داعش له‌ مانگی ڕابردوودا 150 كرده‌وه‌ی تیرۆرستی ئه‌نجامداوه‌

داعش له‌ مانگی ڕابردوودا 150 كرده‌وه‌ی تیرۆرستی ئه‌نجامداوه‌

483 خوێندراوەتەوە

له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، گروپی تیرۆرستی داعش چه‌ندین هێرشی خوێناوی له‌ شاره‌كانی عێراقدا ئه‌نجامدا، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 10 كه‌س بوونه‌ قوربانی، له‌و چه‌ند ڕۆژه‌دا هێرشه‌كانی له‌ پارێزگای ئه‌نبار، جه‌له‌ولا و شورا له‌ باشوری موسڵ، هه‌روه‌ها تكریت و هه‌ولێر و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ ئه‌نجامداوه‌.

به‌ڵام خوێناویترین كرده‌ی، هێرشه‌كه‌ی ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو بوو، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 10 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌ی مكیشفیه‌ی شاری سه‌لاحه‌ددین كوژران. هه‌روه‌ها ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێندراوه‌وه‌ له‌ باكوری شاری به‌عقوبه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌، سه‌ربازێك كوژرا و سێ سه‌ربازی دیكه‌ش برینداربوون.

،،

په‌یمانگای واشنتن بۆ سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێرشه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ مانگی نیساندا به‌ به‌راورد به‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ زیادی كردووه‌

به‌شێوه‌یه‌ك داعش له‌ مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا 88 كرده‌وه‌ی ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام له‌ مانگی نیساندا 151 هێرشی ئه‌نجامداوه‌. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، ڕۆژنامه‌ی (جیرۆزاڵم پۆست)، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ هێرشه‌كانی داعش ئێستا قورس و خوێناوی بوون، چونكه‌ پشت به‌ ته‌قاندنی هاوه‌ن له‌ شوێنێكی دووره‌وه‌ ده‌به‌ستێت، یان چه‌كی قه‌ناس به‌كارده‌هێنێت، بۆیه‌ هێرشه‌كانی قورس و كاریگه‌ر بوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌دیمان كرد.

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ هێرشه‌كانی داعش له‌ پایزی ساڵی پاره‌وه‌ ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی له‌ هێرشێكی ئه‌مریكادا له‌ سوریا كوژرا. ڕۆژنامه‌ی (جیرۆزاڵم پۆست)، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌یدا، ده‌ڵێت:" هه‌رچه‌نده‌ له‌ عیراق له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی پاره‌وه‌، به‌ دۆخێكی هه‌ستیار و خۆپیشاندان و ناكۆكیدا تێده‌په‌ڕی، به‌ڵام داعش ئه‌م دۆخه‌ی بۆ هێرشه‌كانی نه‌قۆسته‌وه‌، به‌ڵام زیادبوونی گرژییه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ 6 پێگه‌ی بۆ هێرش كردن قۆسته‌وه‌". هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی ئاشكرای كرد، كه‌ له‌ 29ی نیساندا هێرشێكی ئاسمانی بۆ سه‌ر پێگه‌كانی داعش له‌ زنجیره‌ چیاكانی حه‌مرین ئه‌نجامداوه‌، هه‌روه‌ها به‌ریتانیش له‌ 10 ی نیساندا هێرشی ئاسمانی كرده‌ سه‌ر گروپه‌كه‌ له‌ كه‌ركوك،هه‌روه‌ها ئوستورالیا و كه‌نده‌ و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌ پاڵپشتی ئاسمانی هاوكاریان بۆ له‌ناوبردنی داعش كردووه‌.

له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیش، محه‌مه‌د حه‌لوبسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، هێرشه‌ تیرۆرستیه‌كان كه‌ ئێستا چه‌ندین جاره‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌

،،

واپێویست ده‌كات به‌ پلانی ئه‌منیدا بچینه‌وه‌،به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ پاشماوه‌كانی داعش له‌و ناوچانه‌ بهێنین.

هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی به‌ هاوكاری هێزه‌ ناوخۆییه‌كان، توانیویه‌تی زیاتر له‌ 110 كیلۆمه‌تر له‌ عیراق و سوریا له‌ ده‌ستی داعش ده‌ربهێنێت، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 7 ملیۆن و 700 هه‌زار كه‌س له‌ ده‌ستی ئه‌و گروپه‌ ڕزگار بكات، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و گروپه‌ ده‌ژیان.