سعودییە (520) ملیۆن دۆلار دەدات بۆ دامەزراندنی سوپایەكی كوردی لە باكوری سوریا

سعودییە (520) ملیۆن دۆلار دەدات بۆ دامەزراندنی سوپایەكی كوردی لە باكوری سوریا

786 خوێندراوەتەوە

دكتۆر هاوار كمال میرزا
ڕاپۆرتیكی وردی ڕۆژنامەوانی تێکەڵەی لێڵ و جێگەباوەڕ ئاماژە بە پلانێكی ئەمریكی- سعودیی دەكات بۆ بەكارهێنانی كارتی كورد لە سوریا بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو لاسەنگییەی لە نێوان ڕۆژئاواو وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت وڵاتانی كەنداوو میسر لە سوریا ( هەروەها لیبیا)، هاتۆتە كایەوە لە بەرامبەر بەرەی ڕوسی- توركی+ ڕوسی-ئێرانی- سوریایی‌، لەو نێوەشدا كارتی كوردی بەهێزترین كارتی بەرژەوەندییە لە بۆتەی تێكچڕژاویی بەرژەوەندییەكانی هێزە هەرێمیی‌و نێودەوڵەتییەكاندا لە ناوچەکەدا.


(یەكخستنی گروپەكان لەژێر پەردوی نێودەوڵەتییدا) لەژێر ئەم ناوەدا، سەرچاوە توركییەكان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هەواڵی نەخشەو پلانێكیان بڵاوكردەوە بۆ دووبارە پێكهێنانەوەی هێزەكانی كورد لە باكوری سوریا، لەگەڵ ئاماژەدان بەو ڕۆڵەی سعودییە لە پیشتی پەردەوە دەیگێڕێت.

،،

لەم بارەیەوە پێگەی"خبر ترك"ی توركی بڵاوییكردەوە، پلانی دووبارە بونیاتنانەوەی هێزە كوردییەكان لە بنەڕەتدا پلانێكی ئەمریكییە بە ئامانجی بەخشینی پەردوی ئاسمانی نێودەوڵەتی لەسەر هێزە كوردییەكاندا، هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە بەرپرسە ئەمریكییەكان لەگەڵ نوێنەرانی هێزە كوردییەكانی دەرەوە، كۆبوونەتەوە بۆ یەكخستنیان لە ژێر چەتری كیانێكی نوێ دا.

لەسەروی هەموشیانەوە ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردی(المجلس الوطني الكردي)یە، كە ئەندامی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، هەروەها حەرەكەی كۆمەڵگای دیموكراتی كوردی، كە لەژێر نفوزی پارتی كرێكارانی كوردستاندایە‌و لە لایەن توركیاوە بە تێرۆریست ڕیزبەندكراوە.


ئامانجەكانی ئەم پێشنیارە نوێ یە بۆ پێكهێنانی هێزێكی نوێ كە ئەنجومەن و حیزبەكان یەكدەخات، وەك ئەمریكا هەردوولای ئاگاداركردۆتەوە. بە پێی سەرچاوەكان سعودییە دارایی ئەم پڕۆژەو پلانە دابیندەكات، كە پێكهێنانی هەیكەلێكی سەربازیی نوێ بە دابینكردنی (520) ملیۆن دۆلار بە درێژایی (3) ساڵ، دەگرێتەوە. ئەمە جگە لە (200) ملیۆن دۆلار بۆ تێچوونی بەکاربردن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە لۆجستییەکان.


ئامانجەكانی ڕیاز چین لەم پلانەدا ؟
لە ڕێگەی بەشدارییكردنی لە پارەداركردنی پێشنیارو پڕۆژەیەكی ئەمریكی، ئەوە سعودییە بە بەردێك سێ ئامانجی گرنگ دەپێكێت:
یەكەم: خۆی دەبینێـەوە لە بەشدارییكردنێكی كارا(الفاعلة) لە دروستكردنی هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر بەرژەوەندییە ستراتیجییەكانی ئەنكەرە لە ناوچەكەدا. بە تایبەت توركیا یەكینەكانی پاراستنی كوردی لە باكوری توركیا بە مەترسی‌و هەڕەشەی جدی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەداتە قەڵەم، بەو پێ یەی پەكەكە ئەجێندای جوداخوازیی كوردی توركیا تەغزییە دەكات و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەمان فیکری پەکەکە لە برەودایەو تورکیا وەزاڵە هاتووە لەو شەپۆلە شۆکهێنەوە لەسەر سنورەکانی. ئەمەش لای خۆیەوە کارتێكی بەهێزی فشار دەخاتە دەستی ڕیازەوە لە ململانێ هەرێمییەكان لەگەڵ ئەنكەرەدا، كە هەنوكە ئەو پێكداهەڵپژانی بەرژەوەندییانەی توركیاو سعودییە درێژبۆتەوە بۆ جیهانی عەرەبی‌و ئیسلامیی. ئەم ململانێیەی ڕیاز‌و ئەنكەرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێشتر لە ئەنجامی هەڵوێستی جیاوازی هەردوو دەوڵەت بەرامبەر شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی.

ئەم ململانێ یە دوو ڕووداو زیاتر تووندتری كردەوە:

یەكەم تۆمەتباركردنی هەریەك لە ڕیاز‌و ئەبو زەبی بە دابینكردنی دارایی بۆ هەوڵی شكستخواردووی كودەتای سەربازیی دژی ڕەجەی تەیب ئەردۆغان لە ١٥ی تەمموزی 2016، دووەمین ڕووداو غافڵكوژكردن(تێرۆر)ی ڕۆژنامەنوس "جەمال غاشقچی" بوو لەسەر دەستی عەمیلە حكومییەكانی ناو كونسوڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبوڵ لە ٢ی تشرینی یەکەمی 2018.


دووەم: ئامانجی دووەمی سعودییە لە پارەداركردنی پلانی سوپایەكی نوێ بۆ كورد، گەرێنتی جێگەپێی یە بۆ نفوزی سعودییە لە سوریای نوێ لە دوای جەنگ، لە سێبەریی ئاماژەكانی ئەمریكاو ئەوروپا بە پێبەخشینی سەربەخۆییەكی گشتگیر یان جوزئی(بەشەکی) بە كوردی سوریا، لەبەر ڕۆشنایی زیادبوونی ناكۆكییەكان لە نێوخۆی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا، هاوكات بوونی ئاماژە دەربارەی چاوخشاندنەوەی مۆسكۆ بە هەڵۆێستە یەکلاکەرەوەكانی لە دەستگرتن بە حوكمڕانی ئەسەدەوە، کە پێشتر هەیبوو.


سێیەم: ئامانجی سێیەمی بەشداریی سعودییە لەو پڕۆژەیەی كورد لە سوریا خۆی دەبینێـەوە لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا، هەروەها پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە گەورەی لە پەیوەندیی هەردوو وڵات هاتۆتەکایەوە بە هۆی قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت، كە زیانێكی گەورەی بە كەرتی نەوتی بەریی ئەمریكی گەیاندو واشنگتۆن لای خۆیەوە ڕیازی بە بەرپرس لەو بارەوە دەزانێت. کاردانەوەی بەپەلە ئەمریکا کشاندنەوەی سیستمی موشەکی پاتریۆتی ئەمریکی لە سعودییە ئاماژەی مەترسیداری هەڵوێستی ناوەندەکانی بڕیاربەدەستی واشنگتۆنە لە بەرامبەر نزیکتریین هاوپەیمانی لە ناوچەکە. هەربۆیە دابینكردنی دارایی پێویستی سعودییە بۆ ئەو هێزە كوردییە و فەراهەمكردنی زیاتر لە (700) ملیۆن دۆلار، كە دەبوو لە خەزێنەی ئەمریكی بدرێت، گرنگیی پێدانی دۆناڵد ترامپی سەبارەت بە سعودییە وروژاند ، كە ئیدارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەكات بە عەقڵیەتێكی سەرمایەدار.

"عشقی" و "سبهان":
پەیوەندی سعودییەو كورد لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015، كە هاوساتی بەدەسەڵاتگەیشتنی ڕێبەرانی نوێی سعودییە بوو بە سەرۆكایەتی وەلی عەهدی ئەوكات" محەمەد بن سەلمان" كە زۆری نەبرد بووە جێنشین‌و حاكمی كرداریی سعودییە لە كەمتر لە دوو ساڵدا. لەو ماوەیەداسعودییە هاوپەیمانییەكی ستراتیجی لەگەڵ ئیمارات بەست دژی توركیاو ئێران، ئەمەش وایكرد كورد کارتێكی گرنگ بێت لەو ململانێیەدا، كە گەیشتە ڕادەی جەنگی سارد لە نێوان هەردوو لایەندا.
لەو چوارچێوەیەدا لیوا:"ئەنوەر ماجد عشقی" نزیك لە فەرمانڕەوایانی سعودییە لە 2015دا لەبەردەم " ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە"ی ئەمریکا لە واشنگتۆن، وتی:" كاركردن بۆ دروستكردنی كوردستانێكی گەورە بە ڕێگەگەلێكی ئاشتیخوازانە، دەتوانێت بەرژەوەندییەكانی ئێران‌و توركیاو عێراق لاوازو كەم بكاتەوە، بە جۆرێك سێ یەكی هەر دەوڵەتێكیان لێدەقرتێت لەبەرژەوەندیی كوردستان".

،،

لە تشرینی یەكەمی 2017، "سامر سەبهان"ی وەزیری سعودییە بۆ كاروباری كەنداوی عەرەبی، سەردانی"عین عیسی"ی لە شاری ڕەققەی سوریا، كرد، كە لەژێر كرنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتی دا بوو. سەبهان لەوێ چاوی بە بەرپرسانی ئەمریكی كەوت. جوڵەیەكی وەهاو لەو کاتو ساتە هەستیارەدا، لە لایەن ژمارەیەك لە چاودێران بە ئاماژەی پشتیوانی گەشەكردووی ڕیاز بۆ كورد لە سوریا لێكدرایەوە.


هەستیاری ئەم مەلەفە گەیشتە لوتكە لەگەڵ بانگەشەی "مەسعود بارزانی" سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم لە 25ی ئەیلولی 2017و پشتیوانی سعودییە بە نهێنی بۆ ئەم هەوڵە بە پێی جەختكردنەوەی ڕۆژنامەی"تایمز "Times"ی بەریتانی لەو كاتەدا. ئەمەش لێدانی زەنگی مەترسی ئەوەبوو، كە سیاسەتەكانی ڕیاز بووەتە مەترسی‌و هەڕەشەیەكی جدی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەریەك لە توركیا، ئێران‌و عێراق.


لەلایەکی ترەوە، لە 25ی ئایاری 2018دا، سێ بەرپرسی سعودییە چاویان كەوت بە بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و پەكەكە. لە بنكەی ئەمریكی" خراب عشق" لە باشوری شاری كۆبانی"عین العرب" لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. سەرچاوەكان بۆ كەناڵی :"الجزیرە" تەئكیدیان كردەوە لەسەر ئەوەی بەرپرسانی سەربازی ئیمارات بەشداربوون لەو كۆبوونەوەیە، كە ئامانج لێی:" دامەزراندنی یەكینەی]سەربازیی[ كوردی بووە لە ناوچەكە، لەبەرامبەر ئەوەی هەر كەسیكی ئەو یەكانە (200)دۆلار مانگانەی پێبدرێت"، هەروەها ڕۆژنامەی نیزەڤیسیمایا "Nizavisimaya"ی ڕوسی جەختیكردۆتەوە، كە بەڵگەی چەسپاو هەیە لەبارەی تێوەگلانی سعودییەو ئیمارات لە پشتیوانی پڕۆژەی كوردی لە باكوری سوریا و پێدانی چەندین کەرەستەی سەربازیی بە چەكدارانی كورد لە باكوری سوریا لەلایەن ئەبوزەبی یەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تێرۆر بە فەرماندەیی ئەمریكا. لێرەوە نوسەری توركی" ئیبراهیم قراگۆل" سەرنوسەری ڕۆژنامەی" ینی شفق" لە 19ی نیسانی 2018 وتارێكی بڵاوكردەوەو هۆشدارییدا لە:" پلانێكی ڕۆژئاوا بۆ پشتیوانی ڕێكخراوە تێرۆریستەكان ]لە باكوری سوریا[، پەیوەندیی نییە بە ڕووبەڕوو بونەوەی نفوزی ئێرانی‌و دەبێتە هۆی جەنگی عەرەبی-توركی" وەك وەسفی كردبوو.


چۆنێتی پێكهێنان و ڕاهێنانی هێزەکە:
لەم سیاقەدا، دەتوانین بڵێین پلانی" سوپای كوردی وێكخراو" بە یەكێك لە درێژكراوەی هەوڵەكانی پێشتری سعودی-ئەمریكی دادەنرێت بۆ ڕێكخستنی كوردانی سوریا. بڕیارە هێزە نوێ یەكە لە ( 10) هەزار چەكدار پێكهاتبێت و پێنج فیرقەی كۆماندۆزو یەكەی ڕووبەڕوو بوونەوەی تێرۆر بگرێتەخۆ و لە ژێر سەركردایەتی " فرحات عبدی شاهین" بێت، كە كە ناسراوە بە " مەزڵوم كۆبانی"و فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكراتە.


بە پێی سەرچاوە توركییەكان، دەزگای هەواڵگریی ئەمریكی و پێنتاگۆن پلانیان داناوە بۆ ڕاهێنانی (4000) چەكدارو وێكخستنیان لەگەڵ ئەو هێزە (10) هەزار كەسییەی دیكە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا. ئەوەش تەئكید دەكرێتەوە بە نوێكردنەوەی گرێبەستی سەدان چەكداری هێزەكانی سوریای دیموكراتی، كە هەڵوەشێنرابوونەوە دوای بڕیاری ترامپ بە كشانەوەی جوزئی لە سوریا لە ساڵی ڕابردوودا.


سەرلەنوێ ڕەواج بەو هەوڵانە دەدرێت وەك بەشێك لە هەنگاوی ڕووبەڕوو بوونەوەی چالاكی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی"داعش"‌و ڕێگرتن لەو ڕێكخراوە بۆ باڵادەستبوونی بەسەر خاكی نوێدا. بە پێی سەرچاوە كوردییەكان، یەكینە چەكدارەكانی كورد، كە پێشتر هێزی ئەمریكا ڕاهێنانیان پێكردوون لە ڕەققەو كۆبانێ، جارێكی دیكە بانگهێشت دەكرێنەوە، وەك "هێزێكی یاریدەدەر" بۆ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە حەسەكەو دیر ئەلزور و وەك ناوكی ئەو هێزە كوردییە وێكخراوە، ڕاهێنراو لە لایەن ئەمریكاوەو پارەداكردنی لەلایەن سعودییەوە.


لێرەوە تێدەگەین:

ئەو ڕێكەوتنەی لە نێوان ئەنەكەسەو هێزەکانی پاراستنی گەل لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەسترا، بە نێوەندگیری سەرۆكی هەرێم و لاهورو جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئاماژەیەكی ڕوون و ئەڵقەیەكی تری ئەو زنجیرەیە، كە بێ حسابكردنی وردو لەبەرچاوگرتنی هاوكێشەی هەرێمی ئاڵۆزو لێكئاڵاوی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی تێناپەڕێت‌و كورد دەبێت حسابێكی وردی هەبێت و بێ سەنەدی بەرجەستە"ملموس"و كاركردنی هێزە كوردییەكان لە چوارچێوەی پڕۆژەی دەزگا هەواڵگرییەكانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بێ گومان ئافاتهێنەرەو شكستی شۆڕشی ئەیلول‌و دواتر بابەتی بەكارهێنانی كورد لە ڕووخاندنی عێراق 2003 و تازەترینیان داگیرکردنی كۆبانێ و ڕادەستكردنەوەی كەركووك، گەورەترین بەڵگەی شكستی ئەم جۆرە مامەڵانانەیەو كورد دۆڕاوی پلەیەكی زۆرێك لەو سەفەقە ڕزیوانەیە.

هەربۆیە وەك ئەركێكی نەتەوەیی هۆشداریی جدی لە وەها پیلانێك دەدەین و بە وردیی چاوخستنەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش دەبێت پێوەربێت بۆ وەها مامەڵەیەك. توڕەیی ئێران لە جێگیرکردنی سیستمی موشەکی دژە ئاسمانی لە بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە هەریر، هەروا بە سانایی بۆ کورد تێناپەرێت بەسەر ئێراندا. والسلام