نه‌وتی كوردستان بۆته‌ هۆی دروستبوونی ناكۆكی له‌ ناوخۆی هه‌رێمدا

ملیاره‌ها دۆلار دیار نیه‌ و فه‌رمانبه‌ران بێ موچه‌ن.

نه‌وتی كوردستان بۆته‌ هۆی دروستبوونی ناكۆكی له‌ ناوخۆی هه‌رێمدا

226 خوێندراوەتەوە

سەرچاوە:ماڵپەڕی عراق الیوم
وەرگێڕانی: گۆران قادر


كه‌یسی نه‌وت له‌ نێوان به‌غداد و هه‌ولێر، به‌ یه‌كێك له‌ كه‌یسه‌ ئاڵۆز و قورسه‌كانی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێم داده‌نرێت،ئه‌م كێشه‌یه‌ بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غداد چیدیكه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌نێرێت


. وه‌زاره‌تێكی وه‌همی:
دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان بێ وه‌زیر مایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێكه‌ حكومه‌ت پێكهێنراوه‌

،،

به‌پێی ڕاپۆرتی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن"ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری پێشووی سامانه‌ سروشتیه‌كان كه‌ به‌ سندوقی ڕه‌شی پرسی نه‌وت ناسراوه‌،شه‌ریكی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، ئه‌مانه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی كردووه‌.

سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌ددین سه‌رۆكی فراكسیۆنی ئاینده‌ و په‌رله‌مانتارانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌ڵێت:" وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان وه‌زاره‌تێكی وه‌همیه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع دامه‌زراوه‌یه‌كی وه‌ها بوونی نیه‌، ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌رو جێگر و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانیشی بوونیان نیه”


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌شڵێت:" سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی ئه‌مریكیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، كه‌ ساڵانه‌ حساب و ڕاپۆرتی نه‌وت بڵاو ده‌كاته‌وه‌". سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌ددین له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌" له‌ناو خێزانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ناكۆكی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ نێوان سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌تدا، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی مه‌له‌فی سامانه‌ سروشتیه‌كان، هه‌ر یه‌كێكیان ده‌یه‌وێت به‌ ته‌نها خۆی ئه‌و مه‌له‌فه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێت، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه‌ بۆ ئه‌و ناكۆكیه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ نێوان خێزانی بارزانیدا هه‌یه‌".


ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ " له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ نزیكه‌ی 50 ملیار دۆلار زیان له‌ ئابوری هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه‌، چونكه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا قه‌یرانی دارایی له‌گه‌ڵ به‌غداد سه‌ری هه‌ڵدا و گه‌شه‌ی ئابووری وه‌ستا و جوڵه‌ی بازار به‌شێوه‌یه‌كی زۆر كاری له‌ ژیانی هاوڵاتیان كرد". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ سامانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی نه‌وت به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن خێزانی بارزانیه‌وه‌ به‌ زیاتر له‌ 20 ملیار دۆلار هه‌ژمار ده‌كات، كه‌ له‌ كۆمپانیا وه‌هیمه‌یه‌كان و له‌ناو بانكه‌ی عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان دانراون".


نه‌وت و مه‌سرور بارزانی:
غیاس سورچی سه‌ركرده‌ له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌ڵێت"حزبه‌كه‌ی ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌رێكیشی له‌ناو وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كاندا نیه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێتی به‌شدار نیه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی مه‌له‌فی نه‌وت". ده‌شڵێت:" به‌ هاتنی مه‌سرور بارزانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، مه‌له‌فی نه‌وت به‌ ته‌واوی چووه‌ ژێر ده‌ستی خۆیه‌وه‌، ڕێگا به‌ هیچ كه‌سێك نادات ته‌ده‌خول بكات یان زانیاری و ژماره‌كان ئاشكرا بكات".

،،

سورچی له‌ كۆتایدا ده‌ڵێت:" فراكسیۆنی یه‌كێتی چه‌ندین جار داوای ئاشكراكردنی مه‌له‌فی نه‌وت و ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌ و بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ رای گشتی كردووه‌، به‌ڵام هیچ كات ئه‌و شه‌فافیه‌ته‌ ڕووی نه‌داوه‌".


پارتی وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌:
سه‌عید مه‌موزینی له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئاڕاسته‌ی حزبه‌كه‌ی ده‌كرێن و ده‌ڵێت:" كوردستان له‌ ساڵی 2014دا ناچار بوو نه‌وتی خۆی ده‌ربهێنێت، ئه‌مه‌ش دوای بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم و گه‌یشتنی داعش به‌ نزیك هه‌ولێر بوو".


ده‌شڵێت:" حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فاف كار ده‌كات و ڕاپۆرتی مانگانه‌ و ساڵانه‌ی له‌سه‌ر بڕی هه‌نارده‌ و داهاتی نه‌وتی له‌لایه‌، ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنیش بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و تۆمه‌تانه‌ بۆ مه‌به‌ستی شێواندنی ڕاستیه‌كان، زۆرینه‌ی ئه‌و قسانه‌ش ده‌كه‌ن له‌و كه‌سانه‌ كه‌ ئامانجیان سوكایه‌تی كردنه‌ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ كار له‌ جه‌ماوه‌ریه‌تی پارتی ناكاتن هه‌تا زیاتر دوژمنایه‌تیمان بكه‌ن، ئاستی جه‌ماوه‌ریمان زیاتر ده‌بێتن ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش به‌ڵگه‌ی ئه‌م قسانه‌مه‌".


له‌ كۆتایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ته‌حه‌ده‌یان ده‌كات كه‌ بتوانن ڕاستی ئه‌و ژمارانه‌ بسه‌لمێنن كه‌ ده‌یڵێن، ئه‌و قسانه‌ ته‌نها درۆیه‌ك و بێ به‌ڵگه‌ن.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی