لیبیا له‌به‌رده‌م دابه‌ش بوون و دوو ئیداره‌ییدایه‌

لیبیا له‌به‌رده‌م دابه‌ش بوون و دوو ئیداره‌ییدایه‌

226 خوێندراوەتەوە

وەرگێڕانى:گۆران قادر

ململانێ و جه‌نگی ناوخۆیی لیبیا دوای 14 مانگ له‌ هێرشی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر پێده‌نێته‌ قۆناغێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌،چونكه‌ هاوسه‌نگی جه‌نگه‌كه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، حكومه‌تی ویفاقی لیبیا به‌هاوكاری توركیا توانیویه‌تی كۆنترۆڵی فڕۆكه‌خانه‌ی ته‌رابلوس و بنكه‌ی وه‌تیه‌ و شاری ته‌رهونه‌ بكاته‌وه‌، كۆتایی به‌ بوونی هێزه‌كانی حه‌فته‌ر له‌ به‌شی ڕۆژئاوای وڵات بهێنێت.

 ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆست له‌ ڕاپۆرتێكیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌، جه‌نگی نێوان حه‌فته‌ر و حكومه‌تی ویفاق ئێستا بۆته‌ جه‌نگی وه‌كاله‌ت بۆ چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌، حكومه‌تی ویفاق هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی دانپێدانراوه‌، به‌ڵام ته‌نها قه‌ته‌ر و توركیا هاوكاری ده‌كه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌ته‌كه‌ی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر كه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی لیبیای به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاته‌كانی میسر و ئیمارات و ڕوسیا و فه‌ره‌نسا هاوكاری ده‌كه‌ن، ئه‌م وڵاتانه‌ هه‌ر یه‌كه‌ و هۆكارێكی هه‌یه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری لیبیادا، هه‌روه‌ها هیچ كامێكیشیان ناتوانێت به‌ ته‌نها كۆتایی به‌ قه‌یران و جه‌نگه‌كه‌ بهێنێت.

وه‌ڵفرام لاشیر، شاره‌زا له‌ كاروباری لیبیا له‌ په‌یمانگای ئه‌ڵمانیا بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌منیه‌ بۆ ڕۆژنامه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ ده‌ڵێت:" كه‌وتنی ته‌رهونه‌ واته‌ كۆتایی هێرشه‌كانی حه‌فته‌ر بۆ سه‌ر ته‌رابلوس، ئێستا چانسێكی واقعی له‌به‌رده‌میدا نیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست، بۆیه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانیشی ده‌بێت، كه‌ ئه‌وان پشتیان به‌ بیرۆكه‌ی كۆنترۆڵ كردنی ته‌واوی وڵات ده‌به‌ست، ئێستا ده‌بینن تێكده‌شكێن،بۆیه‌ چاو به‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌دا ده‌خشێننه‌وه‌".

خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ پاڵ عه‌بدولفقتاح سیسی سه‌رۆكی میسردا پابه‌ند بوونی خۆی به‌ ئاگر به‌ستی تاك لایه‌نه‌دا دووپات كرده‌وه‌، چه‌ند ڕۆژێك پێش ئه‌وه‌ش فایز سه‌راج سه‌رۆكی حكومه‌تی ویفاق له‌ ئه‌نكه‌ر له‌ پاڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگاندا به‌ڵێنی " له‌ناوبردنی دوژمنی دا".

 

لیبیا له‌ نێوان دانوستان و جه‌نگدا ماوه‌ته‌وه‌:

تاریق مه‌جریسی توێژه‌ری سیاسی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا بۆ په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌كیه‌كان له‌ لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز ده‌ڵێت:" ئێستا هه‌موو كاره‌كان گۆڕاون، ڕوون نیه‌ دۆخه‌كه‌ چۆن ئارام ده‌بێـه‌وه‌،به‌ڵام مانه‌وه‌ی حه‌فته‌ر موناقه‌شه‌ی زۆری له‌سه‌ر ده‌بێت".

توركیا و ڕوسیا پابه‌ند بوونی خۆیان به‌ چاره‌سه‌ری سیاسی بۆ قه‌یرانه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌، به‌ڵام دوای ئه‌نجامدانی چه‌ندین دانوستانی شكستخواردوو، وادیاره‌ چاره‌سه‌ری ئاشتی هێشتا دوره‌".

دوای ئه‌وه‌ی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر و هاوپه‌یمانه‌كانی داوای وه‌ستانی جه‌نگ ده‌كه‌ن، چاره‌سه‌ری دیپلۆماسی دووباره‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر مێزی ڕكابه‌ره‌كان، به‌ڵام هێرشی حكومه‌تی ویفاق بۆ سه‌ر شاری سرت، واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌كه‌ خه‌ریكه‌ كۆتایی دێت، به‌ڵام ده‌ست پێكردنی دانوستان و گفتوگۆ ده‌ست پێناكاته‌وه‌، تا حكومه‌ت هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتی سه‌ربازی به‌ده‌ست نه‌هێنێت".

سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كته‌ر هه‌رێمیه‌كان، ئه‌وا ئێستا لیبیا بۆته‌ مه‌یدانێكی گرنگ بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌جێنداكانیان، ناكۆكی نێوان وڵاتانی كه‌نداو ڕۆڵێكی خراپی له‌ زیادبوونی ئاڵۆزی و توندوتیژیه‌كانی لیبیادا بینی، هه‌روه‌ها هاتنی توركیا و ڕوسیا بۆ نێو ململانێیه‌كه‌، وای له‌ ئه‌وروپا كرد ته‌نها ته‌ماشاكه‌ر بمێنێته‌وه‌.

توركه‌كان به‌ بیانووی په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌گه‌ڵ ته‌رابلوسدا هاتنه‌ ناو ململانێیه‌كان، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی هاتنی توركیا بۆ لایه‌نی جیۆسیاسی لیبیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، باشترین نموونه‌ش ڕێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ویفاق بوو، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مافی ده‌رهێنانی نه‌وتیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریاری ناوه‌ڕاست به‌ده‌ستهێنا.

هه‌رچی په‌یوه‌ست به‌ ڕوسیاشه‌، ئه‌وا ڕوسیا رۆڵێكی دوولایه‌ن (مزدوج) ده‌بینێت، له‌لایه‌ك هانی چاره‌سه‌ری دیپلۆماسی و وه‌ستانی جه‌نگ ده‌دات، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ چه‌كداری توندڕه‌ و فرۆكه‌ بۆ هاوكاری حه‌فته‌ر ده‌نێرێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی لیبیا كه‌ به‌ نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده‌.

 

دابه‌ش بوون و دوو ئیداره‌یی:

ڤێرجینی كۆلۆمبیر له‌ په‌یمانگای ئه‌وروپا له‌ كۆڕێكیدا كه‌ له‌ ڕێگای ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ سازی كردبوو، دووپاتی كرده‌وه‌ ، كه‌ حكومه‌تی ویفاق له‌ توانایدا نیه‌ به‌ هێزی چه‌ك ته‌واوی وڵات كۆنترۆڵ بكات، هه‌موو وڵاتانی به‌شدار له‌ قه‌یرانی لیبیادا دڵنیان له‌وه‌ی كه‌ هیچ لایه‌نكێیان ئاماده‌ نین سازش بۆ لایه‌كه‌ی دیكه‌ بكه‌ن.

هه‌روه‌ها كه‌ریم میرزران له‌ ئه‌نجومه‌نی ئه‌تڵانتی هۆشداری ئه‌وه‌ ده‌دات، كه‌ به‌بێ ئیراده‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان قه‌یرانی لیبیا چاره‌سه‌ر نابێت، هه‌روه‌ها " دابه‌ش بوون له‌ لیبیا ده‌بێته‌ شتێكی حه‌تمی".

سیناریۆی داهاتووی لیبیا جێگای دڵخۆشی نیه‌، چونكه‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر دۆخی ئێستای ولات به‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌چێت دابه‌ش بوونێكی هاوشێوه‌ی سودان دروست ببێت، به‌ڵام هێشتا كێشه‌كه‌ كۆتایی نایه‌ت، چونكه‌ له‌ دوای دابه‌ش بوونیش هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت (ڕۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای لیبیا) هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كی جدیه‌ و ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر دابه‌ش بوونیش ڕوونه‌دات، ئه‌وه‌ نزیكه‌ دوو حكومه‌ت له‌ لیبیا دابمه‌زرێن، واته‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ دوو ئیداره‌ی جیاواز به‌ڕێوه‌ ببرێت و خاوه‌ن داهات و ناوچه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیان بن.

به‌ڵام به‌رپرسانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌هیوان دۆخه‌كه‌ نه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ و له‌ ڕێگای دانوستانی ڕاسته‌قینه‌وه‌ كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.