پلان و كاری له‌ پێشینه‌ی داعش، بۆ مانه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌ چیه‌؟

پلان و كاری له‌ پێشینه‌ی داعش، بۆ مانه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌ چیه‌؟

376 خوێندراوەتەوە

سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، داعش هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕووی هه‌رێمیه‌وه‌ له‌ناوبراوه‌، به‌ڵام تاكو ئێستا توانیویه‌تی پارێزگاری له‌ بوونی خۆی بكات ،هه‌روه‌ها واز له‌ بیرۆكه‌ی گروپی گه‌وره‌ گه‌وره‌ بهێنێت، به‌ڵكو ئێستا له‌ شێوه‌ی گروپی بچووك بچوكدا كۆده‌بنه‌وه‌ و له‌ شوێنه‌ چۆڵه‌كان خۆیان حه‌شارده‌ده‌ن و هێرشی سنوردارئه‌نجام ده‌ده‌ن .

سه‌نته‌ری سیاسه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ڕاپۆرتێكی له‌سه‌ر جمجۆڵه‌كانی داعش بڵاو كرۆدته‌وه‌، كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی دینامێكی ده‌ركه‌وتۆته‌وه‌

،،

به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان به‌ ئازادی له‌ هه‌ندێك گوند و ده‌وروبه‌ری شاره‌كان به‌ ئازادی جوڵه‌ ده‌كه‌ن.

چانسێكی ئاڵتونی:

داعش دۆخی ئێستای عێراقی قۆستۆته‌وه‌ ، نایه‌وێت ئه‌و چانسه‌ ئاڵتونیه‌له‌ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ تیرۆرستیه‌كانیدا له‌ده‌ستی بدات،به‌تایبه‌ت كه‌ عیراق ئێستا خاوه‌نی حكومه‌ت نیه‌ و له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2019ه‌وه‌ خۆپیشاندانی تێدا ئه‌نجامده‌درێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌هۆی كوشتنی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس جێگری ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و كشانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و ناكۆكیه‌ ناوخۆییه‌كان چانسێكی نوێ بۆ داعش هاتۆته‌ كایه‌وه‌. داعش توانیویه‌تی سود له‌هه‌موو ئه‌و چانسانه‌ وه‌ربگرێت و چه‌ند هێرشێك له‌ ناوچه‌كانی دیاله‌ و سه‌لاحه‌ددین و موسڵ و كه‌ركوك و ناوچه‌كانی باكوری به‌غدای پایته‌خت ئه‌نجام بدات، ئه‌م هێرشانه‌ 9 بۆ 11 چه‌كدار ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، سودیان له‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌ عێراقیه‌كان بینیوه‌، كه‌ به‌شێكی زۆریان به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عیراق كشاونه‌ته‌وه‌.

ڕێكخراوه‌كه‌ تاكتیكێكی نوێ له‌ جوڵه‌ی شانه‌ نوستوه‌كانیدا په‌یڕه‌و ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هێرشه‌كانی سه‌ر باشوری سامه‌را و باكوری به‌غداد په‌یڕه‌وی كرد.

واته‌ی ئه‌م هێرشانه‌ی داعش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تاكتیكی ئێستای داعش گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتووه‌، له‌بری پشت به‌ستن به‌ ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كدار، په‌نا بۆ چه‌كداری كه‌م و به‌ئه‌زمون و پسپۆڕ ده‌بات.

ناوچه‌ی ستراتیژی و پڕ سامان:

چه‌كدارانی داعش ئێستا له‌و ناوچانه‌ بوونیان هه‌یه‌، كه‌ به‌ناوچه‌یه‌كی ستراتیژی داده‌نرێن، كه‌ كه‌وتۆته‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان و سوریا له‌ ڕۆژئاوایانه‌ و ئێرانیش له‌ ڕۆژهه‌ڵات. بوونی داعش له‌م ناوچه‌ سنوریانه‌، وای كردووه‌ كه‌ به‌ ئاسانی بتوانن ڕێگا خێراكانی نێوان شاره‌كانی ڕۆژئاوا و باكور و ڕۆژهه‌ڵات بكه‌نه‌ ئامانج، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌توانن هێڵه‌ بازرگانیه‌كان و نه‌وت و باره‌هه‌ڵگری غاز و بۆریه‌كانی وزه‌ و تۆڕه‌كانی كاره‌با و په‌یوه‌ندیش به‌ئامانج بگرن.

به‌ وته‌ی هێزه‌ عێراقیه‌كان، داعش به‌هۆی به‌ ئامانگرتنی ئه‌م ڕێگایانه‌وه‌، مانگانه‌ 3 ملیۆن دۆلاری ده‌ست ده‌كه‌وێت، كه‌ به‌هۆی باج یان جزیه‌ وه‌رگرتن له‌ كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه‌ی ده‌رمان و چه‌ك و جگه‌ره‌وه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها به‌شێكی دیكه‌ی داهاته‌كه‌ی به‌هۆی به‌قاچاخ بردنی نه‌وت و خۆراكه‌كان و كه‌ره‌سته‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌كانه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌. ڕاپۆرتێكی دیكه‌ش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ داهاتی داعش له‌ عیراق له‌ 100 ملیۆن دۆلار كه‌متر نیه‌ و مانگانه‌كه‌شی ده‌گاته‌ 4 ملیۆن دۆلار.

،،

ئه‌م داهات و پاره‌یه‌ی داعش، هاوكاری ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شانه‌ نوستوه‌كانیدا بمێنێته‌وه‌

كه‌ مانگانه‌ 200-250 دۆلار ده‌دات به‌ چه‌كداره‌كانی، هه‌روه‌ها 500-600 دۆلاریش ده‌دات به‌ ئه‌میر و فه‌رمانده‌كانیان.

سه‌نته‌ره‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌م ناوچه‌ ستراتیژه‌ بۆته‌ شوێنێكی ئارام بۆ چه‌كدارانی گروپه‌كه‌،چونكه‌ خۆیان له‌ گونده‌ جێهێڵدراوه‌كانی باكور و ناوه‌ڕاستی عیراق حه‌شارده‌ده‌ن، ئه‌م ناوچانه‌ به‌هۆی سروشته‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ چیا و دۆڵ پێكدێن، هاوكاری داعش ده‌كه‌ن كه‌ كرده‌وه‌ تیرۆرستیه‌ كلاسیكیه‌كانی ئه‌نجام بدات، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌شكه‌وت و تونێله‌كانیشدا ڕاهێنان به‌ چه‌كداره‌كانی بكات.

به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌، هێرشی داعش بۆ سه‌ر گونده‌ گه‌وره‌كان و ده‌وروبه‌ری شاره‌كان، پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی مانه‌وه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆرستیه‌یه‌.

كاری له‌ پێشینه‌ی داعش:

داعش سێ كاری له‌ پێشینه‌ و ستراتیژی بۆ داهاتووی خۆی دیاری كردووه‌

یه‌كه‌میان وره‌ی هێزه‌ عه‌شائیریه‌ سونیه‌كان كه‌ هاوكاری حكومه‌ت ده‌كه‌ن داده‌به‌زێنێت،داعش شێخی ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ به‌ (مرتد- هه‌ڵگه‌ڕاوه‌) ناو زه‌ند ده‌كات،هه‌روه‌ها به‌ مه‌ترسیه‌كی جدی له‌سه‌ر بوونی خۆی دایانده‌نێت،بۆیه‌ له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا زۆر به‌ توندی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردوون، چه‌ندین كه‌سی له‌ حه‌شدی عه‌شایه‌ری كوشتوه‌ و ڕفاندووه‌، هه‌روه‌ها گونده‌كانی بۆردومان كردووه‌ و باخ و كێڵگه‌كانیانی سوتاندووه‌.

دووه‌م كاری داعش، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ چۆڵكراوه‌كان مانۆڕ ئه‌نجام ده‌دات و دواتر به‌هۆیه‌وه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر گونده‌كان و ده‌یه‌وێت پشتێنه‌ی ئه‌منی شاره‌كان ببڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا و ده‌وروپشتی تكریت و سامه‌راو موسڵ و كه‌ركوك كردی.

كاری سێه‌می داعش بریتی یه‌ له‌ له‌مپه‌ر خستنه‌ به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی بۆ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، كه‌ پێشتر له‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بووه‌. له‌ كۆتایدا ڕاپۆرته‌كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ی داعش و پلانه‌كانی بۆ دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جه‌نگ ناوزه‌ند كردووه‌، چونكه‌ مانگ به‌ مانگ هێرشه‌كانی فراوانتر ده‌بێت، ته‌نها له‌ مانگی نیشاندا 87 هێرشی ئه‌نجامداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 183 كه‌س كوژراوه‌، ته‌نها له‌ یه‌ك هه‌فته‌شدا 23 هێرشی ئه‌نجامداوه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ ئاماژه‌یه‌كی ڕوونی دووباره‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی داعش و ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ كرده‌وه‌ تیرۆرستیه‌كانیانه‌.