دۆما، باری ئەسەدی لار كردەوە

دۆناڵد ترەمپ: تۆڵە لە ئەسەد دەکەینەوە

دۆما، باری ئەسەدی لار كردەوە

1423 خوێندراوەتەوە

 بۆردومان كردنی شاری دۆما بە چەكی كیمیاوی  لەلایەن رژێمەكەی ئەسەدەوە كاردانەوەی نێودەوڵەتی و هەرێمی لێكەوتەوە و وەك هەمیشە دژەكانی رژێمی دیمەشق باس لە تۆڵەی توند دەكەن و هاوپەیمانەكانیشی بەرگری و بیانو بۆ تاوانەكانی سوپای سوریا دەهێننەوە، لەم نێواندەشدا هاوڵاتیانی مەدەنی سوریا بوونەتە قوربانی و بێ دۆست و پەنا ماونەتەوە و هیچ لایەنێك دۆست و خەمخۆریان نیە.

لەم راپۆرتەدا دەمانەوێت شیكاری بۆ رووداوەكەی دۆما بكەین و بزانین كەی و بۆچی بۆردومانكرا؟ كێ لە پشت ئەم تاوانەدایەو دەرئەنجامەكانی چی دەبێت؟

 

یەكەم: شاری دۆما هەڵكەوتەو ژمارەی دانیشتوان و لایەنی ئابووری:

شاری دۆما بە یەكێك لە شارە گرنگەكانی ریفی دیمەشق هەژمار دەكرێت وبە پێی سەرژمێری ساڵی 2004 ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 110.893 كەسە، گەورەترین شاری غۆتەی دیمەشقە و رووبەرەكەی 19.875.92 كیلۆ مەتری دووجایە، بە دووری 9 كیلۆ مەتردەكەوێتە باكوری خۆرئاوای  دیمەشقی پایتەختەوە.

مێژووی دروست بوونی  ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئارامیەكان و چەندین شوێنی مێژووی و كەلەپوری تێدایە و بە زۆری مزگەوت و زانكۆ و خوێندنگا بەناوبانگە، تەنها لەو شارەدا 80 مزگەوت بوونیان هەیە.

 دانیشتوانی دۆما بە خەڵكەكەی دەڵێن  ( ئەلدوامنە) و بە یەك كەسیش دەڵێن ( دۆمانی) واتە خەڵكی دۆمایە.

قوربانیانی هێرشی کیمیایی بۆ سەر دۆما ـ ٢٠١٨.٤.٧

 خەڵكی دۆما زیاتر بە كاری كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزارەوە خەریكن و ئابوری شارەكە زیاتر پشت بەم لایانەنانە دەبەستێت.

،،

دۆما بە یەكێك لە شارە گرنگەكانی ریفی دیمەشق هەژمار دەكرێت وبە پێی سەرژمێری ساڵی 2004 ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 110.893 كەسە، گەورەترین شاری غۆتەی دیمەشقە و رووبەرەكەی 19.875.92 كیلۆ مەتری دووجایە، بە دووری 9 كیلۆ مەتردەكەوێتە باكوری خۆرئاوای  دیمەشقی پایتەختەوە.

 

دووەم: بۆردومانی دۆما بە چەكی كیمیاوی  لەلایەن رژێمی سوریایەوە

دوای شەری ناوخۆی سوریا كە بەهۆی بەهاری عەرەبیەوە سەری هەڵداوە، شاری دۆما  بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنەكەیەوە توشی چەندین هێرشی توندی سوپا و گروپە چەكدارەكان بووە. شاری دۆما بە تایبەت لە دوای سالی 2015ەوە چەندین جار بە چەكی كیمیاوی بە جۆرەها چەكی قورس بۆردومانكراوە، لێرەدا ئاماژە بە  چەند هێرشێك بۆ سەر شارەكە دەكەین.

لە رۆژی 10/2/2015  سوپای سوریا بە هاوكاری ( حزب الله) هێرشێكی فراوانی بۆ سەر دۆما و درعا دەست پێكرد، لەكاتی هێرشەكەدا و  ئەنجامی هێرشێكی موشەكی لە جۆری ( گراد و هاوەن) بۆ سەر بازاڕێكی میللی  23 هاولاتی كوژران و زیاتر لە 100كەسیش بریندار بوون.

 

رۆژی 30/10/2015  كەناڵی BBC بڵاوی كردەوە لە ئەنجامی هێرشێكی حكومیدا بۆ سەر بازارێكی دۆما زیاتر لە 40 كەس كوژراون، هێرشەكە بە 12 موشەك ئەنجامدرا.

لە رۆژی 22/11/2015  لە ئەنجامی هێرشێكدا بۆ سەر گەرەكێكی نیشتەجێ بوون 7 كەس كوژران  كە زۆرینەیان منداڵ بوون، هاوكات 7 خوێندكاریش لە ئەنجامی هێرشێكی تردا لە هەمان رۆژ كوژران.

،،

هێرشی كیمیاوی رۆژی شەممە 7/4/2018  كە لەلایەن حكومەتی سوریاوە ئەنجامدرا كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە، چونكە لە هێرشەكەدا چەكی قەدەغە كراو بەكارهێنرا و زیاتر لە 150 كەسیش كوژران كە زۆرینەیان منداڵ بوون.

df c
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێکردنی هێرشی کیمیایی سەر دۆما ـ نیویۆک ـ ٢٠١٨.٤.١٠

لەم چەند هێرشەدا بۆمان دەردەكەوێت كە دۆما بەردەوام هێرشی كراوەتە سەر و زۆرینەی هێرشەكانیش بۆ سەر بازار و ناوچەی نیشتەجێ بوون بووە، ئەم هێرشانە بەبێ كاردانەوەیەكی ئەوتۆ بەسەر رژێمی سوریادا تێپەریوون، بەڵام هێرشی كیمیاوی رۆژی شەممە 7/4/2018  كە لەلایەن حكومەتی سوریاوە ئەنجامدرا كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە، چونكە لە هێرشەكەدا چەكی قەدەغە كراو بەكارهێنرا و زیاتر لە 150 كەسیش كوژران كە زۆرینەیان منداڵ بوون.

 

سێیەم: بۆچی حكومەتی سوریا دۆمای بۆردومانكرد؟

هێرشی كیمیاوی بۆ سەر دۆما كارێكی چاوەڕوان نەكراو بوو بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونكە حكومەتی وسوریا لە %95ی شارەكەی كۆنترۆڵ كردووە و بەشێكی كەمی بە دەست چەكدارەكانی ( جیش الاسلام)ەوە ماوەتەوە، كەواتە بۆچی ئەو شارەی بۆردومان كرد؟

 هۆكاری بۆردومانكردنی شارەكە  بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە كە گرنگرتینیان:

  • سەرنەگرتنی ئەو رێكەوتنامەیە بوو كە لە نێوان سوریاو جەیشی ئیسلام ئیمزا كرا، بەپێی رێكەوتنامەكە كە روسیا نێوەندگیری دەكرد، چەكدارەكان خۆیان و خێزانەكانیان دەبوو لە دۆما دەربچونایە، بەڵام چەكدارەكان لە دۆما مانەوە و بریاری شەر كردنیان دا.
  • رژێمەكەی ئەسەد بە بریارەكە رازی نەبوو، بۆیە پێش وادەی جێبەجێ كردنی رێكەوتنامەكە چەندین گەرەكی بۆردومان كرد و رێرەوی دەرچوونی نەهێشتەوە.
  • بەپێی ڕێكەوتنامەكە دەبوو دەسەڵاتی مەدەنی پۆستەكانی شارەكە بگرێتە دەست و هیچ سەربازێك نەچێتە شارەكە، ئەمەش ئێرانی نیگەران كرد و هانی حكومەتی سوریای دا كە لە جێبەجێ كردنی ڕێكەوتنامەكە پاشگەز بێتەوە.
  • حكومەتی سوریا جەیشی ئیسلامی تۆمەتبار كرد كە بە ئەنقەست هاوڵاتیانی مەدەنی دەكاتە ئامانج.

 

چوارەم: كاردانەوە نێودەوڵەتیەكان دوای كۆمەڵكوژیەكە:

دوای هێرشەكە كیمیاویەكە وڵاتانی جیهان لە نێوان پاڵپشتی بۆ ئەسەد و ئیدانەكردنی تاوانەكە دابەش بوون:

  • ئەمریكا: دەبێت ئەسەد باجی كارەكانی بدات:

یەكەم وڵات كە كاردانەوەی دەربری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا  بوو، هەر یەكەم رۆژ هێزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:  ئەو راپۆرتانەی باس لە دۆما دەكەن زۆر ترسناكن و لە ئەگەری دڵنیابوونەوەی رووداوەكە داوای كاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی دەكەین، هاوكات دوێنی 8/4 دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە تویتێكدا رایگەیاند ئەسەد باجی قورسی رووداوەكەی دۆما دەدات كە چەندین كەسی كوشت  كە منداڵ و ژنیشی تێدابوو.

،، 

تۆماس بوسرت راوێژكاری كۆشكی سپی رایگەیاند ، بەهۆی ئەو هێرشەی كرایە سەر دۆما،  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بژاردەی هێرشی موشەكی  دژی ئەسەد بە دوور نازانێت، وتیشی ئێمە ئێستا ئەم بژادەیە تاوتوێ دەكەین، چونكە وێنەكانی رووداوەكە زۆر ترسناكن و هیچ شتێك بە دوور نازانین.

هەر لە ئەمریكا تۆماس بوسرت راوێژكاری كۆشكی سپی رایگەیاند ، بەهۆی ئەو هێرشەی كرایە سەر دۆما،  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بژاردەی هێرشی موشەكی  دژی ئەسەد بە دوور نازانێت، وتیشی ئێمە ئێستا ئەم بژادەیە تاوتوێ دەكەین، چونكە وێنەكانی رووداوەكە زۆر ترسناكن و هیچ شتێك بە دوور نازانین.

 

  • روسیا هەر بەرگری لە ئەسەد دەكات:

 دوای هێرشە كیمیاویەكە، روسیا بەردەوامە لە پشتیوانی كردنی  بەشار ئەسەد ، لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەمریكا رێگری دەكات لە گواستنەوەی چەكدارەكان بۆ دەرەوەی دۆما، هەروەها رەتیشی كردەوە كە رژێمەكەی سوریا چەكی كیمیاوی بەكارهێنابێت، بەڵكو رایگەیاند گروپە چەكدارەكان چەكی كیمیاویان دەست كەوتووە، بۆیە ئەوان پێدەچێت ئەم كارەیان ئەنجام دابێت.

sdc
هەڵهاتنی خەڵمی دوما پاش هێرشی کیمیایی بۆ سەر شارەکەیان ـ ٢٠١٨.٤.٧

 

  • بەریتانیاو فەرەنسا هەموو بژارەكان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكە تاوتوێ بكرێت

بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا  رۆژی  9/4 پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ جان ئیف لۆدریان هاوتە فەرەنیسیەكەی ئەنجامدا و باسیان لە هێرشەكانی سەر دۆما كرد، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا  رایگەیاند پێویستە دەستبەجێ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكان بكرێت، هەردوولاش رێكەوتن كە دەبێت لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەكە بكرێت بۆ ئەمە مەبەستەش هیچ رێگریەكەك دروست نەكرێت.

  • ئێران تۆمەتباركردنی سوریا بە چەكی كیمیاوی پلانگێریە:

وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر زاری بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتەكەوە رایگەیاند: ئەو تۆمەتانەی لەسەر بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی  ئاراستەی سوریا دەكرێن، پلانگێریەكی نوێی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوایە دژی حكومەت و خودی بەشار ئەسەد، وتیشی ئێران قوربانی چەكی كیمیاویەو هەر لایەنێك بەكاریبهێنێت ئیدانەی دەكەین.

 

  • ئیسرائیل بە كردەوە وەڵامی هەبوو:                                                                                                                                                                               ئیسرائیل بە شێوەی لێدوان هیچ كاردانەوەیەكی ئەوتۆی دەرنەبریوە، بەڵام هێرشێكی موشەكی كردە سەر فرۆكەخانەی تەیفوری سەربازی، لەمەشدا هەر بێدەنگی هەڵبژارد، بەڵام وەزارەتی بەرگری روسیا ئاشكرای كرد سەر لەبەیانی 9ی نیسان دوو فرۆكەی جەنگی لە جۆری F15 لە ئاسمانی لوبنانەوە بەبێ ئەوەی بێنە ئاسمانی سوریا 8 رۆكێتیان ئاراستەی فرۆكەخانەكە كردووە، بەڵام هێزی بەرگری ئاسمانی سوریا وەڵامیان داوەتەوە و 5 رۆكێتیان تێكشكاندووە.
  • توركیا بەڵگەی بەهێز هەیە كە سوریا چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە:

 وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا بە توندی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی ئیدانە كرد و رایگەیاند بەڵگەنامەكان دەیسەلمێنن كە رژێمی سوریا لە پشت تاوانكاریەكەوە.

،، 

نوێنەری فەرەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی  رایگەیاند بەڵگەنامەی تەواوی بەردەست كەوتوە كە دیمەشق چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە، ئەم وتانەی نوێنەری فەرەنسا  دوای كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنەكە بوو لەسەر بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لە دۆما.

 

پێنجەم: دەرئەنجام دۆما باری ئەسەدی لار كردەوە:

 لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا رادەیەكی زۆر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باسیان لە بەكارهێنانی هێز دژی ئەسەد نەدەكرد و لە ناوخۆی وڵاتیش زۆرینەی خاكی سوریا لە داعش و گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان سەنرایەوە، ئەمەش سەركەوتنێكی جۆری بوو بۆ رژێمی سوریا، بەڵام بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لە دۆما ئەم بارە رێكەی بەشار ئەسەی لار كردو ئێستا بەئاشكرا ئەمریكا لەسەر زاری سەرۆكەكەیەوە ئاماژە بە بەكارهێنانی هێز دژی حكومەتی دیمەشق دەكات.

هەروەها نوێنەری فەرەنساش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی  رایگەیاند بەڵگەنامەی تەواوی بەردەست كەوتوە كە دیمەشق چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە، ئەم وتانەی نوێنەری فەرەنسا  دوای كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنەكە بوو لەسەر بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لە دۆما.

 بەكارهێنانی هێز دژی ئەسەد گەیشتۆتە ئاستێك كە فاسیلی نیبینزیا نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەكگرتوەكان بڵێت بەكارهێنانی هێز دژی سوریا كاردانەوەی خراپی لێدەكەوێتەوە و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و لەبەرژەوەندی گەلی سوریا نییە.

،،

 بەكارهێنانی هێز دژی ئەسەد گەیشتۆتە ئاستێك كە فاسیلی نیبینزیا نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەكگرتوەكان بڵێت بەكارهێنانی هێز دژی سوریا كاردانەوەی خراپی لێدەكەوێتەوە و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و لەبەرژەوەندی گەلی سوریا نییە.

لە ئێستادا دۆخی حكومەتی دیمەشق و خودی بەشار ئەسەد لە ئاستێكی خراپدایە و دەبێت لە چاوەڕوانی بەكارهێنانی هێز بن لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا، یان لەوەیە ئەمجارەش وەك جارەكانی پێشوتر تەنها بە هەرەشەو ئیدانە كردن ئەم تاوانەش تێبپەرێت و خەڵكی سوریاش لە مەینەت و شەر رزگاریان نەبێت، لە نێوان ئەم دوو بژاردەیەدا كامیان دێتە دی؟ ئەوا لە چەند رۆژی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە وەردەگرین.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی