پێمخۆشە ئەم نووسینە بگەیەننە کاک مەسعود

پێمخۆشە ئەم نووسینە بگەیەننە کاک مەسعود

903 خوێندراوەتەوە

سەردار پشدەری


دوای ئەوەی لە بەهاری 1974 کاک حەسۆ میرخانی فەرماندەی هێزی کاوە، بەتۆمەتی دەست هەبوونم لە بریندارکردنی عەریف عوسمان کە جەلالی ئەحمەد خەلیل برینداری کرد، فەرمانی گرتنی دام و منیش بۆ ئەوەی ئەو تاوانەم بەسەردا نەسەپێ، قبوڵی گرتنەکەم کرد تاکو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروست دەکرێ.


ئێوارە بوو، کاک حەسۆ منی بە مەلا حەسەنی شاخ دا نارد بۆ بارەگای هێز لە بەستەستێن، ئەو شەوە لە ژوری قەڵەم دایاننام تاکو رۆژ بۆوە کاک حەسۆ لە قەڵادزەوە هات، یەکسەر کاک حەسۆ بەبێ لێکوڵیەوە لە من، بە کوێخا قادری حەسەنی گوت کە سەرلقی هێز بوو، بڕۆ دەستی سەردار ببەستەو بینێرە بۆ دۆڵی شەهیدان، کوێخا قادر هات و شریتێکی بەدەستەوە بوو، گوتی کاک سەردار کاک حەسۆ منی ناردووە بۆ ئەوەی دەستت ببەستم و بە بەندکراوی بتنێرم بۆ زیندانی دۆڵی شەهیدان، منیش گوتم کاک حەسۆ چۆن بەبێ لێکۆڵینەوەو دروستکردنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە ئەو بڕیارە دەدات ؟، من رێگا نادەم ئاوا بە ئاسانی دەستم ببەسترێ، کوێخا قادر دەیزانی بێویژدانیەکی گەورەیە، رۆیشت بە حەسۆی گوت من ئەو کارە ناکەم، کاک حەسۆش خۆی لێتوڕە کردو بە نوری غەزالی برازای گووت 15 سەر سور ببەو باشی لێبدەن و دەستی ببەتستن و بینێرن بۆ زیندانی دۆڵی شەهیدان، من چەکم پێ نەبوو کاک نوری غەزالی بە 15 سەر سوری چەکدارەوە هاتنە ژورەکەو دوای ملبەملیەکی زۆر، زۆریان لێدام و بە زۆر دەستیان بەستم، دایانمە دەست دوو پێشمەرگە کە یەکێکیان ئێستا ماوە ناوی فەتاحی عەلی مەلا تۆفیقە، بەرێ کەوتین بۆ دۆڵی شەهیدان، نەمانزانی کاک حەسۆ 15 سەر سوری تریشی ناردبوو بۆ سەر رێگامان بۆ بەستەستێنی سەرەوە، کە گەیشتینە ناویان بە هەر 15 کەسەکە کەوتنە لێدانم، من دەستم بەسترابوو هیچم لە دەست نەدەهات، ئەو دوو پێشمەرگە هەر یەکەی پێنج فیشەکیان هەڵتۆقاند، بەڵام سەرسورەکان رانەوەستان لە لێدانم تاکو خەڵکی بەستەستێنی سەرەوە هاتنە هاوارم و لە دوایدا بەرێکەوتین بۆ دۆڵی شەهیدان.

ئێستا من لە کاک مەسعود بارزانی دەپرسم ئەگەر بە 30 سۆرانی ئاوایان لە تۆ بکردبایە هەڵوێستی تۆ چی دەبوو؟

دوای ئەوەی کە گەیاندیانمە دۆڵی شەهیدان، ئەو بنکەی کە خۆم پاراستم لە شکری عێراقی، کاک حەسۆ منی لێ زیندانی کرد، چونکە پێشوازیم لە زوبێر ئاغای زێباری خاڵی کاک مەسعود کردبوو.

بۆرۆژی دواتر ئامۆزایەکی منیش گرتوو و هێنایانە لای من، دوای دوو حەفتە کاک حەسۆ دوو پێشمەرگەی هەولێری ناد بۆ ئەوەی دەستم ببەستن و بمبەن بۆ زیندانی خەلانی نزیک چۆمان، زیاتر لە 200 پێشمەرگە لە دۆڵی شەهیدان بوون کە هەر هەموویان منیان دەناسی خۆشیان دەویستم، دوو پێشمەرگە هەولێریەکە بەبەر چاوی هەموو پێشمەرگەکان گوتیان دەمانەوێ دەستت ببەستین، منیش رێگام پێ نەدان و پێشمەرگەکانی تریش پشتیوانیان لە من کرو گوتیان نابێ دەستی ببەسترێ، پێشمەرگەیەکیان زۆر ناتێگەیشتوو بوو، گوتی تەڵاقم کەوتبێ قاچ خوار دابنێی لە رێگا دەت کوژم، گەیشتینە پردی باراوا، پردەکە ئاو بردبووی و داریکیان بەسەر پایەکان را هێشتبوو، بەهارەو چۆمی گارفێن گا دەبات، من لە پێشەوە بەسەر دارەکەدا پەڕیمەوە و لەو بەر راوەستام تاکو ئەوانی تریش دەپەرنەوە، پێشمەرگە کردار ناشیرنەکە دوای من ویستی بەسەر دارەکەدا بپەرێتەوە، لەناکاو ژێرەو ژور بوو و بە چەکەکەیەوە سەراو بن کەوتە ناو ئاوەکە و نقوم بوو، منیش وەک بەویژدانێک بە باڵتۆ پێڵاوەوە خۆم بۆ هاویشتە ناو ئاوەکە، چونکە مەلەم دەزانی لەسەر ئەو چۆمە فێری مەلەوانیی بوو وم، توانیم لەژێر ئاوەکە بیدۆزمەوە و سینگی بە بەردێکی ناو ئاوەکەوە بنێم تاکو ئامۆزاکەم و پێشمەرگەکەی تر پشتێندەکانی خۆیان بۆ هەڵدام لێم بەست و لە ئاوەکە دەرم هێنا، بەڵام تفەنگەی ئاو بردی، ماوەی دوو سعات سەر بەرەو خوار لەسەر دەم بە کەندەڵانەکەمدا هەڵپەساردبوو بۆ ئەوەی ئاو لەدەمی بێتە دەدە، کە هەر نەهاتەوە هۆش خۆی، بە پێشمەرگەکەی ترم گوت تۆ لەلای بمێنەوە تا دێتەوە هۆش خۆی، ئێمە دەرۆین بۆ سەرکردایەتی و لەوێ یەکتر دەبینینەو

پێم خۆشدەبێ کاک مەسعود لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەو داستانە بکات و بزانێ هەستی کوردایتی من لەگەڵ هی کاک حەسۆ چەندی جیاواز بووە؟

دوای ئەوەی گەیشتمە قەسرو ماکۆس لام دایە بارەگای بارزانی و کاک ئیدریس هەر کە چاوی پێم کەوت، گووتی لە کاتێکی باشدا هاتی و کلاشینکۆف و دەمانچەکەی لە پاسەوانێکی خۆی وەر گرت دای بە من و جێبێکی بانگ کرد گوتی بیگەیەنە جوندیان بۆ بارەگای هێزی باڵەک، بە منی وت تۆ بڕۆ بۆ ئەوێ و من خۆم بەتەلەفۆن قسەیان لەگەڵ دەکەم، کات شەشی ئێوارەیە بۆ نۆی شەو گەیشتمە جوندیان، تەواوی بەر پرسانی هێزی باڵەک و مەکتەبی عەسکەری لەوێ بوون بۆ پلاندانان بۆ دەست پێکردنی شەڕ، زۆربەیان منیان دەناسی و زۆر خۆشحاڵ بوون بە بەشداری من لەگەڵیان، دوای دابەشکردنی جەبهەکە، کاک عیزەتی سلێمان بەگ گووتی پێم خۆشە کاک سەردار لەگەڵ من بێت، منیش رازیبووم ئەو شەوە بەرەو رەواندزو بێخاڵ بەرێ کەوتین، پێش ئەوەی بگەینە جێگای مەبەست، کاک عیزەت بە هۆکی تۆکی بە پێشمەرگەکانی خۆی گوت تۆپێکی 120و پەنجا گولەیەک بهێنن بۆ سەر گەروی بێخاڵ و رەواندز، تا ئێمە گەیشتینە ئەوێ دنیا روناک بو و بەتەواوی جەبهەکەم لە بەر چاو بوو، لەگەڵ کاک عیزەت بریارمان دا، ئەو بڕواو خۆی لە رەبایەی گۆڕنۆک کە دەکەوێتە سەر پشتی کانیاوە گەورەکەی بێخاڵ، من هەر کاتێک کاک عیزەت فەرمانی دا دەست بە تۆپبارانی رەبیعەکە بکەم، کاک عیزەت دای ئەوەی لە رەبیعەکە نزیک بۆوە، داوای لێکردم دەست بە تۆپباران بکەم، دەستم بە تۆپباران کردو تۆپەکان زۆر باش جێگای خۆی دەگرت و کاک عیزەت بە هۆکی تۆکی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی با بەس رەبایەکە هیچی بەسەر هیچەوە نەماو هێرش دەکەینە سەری، هێرشیان کردو چونە ناو رەبیعەکەو بە بێ ئەوەی پێشمەرگەیەک شەهید بێ یان بریندار بێ، هەموو ئەو ناوەیان لە لەشکری عێراقی خاوێن کردەوەو لێرەوە شەڕ بەشێوەیەکی رەسمی لەگەڵ عێراق هەڵگیرسایەوە.

لێرەدا دوای ئەو هەموو دەردەسەریەی کە کاک حەسۆ بەسەرهێنام یەکەم تۆپی سەرەتای شەڕی 1974م بە عێراقەوە نا، باقیەکەی لێدەگەرێم بۆ لێکۆڵینەوەکەی کاک مەسعود بارزانی.