زانیارى نه‌بیستراو له‌ دیپلۆماتیك بخوێنه‌ره‌وه‌

تاقیكردنه‌وه‌ى ته‌قلیدى له‌ناو كه‌مپه‌كان نامێنێت و ده‌وامیش ده‌ست پێ ناكاته‌وه‌

زانیارى نه‌بیستراو له‌ دیپلۆماتیك بخوێنه‌ره‌وه‌

2003 خوێندراوەتەوە

دوابه‌دواى بریاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، و بریارى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عێراقى بۆ ئه‌نجامدانى تاقیكردنه‌وه‌كان به‌شێوه‌ى ئه‌لكترۆنى، به‌پێى زانیارییه‌كان وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى هه‌رێمیش هه‌مان رێگه‌ ده‌گرێته‌به‌ر. 

به‌هۆى دۆخى سیاسی و ئابورى و راگه‌یاندنى رۆژانه‌ى توشبوانى كۆرۆنا، پێناچێت، تاقیكردنه‌وه‌كانى كۆتایی ساڵ له‌زانكۆو په‌یمانگاكان له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ناو كه‌مپه‌كان و به‌شێوه‌ى ته‌قلیدى له‌سه‌ر مێزو كورسى ئه‌نجام بدرێن. 

،،

 وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا هه‌موو ئاسانكارییه‌ك ده‌كات تاكو خوێندنى ئه‌مساڵ كۆتایی بێت..

تاقیكردنه‌وه‌كان چیان لێ دێت؟

پــێشتر وه‌زیرى خوێندنى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم گوتبووى: ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ ئاسایی ببێته‌وه‌ له‌ 31ى ئایاره‌وه‌ ده‌وام ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ زانكۆو په‌یمانگاكان هه‌ریه‌كه‌یان وبه‌جیا خشته‌ى رۆژانى تاقیكردنه‌وه‌كانیان بۆ خوێندكاران دیارى كرد، به‌ڵام پێده‌چێت هه‌ر خودى وه‌زیر خشته‌كان ئیلغا بكاته‌وه‌.

 

به‌پێى زانیارییه‌كانى دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: وه‌زیرى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پرۆژه‌یه‌كى ئاماده‌ كردووه‌ كه‌ دواى رۆژانى جه‌ژنى ره‌مه‌زان پێشكه‌شى ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌تى ده‌كات، تاكو شێوازێكى نوێ بۆ تاقیكردنه‌وه‌كانى كۆتایی ساڵ دیارى بكات كه‌ دووره‌ له‌م شێوازه‌ ته‌قلیدییه‌ى ئێستا كه‌ هه‌یه‌.

 وه‌زیرى خوێندنى باڵاو توێژنه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

له‌لایه‌ك وه‌زاره‌تى په‌روه‌ده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ بیانووى هه‌ره‌شه‌كانى كۆرۆنا ((جگه‌ له‌ خوێندكارانى پۆلى 12)) تاقیكردنه‌وه‌كانى كۆتایی ساڵى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، له‌لایه‌كى دیكه‌ش وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى حكومه‌تى عێراقى تاقیكردنه‌وه‌كانى زانكۆو په‌یمانگاكانى كرد به‌ ئه‌لكترۆنى، بۆیه‌ خوێندنى باڵاى هه‌رێمیش ئاسانكارى ته‌واو ده‌كا بۆ تێپه‌راندنى ئه‌مساڵى خوێندن.

وه‌زیرى خوێندنى باڵا له‌ هه‌رێم، نایه‌وێت به‌رپرسیارییه‌تى توشبون به‌كۆرۆنا یاخود هه‌ركاره‌ساتێكى ئابورى و ته‌ندروستى بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆى، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت هه‌مان ئه‌و ئاسانكاریانه‌ بكات كه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌ده‌ ئه‌نجامى داون.

به‌پێى زانیارییه‌كان پێده‌چێت پرۆژه‌كه‌ى وه‌زیرى خوێندنى باڵا ئه‌وه‌ى تێدابێت: كه‌ تاقكیردنه‌وه‌ى كۆتایی ساڵ ته‌نها بریتى بێت له‌ ئاماده‌كردنى توێژینه‌وه‌‌و سیمینارێك له‌لایه‌ن خوێندكاره‌وه‌ بۆ مامۆستاكه‌ى یاخود ئه‌نجامدانى تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌لكترۆنى هاوشانى به‌غدا، یاخود ئاسانتر له‌مه‌ كه‌ ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌شێوازێكى وه‌ك ((ده‌رچونى گشتى)) بۆ خوێندكاران كۆتایی بێت، له‌م رۆژانه‌دا ورده‌كارى و رێنمایی نوێ له‌مباره‌وه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.

،،

ده‌رچوونى گشتى و به‌بێ تاقیكردنه‌وه‌، یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له رێگاكان له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌ت كه‌ به‌ناچارى ره‌نگه‌ بیگرێته‌به‌ر، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كى جیاواز و تایبه‌ت.

 

ده‌وامى زانكۆو په‌یمانگاكان چى لێ دێت؟

هه‌رچه‌نده‌ بریاره‌ له‌ 31ى ئایاره‌وه‌ ده‌وامى ئیدارى و كارگێرى، زانكۆو په‌یمانگاكان ده‌ست پێ بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێى پێشهاته‌كان و ده‌نگۆى درێژكردنه‌وه‌ى رۆژانى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ ئه‌گه‌رى لاوازه‌ ده‌وامیش له‌ زانكۆو په‌یمانگاكان ده‌ست پێ بكاته‌وه‌.

و به‌رپرسیارى ده‌وام و تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆو په‌یمانگاكان كه‌ چ رێگه‌یه‌ك ده‌گرنه‌ به‌ر تاكو هاوكارى وه‌زاره‌ت بن له‌ تێپه‌راندنى ئه‌مساڵى خوێندن.

 

بریاره‌، هۆڵه‌كانى زانكۆو په‌یمانگاكان بخرێنه‌ خزمه‌تى خوێندكارانى پۆلى 12 تاكو به‌شێوه‌یه‌كى به‌ربڵاوو فراوان خوێندكاران دابنیشن له‌سه‌ر مێزو كورسى و تاقیكردنه‌وه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌مه‌ش هۆكارو رێگریه‌كى دیكه‌یه‌ له‌به‌رده‌م كردنه‌وه‌ى ده‌وامى زانكۆو په‌یمانگاكان.

،،

وه‌رگیراوانى دبلۆمى باڵاى یه‌ك ساڵه‌و ماسته‌رو دكتۆرا له‌ زانكۆو په‌یمانگاكانى هه‌رێم، ئه‌گه‌رى زۆره‌ له‌ هاویندا به‌شێوه‌ى ئۆن لاین ده‌ست بكه‌ن به‌ كۆرسه‌كانیان.

 

وه‌رگیراوانى ماسته‌رو دكتۆرا چیان لێ دێت؟

هه‌رچه‌نده‌ بۆماوه‌ى چه‌ند مانگێك ده‌روات كاندیدانى خوێندنى باڵا له‌ دبلۆمى باڵاو ماسته‌رو دكتۆرا له‌ زانكۆوكان وه‌رگیران، و چاوه‌روانى ده‌ستپێكردنى كۆرسه‌كانیانن، به‌ڵام پێناچێت ده‌وام و ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌وانیش ده‌ست پێ بكات.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كانى دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا حكومه‌تى هه‌رێم به‌م نزیكانه‌ ئه‌وه‌یان بۆ راده‌گه‌یه‌نێت: كه‌ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ناچارن له‌ مانگى داهاتووه‌وه‌ به‌شێوه‌ی ئۆن لاین (وه‌رگیراوان) ده‌ست بكه‌ن به‌ كۆرسه‌كانیان.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان