پارتی نەوتی كوردستانی كردووە بە بارمتەی سیاسی بۆ مانەوەی خۆی

پارتی نەوتی كوردستانی كردووە بە بارمتەی سیاسی بۆ مانەوەی خۆی

1188 خوێندراوەتەوە


بەپێی داتا فەرمیەكانی ناو راپۆرتی دیلۆیت بۆ وردبینی داهات و خەرجی نەوتی هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت، پارتی دیموكراتی كوردستان سیاسەتی نەوتی هەرێمی خستۆتە چوارچێوەی گەمەیەكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەوە كە زەمانەتی مانەوە و باڵادەستی بكات لە هەرێمدا بۆماوەیەكی دورودرێژ.

بەپێی راپۆرتەكانی دیلۆیت حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019 دا بڕی 41 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرشتووە كە داهاتەكەی بریتی بووە لە 8.5 ملیار دۆلار بەڵام لەو بڕەپارەیە تەنها 3.5 ملیار دۆلاری دراوە بە وەزارەتی دارایی و تەنها ئەوبڕە پارەیە هاتۆتە ناو خەزێنەی حكومەتەوە، لەكاتێكدا زیاتر لە نیوەی ئەو داهاتەی دەستی كەوتووە لەدەرەوەی وەزارەتی دارایی خەرجكراوە.كەواتە ئەم پارانە بۆكوێ‌ چوون؟

بەپێی بەدواداچونەكانی دیبلۆماتیك مەگەزین بەشی زۆری ئەو پارانەی كە لەداهاتی نەوت دەستدەكەوێت، لەپرۆسەیەكی تەواو گۆماناویدا وەك بەرتیل و گرەنتیەك لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەدرێت بە دەوڵەتە بیانی و هەرێمایەتییەكان و كۆمپانیاكانیان لەبەرامبەر مانەوە وپشتگیریكردن و بەهێزكردنی خۆیاندا.

،،

بەپێی بەدواداچونەكان ئەو ڕێكەوتنانە لەدەرەوەی ستراتیژی نیشتیمانی و ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستاندان و تەنها پاراستنی ئاسایشی حیزبی دەسەڵاتدار و پاراستنی بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبیەكان ئەنجامدراوە و رەهەندی نیشتیمانی تێدا وونە.

بە نموونە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2012 دەستی كرد بە دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستان و لەساڵی 2013 تەواوی كرد.كە زیاتر لە 1 ملیار دۆلاری تێچوو.


بەهۆی دروستكردنی ئەم بۆریەشەوە حكومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ نەوتی هەناردە كردو لەسەرەتادا بڕی 300 هەزار و لە كۆتایەكانی 2016 نزیكەی 800 هەار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد لەڕێگەی ئەم بۆریەوە.


ساڵی 2016 بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و تێكچونی پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەغدا، حكومەتی هەرێم ڕوبەڕوی قەیرانێكی دارایی گەورەبویەوە.
لەساڵی 2017 دا سەرەرای قەیرانی ئابوری، سەركردایەتی سیاسی كورد لەسەر دەستپێشخەری بارزانی بانگەشەی ڕیفراندۆمیان ڕاگەیاند.بەو هۆیەشەوە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و هاوپەیمانەكانی لەسەروهەمووشیانەوە ئەمریكا، گرژی تێكەوت، بەهۆی ئەوەی ئەمریكا رازی نەبوو بە ڕیفراندۆم و هەرێمیشی ئاگاداركردەوە كە هەنگاوێكی لەوجۆرە نەنێت.


بەهۆی تێكچونی پەیوەندیەكانی پارتی لەگەڵ ئەمریكیەكاندا، نێچیرڤان بارزانی لە 2ی حوزەیرانی 2017 سەردانی مۆسكۆی كرد و لە پەراوێزی لوتكەی سانبترسبۆرگدا لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیا كۆبونەوەیەكی چەند خولەكی لە كافتریایەك بەڕیوەچوو كە تیایدا سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای گازپرۆم ئەلیكسی میلر ئامادەی بوو. ئامانجی كۆبونەوەكە بانگهێشت و دەستكرانەوەی روسیا و كۆمپانیاكانی بوو بۆ وەبەرهێنان لە نەوتی كوردستاندا.

ڕێكەوتنەكە بەر لە ئەمریكییەكان بەریتانیەكانی توڕەكرد،ئەوەبوو بەچەند رۆژێك لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر، كۆمپانیای بریتش پترۆۆلیەم دەستی بەسەر بیرەنەوتەكانی كەركوكدا گرت.


لە مانگی 10ی هەمان ساڵدا، حكومەتی هەرێم لە گەرمەی قەیرانە داراییەكەیدا بۆری نەوتی كوردستانی فرشت بە كۆمپانیای روسنەفتی ڕوسی بە 1.8 ملیار دۆلار. لەدواتردا دەركەوت كە ڕێكەوتنەكە بەوجۆرەیە بۆریەكە بەهاوبەشی لەنێوان كۆمپانیای كاری سەر بە پارتی و كۆمپانیای رۆزنەفتی روسی بە هاوبەشی كڕدراوەتەوە، بەجۆرێك لە 60% بۆ رۆزنەفت و 40% بۆ كۆمپانیای كار.

بەهۆی ئەم گرێبەستەوە بۆری نەوتی كوردستان تڵانفرۆشكرا كە یەكێك بوو لە پرۆژە ستراتیژیەكانی حكومەتی هەرێم و شادەماری ئابوریەكەی.
هەر بەم هۆیەشەوە كۆمپانیای روسنەفت كرایە شەریك و هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیای كاری نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان.


بەم پێیەش هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر پارتی و بەرژەوەندییەكانی لەهەمانكاتدا وەك هەڕەشە دادەنرێت بۆسەر كۆمپانیای روسنەفت و بەرژەوەندیەكانی روسیا.
لەوەش گرنگتر مەسەلەی تاڵانفرۆشكردنی بۆری نەوتی كوردستان و ئەو پرۆژە ستراتیژیەیە بە بەهای 1.8 ملیار دۆلار و گواستنەوەیەتی بۆسەر موڵكەكانی حیزب و هاوبەشەكانی.


ئەگەر بەوردی سەیری راپۆرتە فەرمیەكانی كۆمپانیای دیلۆیت بكەین دەردەكەوێت كە تەنها لەداهاتی نەوتی كوردستان لەساڵی 2019 بڕی 644 ملیۆن دۆلار كرێ دراوە بە رۆسنەفت و كار، لەبری بەكارهێنانی بۆری گواستنەوە.بەم پێیەش كۆمپانیەكە تەنها لەماوەی 3 ساڵدا سەرمایەكەی دەستدەكەوێتەوە و بۆ هەتاهەتایە لەقازانجدا دەبێت.


بەهۆی ئەم مامەڵەو سەودایەوە پارتی بەرژەوەندیەكانی خۆی بەستۆتەوە بە بەرژەوەندیەكانی كۆمپانیای روسنەفتەوە و بەجۆرێك لە جۆرەكان دەسبردن بۆ بەرژەوەندیەكانی كۆمپانیای كار، دەستبردنە بۆ بەرژەوەندییەكانی رزنەفت.


هەروەها بەپێی بەڵگەنامە فەرمیەكانی كۆمپانیای دیلۆیت توركیا لە داهاتی نەوتی كوردستان لەساڵی 2019 دا 494 ملیۆن دۆلاری داوە بەتوركیا لەبری تاریفەی گومرگی و هەقی ئەوەی كە بری نەوتی كوردستان بە وڵاتەكەیدا دەڕوات. واتە نزیكەی نیو ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی كوردستان بەڕێگەی تاریفەی گومرگی بۆ توركیا چووە.


ئاشكرایە كە توركیا ماوەی چەند ساڵێكە بەدۆخێكی ئابوری خراپدا تێپەڕدەبێت،سەرە رای ئەوەش بەردەوام بووە لە هێرشە سەربازیەكانی بۆسەر پەكەكە و رۆژئاوای كوردستان. كە خەرجی ملیۆنەها دۆلار لەسەر بودجەی گشتی دەوڵەتی توركیا دەكەوێت.

،،
  • بەپێی بەڵگەنامە فەرمیەكانی كۆمپانیای دیلۆیت توركیا لە داهاتی نەوتی كوردستان لەساڵی 2019 دا 494 ملیۆن دۆلاری داوە بەتوركیا لەبری تاریفەی گومرگی و هەقی ئەوەی كە بری نەوتی كوردستان بە وڵاتەكەیدا دەڕوات. واتە نزیكەی نیو ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی كوردستان بەڕێگەی تاریفەی گومرگی بۆ توركیا چووە.
  • ئایا ئەتوانین دڵنیابین ئەو ساروخە گرانبەهایانەی كەدڵی كوڕو كچە گەریلاكانی پێكاوە بە پارەی نەوتی هەرێم نەكڕدراون؟ یان ئەو تانك و زرێپۆش و هۆردووی میلیشیا و جەندرمانەی تورك كە شارەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردە ئامانج بە پارەی گومرگی نەوتی هەرێم نەكڕدراون.


ئایا ئەتوانین دڵنیابین ئەو ساروخە گرانبەهایانەی كەدڵی كوڕو كچە گەریلاكانی پێكاوە بە پارەی نەوتی هەرێم نەكڕدراون؟ یان ئەو تانك و زرێپۆش و هۆردووی میلیشیا و جەندرمانەی تورك كە شارەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردە ئامانج بە پارەی گومرگی نەوتی هەرێم نەكڕدراون.


ئەمە سەرە رای ئەوەی پارتی بەچەندین شێوازی دیكە سودمەندە لە نەوتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا توركیەكان پشكی گەورەیان هەیە لە دەرهێنانی نەوتی كوردستاندا.


لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە چەندین كۆمپانیا و دەڵال و كەسایەتی بەرپرسانی بیانی بەرژەوەندیان لە نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دروستكراوە و هەموو ئەو بەرژەوەندیانەش بەستراونەتەوە بە پارتی دیموكراتی كوردستان و لەكاتی پێویستدا وەك لبی سیاسی بەكاریدەهێنن بۆ مانەوە و جێ‌ پێ‌ قایمكردنی خۆیان.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری