ئاژانسی میهری ئێرانی: ٣٦ ملیار دۆلار و ٨٠ تۆن زێڕ له‌ ئێرانه‌وه‌ نێردراوه‌ته‌ سلێمانی

ئاژانسی میهری ئێرانی: ٣٦ ملیار دۆلار و ٨٠ تۆن زێڕ له‌ ئێرانه‌وه‌ نێردراوه‌ته‌ سلێمانی

1483 خوێندراوەتەوە


پەرلەمانتارێکی ئێران ئاشکرای دەکات کە دەسەڵاتی ئێران بە فەرمانی حەسەن ڕۆحانی، ٣٦.١ ملیار دۆلار و ٨٠ تۆن زێڕی ڕەوانەی سلێمانی کردووە.

بە گوێرەی ئاژانسی میهری ئێرانی، ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی ئێران، جەواد کەریمی قودوسی نوێنەری شاری مەشهەد لە پەرلەمانی ئێران، هەندێک زانیاریی لەسەر ناردنی بڕێکی زۆر دراو و زێر بۆ سلێمانی ئاشکرا کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەکە، جەواد کەریمی ئاماژەی بەوەداوە کە سێ ساڵ لەمەوبەر و دوابەدوای دابەزینی نرخی تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا، دانیشتنێکی کۆمسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی بە ئامادەبوونی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران و وەزارەتی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئابوری بەڕێوەچوەو ڕایگەیاندووە کە ڤیدیۆی ئەو دانیشتنەشی لەبەر دەستدایە.

کەریمی قودوسی ئاشکرایشیکردووە، لەم دانیشتنەدا ڕاگەیەندرا کە لە ماوەی سێ ساڵدا بە فەرمانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، ٣٦.١ ملیار دۆلار، دراوەتە سێ گروپی قاچاخچی تا بیگەیەننە سلێمانی کە لەژێر هەژموونی ئەمریکاو سعودیە دایە، جگە لەمەش ٨٠ تۆن زێڕیش نێردراوەتە بۆ ئەو ناوچەیە.

ئەو نوێنەرەی پەرلەمانی ئێران، زانیاری زیاتری لەم بارەوە ئاشکرا نەکردووە، کە ئایا ئەم پارەیە بە چ مەبەستێک و بە دیاریکراوی بۆ چ کەسێک نێردراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە، حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە، نوێنەری شاری شاباد لە پەرلەمانی ئێران و ئەندامی کۆمسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمان، ڕایگەیاند: هەندێک کەس ڕەخنە دەگرن کە لە سوریا پارەمان خەرج کردووە، ئەمە ڕاستە، لەوانەیە ٢٠ بۆ ٣٠ ملیار دۆلارمان دابێتە سوریا، بەڵام پێویستە وەریگرینەوە، چونکە سامانی ئەم خەڵکەیە کە لەوێ خەرج کراوە.