نەوشیروان مستەفا: دەمانەوێت پەرلەمان لە دەرەوەی بڕیاری مەکتەب سیاسی حیزبەکان بێت

نەوشیروان مستەفا: دەمانەوێت پەرلەمان لە دەرەوەی بڕیاری مەکتەب سیاسی حیزبەکان بێت

707 خوێندراوەتەوە

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئومێد مەحمود

لەم دیدارەدا نەوشیروان مستەفا بە وردی تیشک دەخاتە سەر چەند پرسێکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ بەغدادو سیاسەت و دیبلۆماسییەتی تایبەت بە وڵاتانی هەرێمی و جیهانی.

ئەلجەزیرە: بەو پرسیارە دەست پێدەکەین، بەو پێیەی تۆ سەرکردەیەکی دیاری ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووی، بەرنامەی گۆڕانکاریت لە کوردستانی عیراق ڕاگەیاندوە، ئامانجتان لەم بەرنامەیە چییە؟

نەوشیروان مستەفا: یەکەم ئێمە لە ئێستادا بەشێک نین لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەڵکو ڕەوت یان بزوتنەوەیەکین لە دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەرنامەی گۆڕان لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حیزب و حکومەت کورت دەکرێتەوە، بە مانایەکی تر، دەمانەوێت پەرلەمانێک دروست بکەین لە دەرەوەی بڕیاری مەکتەب سیاسی حزبەکان بێت، دووبارە بیناکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری بەشێوەکەی سەربەخۆ و دادپەروەر، دانانی سنورێک بۆ دەستێوەردانی حزب لە زانکۆ و بازاڕ، بەمانایەکی تر، جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حزب لە دەوڵەت، بوونی بەرچاوڕۆشنی زیاتر لە بودجەی هەرێمی کوردستان، بوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی زیاتر بۆ هاوڵاتیان لە هەێمی کوردستان.


ئەلجەزیرە: بۆچی لە ئێستادا ئەو بڕیارەتان داوە؟ بۆچی پێشتر ڕاتان نەگەیاندووە؟

نەوشیروان مستەفا: تەمەنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان نزیکەی هەژدە ساڵە، لە هەڵبژاردنی ساڵی (١٩٩٢) کاری لە پێشینەمان بریتی بوو لە پڕکردنەوی ئەو بۆشاییەی کە لە ئەنجامی کشانەوەی دام و دەزگای حکومەتی عیراق لە هەرێمی کوردستان دروست بوو بوو، لە هەڵبژاردنی یەکەمدا، کاری لە پێشنە بریتی بوو لە بوونیادنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان، دامەزراوە دەستورییەکان، دامەزراوکانی حکومەت، پڕکردنەوەی بۆشایی کارگێڕی و سیاسی و ئەمنی کە لە ئەنجامی پاشەکشێی حکومەتی عێراق لە هەرێم درووست بوو، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٠٥) قۆناغ و کارە لە پێشینەکان گۆرانکاری بەسەردا هات، لەو کاتەدا بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئەمنیەوە جێگیر بوو، تاڕادەیەک لە ڕووی ئابوریشەوە جێگر بوو، لەو کاتەدا کاری لە پێشینە نووسینەوەی دەستوری عیراق بوو، لەبەرئەوە پێویست بوو گوتاری کوردی یەکگرتوو بێت لەو کاتەدا، بۆ بەرجەستەکردنی بەشداری کورد لە دامەزراوەی دروستکردنی بڕیاری سیاسی لە عیراق، توانیمان بە سەرکەوتووی ئەو قۆناغە تێ بپەڕێنین، لە ئێستادا کاری لە پێشینە ئەنجامدانی هەرچی زیاتری چاکسازییە لە ناوخۆدا، چاکسازی سیاسی، چاکسازی کۆمەڵایەتی، چاکسازی ئابوری و فەرهەنگی.

ئەلجەزیرە: هەندێک لە چاودێرانی ئێرە دەڵێن: ئەم هەوڵەی ئێوە دەبێتە هۆی دابەشبوونی هەڵوێستی کورد، ئەمەش لەوانەیە لە داهاتوو ببێتە هۆکاری لاوازبوونی هەڵوێست و پێگەی کورد لە بەغدا، ئێوە چۆن وەڵامی ئەمانە دەدەنەوە؟


نەوشیروان مستەفا: ئێمە یەکگرتووی هەڵوێستی کورد لە یەک لیستیدا نابینین، بەڵکو ئێمە یەکگرتووی هەڵوێستی کورد لە یەکگرتووی گوتاری سیاسی کوردیدا دەبینین، دەکرێ بگەینە یەک گوتاری سیاسی لەگەڵ کۆی هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان، لە هەمانکاتدا دەکرێت ململانێ هەبێت بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمان.


ئەلجەزیرە: سەبارەت بە بەشداریکردنتان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، لەژێر ناوی لیستی گۆڕان، کە لیستێکی جیایە لە لیستی هاوپەیمانی کوردستانی هەر دوو حزبی سەرەکی یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات، ئامادەکاری ئێوە چۆنە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنە، بەرنامەی هەڵبژاردنتان چیە؟


نەوشیروان مستەفا: لە سەرەتادا بەشێکی بەرنامەکەم بەشێوەکی کورت خستە ڕوو، بەرنامەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، خاڵی سەرەکی برتییە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حزب و دەسەڵاتی دەوڵەت، پەرلەمانێکی سەربەخۆ دوور لە هەژموونی حزبەکان، درووستکردنی حکومەتێکی کارا، دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆی دوور لە هەژموونی حزبەکان، زانکۆکان سەربەخۆ بن و دوور بن لە دەستێوەردانی حزبەکان، پێویستە بازاڕ و ئابوری لە دەرەوەی هەژموونی حزبەکان بێت.


ئەلجەزیرە: ماوەی چەند مانگێکە قسە لەسەر ئەم بابەتانە دەکەن، بە دڵنیایەوە گوتارێکی نوێیە لە گۆڕپانی سیاسی کوردیدا، کاردانەوەی شەقامی کوردی لەبەرامبەر ئەم گوتارەدا چۆن دەبینن؟

نەوشیروان مستەفا: کاردانەوەکان زۆر زۆر باشن، چونکە ئێمە قۆناغی مەترسیدارمان تێپەڕاندووە، دۆخی سیاسی و ئابوری و ئاسایش جێگیرە، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بەغدا لە ئاستێکی باشدایە، ئەم پەیوەندیانە لەسەر بنەمای دەستور و تێگەیشتنی هاوبەش و وتوێژو گفتوگۆ دامەزراون، لەبەرئەوە کاتی ئەوە هاتووە گرنگی بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی خەڵک بدرێت، بۆ نمونە کارەبا، ئاوی خواردنەوە، دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی، کەمکردنەوەی جیاوازی لەنێوان مووچەی پلە باڵاکان و فەرمانبەری ئاسایی.


ئەلجەزیرە: ئێوە ئێستا چۆن خۆتان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن ئامادە دەکەن، ئایا بەشداری لە حکومەت دەکەن، ئەگەر داواتان لێبکرێت، یان وەک ئۆپۆزسیۆن کاردەکەن؟

نەوشیروان مستەفا: هێشتا کات زووە بۆ ئەم پرسیارە، چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبین.


ئەلجەزیرە: سەبارەت بە هاوپەیمانی لەگەڵ هێز و لایەنە کوردییەکانی تر، پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن، ئایا هیچ هێزێکی دەرەوەی پارتی و یەکێتی داوای هاوپەیمانی لێ کردوون؟

نەوشیروان مستەفا: تا ئێستا هیچ لایەنێک داوای هاوپەیمانی لێ نەکردووین، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین لەگەڵ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی ئامادەبوو لە گۆڕەپانەکە هەماهەنگی دروست بکەین، هەماهەنگی لە بواری چاودێری، هەماهەنگی لە بواری ڕاگەیاندن، لەبواری سیاسی و هەموو بوارەکانی تر، واتە هەماهەنگی، هاوپەیمانی نا، هەر جۆرە هاوپەیمانی و هەماهەنگیەکی دوای هەڵبژاردن پەیوەست دەبێت بە ئەنجامی هەڵبژاردن.

ئەلجزیرە: سەبارەت بە هەڵوێستی کورد بەرامبەر بەغدا، ماوەی شەش ساڵە کورد لە ڕێگەی دوو حزبی سەرەکی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا گرێداوە، تا ئێستاش چەند کێشەیەکی چارەسەر نەکراو لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان ماوە، وەک کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان، ئامراز و شێوەی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، ئایا ئێوە هیچ بەرنامە و دیدگایەکی ڕوونتان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەگەڵ بەغدا؟

نەوشیروان مستەفا: بەڵێ لە ئەجێندای ئێمەدا هەیە، ئێستا نامەوێ بچمە وردەکارییەکانەوە، بەرنامەمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پەنا بۆ زمانی گفتوگۆ دەبەین، نەک زمانی هەڕەشە، زمانی گفتوگۆی سەردەمیانە لەسەر بنەمای دەستوری عێراقی.


سەرنج:

چاوپێکەوتنە بەر لە هەڵبژاردنی ۲٥ ــ ۷ ــ ۲۰۰۹ ئەنجام دراوە.