یەکەمی حیزبە، نەك سەرۆکی دامەزراوەیەك! هاوسەرۆکی یەکێتیی ئەگەر لە چەند مانگی ڕابردوودا وێنەیەکی جیاواز و شێلگیری خستبێتەڕوو، ئەوا ئەمشەو لە خاڵێکی لاوازدا وێنەکەی لەسەر چرکێنرا، کە دڵنیام نە ڕێککەوت بووە، نەویستی ئەم و تیمەکەی بووە، بەڵکو هەڵەیەك بوو نیشانەی پرسیاری خستە سەر لێوەشاوەیی لەمە بەدوای! دانیشتن لە هەرەمی مێز و پشت توندکردوو بە ئاڵای کوردستان و یەکێتیی مەغزای خۆی هەیە، هاوکات لە میدیاکانەوە(بە میدیای کەسیی لاهور تاڵەبانییشەوە وترا«بەسەرپەرشتیی کۆسرەت رەسوڵ و لاهور تاڵەبانیی» کێ هەیە لەم مەتەڵ و لوغزە تێبگات، سەرۆکی یەکێتیی مەوقیعی ڕوونە و سەرۆکی یەکێك لە دامەزراوەکانیشیی بێگومان دێتە ناوەند یان دامێنی هەرەمەکە!

ئەمە نە موراجەعەی پەیڕەو و دەستووری ناوخۆیی ئەوێت، نە هیچ پرس و توێژینەوەیەك، سەرۆك ئەبێت سەدارەی هەبێت! لە کۆبوونەوەکە دا تیمەکەی کۆسرەت رەسوڵ کە نوێنەرایەتیی نەوەی دەیەی حەفتاکانی سیاسەت ئەکەن لە بەرەیەکدا دانیشتوون و هاوسەرۆك و تیمەکەشی لە لایەکیترەوە، تەنانەت کە کوڕەکەی کۆسرەت ڕەسوڵیش هاوتەمەن و لەسەر سەرکردایەتیی نوێ دێتە هەژمار، بە قودرەتی قادر لە ڕیزی تیمەکەی باوکییدا ڕۆنیشتبوو، ئەمانە سودفە و قەدەر نەبوون!

ساڵانێکی زۆرە کۆسرەت رەسوڵ بە هەرەمی کورسی ڕاهاتووە، یان نەرجسییەتی و خۆپەسەندیی خۆیەتیی، یان نەخێر مانەوەی هەیبەت و جەبەروتی نەوەی پێشووترە لەبەرامبەر نەوە و سەرکردایەتییە گەنجەکەدا، واتە ململانێی نەوەکانە و بەئاسانیی چۆڵی ناکەن، دەرخەری دوو ڕاستیی تاڵ و یەك دەرئەنجامن

،،

کە ڕەنگە سەرەتای جوڵەی ئەنجوومەنی سیاسیی و لوغمێکی تەوقیتکراوی پارتیی بێت!

جوڵەی یەکەم و تۆمارکردنی وێنەی یەکەم، لەدوای هەموو پڕۆسەیەکەوە گرنگە، کە ڕەنگە پاشتر گۆڕینی وەك سروت«طقس» بچەسپێت، دانیشتنی کۆسرەت رەسوڵ لەو شوێنەدا سەلمێنەری عەشقی ئەو نەوەیەیە بۆ کورسیی، نیشانەی خۆبەکەمزانینی ئەم نەوەیەشە با شێخیش بێت!