پەكەكە و ئیسرائیل

پەكەكە و ئیسرائیل

1191 خوێندراوەتەوە

ناكۆكییەكانی پەكەكەو ئیسرائیل مێژوویەكی ۳٨ ساڵەی هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٢ كاتێك ئیسرائیل هێرشی كردە سەر لوبنان و شاری بەیروتی داگیر كرد، پەكەكە شان بەشانی حیزبوڵاو سوپای حافز ئەسەد و بزوتنەوەی فەتح شەڕی دژی ئیسرائیل ڕاگەیاندو بە پێی ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگری موساد پەكەكە بەشدار بووە لە كوشتنی ٣٠ سەربازی ئیسرائیلدا، هەر لەو جەنگەدا پەكەكە زیاتر لە ٥٠ قوربانی داوە.

،،

بە هەمان شێوە لە شەڕی ساڵی ١٩٨٦ ناوچەی بیقاعی لوبنانی پەكەكە دژی ئیسرائیل شەڕی كردووە كە ئەوكات بنكەو بارەگا و ناوەندی سەركردایەتی پەكەكە لەو ناوچەیە بووە

سیاسەتوان و مێژوو نوسی ئیسرائیلی حایم بەرەكات لە كتێبی كۆتای شەڕدا دەڵێ ( عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەكەكە و جەمیل بایك و موراد قەرەیلان سەرپەرشتی ئەو شەڕەیان كردووە لە دژی ئیسرائیل و چوار سەربازی ئیسرائیل بە دەستی پەكەكە كوژراون).

لەساڵی ١٩٩٩ شدا دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسرائیلی بە هاوكاری دەزگای سی ئای ئەی و دەزگای هەواڵگری سەربازی سوپای كینیا ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لە دەستگیركردنی عە بدوڵا ئۆجەلان لە وڵاتی كینیاو ڕادەستكردنەوەی بە توركیا، بەجۆرێك تەنها لە دوای یەك ڕۆژ لە دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕۆژنامەی معاریفی ئیسرائیلی لە لاپەرەی یەكەمیدا لە ڕۆژی ١٦ ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩دا نوسیبووی كە عە بدوڵا ئۆجەلانی بكوژی سەربازە ئیسرائیلیەكان لەلایەن توركیاوە دەستگیر كراوە.

بەڵام لەساڵی ٢٠٠٧ دا و لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزەو هە ڵوێستی توركیا لە بەرامبەر ئەو جەنگەدا ئاشكراكردنی یارمەتیەكانی توركیا بۆ چەكدارانی حەماس ئیسرائیل لە ڕێگەی تامیر باردووی كە بەرپرسی چالاكیەكانی موساد بوو لە ناو سوپادا هە وڵی دا لە ڕێگەی چەند سەركردەیەكی ئەوروپای پەكەكەوە پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە دروست بكات وە لە دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١١ تامیر باردوو بوو بەسەرۆكی دەزگای موساد، ئەم پەیوەندیانە گەشەی كرد و چەند جارێكیش لە ڕێگەی حکومەتی ئیسرائیلەوە هەوڵی دا پەكەكە لە لیستی تیرۆری ئەمەریكا دەربهێنێت.

بە ڵام لە دوای دەست بەكاربوونی یوسی كوهین سەرۆكی ئێستای دەزگای موساد ساڵی ٢٠١٦ پەیوەندیەكانی پەكەكە و موساد ساردو سڕی تێكەوتووە، بە تایبەت دوای نزیكبوونەوەی پەكەكە لە ئیران و حیزبوڵا كە ئەمە هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ ئەوەی ئەمەریكا جەمیل بایك و موراد قەرەیلان و سەركردەكانی پەكەكە بخاتە لیستی داواكراوانەوەو وە خەڵاتێكی ٥ ملیۆن دۆلاری ڕاگەیاند بۆ دەستگیركردنیان.

لە سوریاش لە دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٦ باهۆز ئۆرداڵی بەرپرسی باڵی سەربازی پەكەكەو دامەزرێنەرو سەرپەرشتیاری هێزەكانی پەیەدە بە سەختی بریندار بوو پەیوەنیەكانی ئیسرائیل و پەیەدە ساردوو سڕی تێكەوت، چونكە باهۆز ئۆرداڵ ئەڵقەیەكی گرنگی ئەو پەیوەندیانە بوو.

،،

لەسەر ئاستی سیاسیش چەند پارتێك پشتیوانی پەكەكە دەكەن لەوانە ( پارتی ئیسرائیل بەیتونا كە لە لایەن ڕۆبەرت ئیلاتۆفەوە سەركردایەتی دەكرێت و خاوەنی پازدە كورسی كنێستە و پارتی شیوعی و پارتی نیشتیمانی كە لە لایەن یاكوف كادزەوە سەركردایەتی دەكرێت )و هەروەها پارتی كادیما ( بەرەوپێشەوە چوون) كە لە لایەن تسیپی لیفنی وەزیری دەرەوەی پێشووی ئیسرائیلەوە سەركردایەتی دەكرێت و لە ناو كنێستدا بە ٢٨ كورسی خاوەنی زۆرترین كورسیە و سەركردایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل دەكات

ئەم پارتە بە ناڕاستەخۆ پشتیوانی لە پەكەكە و هێزەكانی پەیەدە لە سوریا دەكات و مائیر جۆلانی جێگری سەرۆك ئەركانی پێشووی سوپای ئیسرائیل كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی پارتی كادیما لە كۆڕبەندی ناوەندی لێكۆڵینەوەی واشنتن ڕایگەیاند كە پەكەكە ڕێكخراویكی تیرۆریستی نیە و پێویستە حوكومەتی ئیسرائیل دان بەو ڕاستیەدا بنێت كە پەكەكە لە سوریا ماوەی چوار ساڵە شەری تیرۆر دەكات و پێویستە وەك دۆست سەیر بكرێت نەك دووژمن.

 

author photo

 

 

ـ خویندكاری دكتۆرا. 

ـ لێكۆڵەر لە ناوەندنی ئیمارات بۆ لێكۆلینەوەی ستراتیژی.

ـ لێكۆڵەر لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێكۆلینەوەی ستراتیژی.