نەوشیروان مستەفا: دەمانەوێت پەرلەمانی کوردستان مەرجەع بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد

نەوشیروان مستەفا: دەمانەوێت پەرلەمانی کوردستان مەرجەع بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد

352 خوێندراوەتەوە

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئومێد مەحمود

لەم دیدارەدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، کە پێش هەڵبژاردنی ۲٥ی حەوتی ۲۰۰۹ لەگەڵیدا ساز دراوە، نەوشیروان مستەفا بە وردی تیشک دەخاتە سەر چەند پرسێکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و سیاسەت و دیبلۆماسییەتی تایبەت بە وڵاتانی هەرێمی و جیهانی.


ئەلجەزیرە: ئێوە وەک لیستی گۆڕان و بزوتنەوەی گۆڕانکاری لە کوردستانی عیراق، چۆن دەڕواننە پەیوەندی هەرێم و بەغدا؟ ئایا ئەو پەیوەندیە لە ڕێگەی دەسەڵاتی کوردییەوە گرێ دەدرێت؟ یان لە ڕێگەی ئێوەوە وەک بزوتنەوەکی چاکسازیخواز، ئایا لە ئێستادا هیچ جۆرە پەیوەندیەکتان لەگەڵ حکومەتی عیراق یان حزب و لایەنە عیراقییەکان هەیە؟

نەوشیروان مستەفا: ئێمە لە ئێستادا حزب نین، تاکو بتوانین پەیوەندی دوو لایەنە و سێ لایەنە لەگەڵ حزب و لایەنە عیراقییەکان گرێ بدەین، ئێمە هەوڵ دەدەین پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ببێت بە مەرجەعی بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانە، هەوڵ دەدەین دامەزراوەی دەستوری دیاریکراو دروست بکەین بۆ لێپرسینەوە لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و هەڵسەنگاندنی ئاستی کارکردنیان، لە ئێستادا هیچ دامەزراوەک نییە بۆ لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی نوێنەرایەتی کورد دەکەن لە بەغدا، ئێمە (وەک کورد) هاوبەشی دەسەڵاتین لە عیراق، ئۆپۆزسیۆن نین، تا ئێستا ئێمە هاوبەشین لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی، هاوبەشین لە وەزارەتەکان و پەرلەمانی عیراقی، لەبەرئەوە گفتوگۆ و دانوستان بە ڕێگەیەکی دروست دەزانین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەلجەزیرە: بێینە سەر پەیوەندی ئێوە وەک گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا وەک سیاسیەکی ناسراو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمریکا گەورە زلهێزی جیهانە و لە ئێستادا بەشێوەکی بەربڵاو ئامادەگی هەیە لە عیراق، ئایا هیچ جۆرە پەیوەندییەکتان لەگەڵ ئەمریکا هەیە؟ ئایا ئەمریکا هەوڵی داوە لە ئێوە نزیکبێتەوە لەپێناو دروستکردنی جۆرێک لە پەیوەندی؟

نەوشیروان مستەفا: پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی عیراقدایە، پێویستە حکومەتی ناوەندی سیاسەتی دەرەکی دابڕێژێت، لەبەرئەوە پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەزیفەی حکومەتی عیراقە، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تر، نزیکەی بیست ساڵێکە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردی پەیوەندیەکی تایبەتی هەیە لەگەڵ ئەمریکا، بە تایبەت دوای کۆڕەوی خەڵکی کوردستان بەهۆی هێرشی حکومەتی عیراقی و دواتر دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین، لەو کاتە بە دواوە جۆرێک لە پەیوەندی لەنێوان سەرکردایەکی کورد و ئەمریکا هەیە، بێگومان ئەمریکییەکان بەرژەوەندیان وا دەخوازێت پەیوەندیان لەگەڵ هەموو گەلانی ئەم ناوچەیە هەبێت، وە بەرژەوەندیان لەوە دایە سەقامگیری سیاسی هەبێت لە ناوچەکە، ڕێگری بکەن لە ئیسلامی و سیاسی و گروپە تیرۆرستیەکان، بەڵام من پێموانیە هیچ هاوپەیمانەتیەک لەنێوان کورد و ئەمریکا لە دەرەوەی حکومەتی عیراق بوونی هەبێت.

ئەلجەزیرە: لە ئێستادا ئێران ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە عیراق، چاودێران وای دەبینن بەشێوەی جۆراوجۆر و لەژێر ناوی جیاواز لە عیراق ئامادەگی هەیە، هەروەها ئێران پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی و حزب و لایەنە سیاسییەکانی عیراق هەیە، بەو پێیەی پارێزگای سلێمانی هاوسنورە لەگەڵ ئێران، ئایا هیچ پەیوەندیەکتان لەگەڵ ئێران هەیە؟ یان ئایا ئێران هەوڵی داوە پەیوەندی لەگەڵ ئێوە دروست بکات؟

نەوشیروان مستەفا: ئێران وڵاتێکی گرنگ و بەهێزە لە ناوچەکەدا، عیراق زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی هەیە لەگەڵ ئێران، نەک هەر بەتەنیا سنوری هاوبەش، بەڵکو پەیوەندی دینی و مەزهەبی و ئابوری و کلتوری لەنێوان هەر دوو وڵاتدا هەیە، لەبەرئەوە گرنگە هەر یەکە لە حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی هاوسەنگیان هەبێت لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش سەد کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی هەیە لەگەڵ ئێران، لەبەرئەوە پێویستە پەیوەندییەکانمان باش بێت لەگەڵ ئێران، ئەو پەیوەندیانەش پێویستە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش ڕێزی دوو لایەنە بێت، بەڵی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە، ئێران کونسڵخانە و ناوەندی بازرگانی لە هەر یەکە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی هەیە، کۆمپانیا ئێرانییەکان بەشێوەکی ئازادانە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.

ئەلجەزیرە: ئێوە وەک بزوتنەوەکی سیاسی هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ ئێراندا هەیە؟

نەوشیروان مستەفا: هیچ پەیوەندیەکمان لەگەڵ ئێران نیە.

ئەلجەزیرە: سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و تورکیا، تۆ وەک کەسایەتیەکی سیاسی، چۆن پەیوەندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ تورکیا و ئێران هەڵدەسەنگێنیت؟

نەوشیروان مستەفا: ئەم بابەتە ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە، لەبەرئەوەی گەلی کورد بەسەر چەند دەوڵەتێکدا دابەش بووە، لەوانە عیراق و تورکیا و ئێران، لە سنورەکاندا پەیوەندی هەیە لەنێوان کوردانی عیراق و کوردانی تورکیا، بەڵام لە هەمان کاتدا کێشە هەیە لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت لەگەڵ تورکیا، بەهۆی بوونی هێزی چەکدار لەسەر سنور، لەڕاستیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای کۆنتڕۆڵکردنی هەموو ئەو ناوچانەی نییە، چونکە ناوچەیەکی بەرفراوانە، کێشەی کوردی تورکیا کێشەیەکی پەیوەستە بە ناوخۆی تورکیاوە، هیچ پەیوەندیەکی بە عیراقەوە نیە، ناکرێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی چەکداری کوردستانی عیراق، کۆتایی بە کێشەی کورد لە تورکیا بهێندرێت، بەڵکو دەکرێت ئەو کێشەیە بە ڕێگەی سیاسی و دیبلۆماسییەکان چارەسەر بکرێت، ئەم کێشەیە لەسەر خاکی عیراق چارەسەر ناکرێت، بەڵکو لەسەر خاکی تورکیا چارەسەر دەکرێت.

ئەلجەزیرە: باست لە کێشەی کورد کرد لە تورکیا و ئێران، لێرە و لەوێ باس لەوە دەکرێت بەشێک لە حزبەکان پڕۆژەیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئەو پڕۆژەیەی لە عیراق بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە خرایە ڕوو و جێبەجێ کرا، فیدڕالیزم بوو، پێتوایە فیدڕالیزم کێشەی کورد لە عیراق چارەسەر بکات، یان پڕۆژەی دیکەتان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟

نەوشیروان مستەفا: من پێموایە چارەسەرێکی باشە بۆ ئەم قۆناغە، لە ئێستادا مانەوەی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا هۆکاری هێزە بۆ کورد نەک لاوازی، من یەکێک بووم لە پشتیوانەکانی فیدڕالیزم، لە کاتی نووسینەوەی دەستوری عیراق من لە بەغدا بووم و یەکێک بووم لەوانەی بەشدار بووم لە نووسینەوەی دەستور و داڕشتنی پەیوەندی هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای فیدڕالیزم.

ئەلجەزیرە: سیاسییە کوردەکان هەموو کات باس لە پێویستی مانەوە لەگەڵ عیراق دەکەن، بەڵام هەندێك لایەنی عەرەبی ئەمە زیاتر وەک تاکتیکێک دەبینن، پێیانوایە هەر کاتێک هەلومەرج گونجاو بوو، لە داهاتوو ئەم هەڵوێستە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، مانەوەی کوردستان لەگەڵ عیراق ستراتیژە یان تاکتیکە و لە داهاتوو گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟

نەوشیروان مستەفا: تا ئایندەیەکی نزیکیش لەگەڵ عیراق دەمێنینەوە، بەڵام من ناتوانم پێشبینی داهاتوو بکەم، پێش بیست ساڵ ئەوروپا بەشێوەیەکی تر بوو، ئێستا و دوای بیست ساڵ بەشێوەیەکی ترە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە هەمانشێوە، من ناتوانم پێشنینی بکەم بیست ساڵی تر چی ڕوو دەدات.

ئەلجەزیرە: لە شەقامی کوردی جۆرە ترسێک بەدی دەکرێت بەوەی لەوانەیە پەیوەندی ئێوە و سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەهۆی گەڕانەوە بۆ مێژوو و ئاشکراکردنی نهێنییەکان تێک بچێت، بگاتە قۆناغێک کە ئەوان بە قۆناغی شەڕی سارد ناوی دەبەن.

نەوشیروان مستەفا: من لەگەڵ داخستنی لاپەڕەکانی ڕابردووم، چونکە لە ڕابردوو شەڕی ناوخۆ لە کوردستان ڕووی داوە، دوای شەڕەکەش جۆرێک لە ئاشتەوایی کرا، ئاشتەوایی لەنێوان سەرجەم لایەنەکاندا، من لەگەڵ ئاشتەوایی و داخستنی لاپەڕەکانی ڕابردووم، تەنیا کاتێک لەگەڵ گەڕانەوەم بۆ ڕابردوو کە ئەو گەڕانەوەیە خزمەت بە داهاتوو بکات، ئەگەر نا کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، ترسمان لە بەیانکردنی ڕووداوەکان نیە، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تر هیواخوازم بە هیچ شێوەک دۆخی کوردستان پشێوی سیاسی و ناسیاسی بەخۆیەوە نەبینێت، ئێمە لای خۆمانەوە هیچ هێزێکی چەکدار و پێویستیەکی سەربازیمان نییە، بابەتی ئاسایشی سیاسی و هەڵبژاردن وابەستەیە بە ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەیان کردووە، لە توانایان دایە بە ڕێگای یاسایی یان بە ڕێگەی تر، ڕێگری لە هەر پشێویەک بکەن.

ئەلجەزیرە: ئایا نیگەرانن لەوەی بارودۆخەکە بەرەو ئەوە بڕوات ئەم شەڕە ساردە و هەڵمەتی ڕاگەیاندنە بگۆڕێت بۆ شەڕێکی حەقیقی، بەیەکدادانی چەکداری لەنێوان ئێوە و دەسەڵات و یەکێتی نیشتیمانی ڕوو بدات؟

نەوشیروان مستەفا: ئێمە بزوتنەوەکی سیاسین و هێزی چەکدارمان نیە، هێزە چەکدارەکان سەربە دەسەڵات و حزبەکانی ترن، ئێمە هێزی چەکدارمان نیە تاوەکو بچینە ناو ڕووبەڕووبوونەوە، ئێمە پەنا بۆ یاسا و دادگا دەبەین، ئەگەر دادگای سلێمانی گوێی بۆنەگرتین، پەنا بۆ دادگای فیدڕاڵی عیراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەبەین، جارێکی تر بەهیچ شێوەیەک پەنا بۆ چەک نابەین.

ئەلجەزیرە: لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ناوخۆوە گوێبیستی ئەوە دەبین کە فشار هەیە لەسەر ئەندام و لایەنگرانتان، هەڵوێستان چۆنە، هیچ هەوڵێک هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو فشارانە، ئایا پەناتان بۆ دادگا بردووە؟

نەوشیروان مستەفا: ئێمە ئەمە وەک پێشێلکاری مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتی کوردستان دەبینین، چونکە دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزاری و هەلی کار ئەرکی حکومەتە، کاتێک حکومەت کەمتەرخەمی دەکات لەم ئەرکەی خۆی، پەنا بۆ دادگا دەبەین، بە ئامرازی یاسایی بەرگری لە خۆمان و هاوڕێکانمان دەکەین.

ئەلجەزیرە: پرسیاری کۆتایی، بەو پێیەی تۆ و مام جەلال کەسی یەک و دووەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوون، پەیوەندی تۆ و بەڕێز جەلال تاڵەبانی لە ئێستادا چۆنە؟

نەوشیروان مستەفا: لەسەر ئاستی کەسی پەیوەندییەکانمان ئاساییە.