ئه‌مریكیه‌كی به‌ڕه‌گه‌ز فه‌له‌ستینی ڕكابه‌ری ترامپ و بایدن ده‌كات

ئه‌مریكیه‌كی به‌ڕه‌گه‌ز فه‌له‌ستینی ڕكابه‌ری ترامپ و بایدن ده‌كات

493 خوێندراوەتەوە

جاستن عماش ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند لیژنه‌یه‌ك له‌ پارتی لیبراڵی پێكده‌هێنێت، به‌ ئامانجی خۆ كاندید كردنی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ساڵی 2020ی ئه‌مریكا.

عه‌ماش كه‌ ته‌مه‌نی (40) ساڵه‌، پێشتر ئه‌ندامی پارتی كۆماریی بوو، هه‌روه‌ها ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیشه‌ له‌سه‌ر ویلایه‌تی میشیگان، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بۆ دادگایی كردنی دۆناڵد ترامپ ده‌نگی دا، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پارتی كۆماری ڕاگه‌یاند، هه‌روه‌ها ترامپیش داوای دروخستنه‌وه‌ی كرد. عه‌ماش له‌ باوكێكی فه‌له‌ستنی و دایكێكی سوری كۆچبه‌ر له‌ دایك بووه‌، له‌ ساڵی 2010دا وه‌ك نوێنه‌ری كه‌رتی سێی میشیگان، بووه‌ ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا، له‌و كاته‌دا بچووكترین ئه‌ندامی كۆنگرێس بوو.

باوكی جاستن له‌ ساڵی 1956دا كۆچی بۆ ئه‌مریكا كردووه‌، كه‌ كوڕی خێزانێكی مه‌سیحی ئه‌رسۆدۆكسین، خۆشی له‌ ویلایه‌تی میشیگان گه‌وره‌ بووه‌. جاستن عه‌ماش كۆڵیژی ئابوری له‌ زانكۆی میشیگان له‌ ساڵی 2002دا ته‌واو كردوه‌، له‌ هه‌مان زانكۆدا له‌ به‌شی یاسا خوێندویه‌تی و له‌ ساڵی 2005دا له‌و به‌شه‌ش خوێندنی ته‌واو كردووه‌، دوای ئه‌مه‌ش ده‌ستی به‌ كاری سیاسی كردووه‌. له‌ ساڵی 2008دا بۆته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ر، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 2010شدا به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی پارته‌كه‌ی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردووه‌ و توانیویه‌تی له‌ سه‌ده‌ 40ی ده‌نگی كۆمارییه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتیشدا به‌ ڕێژه‌ی له‌سه‌ده‌ 60له‌ كێبڕكاره‌ دیموكراته‌كه‌ی بردۆته‌وه‌.

،،

عه‌ماش خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی سیاسی به‌رزه‌، چونكه‌ خاوه‌نی بڕیاری تونده‌و گوێ به‌ حیزبایه‌تی نادات،

ئه‌و پشتگیری ئه‌و باوه‌ڕه‌ ده‌كات كه‌ خۆی به‌ ڕاستی ده‌زانێت، بۆیه‌ چه‌ندین جار دژی پارته‌كه‌ی خۆی ده‌نگی داوه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ دژی ترامپ ده‌نگ بدات و دواتریش به‌هۆیه‌وه‌ ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌.

له‌ كاتی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ پارتی كۆماری به‌سه‌رۆكایه‌تی ترامپ، عه‌ماش له‌ وتارێكیدا كه‌ ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆست بڵاوی كرده‌وه‌ ڕایگه‌یاند:" ئه‌مڕۆ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆم ڕاده‌گه‌یه‌نم و پارتی كۆماری به‌جێده‌هێڵم" ڕاشیگه‌یاند كاتێك پارته‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ مرۆڤایه‌تی دامانبماڵن، ئه‌وا ئێمه‌ش ئه‌وان داده‌ماڵین، له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ترامپ ڕایگه‌یاند:" ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی هه‌واڵێكی خۆش بوو".

له‌سه‌ر پرسی دورخستنه‌وه‌ی ترامپ ، عه‌ماش هه‌ڵوێستی توندی هه‌بوو، ئه‌و ولیام بار وه‌زیری دادی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی ڕاستیه‌كانی له‌خه‌ڵكی ده‌شارێته‌وه‌ و رای گشتی له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌كه‌ی رۆبه‌رت موله‌ر له‌سه‌ر ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ڕوسیا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2016دا به‌هه‌ڵه‌دا ده‌بات. ئه‌وه‌ جاری یه‌كه‌می نه‌بوو، كه‌ دژی پارته‌كه‌ی خۆی بوه‌ستێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ساڵی 2012دا دژی پرۆژه‌ یاسایه‌كی پارتی كۆمارییه‌كان وه‌ستایه‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ پێكه‌شی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیان كردبوو، به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌وه‌ له‌ لیژنه‌ی دارایی دورخرایه‌وه‌، ئه‌و پێی وابوو له‌ پرۆژه‌ یاساكه‌دا خه‌رجیه‌كان كه‌م نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

،،

له‌ ڕووی سیاسیشه‌وه‌، ئه‌و باوه‌ڕی ته‌واو به‌ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكی هه‌یه‌ و هه‌موو كات پشتگیری پڕۆژه‌ یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای له‌ سێداره‌دان ده‌كات.

هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی ڕزگاریی حكومی ناكۆكه‌ و دژی زیاد كردنی باجه‌ و پشتگیری بودجه‌یه‌كی هاوسه‌نگ ده‌كات، ده‌یه‌وێت بیمه‌ی ته‌ندروستی بۆ هه‌موو كه‌سێك بێت. له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌، دژی هاوسه‌رگیری هاوڕه‌گه‌زه‌كانه‌، به‌ڵام دواتر ئه‌م توندیه‌ی كه‌م بۆوه‌ و ئه‌و پێی وایه‌ مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ حكومه‌ته‌، نه‌ك هاوسه‌رگیری هاوڕه‌گه‌زه‌كان.

زۆر به‌توندی دژی سیاسه‌ته‌كانی ترامپه‌ تایبه‌ت به‌ یاسای كۆچبه‌ران، هه‌روه‌ها دژی دروستكردنی دیواری جیاكه‌ره‌وه‌ بوو له‌ باشوری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا. عه‌ماش له‌گه‌ڵ كارا دای هاوسه‌رگیری كردووه‌، خاوه‌نی سێ منداڵن كوڕێك و دوو كچ.