یاسایەك هەنگوین بۆ دوو هێزەكەی دەسەڵات‌و سەرەتان بۆ بودجە

یاسایەك هەنگوین بۆ دوو هێزەكەی دەسەڵات‌و سەرەتان بۆ بودجە

1442 خوێندراوەتەوە


پاڵپشت بە یاسایەكی پەرلەمان، هەزاران كەس بەنایاسایی خانەنشین دەكرێن‌و یاساكەش بووەتە هەنگوێنێكی باش بۆ هێزە دەسەڵاتدارەكان‌و سەرەتان‌و ژەهرو بارگرانییەكی زۆریش بۆ بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و، بەوتەی یاسا ناسێكیش لە هیچ وڵاتێكی دونیادا یاسای بەمجۆرە نییە بۆ خانەنشینكردنی هەزاران هاووڵاتی.

بەپێی ماددەی سی‌و نۆیەم لە یاسای ژمارە " 38"ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی كوردستان:" هەركەسێك لەپێش ڕاپەڕین چووبێتە پاڵ ڕیزەكانی شۆڕش تاكو 5 – 3 – 1991‌و خزمەتەكەی لە "3" ساڵ كەمتر نەبێ، خانەنشین دەكرێ‌و خزمەتەكەی دەگەیەنرێتە"15" پازدە ساڵ، بەم مەرجانەی خوارەوە:
1- هیچ مووچەیەكی فەرمی نەبێت.
2- ڕۆژێك لە ڕۆژان دژی شۆڕش نەوەستابێت.
3- ئەو ماوەیەی پێش ڕاپەڕین خزمەتی كردبێت بەبێ پچڕان.
4- لەكاتی بوونی بە پێشمەرگە "16" ساڵ لە تەمەنی تەواو كردبێت.

،،

پاڵپشت بە یاسای ژمارە 38 ساڵی 2007 لە خوولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان هێزە دەسەڵاتدارەكان هەزاران ئەندام‌و لایەنگرو دەنگدەری خۆیان خانەنشین كردووە، جگە لەیەكگرتووی ئیسلامی بە ئاست‌و ڕێژەی جیاواز بەشی هێزە سیاسییەكانی دیكەشیان لێداوەو ئەندام‌و لایەنگری ئەوانیش بەم یاسایە خانەنشین كراون

پاڵپشت بەم یاسا پەسەندكراوەی خوولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان هێزە دەسەڵاتدارەكان هەزاران ئەندام‌و لایەنگرو دەنگدەری خۆیان خانەنشین كردووەو جگە لەیەكگرتووی ئیسلامی بە ئاست‌و ڕێژەی جیاواز بەشی هێزە سیاسییەكانی دیكەشیان لێداوەو ئەندام‌و لایەنگری ئەوانیش بەم یاسایە خانەنشین كراوە.

زۆرن ئەوانەی بەهۆی خەبات‌و هاوكاریكردنی پێشمەرگەو شۆڕشەوە شایستەی ئەوەن بەپێی ئەم یاسایە خانەنشین بكرێن، بەڵام ئەوانەی كە شایستەی ئەوەنین بەپێی ئەم یاسایە خانەنشین بكرێن گەلێك زیاترن‌و هەزاران جاش‌و بەعسی هەن، كە بەر لەڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1919 دژی شۆڕش‌و پێشمەرگەبوون‌و خانەنشین كراون‌و سەدانیش هەن كە بەر لەڕاپەڕین خزمەتی پێشمەرگەو شۆڕشی كوردییان كردووەو بەپێی یاساكە شایستەی خانەنشینكردنن، بەڵام خانەنشین نەكراون.

یاسا ناس، عەبدولقادر ساڵح، سەبارەت بەو یاسایەی کە هەزاران کەسی بە نایاسایی پێ خانەنشین کراوە، تایبەت بە " دیبلۆماتیک مەگەزین" دەڵێت:" له‌رووى یاساییه‌وه‌ پێوویسته‌ ده‌قى یاسایى مه‌حكه‌م له‌روانگه‌ى بنه‌ماى خستنه‌وه‌ى ئاسه‌واره‌كانی، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئاسه‌وارى دارایى بخاته‌وه‌و بارگرانى و قورسى له‌ سه‌ر میزانییه‌ى گشتى دروست نەكات، به‌و مانایه‌ى ئاسه‌وارى یاسایى ده‌بێت له‌رووى بابه‌تى و شكڵییه‌وه‌ روون بێت و ناكرێت بكه‌وێته‌ سه‌ر بنه‌ماى ده‌سه‌ڵاتى هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكدانه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى جێبه‌جێ ده‌كه‌ن بێ هیچ جۆره‌ چاودێرییه‌كى ئه‌وتۆ، چونكه‌ له‌م حاله‌ته‌دا پشت به‌ دۆكیۆمێنتێكى تۆمار كراو نابه‌سترێت تا دواتر له‌سه‌ر بنه‌ماى (صحه‌ الصدور) له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌یه‌كى موعته‌به‌ره‌وه‌ پشت راست بكرێته‌وه‌".

جیا لەوەی یاساكە زۆر مەتاتییەو زۆر بەئاسانی دەتوانرێت بەكار بهێنرێت‌و ئەو هەزاران خانەنشینە یاساییەی لێبەرهەم بێت‌و ئەوەش وایكردووە بەهەموو شێوەیەك بخرێتە خزمەت هەردوو هێزە دەسەڵاتدارەكەو بەڕێژەی كەمتریش بۆ هێزە سیاسییەكانیتر.

" عەبدولقادر ساڵح" پێیوایە لە ژێر سایەی ئەم دەقە یاساییەی پەرلەمانی كوردستاندا هەزاران كەس بەنایاسایی خانەنشین كراون، ئەو یاسا ناسە دەڵێت:" لە ژێر سایەی ئەم دەقە یاساییەی پەرلەمانی كوردستاندا دەیان هەزاركەس كراونەتە خانەنشینی نایاسایی، لە چ وڵاتێكدا پێوەری لەم جۆرە دانراوە بۆ خانەنشینكردنی دەیان هەزار هاوڵاتی خاوەن هێزو توانای كۆمەڵگاو كردنیان بە مووچە خۆر؟ پەرلەمانێك كە لە تەمەنیدا هیچ یاساكارییەكی لە بواری یاسای خانەنشینی نەكردبێت، ئەوابێگومان هەر دەقێكی لەم جۆرە دەخاتە ناو یاساكارییەكانیەوە".

ئەو یاساناسە زۆرتر دەربارەی لێکەوتە خراپەکانی یاساکە دەدوێت و ڕەخنە لە یاساکەی پەرلەمان دەگرێت، ئەو زیاتر دەڵێت": له‌م حاڵه‌ته‌دا، بۆچوون و ڕاى كه‌سه‌كان ده‌بنه‌ پێوه‌رى خستنه‌وه‌ى ئاسه‌وارى یاسایى كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ گه‌ڵ سروشتى وه‌زیفه‌ى گشتیدا ناته‌بایه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌برواى ئێمه‌ ئه‌م ده‌قه‌ به‌ خراپ كه‌ڵكى لێوه‌رگیراوەو بوو به‌ پێوه‌رى خانه‌نشین بوونى ده‌یان هه‌زار كه‌س كه‌ ره‌نگه‌ كه‌مینه‌یەكیان موسته‌هه‌قى ئه‌و مافه‌ بووبن كه‌ ده‌قەکە مافی پێداون، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ ده‌قانه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى وه‌زیفه‌ى گشتى كۆك نین، ده‌بوا په‌رله‌مانى كوردستان له‌برى ئه‌م بارگرانییه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر میزانیه‌ى گشتى به‌ جۆرێكى دیكه‌ موكافه‌ئه‌ى ئه‌وانه‌ى بكردایه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌قه‌كه‌ ده‌یگرتنه‌وه‌و به‌ یه‌ك وه‌جبه‌ رێزلێنانیكیان پێ بدرایه‌و ئیتر وه‌زیفه‌ى گشتى گیرۆده‌ى ئه‌م نه‌زیفه‌ داراییه‌ نه‌كرایه‌".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی