جوڵەی كازمی هەندێك لە هێزە سیاسیەكان دەترسێنێت

جوڵەی كازمی هەندێك لە هێزە سیاسیەكان دەترسێنێت

417 خوێندراوەتەوە

چاودێرێكی سیاسی هۆكاری ترسی هەندێك لە گروپە چەكدارەكانی عیراق لە جوڵە سیاسیەكانی مستەفا كازمی ئاشكرا دەكات،هەروەها ئەوەش ئاشكرا دەكات كە ئەوان ناچار بوون متمانەی پێبدەن. ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بەوەش دەكات، كە ئەو هێز و گروپانە بەشێوەیەكی تایبەت لە كازمی و بە گشتی لە وەزیرەكانی حكومەت و هەندێك بەرپرسی سەربازی دەترسن،كە لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوەیە:

یەكەم: كازمی پێشتر سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بووە،واتە ئاگاداری هەموو جوڵەو زانیارییەكی ئەو گروپانەیە، لە ڕووی چەك و شوێنیان و سەر بە چ وڵات و لایەنێكیشن.

دووەم:دانانی فەریق ڕوكن عوسمان غانمی بە وەزیری ناوخۆ هۆكاری نیگەرانی و ترسی ئەو گروپانەیە، چونكە ئەوان بە نیازبوون دوری بخەنەوە یان خانەنشینی بكەن.

سێیەم:هەروەها كاندید كردنی جومعە عناد بۆ وەزیری بەرگری،دووبارە جێگای نیگەرانی ئەو هێزانەیە،چونكە پێشتر لە ساڵی 2019دا فەرماندەی هێزی وشكانی بووە،هەروەها پۆستی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی سەلاحەددین و بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو پارێزگایە بووە لە ساڵی 2013دا.

چوارەم:گەڕاندنەوەی عەبدولوەهاب ساعدی بۆ پۆستەكەی و بەرزكردنەوەی پلەكەی،دانانەوەی لە پۆستی سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆر، نیگەرانی ئەو هێزانەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە ساعدی یەكێك بوو لە هۆكارەكانی خۆپیشاندانەكانی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو.

پێنجەم: دانانی فەریق عەبدولئەمیر شەمەری بۆ فەرماندەی ئەركانی سوپا، ترسی لای گروپە چەكدارەكان دروست كردووە،چونكە هەموو لایەك ئاگاداری ناكۆكی و دوژمنایەتی شەمەری و ئەو هێزانەن، هەروەها ئەو فەرماندەیە هەندێك لە پارتە سیاسیەكانی بە هێرش كردنە سەر مەیدانی تەحریر تۆمەتبار كرد.

ئەو سەرچاوەیە لە كۆتایدا ڕایدەگەیەنێت، ئەو هێزانە جوڵەی كازمی بە كودەتایەكی سەربازی دژی هێزە سیاسیەكان دەبینن، بەتایبەت كە كازمی سەر بە هیچ هێزێك نیە و هیچ باكگراوەندێكی ئاینیشی نیە.

ئا:دیپلۆماتیك مەگەزین