ئایا دژی مافی پێکهاتەکانین؟

ئایا دژی مافی پێکهاتەکانین؟

519 خوێندراوەتەوە

کەمال حەمزە

هەر کاتێك پرسێکی هەستیار، یان چارەنووسسازی مشتومڕ هەڵگر کە تێیدا پارتی و لایەنەکانی دیکە ناکۆکن لە پەرلەمانی کوردستان دێتە گۆڕێ، یەکسەر باسی پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان و ئەو بەڕێزانەی لەسەر پشکی ئەوان لە پەرلەمانن گەرم دەبێتەوە، کە ئێستاش بابەتی وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی پەرلەمانتاریی لە ئارادایە، دیسان چاوەکان دەچنەوە سەر هۆکار و هاندەری پشت هەڵوێستیان.

لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورستان (پەرلەمانی کوردستان) لە 19/5/1992 ئەنجومەن پێکهاتبوو لە 105 کورسی، 100 کورسی گشتی و 5 کورسی پێکهاتەی مەسیحی. تا ئێرە بابەتەکە ئاساییە، ئەوەی نائاساییە ئەوەیە کە بۆ ململانێ لەسەر ئەو (5) کورسییە (4) لیستی پێکهاتەکە ململانێیان دەکرد، بەڵام تەنها (1) لیست کە هی (بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری) بوو لیستی مەسیحیەکان بوو و لەلایەن خۆیانەوە پێکهێنرابوو، (3) لیستەکەی تر لەلایەن پارتی و یەکێتی و حزبی شیوعی دروستکرابوون، لە ئەنجامدا بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری (4) کورسی هێناو، لیستەکەی پارتی (1) کورسی هێنا و ئەوانی تریش هیچ کورسی.

،،

تاکە پەرلەمانتارەکەی پارتی بەناوی پێکهاتە دواتر کرایە بریکاری وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێم و، ئینجا وەزیری دارایی لەسەر پشکی پارتی و، پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.

لە سی ڤی خۆیشیدا بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێت کە پارتییەو بەرپرسیارێتی هەبووە لە بەشەکان و مەکتەبەکانی ڕێکخستن و دارایی و پەیوەندییەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان.

لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان، ژمارەی کورسی پێکهاتەکان کرایە (11) کورسی بەم جۆرە:

(5) کورسی پێکهاتەی تورکمان و، (5) کورسی پێکهاتەی کلدان سریان ئاشووری و، (1) کورسی پێکهاتەی ئەرمەن. بەجۆرێك کە لە هەڵبژاردنی (30/1/2005) تا ئێستا بە بەردەوامی زۆرینەی ئەو کورسیانە، (9) کورسی یان زیاتر لەبەردەستی پارتییەو لە هەموو پڕۆسەیەکی دەنگدانی گرنگی ناو پەرلەمان ئەو دەنگانە بۆ پارتی وەكو پەرلەمانتارەکانی خۆی بۆی مسۆگەرن و، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو مەسەلەیە بۆ پارتی یەکلابۆتەوە.

ئایا دژی مافی پێکهاتەکانین؟

هەر کاتێك باس لە خەلەلی یاسای هەڵبژاردن و ناتەندروستیی شێوازی هاتنی خەڵکێك بۆ پەرلەرمان لەسەر حیسابی پێکهاتەکان دەکەین، یەکسەر تۆمەتی ئەوەمان دەدرێتە پاڵ کە ئێمە دژی مافی پێکهاتەکانین!! ئێمە دژی مافی پێکهاتەکان نین، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەرگری لە مافی پێکهاتەکان دەکەین و دەڵێین: با ئەوانەی بە ناوی پێکهاتەکان دەهێنرێنە پەرلەمان و ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان، هەڵبژێردراوی دەنگدەرانی پێکهاتەکانی خۆیان بن و ئەو پێکهاتانە بە نوێنەری خۆیانیان بزانن، نەك بە تەوجیە لە دەنگدانی تایبەت بەدەنگی هێزەکانی ناوخۆ و سەربازی بکرێنە پەرلەمانتار!!

حەقی لایەنەکانی پێکهاتەکانه بپرسن:

ئەو کەسەی بۆ نموونە لە چۆمان (لە ناوچەی باڵەکایەتی) یان پیرمام (ناوەندی دەسەڵاتی پارتی) کە دانیشتوانەکەی خەڵکی کوردی مسوڵمانن و پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی دیکە لەوێ نین، خێرە زۆرترین دەنگیان لەوێ پێ دەدرێ؟! گوناهی ئێمە چییە کە پەرلەمانتاری پێکهاتەی تورکمان هەبووە بەبێ ئەوەی شەرم لە دەنگدەرانی پێکهاتەکەی بکات لەسەر شاشە ڕایگەیاندووە کە شانازی بەوە دەکات کە بە دەنگی زێڕەڤانی دەرچووبێت و بووبێتە پەرلەمانتار!!

قسەمان لەسەر ئەوە نییە کە پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەکان هەبێت، بەڵکو قسەمان لەسەر ئەوەیە کە ئەگەر پەرلەمانتاری پێکهاتەکان بە لیستی کۆتا هەیە، ئەی کوا دەنگدەری ئەو پێکهاتانە؟ بۆچی تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان نییە؟! با پەرلەمانتاری هەر پێکهاتەیەك لەلایەن دەنگدەرانی پێکهاتەکەی خۆی متمانە وەربگرێت، نەك حزبێکی دیاری کراو ئیرادەو دەنگی ئەم پێکهاتانە پێشێل بکات و کەسانێك بە ناوی ئەوان بۆ بەرژەوەندی و ئەجێندای خۆی بهێنێتە پەرلەمان و، چەکی دەستی بن لە دژی لیستەکانی دیکە.

ئاخر کۆتا بۆیە دیاری کراوە تا مافی پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ لە نوێنەرایەتی و بەرگری کردن لە مافەکانیان بکرێ، نەك تێکەڵی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بن و ببنە بەشێك لە پلانی جێبەجێکردنی ئەجێندای لایەنێك دژی لایەنەکانی دیکە!!

ئایا پارتی زۆرینەیە لە پەرلمان؟!

ئەوەی کە زۆربەی ئەو بەڕێزانەی بە ناوی پێکهاتەکان لە پەرلەمانن ئەجێندای پارتی جێبەجێ دەکەن (جگە لە بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری و بەرەی تورکمانی)، لایەنە سیاسییەکان و فڕاکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان زۆر باش ئەوە دەزانن و، هەڵوێستیان لە کاتە هەستیارەکانیش ئەوە دەخاتە دەسەلمێنێ.

بۆ نموونە: هەردوو دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە 23/6/2015 و 7/5/2020 هاوهەڵوێستی پارتی بوون دژی لیستەکانی کۆمەڵ و یەکێتی و گۆڕان و یەککرتوو، ئایا ئەو بەڕێزانە دەتوانن یەك هەڵوێست بۆ خەڵکی بنووسن کە نەك دژ، هاوڕای پارتی نەبووبن لە پرسێکی گرنگی دەنگدانی ناو پەرلەمان؟ زۆرجار برادەرانی پارتی لەسەر زاری بەرپرسان و فڕاکسیۆنەکەیان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە لەم خولی پێنجەمەی پەرلەمانی کوردستان زۆرینەن!! ئایا پارتی بە 45 کورسی لە کۆی 111 کورسی کە دەکاتە ڕێژەی 40%ی کورسییەکانی پەرلەمان چۆن زۆرینەیە؟ ئاخر زۆرینە لانی کەم دەبێ 51%ی کورسییەکان بێت، یان حیسابی لانی کەم 9 کورسی پێکهاتەکان و کورسی دیکەشی کردووە؟!

چارەسەر چییە؟

چارەسەری یاسایی و ئەخلاقیی ئەوەیە، یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوەو، تایبەت بە کۆتاکان بە جۆرێك دابڕێژرێتەوە کە نوێنەرانی ڕاستەقینەیان بە دەنگی دەنگدەری ئەم پێکهاتانە بچنە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، به گرتنەبەری: 1. ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی و، هی پێکهاتەکان بە جیا بکرێت و، بەرمەبنای ئەوە بازنەی هەڵبژاردنیان یابکرێتەوە. 2. یان بە سوود وەرگرتن لە تۆماری دەنگدەرانی گشتی و تایبەت، تۆماری دەنگدەرانی پێکهاتەکان جیابکرێتەوەو، دەنڴ بە کاندیدانی خۆیان بدەن.